هۆزی گەڵواخی؛ لە چوارگۆشەی ئەم جیهانە پان و بەرینەدا سەدان نەتەوە و ڕەگەزی جۆرواجۆر سەرقاڵی ژیانن کە زۆربەی هەرەزۆریان بە ماف و داخوازی خۆیان گەیشتوون و خاوەن وڵات و حکوومەتی سەربەخۆی خۆیانن، گەلی کورد کە 700 ساڵ پێش زایین خاوەن حکوومەت و دەسەڵات بوون پاش 151 ساڵ حوکمڕانی لە 549 ساڵ پێش زایین دەسەڵاتیان لێ زەوت کرا و ئێستاش هێشتا بێ وڵات و دابەشکراو لە بوونیشیان نکۆڵی دەکرێت.
پاش ڕووخانی حکوومەتی ماد و دابڕان بە دەیان و سەدان تیرە و تایفە لە سەردەمی حکوومەتی سەفەوی بنەماڵەی ئەردەڵان بە سەرۆکایەتی بابا ئەردەڵانی گەورە بە هێندێ وادە و بەڵێنی و باج دان بە حکوومەتی ناوەندی خۆیان خزاندە لای کاروبار و دەسەڵاتی میرایەتی و مۆردارییەوە لە سەردەمی حکوومەتی شا ئیسماعیل سەفەویدا بیگەبەگی ئەردەڵان لە ساڵی 900 ک.م و میرایەتییەکەی گەورەتر کردەوە و بەشێک لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی خستە ژێر ڕکێفی خۆیەوە بە پێی نووسراوەی لاپەڕەکانی شەرەفنامەی ئەمیر شەرەفخان بەدلیسی لە کاتی حوکم و دەسەڵاتی بیگە بەگی ئەردەڵاندا پیاوێکی ناودار و لێهاتوو لە خێڵی ئیستا جلوە بەناوی عەباس ئاغای گەڵواخی لەبەر ڕووداوێک لە خزم و خێڵی خۆی ئاوارە دەبێت و پەنا دەبات بۆ بیگەبەگی ئەردەڵان.
پاش وەرگێڕان و متمانەی تایبەت لەلایەن بیگەبەگەوە پلەی مۆرداری و میرایەتی بەشێک لە ناوچەکانی شارەزوور و #مەریوان#ی پێی بەخشراوە و بە بۆنەی سەداقەت و دڵپاکی و ڕاستگۆییەوە لەناو دڵی بیگەبەگدا جێگای تایبەتیی خۆی گرت بەڵام پاش چەند ساڵێک خزمەتکردنی ڕاستەقینە و سەداقەت و ڕاستگۆیی، بەهۆی دوو زمانیی نەیارانەوە نێوان بیگە بەگ و عەباس ئاغا تێک دەچێت و عەباس ئاغا و یارۆڵڵاخان خوشکەزای لە ساڵی 915ی کۆچی لە حکوومەتی بیگەبەگ جیا دەبنەوە ڕوو دەکەنەوە ناوچەی بێڵەواری کامیاران و لەگەڵ چەند هۆز و تیرەی ئەو ناوچەیە پەیوەندی قورس و قایم دادەمەزرێنن، پاشان لەگەڵ شا ئیسماعیل سەفەوەی ڕێک دەکەون بۆ هێرش کردنە سەر وڵاتی ئۆزبەکستان کە دوایی لە یەک هێرشدا شا و وەزیرەکانی ئۆزبەکستانیان بە دیل گرت و بە قۆڵبەسراوی هێنایانە بەردەست شا تاماسب سەفەوی.
ئەویش ئافەرینی پێی وتن و حوکمی 12 ئیماق و بێڵەواری بۆ نووسین و عەباس ئاغا و یارۆڵڵاخان پاش وەرگرتنی ئەو حوکمە لەگەڵ هۆزەکانی #سلێمانی# و لەک و مادەکی و کەڵهوڕ و وەرمەزیار تێکڕا بەناوی هۆزی گەڵواخی ناودێر بوون و بوونە هۆزێکی گەورە و خاوەن دەسەڵات بەڵام لە ساڵی 938 مەرگ بنە و بارگەی عەباس ئاغای پێچایەوە و فەرمانڕەوایی کەوتە سەر شانی عەلی بەگی کوڕی عەباس ئاغا.
