لە کاتی گەیشتنی هەواڵی کۆچی دوایی شەهید #ئیدریس بارزانی# بە #مەسعود بارزانی#، جەنابی سەرۆک لە یاداشتننامەی خۆی دا دەڵێت برا گیان خۆزگە من لە جێگەی تۆ بوومایە، من دەزانم تۆ بە دەستی خۆت نەبوی ئەگینا هەرگیز تۆ منت بەجێ نەدەهێڵا، بەڵام دیارە باوکمان بیرت دەکات و کاری پێتە، کۆچی دواییت پڕخێر بێت بەڵام باوەڕ بکە ئێمە زۆرتر پێویستیمان پێتبوو, ئەی خەمخوری گەل و وڵات، خەمخوری هەژار و لێقەوماوان، تۆ پەروەردەی دەستی باوک بووی ..
لە بیرەوەری 38 ساڵەی کۆچی دوایی، ڕەوانشاد، سەرکردە و خەباتگێڕی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، ئیدریس بارزانی، سەری ڕێز و خوشەویستی بۆ دادەنوێنین، لەو بیرەوەرییە خەمگینەی کۆچی دوایی جوانەمەرگ ئیدریس بارزانی، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی ئەو و سەرجەم شەهیدانی بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کوردستان و سەروەریان بارزانیی نەمر دادەنوێنین، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە #31-01-1987# و لە بارودۆخێکی سەخت و دژواردا، بەداخەوە سەرکردەی لێهاتوو و بلیمەت، جوانەمەرگ (ئیدریس بارزانی) ماڵاوایی کرد و کەلێنێکی گەورەی لە ڕیزەکانی بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کوردستاندا درووستکرد، بە درێژایی شۆڕشەکانی ئەیلول و گوڵان وەکە سەرکردە و کادر و پێشمەرگە هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەدا بووە و ئامانجی بەتەنیا بەرگریکردن بووە لە بوونی گەل و بە دەستهێنانی ماف و ئازادی، بۆیە سەرکێشی لە دەیان داستانی گەورە و مێژوویی کردووە، لە هەمان کاتدا لە بوارەکانی سیاسی و دیبلۆماسی و جەماوەری و یەکگرتنی ڕیزەکانی خەڵکی کوردستاندا، سەرکردەیەکی بێ وێنە بووە و هەر ئەو بوو بە ئەندازیاری ئاشتی دەناسرا، بیرەوەرییەکی ئاوها جێگەی خۆیەتی ببێتە هاندەرێک بۆ زۆرتر پتەو کردنی یەکڕیزی گەلی کوردستان بۆ پاراستنی ئەو دەسکەوتانەی شەهیدی سەرکردە ژیانی خۆی بۆ تەرخان کرد و نەتەوەی ئێمە بە هزارەها شەهید و پەککەوتووی بۆ پێشکەش کردووە، سەرباری هەموو قوربانییەکی تر.
=KTML_Bold=کورتەیەک لە ژیانی شەهیدی سەرکردە=KTML_End=
شەهیدی سەرکردە ئیدریس بارزانی لە #04-03-1944# لە ئەشکەوتێکی نزیک گوندی بارزان لەدایک بووە، کاتێک دەڤەری #بارزان# لە شۆڕش و خەباتێکی بەردەوامدا بوو بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانی گەلی کوردستان و فڕۆکەکانی ڕژێمی ئێراقی و ئینگلیزی بەردەوام دەڤەری بارزانیان تۆپباران دەکرد و بۆیە خەڵکی ناوچەکە لە ئەشکەوتدا دەژیان، دوای ساڵێک مانەوە لە ئەشکەوتدا، خەڵکی بارزان لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی بەرەو کوردستانی ڕۆژھەڵات بەڕێکەوتن.
بەپێی وتەی نووسەری کورد (کەریم زەند) زۆرتر لە (150 ) کەس لە بارزانییەکان لەبەر ساردوسەرما لە چیاکانی سنوور گیانیان لەدەستدا، ھەتا ئەو کاتەی گەیشتنە نێزیک شاری #شنۆ#، دوایی ئیدریس لەگەڵ باوکی و چەند چەکدارێکی تر، بە ھاوکاری #پارتی دیموکراتی کوردستان# ھاتنە ڕاگواستن بۆ #مەھاباد#.
دوای شکەستی کۆماری مەھاباد و شەھیدبوونی پێشەوا (#قازی محەمەد#)ی سەرۆک کۆمار و ھەڤاڵەکانی لە ڕۆژی #30-03-1947#، سەرۆکی نەمر #مەلا مستەفا بارزانی# لەگەڵ براگەورەکەی (شێخ ئەحمەد بارزانی) کۆبوویە و بڕیاریاندا، خێزانی بارزانییەکان لەگەڵ (شێخ ئەحمەد) بنێرنەوە ئێراق و ئەویش لەگەڵ (500) چەکدارا بەرەو یەکێتی سۆڤییەت بکەوێتە ڕێ.
