بەشێک لە بیرەوەرییەکانی عەلی پێشەوا قازی محەمەد-کوڕی ڕەش
نووسین و پێداچوونەوەی :#موحیب مەهابادی# 2020-06-08
ئەمن لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە مەهاباد نەبووم و لە شاری تەورێز لای کەسێک بە ناوی عەلی ئەکبەرئۆف و خێزانی زەمینە خانم کە لە خەڵکی ڕووس بوو، لە ماڵی وان لە جێیەکی تایبەت بە خۆم دەژیام و وەکوو هەموو لاوێک دەچووم بۆ مەدرەسە سۆڤیەت لە نزیک ئەرگی مێژوویی ئەو شارە و شایانی ئاماژەیە کە ئەو کات میرحاج ئەحمەد ئاکرەیی نوێنەری کۆماری کوردستان بوو لە شاری تەورێز و چەند جار چووم بۆ لای، ئەوە نیشان دەدات کە کۆماری کوردستان ئی تەواوی کوردەکانی هەر چوارپارچە بووە.
هاوینان و کاتی پشوو دەگەڕامەوە بۆ #مەهاباد# و لەوێڕا هەموو ڕۆژێ دەچووم بۆ ماڵی جەنابی #مەلا مستەفای بارزانی# و لەگەڵ لوقمانی کوڕی کە لە تەمەنی من دابوو، دەچووینە دەرەوەی شاری بۆ ڕاو و ئەسب سواری و نیشانەگرتن و مەلەکردن، هەروەها ئەمن هەموو ڕۆژێ دەچوومە سەردانی قوتابخانەکانی کوردستان و بۆ نموونە یەکێک لە ئەندامانی ئەنوەر دڵسۆز بوو و یەکێک لە قوتابییەکانیش شەهید سولەیمانی موعەینی بوو، ئەمن لەلایەن باقی ئەندامانی ئەو مەدرەسەیە زۆر بە حوڕمەتەوە پێشوازی دەکرام.
قەرار بوو سۆڤیەت بە کۆماری ئازەربایجان ڕا چەکی قورس بۆ پێشمەرگەکانمان بنێرێ بەڵام بەداخەوە هەرگیز ئەو پەیمانەیان بە جێ نەهێنا و پشتی کوردیان خاڵی کرد و لە کاتی هاتنی هێزەکانی شای ئێران بۆ ناوچەکە سەرانی کۆماری ئازەربایجان خۆیان پەنایان برد بۆ یەکییەتی سۆڤیەت و هەڵاتن بۆ ئازەربایجانی سۆڤیەت بەڵام مەرحومی بابم خەڵکی کوردستانی جێ نەهێشت و خڵک هەموویان لایەنگری شەر نەبوون و مەرحومی بابم بە خەڵکەکەی ڕاگەیاند کە ئەمن تابیعی ڕای نەتەوەی کوردم و من هەرچی خواستی میللەت بێ ئەوی ئیتاعەت دەکەم و هەرئەوە بوو کە شار تەسلیم بوو و دەوڵەتی ئێرانیش لەسەر بەڵێنی خۆی نەما کە کوتبووی خودموختاری دەدەین بە کوردستان، ئاوا بوو کە بەداخەوە کۆماری کوردستان بە بەدقەولی و دوژمنایەتی نەیارانی کورد تێک چوو و نەما.