پاش مەرگی عەباس ئاغەش، عەلی بەگی کوڕی پەیوەندی لەگەڵ بەیگە بەگی ئەردەڵان دامەزراندەوە و کاتێک سەنان پاشای عوسمانی هێرشی کردووەتە سەر نەهاوەند، عەلی بەگ خێرا خۆی گەیاندوتە لای سەنان پاشا و ئەویش نامەیەکی بۆی نووسیوە بۆ دیوانی بەرزی عوسمانی لە ئەستەمبوڵ کە یاڕۆڵڵاخان نامەکەی بردووە بۆ ئەستەمبوڵ لە دیوانی بەرزی عوسمانی و حوکمی کرێند و شێخان و چەکران و قەڵاتیفاب و قەڵاتەپۆ و خوڕخوڕە و تیرە زند و چەند شوێنی دیکە بە سەرنجەقەوە بۆ عەلی ئاغای گەڵواخی نووسیوە و ئەرکی ڕەنگەڕێژان و سپانانیشی بە یاروڵڵاخان سپاردوە کە بەم جۆرە پەیوەندی عەلی بەگ و یارۆڵڵاخان لەگەڵ حوکومەتەکانی ئەردەڵان و سەفەوی و ئیمپراتۆری عوسمانی قورس و قایم بووە و تا ساڵی 968ی ک.م کە مەرگی ناوەخت لە یەک ساڵدا بارگە و بنەی عەلی بەگی گەڵواخی و یارۆڵڵاخانی پێچایەوە و حوکمی فەرمانڕەوایی کەوتە دەستی حەیدەر بەگ، زۆری نەخایاند لە هەموو بوارێکدا جێگای باوکی خۆی گرتەوە بەڵام لە ساڵی 991 بەهۆی شەڕی براکوژیەوە کۆتایی بە دەسەڵاتی حەیدەر بەگیش هات و دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی گەڵواخییەکان کەوتە دەستی سوورخاب بەگ و حسێن بەگ و کوڕەکانی یاروڵڵاخان کە بریتی بوون لە ئەسەد و محەمەد و شاوەیس و فەرمانڕەواییان تا ساڵی 1024ی ک.م درێژەی بووە بەڵام لە ساڵی 1024 بەهۆی پیلان و پەلاماری کەڵهوڕەکانەوە کۆتایی بە دەسەڵاتی گەڵواخییەکان لەو ناوچانە هات و لە ئاوی سیروان کردیانە ئەو بەرەوە و بە ناچاریی چوونە ژێر حوکم و دەسەڵاتی هەڵۆخانی ئەردەڵان؛ هەڵۆخانیش پیاوانە یارمەتیی داون و لە ناوچەکانی ساراڵ و خوڕخوڕە و بەرپلەی ساراڵ سەقامگیریانی کردووە.
گەڵواخییەکانیش لەژێر چاودێری هەڵۆخاندا خۆیان سەرقاڵی ئاژەڵداریی و گەرمیان و کوێستان کردن کرد و لە کاتی ئەو گەرمیان و کوێستان کردنە لەگەڵ چەندین تیرە و ڕەگەزی کوردەکانی ناوچەی شارەزوور و ناوچەکانی دیکەی کوردستانی باشوور بوون بە دۆست و هەڤاڵی گیانی گیانی، هەر بە بۆنەی ئەو دۆستایەتی و تێکەڵاوییەوە بوو کە بەشێک لەو تیرە و ڕەگەزانە هاتنە ناو ڕیزی تایفەکانی هۆزی گەڵواخی کە ئێستاش شوێنەواریان لەناو گەڵواخییەکاندا هەر دەبیندرێ و هەموویان بەناوی گەڵواخی ناودێر بوون بەمجۆرە گەڵواخییەکان سەرلەنوێ بوونەوە هۆزێکی گەورە و لەبننەهاتوو بەناوی شەش تایفەی یەکگرتوو بەم ناوانە:
1. قەمەریی
2. کاک سەوەندی
3. وەرمەزیار
4. موڕادگۆرانی
5. چۆخەڕەشی
6. گاملی
هەندێک بیروبۆچوونیش هەیە کە دەڵێن قاڵقاڵییەکانیش هەر گەڵواخین بەڵام هیچ شوێنەوار و بەڵگەیەک لە دەستدا نییە. بەمجۆرە گەڵواخییەکان بوونەوە بە هۆزێکی خاوەن دەسەڵات و کۆسپێکی هەرە گەورە بۆ سەر ڕێگای دەسەڵاتدارانی شای ئێران بەتایبەت حکوومەتی قاجاڕەکان، چونەکە جموجووڵی عەشایەری لە هەموو شوێن و ناوچەکانی ئێران دەستی پیێ کردبوو بەتایبەت لە شیراز _ ئەسفهان _ ڕەشت و مازەندەران و ورمێ و ئیلام و کەڵهوڕ و لوڕستان و کرماشان و کوردستانیش لەو جموجووڵە بێ بەش نەبوو.
ئەمە خۆی بوو بە ئامرازێک بۆ هێرش کردنی حکوومەت بۆ سەر دەسەڵاتی عەشایرەکان بەتایبەت عەشایرەکانی کوردستان، بەڵام بە هەڵگیرسانی شەڕی یەکەمی جیهانی لە ساڵی 1914ی زایینی تاکوو ساڵی 1918ی زایینی و گەلەکۆمەی حکوومەتە زلهێزەکانی دنیا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەو هێرش و ململانییەدا وڵاتی ئێران کەوتە بەر هێرشی حکوومەتەکانی بریتانیا و ڕووسیە و ئەڵمانیا کە حکوومەتی قاجاڕەکانیش زۆر کز و لاواز و بێ دەسەڵات مایەوە بەتایبەت لە ڕۆژاوای ئێراندا؛ بۆیە هۆزەکانی کوردستان هەر لە #ورمێ#ەوە تاکوو #کرماشان# و #ئیلام# و کەڵهوڕ هاتنە گۆڕەپانی مەیدانی خەبات و بەربەرەکانێ لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا. لەشکری ڕووس کەوتنە بەر پەلاماری هێزی عەشایرەکان و لەنێوان سنە و دیواندەرە بە فەرماندەیی فاتمەخانی گەڵواخی (فاتەڕەش) زەبرێکی گەورەیان لێ کەوت و لە کێوی زێڕەوایشدا کەوتنە بەر پەلاماری هۆزی مەنمییەکان و سەدان کەسیان لێ کوژرا کە دوایی بەناوبژێوی سەیید نەجمەدین هەمرۆڵە، ڕووسەکان بە دانی هێندێک باج و وادە و بەڵێنی توانیان بەرەو سنە پێشڕەوی بکەن و فاتمەخانی گەڵواخیش شەهید کرا. هەرچەند ناوبانگ و قارەمانییەتی شەڕی ڕووس بە باڵای سنجەرخانینەڕاندا بڕا بەڵام هەموو عەشایرەکان لە بەرانبەر ڕووسەکاندا شەڕیان کردووە چوون بە داگیرکەری وڵاتیان دەزانی بەڵام دوایی حکوومەتی قاجاڕەکان بە هاوپەیمانی ڕووسەکان، کەوتنە پیلان دانان و ڕاوێژ کردن بۆ لەناوبردنی هۆزە سەرهەڵداوەکان بە تایبەت لە کوردستان مەنمییەکان و گەڵواخییەکان کرانە ئامانج، لەو هێرشە بێ بەش نەبوون و کەوتنە ناو لیستی ئەو پڕۆژەیە قاجاڕەکانیش بۆ دامرکاندنی خەباتی عەشایرەکان و بارودۆخی کوردستان عەلیمحەمەدخان بەنیئادەم ناسراو بە شەریفە ئەلدولەیان بۆ حاکمی کوردستان و گەڕووس دیاری کرد تا بتوانێت بە پیلان ڕێنوێنی بریتانیا و ڕووسیە هەموو هۆزە سەرهەڵداوەکانی کوردستان لەناو بەرێ.
