=KTML_Bold=یادکردنەوەی ڕاپەڕین لەسەردەمی کۆرۆنادا=KTML_End=
#ئازاد جوندیانی#
یادی ڕاپەڕین بۆ هەموو خەڵکی کوردستان، بەوانەشەوە کە ئێستا گاڵته بە عەقڵی ئێمەمانانی ئه و سەردەمە نایابەش ئەکەن، یادێکی پیرۆزە و کەسیش ناتوانێ له و یادەوەرییە و لەخودی ڕووداوەکەش ڕابکا.
بەداخەوە ئەمساڵ ساڵڕۆژەکەی کەوتە سەردەمی کۆرۆناوە. بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ بۆ ڕێزلێگرتن له و ڕۆژە مێژووییە حکومەتی هەرێم کردوویەتی بە پشوو و بەهۆی ئامۆژگارییە تەندروستییەکانیشەوە لەماڵ نەچووینەدەر. منیش و خاوخێزانەکەم و زاوایەکم و برازایەکیشم لەبەرهەیوانی ماڵەکەمان لە هەولێر لە دەوری مێزێک کۆبووینەوە. هەموومان پێمان ناخۆش بوو کە بۆ گەورەیی ئه و یادە ناتوانین هیچ بکەین. بۆیە کۆمەڵگە گەنجەکەی ماڵەوەمان، واتا کچەکانم و کوڕەکەم و برازاکەم و زاواکەم، بڵندگۆیەکی خێزانیانیان هێنا و بڕیاریاندا کە بەهۆی یوتیوبەوە ئه و سروود و گۆرانیانە لێبدەینەوە، کە لە 1991دا و لەگەرمەی ڕاپەڕین لەڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستانەوە لەگەڵ هەواڵە گەرم و بەپەلەکانی ڕاپەڕین لێ ئەدران. ئه و وەختە منیش کادرێکی ڕادیۆکە بووم و بەشێکیش لەشیعر و پەخشان و هەواڵەکانی ڕزگاربوون و ئازادکردنی شار و شارۆچکە و ناوچە ڕزگار و ئازادکراوەکان من ئەمنووسین، ئەڵبەتە هەر من نەبووم، بەڵکو برادەرانی تریش کە لەشەپۆلی گەڕۆکی چل و یەک مەتری ڕادیۆکەدا پێکەوەبووین، ئەیاننوسی.
ئه و گۆرانیانەی کە حەماسەتێکی زۆریان لای پێشمەرگە و خەڵکی ڕاپەڕیو ئەوڕوژاند و ئێستاش بیرم ماون، بریتی بوون لە سروودی دەمی ڕاپەڕین، واهاتن پێشمەرگێ مە، بە دەنگی شڤان پەروەر، سروودی ئاسوودەبن و گۆرانی هەڵپەرکێ گەلەوگەله و گەلە/هەی هەی له و گەلاوێژە، بە دەنگی ناسری ڕەزازی و هەروەها گۆرانیەکی چەپەکانی تورکی، بەدەنگی سێڵدا و چەندین سروود و گۆرانی تریش. هەربه و بۆنەیەوە ئەمڕۆ لەیادی بیست و نۆساڵەی ڕاپەڕینی پڕشکۆی کوردستاندا، پێکەوه و لەماڵی خۆمان ئاهەنگێکی بچکۆڵانەمان سازکرد و هەموو ئه و گۆرانیانەمان بە تۆنێکی بەرز گوێ لێگرتەوە، کە بەگۆرانی سەردەمی ڕاپەڕین ناسراون. هەرچەندە چەند ڕۆژێکە مامی ئازیزم مامە دلاوەر کۆچی دوایی کردووە، بەڵام ئەم ئاهەنگگێڕانە چکۆڵەیەمان بۆ ئەوە بوو، کە بەر لەهەموو شتێک بەخۆمان بڵێین: ئێمە ڕاپەڕین لەبیرناکەین. هەروەها ئەوەش بسەلمێنین، کە پەتای کۆڕۆناش وامان لێناکا ئه و پرۆسە شۆڕشگێڕییە هاوبەشەی خەڵکی کوردستان لەبیر بکەین. بەداخەوە ئەبێ لێرەدا خەمباریێکی خۆمتان بۆ تۆماربکەم، ئەویش ئەوەیە کە هەموو ئه و پەخشان و شیعرانەی بۆ ڕۆژانەی ڕاپەڕین نووسیبوونم، زۆربەیان بە دەنگی کاک باست حەمەغەریب لەمایکی گەلی کوردستاندا خوێندرانەوە، کە لەڕاستیدا ڕادیۆی بەرەی کوردستانی و ڕادیۆی جەماوەری ڕاپەڕیو بوو، لەڕووداوەکانی بیست و نۆ ساڵی ڕابردوودا، سڕگوم بوون و نەمدۆزینەوە، مەگەر خێرۆمەندێک ئه و سەردەمە بەرنامەکانی دەنگی گەلی کوردستانی تۆمارکردبێ و لای دەست بکەوێت و پیاوەتیش لەگەڵ من بکا و ئه و شیعر و پەخشانانەم بداتێ، کە هەر لەئێستاوە زۆر سوپاسی ئەکەم.
