#سەلام عەبدوڵڵا#
لە ساڵی 1987دا و لە ئێوارەی ڕۆژی (31)ی کانوونی دووەمی ئەو ساڵەدا کەسایەتییەکی دیار و سەرکردەیەکی بەتوانا و پێشمەرگەیەکی بە ئەزموون و دبلۆماتکارێکی کارامە، کاکە #ئیدریس بارزانی# ماڵاوایی لە ژیان کرد، بەمەش گەلەکەمان مرۆڤێکی هەڵکەوتوو، شارەزا لە بواری سیاسی و ئەندازیاری بەرەی کوردستانی لەدەستدا کە خەسارەتێکی گەورە بوو لەو ئانووساتەدا کە گەلەکەمان لە گەرمەی خەبات و تێکۆشان و بەرگریدا بوو دژی دڕندەترین و بەهێزترین ڕژێمی ئەو سەردەمە دەجەنگا.
کاک ئیدریس لە خانەوادەیەکی نیشتمانپەروەر و قاڵبووی خەبات و بەرخودان بوو، پەروەردەی دەستی سەرکردەیەکی مەزنی گەلەکەمان وەک، بارزانیی نەمر بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەگی ڕوحی و نیشتمانپەروەری خودی خۆی هەر زوو دەرکەوت و خەباتی سیاسیی و پێشمەرگایەتی لە تەمەنی لاویدا لە ساڵی 1961دا کە تەمەنی تەنیا (17) ساڵ بوو دەستی پێ کرد و هەر زوو سەرنجی دەوروبەری بۆ خۆی لەنێو سیاسەتمەدار و پێشمەرگەدا ڕاکێشاو وەک سەرکردەیەکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر و خەمخۆری گەلەکەی و وەک سەرکردەیەکی سەربازیش لە شەڕی (هەندرێن)دا (ئایاری 1966) بەئاشکرا دەرکەوت.
کریس کۆچیرا (1938-2017) ڕۆژنامەنووسی ناوداری فەڕەنسا کە شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە مەسەلەی کوردیدا پسپۆڕ و بە ئاگا بوو کە پێش وەفاتی چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردووە باسی ڕۆڵی گرنگی لە بەرهەمهێنانی بەرەی کوردستانی دەکات کە چۆن توانیویەتی بە ئەزموون و حیکمەتی خۆی بەسەر گرفتەکاندا زاڵ بێت و زەمینەسازی یەکبوون و تەبایی و یەکڕیزی ئامادە بکات. کاک ئیدریس بە کۆچیرا دەڵێت: (کاتێک متمانە لای هەردوولا پەرە دەستێنێت، ئەو کات هەموو گرفتێک چارەسەر دەبێت، ئەمەش لەمەودوا بووە هەوێنی دامەزراندنی حکوومەتی هەرێم لە ساڵی 1992دا).
نووسەر مایکڵ گۆنتەر (1943) سەبارەت بە کاک ئیدریس دەڵێت: ئەو وەک کەسێکی ئەکادیمی و بیرمەند دەهاتە پێش چاو کە پارێزگاری لە بەها و نەریتەکانی خانەوادەکەی کە لەسەری پەروەردە کرابوو دەکرد، ئێستا کاتی ئەوەیە لەم بارودۆخە ئاڵۆز و ترسناکەدا ئەو دووربینییەی ڕەحمەتی کاکە ئیدریس بخرێتە گەڕو دەستپێشخەرییەک بۆ چارەسەری ئەم ناتەباییەی ئەمڕۆ کە زۆر خەتەرناکە بکرێت.
هەزاران چەپکەگوڵ بۆ سەر گۆڕی پڕ لە نووری.. [1]