سەرەتا بە وتوێژ لە سەردار ڕەشید ڕەوانسەرەوە دەستی پێ کرد و بە فێڵ و تەڵەکە چەند کەسێک لە پیاوە ناودارەکانی سنەی کردە پاڵپشتی خۆی کە پاش ئەوەی سەرنج و متمانەی ئەوانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا هێزە چەکدارەکانی حکوومەت و هێزەکانی سەردار ڕەشیدی کۆ کردەوە هێرشیان کردە سەر هۆزی مەنمییەکان و گەڵواخییەکان لە کێوی هەوازۆی تەورێزخاتوون کە لەو هێرش و پەلامارەدا سەدان کەس لە هەر دوو لا بوونە قوربانی سیاسەتەکانی شەریف ئەلدەولە و کاپیتان وارین ئینگلیس.
پاش چەند مانگ بەربەرەکانێ و خۆڕاگری، هێزەکانی حکوومەت شکستیان هێنا و گەڕانەوە بنکەکانی خۆیان، ئەم جارە بە فێڵ و تەڵەکە ڕاگەیاندراویان بڵاو کردەوە بۆ سەرۆک هۆزەکان کە ئەگەر لە ماوەی بیست ڕۆژدا خۆیان ڕادەست هێزەکانی حکوومەت بکەن قەڵەمی بەخشین بەسەر هەموو تاوانەکانیاندا ئەکێشرێت بەڵام هێشتا ماوەی بیست ڕۆژ تێنەپەڕیبوو بە فەرمانی شەریف ئەلدەولە هێزەکانی حکوومەت دووبارە هێرشیان کردەوە سەر مەنمییەکان و گەڵواخییەکان. سەرەتا دوو ئوردووی گەورەی چەکداریان بردە گوندەکانی ئافراسیاو و ینگییەخ لە ناوچەی ساراڵ؛ پاشان هێزە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر هۆزی مەنمییەکان لە کێوی زێڕەوای شێرکوژ کە پاش چەند ڕۆژ خەبات و بەربەرەکانێ ژمارەیەک لە هەر دوو لا کوژران. یەکێک لە کوژراوەکانی حکوومەت حوشمەتولمولوک فەرماندەی هێزە چەکدارەکان بوو و پێنج کەس لە مەنمییەکانیش لەبەر تەواو بوونی تەقەمەنی بەدیلی کەوتنە دەستی هێزەکانی حکوومەت. ناوی بە دیل گیراوەکان ئەمانەیە:
1. عەزیز خان
2. تەکش خان
3. محەمەد خان
4. عەبدول سەمەد خان
5. گوڵ محەمەد خان
کە پاش بەدیلگیرانیان عەزیز خانیان لەناو ئوردووی ئافراسیاودا زیندەبەگۆڕ کرد و تەکش خانیان لە گوندی ینگییەخدا گوللەبارانکرد و ئەو سێ کەسەکەی دیکەش لە شاری سنەدا گوللەباران کران.
پاش شەڕی زێڕەوای شێرکوژ چەند کەسێک لە سەرۆک هۆزەکانی گەڵواخی و مەنمی و شێخ ئیسماعیلی و مەحموودخان کانیسانان و مەحموودخانی دزڵی بیروبۆچوونیان هاتە سەر ئەم باوەڕە لەم بارودۆخە نالەبارە خۆیان ڕادەست بکەن تا چارەنووسیان وەکوو عەزیزخان و تەکش خان و براکانیان نەبێت و بەدیلی نەکەونە دەستی دوژمن و لەناو بچن، بۆیە لە ماوەیەکی کورتدا نیزیک بە 25 کەس لە سەرۆک هۆزەکان خۆیان ڕادەست هێزەکانی حکوومەت کرد و بە فەرمانی شەریف ئەلدەولە پاش پێشوازیێکی کاتی هەموو سەرۆک هۆزەکان بە زەمانەت ئاغای موشیردیوان ئازاد کران و پێیان ڕاگەیاندرا دەبێت لەنێو شاری سنەدا بمێننەوە؛ ئەوانیش بۆ بەجێ هێنانی ئەمری شەریف ئەلدەولە خانوویان لە شاری سنەدا گرت و لەژێر چاودێڕیدا مانەوە. پاش چەند ڕۆژێک مانەوە شەریف ئەلدەولە فەرمانیدا بە هێزە چەکدارەکانی هەموو سەرۆک هۆزەکانیان کۆ کردەوە بۆ بەشداری لە پرسە و سەرخۆشی حاجی محەمەد عەلیخان ناسراو بە سەردار موکەڕەم کە پاش تەواو بوونی مەراسمەکە هەموو سەرۆک هۆزەکان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە بە دیل گیران و ڕەوانەی بەندیخانە کران کە پاش چەند ڕۆژێک بیروڕاگۆڕینەوە لەگەڵ کاربەدەستانی تاران و بریتانیا بڕیاری لەسێدارەدانی گەڵواخییەکان و مەنمییەکان و شێخ ئیسماعیلییەکانی وەرگرت و حوکمی ڕەوانە کردنی مەحموودخانی کانیسانان و مەحموودخان دزڵی بۆ زیندانی بەغدا و حوکمی بەدیل گیرانی سەردار ڕەشید ڕەوانسەریش بە دەسبەن و پاوەنەوە بۆ بەندیخانەی تاران دەرکرد کە پاش دەرچوونی ئەو حوکمە 21 کەس لە گەڵواخییەکان و مەنمییەکان و شێخ ئیسماعیلییەکان لە دارلحەکەمەی شاری #سنە#دا لە سێدارە دران و تەرمەکانیان لە چینی دیواری دەروازەی دارلحەکەمەدا نێژران بۆ چاوترساندنی هۆزە سەرهەڵداوەکانی دیکەی کوردستان.
پاش بەڕێوەبردنی ئەو جینایەتە سامناکە کاربەدەستانی حکوومەت لە چەند کۆبوونەوەیێکدا بیروباوەڕیان هاتەسەر ئەم بڕیارە کە دووبارە هێرش بکەنەوە سەر گەڵواخییەکان بۆ لەناوچوون و پاک کردنەوەی یەکجاریی گەڵواخییەکان. سەرەتا هێرشیان کردە سەر چەند گوندێک لەژێر دەسەڵاتی گەڵواخییەکان بۆ ماوەی 20 ڕۆژ لەسەربەرزاییەکان ئوردووی دیدەبانیان دامەزراند بەڵام بەپێی نووسراوەکانی ئاغای مەردۆخ لە شەوی 27ی ڕەمەزانی ساڵی 38ی ک.م کەوتنە بەر پەلاماری گەڵواخییەکان و هەموو تۆپ و چەک و تەقەمەنییەکانیان بەجێ هێشت و بەرەو بنکەکانی خۆیان لە شاری سنە هەڵاتن و دەسکەوتێکی زۆریش کەوتە دەستی گەڵواخییەکان بەڵام کاربەدەستانی حکوومەت بە پووچەڵ کردنەوەی ئەو پیلانە وازیان لە هێرشکردن نەهێنا و لە ڕێکەوتی مانگی ذیلقەعیدەی ساڵی 38ی ک.م دووبارە هێرشیان کردەوە سەر گەڵواخییەکان، سەرەتا چەند ئوردوویێکی چەکداری بەهێزیان لەسەربەرزاییەکانی قەڵای ئاڵۆڵاخ دامەزراند تا بتوانن جموجووڵیان چاوەدێری بکەن بەڵام گەڵواخییەکان بە پیلانێکی ڕێکوپێک هێرشیان کردە سەر چەکدارەکانی حکوومەت و هەموویانیان تەفروتونا کرد و دەستیان گرت بەسەر دوو تۆپی دوورهاوێژ و دەیان قەفزە چەکی جۆراوجۆر و بەشێکی زۆر کەرستەی شەڕیشیان بە دەسکەوت گرت و دەیان کەس لە هێزە چەکدارەکانی حوکومەتیش بە دیل گیران کە ئاغای مەردۆخ لە پەرتووکی کوردستان و کورددا بە تێر و تەسەلی باسی ئەو شەڕەی کردووە.