ئەمن لەو کاتەی دا هەر وەکی پێشتر کوتم لە ماڵی عەلی ئەکبەرئۆف لە تەورێز وەکوو زیندانی وا بووم، هەر لەم ڕۆژانە دا ئەمن گوێم لە تەقەی چەک و دەنگی خەڵک بوو لە شەقامەکانی تەورێز، و پاش دە ڕۆژان، ڕۆژێک تەماشام کرد کە کاک ڕەحیم جەوانمەردی قازی کە ئاجودانی مەرحومی باوکم بوو لەگەڵ ئەفسەرێکی ئێرانی هاتن لە دووی من و هەتا لە شاری تەورێز هاتینە دەرێ هەمیشە ئاگاداریان لە من دەکرد کە تووشی هیچ ناڕەحەتییەک نەبم و ئەو ئاگادارییە بەردەوام بوو هەتا گەیشتینە شاری میاندواو و لەوێ سەربازی ئێرانێ کوتیان کە ئێوە حەقتان نییە لەبەر ئەمنییەتی خەراپی ڕێگاکان بچنەوە بۆ مەهابادێ و مەرحومی باوکم زۆر جار تلیفۆنی دەکرد کە دەیهەویست ئەمن بگەڕێمەوە ماڵێ و بەردەوام پەیوەندی هەبوو لەنێوان من و باوکم دا و لە ئاخر دا مەئمورانی ئەڕتەشی ئێران ئێمەیان مەجبوور کرد کە ئەو شەوە لە میاندواو بمێنین و ئێمەش چووین بۆ ماڵی بازرگانێکی کورد و میوانی ئەو بووین، سبحەینێ هەستاین و وەڕێ کەوتین و بۆ نزیک نیوەڕۆیە لای کاتژمێری دە گەیشتینەوە بۆ مەهابادێ، چوومە ماڵی خۆمان و چاوەڕوان بووم کە باوکم بگەڕێتەوە و چەند کەسێکیش وەکوو من چاوەڕوانی پێشەوا قازی محەمەد بوون، پاش مودەتێکی کەم، مەرحومی باوکم هاتەوە لە باوەشی گرتم و ئەمنی بردە سەر بورجەکانی ماڵی خۆمان و لەوێ لە منی پرسی ئایا سۆڤیەتییەکان هیچ قسەیەکیان ڕاسپاردووە کە بە منی بڵێی، منیش پێم کوت ناوەڵڵا، باوکیشم بە تێڕامانێکی تایبەتەوە فەرمووی: بزانە ئەو سۆڤییەتانە چەندە بێ شەڕەفن و ئێمەیان بە نەفت فرۆشت!
هەر لەو ڕۆژە دا من دیسان چاوەڕوان بووم کە باوکم بۆ دوای ئێوارە بێتەوە ماڵێ بەڵام هەر ئەو شەوە بوو کە مەرحومی بابم و حەمەحسێن خانی سەیفی قازی کە وەزیری جەنگ بوو لە کۆماری کوردستان بە دەست هێزەکانی شای ئێرانەوە گیران و بەداخەوە زیندانی کران، ئەمن ئەو کات دوانزدە ساڵ تەمەنم بوو و زۆر جار لە بیرم دێ کە لەسەر کۆشی پوورم خەدیجە خانمی خوشکی گەورەی باوکم ڕادەکشام و حەکایەتی بۆ دەگێڕامەوە کە لەناکاو خەبەری گیرانی باوکم هات و لە ماڵێ بوو بە شین و گابۆڕ و دوایی لەسەر داوایان نوێن و بانیان بۆ بردنە زیندانێ، ڕۆژی پاشان چەند ئەفسەر و چەند گروهبان و سەربازی ئێرانی ڕژانە سەر ماڵی ئێمە و هەرچی بەڵگە و شتی چاک و دەگمەن و وەسایلی بەنرخ بوو لەگەڵ خۆیان برد و تاڵانیان کردین، بۆ نموونە مەرحوومی پێشەوا لە دیوی خۆی فەرشێکی تایبەتیی لە ناوچەی هاوشار هەبوو و شازدە تفەنگی زۆر تایبەت و جوان کە یەکیان ستالین بە تایبەتیی بۆی ناردبوو، هەروەها چەندین پەرتووک بە دەستوخەت و نووسینی باوکم کە بەداخێکی زۆرەوە هەموویان برد، و هەر لەم ڕۆژە ڕا بەدبەختی و چارەڕەشی من دەستی پێ کرد . . .
تێبینی: وێنەی جەنابی کاک #عەلی قازی محەمەد#کوڕی ڕەش لە قوتابخانەی سۆڤیەت لە شاری تەورێز، لە ئەڕشیڤی بەنرخی بەڕێز فەوزییە خانمی قازی کچی پێشەوای نەمر.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە!