پارتی ئیسلامیی کوردستان، بەبۆنەی 102ەمین ساڵیادی پەیمانی لۆزانەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، پەیمانەکەی شەرمەزارکرد و وتی: “پەیمانی لۆزان پەڵەیەکی ڕەشە لە مێژوودا”.
سەرۆکی گشتی پارتی ئیسلامیی کوردستان (پیک) حیکمەت سەربڵند بەبۆنەی 102ەمین ساڵیادی پەیمانی لۆزانەوە ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە، پەیمانەکەی شەرمەزارکرد و ڕایگەیاند کوردستان لەڕێگەی پەیمانی لۆزانەوە لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە دابەشکرا.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێت: “گەلی کورد لە خاکی میزپۆتامیا ژیاوە، مەزنترین شارستانییەتی بنیاتناوە و بووەتە هاوکار کە شارستانییەتی جیهان بگاتە ئەمڕۆ.
گەلی کورد، گەلێکی دێرینی هەرێمەکەیە، بەداخەوە لە پەیمانی لۆزانەوە، سەدان ساڵە دابەشکراوە، ناسنامەی نکۆڵی لێ کراوە، ڕووبەڕووی پلانەکانی قڕکردن و نکۆڵی بەشێوەیەکی دڕندانە بووەتەوە”.
هەروەها دەڵێت: “هێزە ئیمپریالیستەکان لەڕێگەی پەیمانی لۆزانەوە خاکی کوردستانیان دابەشکرد و ڕادەستی داگیرکەرانی تورک و ئێران و عەرەبەکان (سوریا و عێراق)یان کرد. بە پەیمانی لۆزان، وڵاتی کوردستانی ئێمە دابەشکرا و داگیرکرا”.
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، پێشتر لەڕێگەی پەیمانی قەسری شیرینەوە (1639) کوردستان کرایە دوو پارچە و بەسەر سەفەوییەکان و عوسمانییەکان دابەشکرا، بەڵام لەڕێگەی پەیمانی لۆزانەوە کوردستان کرایە چوار پارچە.
دووپاتی دەکاتەوە، پاش هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و دامەزراندنی دەوڵەتی تورک، گەلی کورد ڕووبەڕووی چەوساندنەوە و ئاسیمیلاسیۆن بوونەوە، بەڵام قبووڵیان نەکرد و لە چوار پارچەی کوردستان تێکۆشانیان دەست پێ کرد. بەڵام دەوڵەتانی داگیرکەر بە خوێنڕێژیی ئەم تێکۆشانەیان سەرکوتکرد. خوێنی کورد لە چوار پارچەی کوردستان ڕژا. لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەری موسڵمانەوە ڕەوایەتی ئایینی بە کۆمەڵکوژی کوردان درا. بەتایبەت دەوڵەتی تورکی نەژادپەرست هەبوونی گەلی کورد قبووڵ نەکرد و تا ئێستاش ڕەتی دەکاتەوە.
حیکمەت سەربڵند ڕایدەگەیەنێت نابێت گەلی کورد باوەڕ بە داگیرکەران بکات، دەڵێت: “گەلی کورد وەک هەموو گەلێک مافی خۆیەتی چارەنووسی خۆی ئازادانە دەستنیشان بکات؛ ئازادانە لەسەر خاکەکەی بژی و وڵاتەکەی بەڕێوەببات”.
حیکمەت سەربڵند ئاماژە بەوە دەکات، داگیرکەرانی کوردستان کە موسڵمانن، خۆیان بە باڵادەست بەسەر گەلی کورد دەبینن و نکۆڵی لە مافی کوردان دەکەن، ئەم هەڵوێستەی داگیرکەران سەرپێچی فەرمانی خودایە.
ئاماژە بەوە دەکات لە سەدەی 21 دا، گەلی کورد لە پێشهاتەکاندا ڕۆڵێکی مەزن دەگێڕێت و بەڵام پێویستی بە نوێنەرایەتییەکی نەتەوەییە تاوەکو ببێتە دەنگی ئەم هێزە، دەڵێت: “بە ستاتۆی هەرێمی باشووری کوردستان و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لە ڕۆژئاوا، پەیمانی لۆزان هەڵوەشایەوە. بەڵام گەلی کورد بە ستراتیژێکی نەتەوەییە تا بە یەکدەنگی بەرامبەر پەیمانی لۆزان بوەستنەوە، خۆیان چارەنووسیان دیاری بکەن و ڕێگە بە لۆزانێکی تر نەدەن”.
دووپاتی دەکاتەوە لە ساڵانی دواییدا، گەلی کورد بە چالاکی و ڕێگەی جیاواز لە جیهاندا پەیمانی لۆزانیان ڕەتکردووەتەوە، دەڵێت: “گەلی کورد لە 102ەمین ساڵی لۆزاندا، خاوەن هێزن، دەتوانن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا ڕۆڵی مەزن بگێڕن. بەڵام بە دابەشبوونی هێزەکانی کورداندا، کوردان ناتوانن ڕۆڵی خۆیان بگێڕن”.
جەخت دەکاتەوە، گەلی کورد هەرگیز ژێردەستی و سیاسەتی تەسلیمبوون قبووڵ ناکات، تا گەلی کورد مافە نەتەوەییەکانی بەدەست نەهێنێت، تێکۆشان بەردەوام دەبێت. [1]
تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە گەر کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی تێدایە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!