وەک ئەوەی دەڵێن ئاش بە نۆرەیە، پاش ململانیێکی زۆر لەگەڵ گەڵواخییەکان و مەنمییەکان نۆرە گەیشتە خزمەت کاربەدەستانی حکوومەت؛ سەرەتا سەردارڕەشیدیان بە دەستبەن و پاوەنەوە ڕەوانەی بەندیخانەی تاران کرا و بەپێی گەڵاڵەیێکی ڕێکوپێک سنجەرخانی نەڕانیان بە دەستی خەلیل خان برای خۆی کوژرا و میرزا یووسف خان موشیر دیوان کۆچی دوایی کرد و پیلانیان ساز کرد بۆ کوژرانی ئایەتوڵڵا مەردۆخ بەڵام چون مەردۆخ لە ئەوان وریاتر بوو زۆر زوو هەڵات و خۆی گەیاندە لای حەسەن خانی ڕەزا و چەند نامەیێکی بە هۆنراوەەوە بۆ شەریف ئەلدەولە نووسیوە و ئیزهاری پەشیمانی خزمەتەکانی خۆی لە بەرانبەر شەریف ئەلدەولە کردووە بەڵام هێشتا ئاواتە لە مێژینەکەی شەریف ئەلدەولە نەهاتبووە دی کە هەموو پیاوە سەرناسەکانی سنە و هۆزە سەرهەڵداوەکانی کوردستان قەڵاچۆ بکات لەناکاو حکوومەتی قاجاڕیش بارگە و بنەی دەسەڵاتیان پێچایەوە و جنایەتەکانیان بوو بە داستانی مێژوو بۆ هەتاهەتایە و دەسەڵاتی حکوومەتیش لە ساڵی 1303ی.ﮪ کەوتە دەستی ڕەزا خانی پەهلەوی.
ڕەزا خانیش پاش بە دەستەوەگرتنی جڵەوی دەسەڵات کەوتە پەلەقاژە و جموجووڵ بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتی هەموو عەشایەرە سەرهەڵداوەکانی ئێران بەتایبەت هۆزە سەرهەڵداوەکانی کوردستان. پاش ئەوەی شۆڕشەکانی میرزا کووچک خان جەنگەڵی ڕەشت و قەدەم خێرخانم لوڕستان و غوەڵامڕەزا خان ئەبووقەدارا و سماعیل ئاغای سمکۆ و هۆزەکانی ئیلام و پشت کۆی والی دامرکاند، وردەوردە هێزەکانی خۆی کۆ کردەوە و هێرشی کردە سەر هۆزەکانی #جوانڕۆ# و #هەورامان# و مەریوان کە لەو هێرش و پەلامارەدا بەشێک لە چەکدارانی هۆزەکان بە دیل گیران، چەند کەسێکیان کوژران و بەشێکیشیان ئاوارە و پەڕیوەی دوورە وڵات بوون و ژن و منداڵیشیان کەوتەبەر پڕۆژەی کۆچی زۆرەملێ بۆ شارە دوورەکانی دیکەی ئێران.
پاش دیاریکردنی ئەو 5 کەسە بە بەخشینی میداڵی شاهی و تۆزقاڵێک چەک و کەرەستەی خواردەمەنی و بەخشینی هەندێک بەرپرسایەتی و مل ڕاکێشانی لاوەکان بۆ سەربازی کردن وردەوردە هێمنایەتی ڕووی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گەڵواخییەکان کردووە و پەیوەندیان لەگەڵ هۆز و تیرە و تایفەکانی مەنمی و جاف و تیلەکۆ و کۆماسی و هەورامی و فەیزوڵڵابەگی و بەگ زادەکانی مەریوان و قاڵقاڵی و شێخ ئیسماعیلی و بەراز و شێخ و سادات دامەزراند و پاشان خۆیان سەرقاڵی پیشەی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری کردووە و خەباتی چەکدارییان بۆ هەمیشە وەلا ناوە و زۆربەی ماڵە دەوڵەمەند و پیاوە سەرناسەکان دەستیان کرد بە کڕینی مڵکی گوندەکان، هەرچەند لە پڕۆژەی چاکسازی (ئیسڵاحات ئەرزی) دا هێندێک لە مڵکەکانیان لە دەست داوە بەڵام کۆڵیان نەداوە تاکوو سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1357بە بۆنەی بارودۆخی حکوومەت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکان و توندوتێژی لایەنەکان و حکوومەت لەگەڵ گوندنشینەکان بەشێک لە خەڵکی لادێیەکان ڕوویان کرد لە شارەکان و بەشێک لە گوندەکانی ناوچەی ساراڵ بوونە وێرانە بەڵام بەو کۆچکردنە ئاڵوگۆڕێکی بەرچاو لەباری ئابووری و زانستی و کۆمەڵایەتییەوە ڕووی لە گەڵواخییە شارنشینەکان کرد. بۆ وێنە زۆربەی نەوەکانیان پلەی زانستی باشیان بە دەست هێنا کە لە مامۆستای زانستگاکانەوە بگرە تاکوو دەگاتە دوکتۆر و ئەندازیار (موهەندس) و دادوەر و کارناس لە بووارەکانی جۆراوجۆردا و لە بەشێک لە ناوەندە دەوڵەتییەکانیشدا جێگای خۆیان کردەوە و لەباری ئابووریشەوە پێشکەوتنی باشیان بەدەست هێنا کە لەباری فەرهەنگیشەوە تا ڕادەیەک بیروبۆچوونیان ڕوو لە گەشە کردن کرد.
لە ساڵی 1381 پەرتووکی مێژووی فەرمانڕەوایی گەڵواخییەکان چاپ کرا و بوو بە سەرچاوەیێکی مێژوویی بۆ گەڵواخییەکان و لە ساڵی 89 لەلایەن گەڵواخییەکانی باشووری کوردستانەوە یادوارەیێکی گرینگ بەناوی هەوازۆ لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو کە سەدان کەس لە ڕووناکبیران و کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردستان تێیدا بەشدار بوون و لە ڕێکەوتی 24-02-1390 دووبارە لە شاری سلێمانی کۆنگرەی یەکەمی گەڵواخییەکان بە درووشمی هەنگاوێک بەرەو فراوان بوونی کولتووری کوردی بە بەشداری سەدان کەس لە ڕووناکبیران و کەسایەتییە مەزنەکانی کوردستانی باشوور بەڕێوەچوو کە یەکێک لەوانە شێرکۆ بێکەس بوو.
پاش گرتنی ئەو کۆنگرەیە گەڵواخییەکان بوون بە خاوەن ناوەندێکی وێنەی و حوکمی بۆ پەرەپێدانی کاروباری فەرهەنگی و ڕووناکبیریی لە هەموو بوارێکی زانستییەوە و لە ساڵی 1399 بۆ جاری دووەم پەرتووکی فەرمانڕەوایی گەڵواخییەکان بە زیاتر لە 600 لاپەڕەوە لە چاپ درایەوە و لە ڕێکەوتی 13-12-1399ڕووماڵی پەرتووکەکە لە سینمابەهمەنی سنە بە بەشداری سەدان کەس لە ڕووناکبیرانی کوردستان بەڕێوەچوو و پێشوازیێکی باشی لێ کرا کە بەم شێوە هەڵسوکەوتە دەتوانین بڵێین گەڵواخییەکان خاوەن پێناسەیەکی مێژوویی چەندین ساڵەن.
........................................
بۆ نووسینی ئەم پێناسەیە لەم سەرچاوانە کەڵک وەرگیراوە:
1. شەرەفنامەی شەرەف خان بدلیسی
2. #شەرەفنامە#ی کوردی وەرگێڕاوی هەژار
3. #کورد و کوردستان# ئایەتوڵڵا مەردۆخ
4. کورد و کوردستان #سدیق بۆرەکەیی#
5. کورد و کوردستان #ئەمین زەکی بەگ#
6. مەشاهیر کورد بەرگی سێیەم بابا مەردۆخ ڕۆحانی
7. کوردستان در مسیر تاریخ بە ڕوایت ئەسناد عومەر فاروقی
8. کوردەکان و لێکۆڵینەوەیێکی مێژوویی حەسەن ئەرفەع
9. بۆ تاریکستان بابا عەلی بەرزنجی
10. جەنگ نامە مەنمییەکان بهالدین ڕەحیمی
11. گۆڤارەکانی ئاوێنە و سروە
12. بەسەرهاتی فەرمانڕەوایی گەڵواخییەکان خالید ئەحمەدی. [1]