کاتێک کە ( شێخ ئەحمەد بارزانی ) لەگەڵ خێزانی بارزانییەکان گەڕایەوە ئێراق، ڕژێمی ئەو کاتە، شێخ ئەحمەد و ئەو خێزانانەی لەگەڵی بوون دەستبەسەر کران و بۆ شاری #موسڵ# گواسترانەوە و ئیدریس بارزانییش یەکێک لە زیندانییەکان بوو. دوایی بارزانییەکان بۆ ناوەڕاست و خوارووی ئێراق گوازرانەوە و لە ساڵی (1952 ) بۆ بەسرا دوورخرانەوە. لەوێ ئیدریس بارزانی چوو بۆ قوتابخانە و بەردەوام بوو لە سەری، ڕژێمی ئێراقی جارێکی تر بارزانییەکانی گواستەوە بۆ شاری موسڵ لە ساڵی (1954). لەوێش ئیدریس بارزانی بەردەوام بوو لەسەر خوێندن و قوتابخانە.
لە ساڵی (1956) ڕژێمی ئێراقی ماڵی بارزانییەکانی گواستەوە شاری بەغدا و لەوێش ئیدریس بارزانی چووە قوتابخانەی سەرەتایی و دواتر ناوەندی. دوای ئەوەی کە بارزانیی نەمر لە یەکێتی سوڤیەت گەڕایەوە ئێراق لە ساڵی ( 1958)، لە بەغدا مایەوە و ئیدریسیش درێژەی بە خوێندنەکەی دا ھەتا دەسپێکی ساڵی (1961 )، دوای ئەوەی کە بەینیان لەگەڵ (عەبدولکەریم قاسمی)ی سەرۆک کۆماری ئێراقی تێکچوو، بارزانیی نەمر بە خێزانەوە گەڕایەوە ناوچەی بارزان.
لە ساڵی (1964 ) ئیدریس بارزانی ژیانی هاوژینی پێک دێنێت. لە ساڵی (1965) دەبێتە ھاوکاری باوکی بۆ کاروباری لەشکەری و کۆمەڵایەتی.
لە (#12-05-1966#) ڕژێمی ئێراقی ھێرشێکی لەشکەری گەورەی کردە سەر ھێزی پێشمەرگە لە چیای ھندرین، پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی ئیدریس بارزانی ھێزی دوژمنی تێشکاند و سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمار کرد و دوژمنی ناچار کرد داخوازی چارەسەری دۆزی کوردی بکات بە شێوەیەکی ئاشتییانە و ڕاگەیاندننامەی (#29-06-1966#) دەربکات.
هەروەها لە ساڵی (1969) چەندین قوتابخانەی لە ناوچە ئازادکراوەکان کردەوە و ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەبوو لە دانووستان لەگەڵ حکومەتی ئێراقی، دواتر ڕێکەوتنی #11-03-1970# دەرچوو، دانیان بە مافەکانی گەلی کورد نا.
لە ناوەڕاستی کانونی یەکەمی ساڵی (1970) ئیدریس بارزانی تووشی پیلانێکی تیرۆر دەبێت لە بەغدا بەڵام لێی دەرباز دەبێت.
دوای ئەوەی کە ڕژێمی ئێراقی لە ساڵی (1974) جارێکی تر شەڕی دەستپێکرد، ئیدریس بارزانی ڕۆڵێکی گەورەی گێرا بۆ کردنەوەی زانکۆیەک لە #قەڵادزێ#، ئەویش لە #24-04-1974# بۆمبباران کرا لەلایەن فڕۆکەکانی ئێراقی و بوویە هۆی شەھید بوونی (130) قوتابی و بریندار کردنی (200) قوتابی دیکە. دوای شکستهێنانی شۆڕش لە ساڵی (1975)، ئیدریس ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە دەستپێکردنی شۆڕشی گوڵان لە (#06-05-1976#) .
لە کۆتایی مانگی شوبات ساڵی (1979)، ئیدریس بارزانی سەردانی خومەینی کرد و سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانی لێ پیرۆز کرد.
ئیدریسی جوانەمەرگ ڕۆڵێکی گەورەی ھەبوو لە پێکهێنانی بەرەی (جود) لە (#28-11-1980#)، لە ساڵی (1985) بارزانی کەوتە خۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان لایەنەکانی بەرەی کوردستانی و هەر بۆ ئەم مەبەستە
لە #08-11-1986# کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ #جەلال تاڵەبانی# لە تاران گرێدا و ڕێکەوتنێکی مێژوویی لەنێوانیان ئیمزا کرا، لە ساڵی (1985) چووە وڵاتی لیبیا بۆ بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی ھێزەکانی شۆڕشگێردا.
لە کۆتایی کانونی یەکەمی ساڵی (1986) ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەبوو لە کۆنگرەی (نصرت الشعب العراقي) دا ئەوەی لە شاری تارانی پایتەختی وڵاتی ئێران گرێدرا.
بەداخەوە کۆچی دوایی سەرکردەی لێهاتوو ئیدریس بارزانی کۆسپێکی گەورە بوو بۆ دۆزی گەلی کورد، هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی کاکە ئیدریسی جوانەمەرگ.[1] [2]