هەڤپەیڤینیک لەگەڵ ئەفسەری مۆساد ژەنەراڵی خانەنشین (سەگی چۆری) کە یەکێک بوو لەو گرووپە ئیسرائیلیەی کە لە سەرەتای ساڵانی 66 تا 67 و بۆ هاوکاری کورد لە ئیسرائیلەوە هاتبوو بۆ کوردستان و لەگەڵ پێشمەرگەکان پلانی شەرەیان لە دژی سوپای ئێراق دادەرشت، سەردەمێک کە کورد لەژێر هەڕەشە و هێرشی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان دابوو و لە هەموو لایەکەوە کەوتبوو بەر هێرش، گەورە ئەندازیارانی ئیسرائیل لە کوردستان یارمەتیی و پەروەردی پێشمەرگەیان گرتە دەکرد، هێزی پێشمەرگە کە ئەو کات وەک جوری باسی دەکات لە تفەنگی برنۆ زیاتر هیچ چەکێکی تریان بەکار نەهێنابوو، لە ڕووی پلانی شەڕ لە بەرانبەر هێزی سوپای ئێراق کە لە هەموو ڕوویەکەوە پر چەک بوون و ژمارەیان چەند هەزار کەس زیارتر بوو شەڕیان دەکرد، سەردەمێک کە کورد جگە لە ئیسرائیل هیچ ڕسگەیەکی تری نەمابوو بۆ وەرگرتنی هاوکاری و پەیوەندی، ئایا نزیکبوونەوی کورد لەو قۆناغەدا کارێکی هەڵە بوو؟ ئایا کورد هیچ زەرەرێکی کرد لەو دۆستایەتییە؟ ئەوەو چەندین پرسیارەی تر لەو چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ سەگی چوری کە یەکێک بوو لە دۆستە هەرە نزیکەکانی مەلا مستەفای بارزانی بخوێنەوە.
هەڤپەیڤین: دینۆ دانیاڵ
ئیسرائیل-کورد: با لە ژیانی خۆتەوە دەست پێ بکەین و بزانین چوری کێیە؟
سەگی چۆری: من لە ئیسرائیل لەدایک بووم. باوکم بە ڕەچەڵەک خەڵکی لاتڤیایە (یەکێک لە کۆمارەکانی یەکییەتیی سۆڤییەت) دایکیشم پۆڵۆنییە. من لە شاری مۆشابی گوش تەلمۆن-بن ڤسرد کە نزیک شاری ناتانیایە لە ناوەڕاستی ئیسرائیل گەورە بووم. ساڵی 1952 لە سوپای بەرگریی ئیسرائیل بووم بە سەرباز و کۆرسی ئەفسەریی پەرەشووتم بینی و بووم بە فەرماندەی یەکەی تایبەتیی سوپا و فەرماندەی کەتیبە و دواتر چەندین پلەی دیکەم وەرگرت. یەکێک لە کارە گرینگەکانم ئەوە بوو کە یارمەتیی کورد بدەم.
ئیسرائیل-کورد: یەکەم جار کەی چووی بۆ کوردستان و ئامانج لەو سەردانەت چ بوو؟
سەگی چۆری: من ساڵی یەکەمی یارمەتیی ئیسرائیل بۆ کورد چووم کە دەکاتە ساڵی 1966، ئەو کات لە سوپا ئەفسەر بووم و مۆساد ڕایسپاردم بچم بۆ کوردستان و ئەوەش فەرمانێک بوو.
ئیسرائیل-کورد: بەتەنیا چووی بۆ کوردستان یان کەسی ترت لەگەڵدا بوو؟
سەگی چۆری: من بەتەنیا چووم، بەڵام کەسایەتیی مۆساد، داڤید کرۆن، وەک بەرپرسی مۆساد و یەکێکی دیکەش لەوێ بوون بەڵام ئێستا ناوەکەیم بیر نایە. ئەو کات چووم بۆ بارەگای بارزانی لە حاجی ئۆمەران.