خاڵێکیتر، کە ئەمەوێ لێرەدا تەنیا ئاماژەیەکی پێبدەم، لەکاتێکدا، کە ئه و بابەتەی ئاماژەی پێ ئەدەم لێکۆڵینەوەی بێلایەنانەی زۆرتری ئەوێ، ئەویش ڕۆڵی بەرەی کوردستانییە لەڕاپەڕینەکەدا، بەتایبەت لەڕوانگەی یەکخستنی گووتاری ڕاپەڕین و یەکخستنی ڕێبەرایەتی و ئیدارەدانی ڕاپەڕین. ئەزانم ئەم باسە به و شێوەیەی من لەم چەند دێڕە کورتەدا خستوومەتەڕوو، پڕ لەسەرئێشەیە و زۆرکەس و لایەنیش ناڕەحەت و ناڕازی ئەکا، کە بێگومان هەریەکێک له و کەس و لایەنانە ئازادن و دەرفەتی زۆری میدیایی و سۆشیال میدیاشیان لەبەردەستە، تا وەک چۆن خۆیان ئەیانەوێ باسی بکەن، بەڵام لەڕاستیدا، چونکە بەرەی کوردستانی لەڕاپەڕیندا بەکردەوە و بۆ یەکەمین جار بوو لەدوای ساڵى 1975ەوە یەکڕیزی حزبەکان، یەکڕیزی جەماوەر و یەک بەرەیی چەکدار و هاوکاتیش یەک گووتاری وەدیبێنێ، بۆیە بە بۆچوونی من ئەمە لەگەڵ گەورەیی خودی ڕاپەڕیندا، دەسکەوتێکی مەزن بوو. بە بڕوای من سەرەڕای بەرپابوونی شەڕی نەگریسی ناوخۆ، کە لەدیدی ئێستای مندا، یەکەمین شکستی خودسازی ڕاپەڕین بوو، بەڵام هێشتاش فیکری سیاسی کوردستان و مێژووی قۆناخی ڕاپەڕین و ڕۆڵی بەرەی کوردستانی، لە ئامادەکاری، دەستپێشخەری و سەرخستنی و ڕووداووەکانی دواتر بەکۆڕه و و دانوستانەکانیشیەوە لەگەڵ ڕژێمی سەددام، ئه و باسگەلەیە کە ئەبێ ئێستا باشتر و چاوکراوەتر و دوورتر لەئەنگێزە و پاشخانی حزبی و بگرە شەخسی بگەڕێینەوە سەری و لێکۆڵینەوە و تێزسازی و بگرە تیۆریسازی لە قۆناخەکە و ئەزموون و سەکەوتن و شکستەکانی بکەین.
لێرەوە قسەی بیریارێکی ئەوروپاییم هاتەوەبیر کە بەداخەوە ئێستا ناوەکەییم بیرناکەوێتەوە، بەڵام له نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا بووە و لە بارەی شۆڕشی فەرەنساوە (#14-07-1789#) ڕای وابووە، کە ئێستا وەختی ئەوەیە له بارەی شۆڕشەکەوە قسە بکەین و لێی بکۆڵینەوە. بەڕاستی ئه و بۆچوونە نایاب و جێی سەرنجە، بەپێی تێزەکە بێ، ئێستا و تا مەودایەکی یەکجار زۆری داهاتووش، ئەتوانین ڕاپەڕین وەک ڕووداوێکی مەزن و وەرچەرخێنی مێژوویی بە پشتبەستن بە هەموو زانستە کۆمەڵایەتییەکان لێی بکۆڵینەوە و بیخوێنینەوە، بەتایبەت کە وەک پێویست و وەک پرسێکی هەمەلایەنە لێکۆڵینەوە و تایبەتتریش ئەنجامگیری پێویست و شایان و شایستەی لێ هەڵنەهێنجراوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=