ئیسرائیل-کورد: کاتسک گەیشتی بۆ کوردستان سەرەتا چیت کرد و کس پسشوازی لس کردی؟
سەگی چۆری: من میوانی بارەگای #مەلا مستەفا بارزانی# بووم و#ئیدریس بارزانی# و #مەسعود بارزانی# و ئەندامانی سەرکردایەتی پێشوازییان لێ کردم، بەڵام بارزانی لەوێ نەبوو. کە لێم پرسین باوکتان لە کوێیە؟ ئەوان وتیان چووەتە بەرەکانی شەڕ لە #پێنجوێن#. وتم تا بارزانی دێتەوە با دەست بە کارەکانمان بکەین و خۆمان ئامادە بکەین، ئەوانیش ڕازی بوون، ئەوان زۆر ژیرانە لێم تێ گەیشتن و هەر بەزوویی لێم تێ گەیشتن. من کوردی و عەرەبیم نەدەزانی و داڤید کرۆن کە پێشتر لەوێ بوو قسەکانمی دەکرد بە عەرەبی، بەڵام زۆر زوو ئەوان لە من دەگەیشتن و منیش لە ئەوان.
ئیسرائیل-کورد: کاتسک چووی بۆ تاران چیت کرد تا یارمەتیی کورد بدەی بە گشتی ؟
سەگی چۆری: کاتێک گەیشتم بۆ تاران داوایان لێ کردم کۆرسێک بۆ ئەفسەرانی ئێرانی ساز بکەم و فێری هەندێک شێوازی سەرەتایی شەڕیان بکەم و ئەوانیش فێری کوردەکانی بکەن، دیار بوو شا ئەوەی بە دڵ نەبوو، منیش داوام کرد فەرماندە کوردەکان بهێنن بۆ تاران و خۆم فێریان بکەم. ئەوان هاتن بۆ لام و کۆرسەکە دەستی پێ کرد، بەڵام لەوێ سەرکەوتوو نەبوو، چونکە شا زۆر حەزی لە کورد نەدەکرد. من لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی خۆمانەوە داوام کرد کە ئەو فەرماندە کوردانە ببەم بۆ ئیسرائیل و لەوس فێریان بکەم و ڕەزامەندی لەسەر هاتەوە و ئەوانم بە فڕۆکە هێنا بۆ ئیسرائیل. ئەوانم لە میوانخانەیەک لە کەرمێل لە نزیک حەیفا دانا و ڕۆژانە دەمبردن بۆ نێو سەربازگەی خۆمان و مەشقم پێ دەکردن. مەشقەکە نزیکەی مانگێکی خایاند و زۆر شتی باش فێر بوون و دواتر گەڕانەوە بۆ تاران و لەوێشەوە بۆ کوردستان.
ئیسرائیل-کورد: داوی گەڕانەوەی فەرماندە کوردەکان بۆ تاران، تۆش لەگەڵیان گەڕایەوە؟
سەگی چۆری: بەڵێ منیش لەگەڵیان گەڕامەوە و ئەوانم دابەش کرد. هەر فەرماندەیەک 20 کەسم بۆ ئامادە کرد کە لە دژی سوپای عرراق شەڕی پارتیزانی بکەن، چونکە کوردەکان لە تفەنگی بڕنۆ و هەندێک چەکی دیکە زیاتریان نەبوو و سوپای ئێراق پڕچەک بوون و باشترین چەکیان هەبوو.
ئیسرائیل-کورد: داوی تەواوبوونی کۆرسەکە چیت کرد؟
سەگی چۆری: دوای تەواوبوونی کۆرسەکە خۆمان بۆ هێرشی بەرگری ئامادە کرد. دوای توانەوەی بەفر، سوپای ئێراق خۆی بۆ هێرش ئامادە دەکرد و نیازیان هەبوو حاجی ئۆمەران بگرن. من بەرنامەی باشم بۆ فێرکردنیان ئامادە کردبوو، هەروەها منیش هەندێک شتیان لێ فێر بووم. دواتر هەر فەرماندەیەی ئەرکێکم پێ سپارد.
ئیسرائیل-کورد: هێڵی بەرگریتان لە کام شوێنەکان دانا؟ ئایا تۆش لە سەنگەرەکانی شەڕ نزیک بووی؟
سەگی چۆری: هێڵی بەرگریمان لە ڕەواندز و لە پشت چیای زۆزک و هندرێن دانا. کاتێک دوژمن بە هێزێکی زۆرەوە هێرشی هێنا، کوردەکان نەیاندەزانی چۆن لە بەرانبەر تانگ و فڕۆکەی دوژمن بەرگری بکەن. یەکەم جار هێڵی هێرشی بەرگری پێشەوەم دانا و ڕەچاوی ئەو شتانەم کرد کە کوردەکان لە دەستیاندا بوو. ئەوان زۆربەیان بڕنۆیان پێ بوو و نیشانەیان زۆر ڕاست بوو و یەک گوللەیان بە فیڕۆ نەدەدا. هەرچەندە کەم بوایەن، وەک زنجیر بوون و کەمبوونیان پێوە دیار نەبوو و دەیانتوانی بەرگری بکەن و دوژمنیان سەرسام دەکرد. ئێمە دوو کۆمەڵەمان درووستکرد هەتا بتوانن هێرش بکەن و لە کاتی هێرشی دوژمندا بتوانن بەرگری بکەن و بەرپەرچی بدەنەوە.
ئیسرائیل-کورد: ژمارەی سوپای ئێراق چەند بوو و لە کوێ بوون؟
سەگی چۆری: سوپای ئێراق شەش کەتیبە بوون و لە گەلی عەلی بەگ و خەلیفان بوون و مەزندە دەکرا نزیکەی دە هەزار سەرباز زیاتر بن. باشترین چەکیان پێ بوو و بە تانگ و فڕۆکە پاڵپشتی دەکران و سوپایەکی سەربازیی مەشقپێکراو بوون. من ئەفسەری پەرەشووتوانی بووم و هەندێک زانیاریم هەبوو و لە ئیسرائیل شەڕی پارتیزانیی دژی تیرۆرم کردبوو. سوپای ئێراق چاوەڕێ بوو بەفری چیای زۆزک و هندرێن و باڵەکایەتی بتوێتەوە و هێرش بکات و زۆر نەچێتە نێو ناوچەکەوە. من چەند گرووپێکم بۆ هێرشکردن و بەرپەرچدانەوە ئامادە کرد.
ئیسرائیل-کورد: ئەو کاتانەی کە تۆ بارزانیت دەبینی زیاتر باسی چیتان دەکرد و داواکاری ئەو لە تۆ چی بوو؟
سەگی چۆری: هەموو ڕۆژێک بارزانیم دەبینی. من بۆ ئەوە چووبووم کە یارمەتییان بدەم. مۆساد ڕایسپاردبووم کە هەندێک ئەرک بەجێ بگەیەنم و یارمەتیی کورد بدەم. ئەرکی من ئەوە بوو کە بە هەر شێوەیەک لە توانامدا بێت یارمەتیی کورد بدەم و کارێک بکەم کە بە سوودی کورد بێت و لە بەرەکانی شەڕدا دوژمن ببەزێنین.
=KTML_Bold=لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی خۆمانەوە داوام کرد ئەو فەرماندە کوردانە ببەم بۆ ئیسرائیل=KTML_End=
ئیسرائیل-کورد: کاتێک بارزانی لە پێنجوێن گەڕایەوە تۆ لە بارەی بەرنامەی شەڕەکە و ئەو پلانەی داتڕشتبوو چیت پێ گوت؟
سەگی چۆری: کاتێک بارزانی گەڕایەوە لە شوێنەکەی خۆمان هاتە لامان، من و میکی کە سەرۆکی شاندەکە بوو لەوێ بووین. من بەرنامەکانی شەڕەکەم بۆ ڕوون کردەوە، بەڵام خۆزگە ئەوەی ئەو دەیزانی هەموو ئەوانی دیکەش زانیبایان. من بەرنامەی خۆمم بۆ ڕوون کردەوە و ئەویش ڕازی بوو. بە ڕاستی سەرکردە بوو، تا جیهان ماوە سەرکردەیەکی وا بە خۆیەوە نابینێتەوە، زۆر بەداخەوەم کە ئێستا لە لامان نەماوە.
ئیسرائیل-کورد: دوای ئەوەی بارزانی بە بەرنامەکەی تۆ ڕازی بوو کەی بۆ هێرشەکە دەستبەکار بوون، ئایا بەرنامەکە سەرکەوتنی هێنا؟
سەگی چۆری: بەپێی بەرنامەکەمان، کاتێک ئێراقییەکان دەستیان بە هێرش دەکرد، ئێمە هێڵی بەرگریمان دانابوو، ئەوان ناچار بوون پیادە هێرش بکەنە سەر چیاکان، چونکە ڕێگەکان بۆ تانگ شیاو نەبوون تەنانەت هەندرک شوێنی وا هەبوو کە بە پیادەش ترسناک بوو. وەک باسم کرد کود بە نیشانەڕاستی بەناوبانگە، پێم وتن تەقە مەکەن تا سەری سوپاکە دێتە ناوتان ئینجا بە بڕنۆکانتان تەقەیان لێ بکەن تا دانەبەدانەیان لەناو دەبەن. ئسمە لە بەرزاییەکانی زۆزک و هندرێن بووین. پێم وتن تەقە لە تانگەکان نەکەن نەوەک شوێنەکەمان ئاشکرا بێت. سوپاکە ناچار بوون پیادە بێن، کورد خاوەنی ناوچەکە بوون و زۆر شارەزای ناوچەکە بوون، بۆیەش بەختی سەرکەوتن زیاتر بە لای کوردەوەیە. لەو شەڕەدا زیانی دوژمن بە زیاتر لە سێ هەزار سەرباز مەزندە دەکرا. داوام لە ملازم یونس کرد فەرماندەی شەڕەکەم بۆ بگرێت، بەڵام بە داخەوە شەهید بوو و فەرماندەی شەڕەکەش کوژرا.
ئیسرائیل-کورد: دوای ئەو سەرکەوتنە بەرنامەی دیکەت چی بوو؟ ئایا بارزانی لە کارەکانت ڕازی بوو؟
سەگی چۆری: بەڵی بارزانی زۆر لێم ڕازی بوو، بەڵام بە کوژرانی ئەو ژمارە زۆرەی سەربازەکان زۆر دڵتەنگ بوو، ئەو نەیدەویست ئەو ژمارە زۆرەی دوژمن بکوژرێن. دوای ئەو شەڕە لەناکاو هێرشی فڕۆکە و تانگ و تۆپەکان بۆ سەر کوردستان وەستان و ئێمە سەرمان سووڕ ما، دواتر هەواڵی ئەوە هات کە عەبدولسەلام عارف لەنێو فڕۆکەدا سووتاوە و عەبدولڕەحمانی برای بووە بە سەرۆک کۆمار و داوای لە بارزانی کرد شەڕ ڕابگرن و گفتوگۆ بکەن. من بە بارزانیم وت ئێمە شەڕ دەکەین و تۆش گفتوگۆ بکەن، ئەویش وتی چۆن دەبێت شەڕ بکەین کاتێک گفتوگۆمان هەیە.
ئیسرائیل-کورد: ئایا ئێران بۆ دابینکردنی چەک و تەقەمەنی یارمەتیی کوردی دەدا؟
سەگی چۆری: کوردەکان چەک و تەقەمەنییان زۆر کەم مابوو. تەنیا ئەوەیان هەبوو کە لەو شەڕەدا گرتبوویان و هەندسکی کەمیشیان مابوو. بە ئێرانییەکانمان وت کوا چەک و تەقەمەنی، ئەوانیش وتیان چووە بۆ پێنجوێن، دیار بوو خۆیان لێ دەدزییەوە و حەزیان نەدەکرد تەقەمەنی بۆ کورد بنێرن و بە منیان دەوت کارەکانت تەواو بووە و بگەڕێوە وڵاتی خۆت.
ئیسرائیل-کورد: کاتێک لە کوردستان بووی بە چ ڕێگەیەک قسەت لەگەڵ سەرکردایەتی کورد و لێپرسراوانی وڵاتی خۆت دەکرد؟
سەگی چۆری: کاتی خۆی هاوڕێیەکم لە کۆمپانیای مۆتۆرۆلا هەبوو. پێم وت چ ئامێرێک باشە بۆ کوردەکان بیکڕم، وتی ئامێری بێتەلمان هەیە کە مەودایەکەی 40 کیلۆمەترە. من پێم باش بوو و ڕاپۆرتێکم بۆ مۆساد نووسی و داوام کرد ئەو ئامێرانە بۆ کورد بکڕن، ئەوانیش لەسەر داوای من ژمارەیەکی زۆریان کڕی و هێنام بۆ کوردەکان و ڕادەستی ئیدریس بارزانیم کرد و ئەویش دای بە فەرماندەکانی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕ. زۆر سوودمان لەو ئامێرانە وەرگرت و دەوڵەتی ئێراقیش زوو ئەوەی ئاشکرا نەکرد. لە ئیسرائیل پێیان ڕاگەیاندم کە کارم تەواو بووە و دەبێت بگەڕێمەوە. منیش وتم تا بارزانی هەموو بەرنامەکەی من وەرنەگررت ناگەڕێمەوە. ئەو کات گەرووی عومەر ئاغا گیرابوو.
ئیسرائیل-کورد: ئایا ئەو کات کەتیبەی چواری سوپای ئێراق لەوێ مابوو. تۆ لەگەڵ مەسعود بارزانی چیتان کرد و ئەرکی میکی لەوێ چی بوو؟
=KTML_Bold=میکی و مەسعود بارزانی دەزگای پاراستنیان درووستکرد=KTML_End=
سەگی چۆری: میکی و مەسعود بارزانی دەزگای پاراستنیان درووستکرد. ئەو هرزە زۆر چالاک بوو. من وتم دەبێت هێرش بکەنە سەر کەتیبەی چوار کە لە هندرێن بوو و بیانگرین. دوو کەتیبەی دیکەش لە گەڵاڵە هەبوون کە لە لایەکی دیکەوە هاتبوون. فەرماندەی کەتیبەکە گوتبووی ناڕوات تا هەموو شوێنەکان نەگرێت، ئێمەش وتمان با بێت و شەڕ دەستی پێ کۆد. زیانێکی زۆریان بەر کەوت و کوژرا و بریندارێکی زۆریان هەبوو و فەرماندەی کەتیبەکەش کوژرا. من داوام کرد بەزیندوویی بۆم بهێنن بۆ ئەوەی بزانین بەرنامەیان چییە، بەڵام نەگەیشتە دەستم کوژرا و لە هەمووی گرینگتر ئەوە بوو کە ئێراقییەکان لە هەموو شوێنەکان کشانەوە. دوای ئەوە چەک و تەقەمەنی ئێران گەیشت و ڕەوشەکە گۆڕا. بارزانی ڕایگەیاند ئەمە زۆرزۆرە، من بەم هەموو کوشتارە ڕازی نیم، من دژی ڕژێمی ئێراقم دژی نەوەکانی نیم. دەزانم ئەو سەربازانە زۆربەیان بە زۆری هێنراون بۆ شەڕ و کەسوکاریان هەیە. من نامەوێت شەڕی کورد و عەرەب بکەم، تەنیا شەڕی ڕژێم دەکەم.
ئیسرائیل-کورد: تۆ پاش تەواوبوونی شەڕەکە گەڕایەتەوە بۆ ئیسرائیل و لەوێ چیت بەسەر هات و کەی دووبارە گەڕایەوە نێو کوردستان؟
سەگی چۆری: کۆتایی ئایاری 1966 کوردستانم بەجێ هێشت و گەڕامەوە ئیسرائیل و لە ئیسرائیلیش بۆ کۆرسێک ڕەوانە کرام کە ساڵێکی خایاند و لە ئەمریکا بەڕێوەچوو. بەر لە شەڕی ڕزگاریی ساڵی 1967 گەڕامەوە بۆ فەرماندەییەکەی خۆم لە ڕەمەتە گوڵان و لەوێ بووم کە بارزانی نامەیەکی بۆ ناردم. ئەو نامەیەم بۆ یادگاری هەڵگرتووە تا ئەو کاتەی دەمرم شانازی پێوە دەکەم کە سەرکردەیەکی گەورەی کورد بە دەستوخەتی خۆی نامەی بۆ من نووسیوە. بەر لەوەی بچمەوە وتم با هێرش بکەین بۆ سەر دوژمن لە چیای کۆرەک، بارزانی بە زۆری ڕازی بوو و کاتێک دوژمن هەستی بەوە کرد، بە ئاڵای سپی هاتن بۆ گفتوگۆ و بارزانی وتی بەسە، کە ئەوان بۆ گفتوگۆ هاتن من شەڕ ناکەم. من وتم تۆ گفتوگۆ بکە، من و کاک ئیدریس بارزانی و کاک مەسعود بارزانی شەڕ دەکەین، ئەو وتی نابێت. ئەوەی جرگەی منی گرتەوە، ناوی “ئاریک ڕیگب” بوو کە دواتر لە شەڕی دۆڵی ئوردون کوژرا.
ئیسرائیل-کورد: لەسەر ڕەزامەندی خۆت ویستت بچی یارمەتیی کوردەکان بدەی یان مۆساد وەک ئەرکێک ئەوەی پێ سپاردی؟
سەگی چۆری: کاتێک لە سوپا بووم، بەرپرسی کەتیبەی 890ی پەرەشووتوانی بووم کە تا ئێستاش باشترین کەتیبەی سوپای ئیسرائیلە. زۆر ئەزموونم لەو کارەی خۆمدا هەبوو. دەزگای هەواڵگری مۆساد منی دەستنیشان کرد و وتی دەبێت بچی بۆ کوردستان.
ئیسرائیل-کورد: کاتێک تۆ چووی یارمەتیی کورد بدەی ئێرانییەکان نەیاندەویست، ئایا ئێوە وەک ئیسرائیل لە نزیککردنەوەی کورد و ئێراندا دەستتان هەبووە؟
سەگی چۆری: لە ئێران یەکێکمان وەک ڕاوێژکاری سەربازی هەبوو بە ناوی یەعقوب نمرۆدی، ئەو پیاوێکی زۆر ژیر و بەتوانا بوو و توانی کوردەکان لەگەڵ ئێرانییەکان لێک نزیک بکاتەوە. ئەو کات جەمال عەبدولناسر لە میسر دەیوت خوزستان لەسەر کەنداوی فارس دەبێت بۆ باوەشی نەتەوەی عەرەب بگەڕرتەوە و تەنیا سوپای ئێراق لەوێ نزیک بوو و شا وتی، دەبێت شتێک بکرێت کە سوپای ئێراق لەو ناوچەیە دوور بخرێتەوە. ئەوە بوو نمرۆدی ئێران و کوردەکانی لێک نزیک کردەوە و شەڕەکە کەوتە ناوچە کوردییەکان و ئێران یارمەتیی کوردەکانی دەدا کە زۆر پێویستییان پێی هەبوو. ئیسرائیلیش لە کاتی شەڕی ئازادیی ئیسرائیلەوە ڕقی لە دەوڵەتی ئێراق بوو و ئەمە هەلێکی باش بوو.
ئیسرائیل-کورد: کەی لەسەر بانگەیشتی مەلا مستەفا بارزانی دووبارە تۆ گەڕایەوە بۆ کوردستان؟
سەگی چۆری: من لە ڕەمەتە گوڵان بووم کە سەرۆکی مۆساد بانگی کردم، وتی بارزانی دەڵێ دەبێت چوریم بۆ بنێریتەوە. منیش خۆم ئامادە کرد و ساڵی 1974 بوو کە حکوومەتی ئێراق دووبارە هێرشی کردبووەوە سەر کوردستان. کاتێک گەیشتم بارزانی وتی دوژمن هێرشی هێناوەتەوە و دەبێت کارێکی وا بکەین لە خشتەیان بەرین. ئامادەکارییەکی وامان کرد کە توانیمان دوژمن ببەزێنین و چەندین جار و لە چەندین بەرەدا وانەیەکی وامان پێ دان هیچ کات لەبیری نەبەنەوە و ئێمە سەرکەوتین، بەڵام بە داخەوە بە فڕوفێڵی شای ئێران و عەرەبەکان و هەندێک وڵاتی دیکە شۆڕشەکە نسکۆی هێنا. هەزاران سڵاو لە گیانی بارزانی کە برا گەورەیەکی من بوو. بە ڕاستی پیاوێکی ناودار بوو و سەرکردەی وەک ئەو لە جیهاندا کەمە.
ئیسرائیل-کورد: ئەگەر شتێکی تایبەت ماوە ئێمە باسمان نەکردبێ، یا پەیامێکی تایبەتت هەیە بۆ خوێنەرانی گۆڤاری ئیسرائیل-کورد چییە؟
سەگی چۆری: ڕێز و سلاۆی تایبەتم هەیە بۆ هەموو بەرپرسانی گۆڤاری ئیسرائیل-کورد و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. دوا ئاواتم ئەوەیە کە بە دیداری سەرۆک کاک مەسعود بارزانی شاد ببمەوە. زۆر بیری دەکەم و هیوای سەلامەتی و تەندرووستی بۆ دەخوازم. بە ڕاستی سەرۆکێکی شیاوە بۆ ئەمڕۆی نەتەوەی کورد. دکتۆر مەحموود عوسمانیش کاتی خۆی زۆر هاتووە بۆ لام و زۆر بیری ئەویش دەکەم و هیوای تەمەندرێژی بۆ دەخوازم. [1]