گەشەکردنى شیوعyیەت لە ئیلنجاغى گەورە
نووسینی: #ئاراس ئیلنجاغی#
لە کۆتایى چلەکانى سەدەى بیستەم، بەشێوەیەکى بەربڵاو خەڵکى کەوتنە ژێر کاریگەرى ئەو تەوژمە بیرییە سیاسییەى ئەو سەردەمى حزبى شیوعى ئێراق، بەهۆى هەژارى خەڵکى #ئیلنجاغی گەورە# بەردەوام داکۆکیکەرێکى سەرسەختى ئەو تەوژمە بوون بەرانبەر ستەم و ستەمى دەرەبەگ وخاوەن موڵکەکان.
لە سەرەتاى پەنجاکانى سەدەى ڕابڕدوو، تاکوتەرا خەڵکى گوند بوونە (شەعبى)، ئەو کات بە شیوعییەکان دەوترا (شەعبى) و کۆمەڵەى هەرەوەزیان پێکهێنا، بارەگایەکیان لەناو مزگەوتى گوندەکە کردەوە و لە ژوورى فەقێیەکانیش چایخانەیەکیان بۆ مەبەستى چادانە میوانەکان و ئەندامانى هەرەوەزییەکە درووستکرد.
سەرەتاى سەرهەڵدانى دوو ڕێباز و هزرى جیاواز، وەک دوو تەوژمى بیرى و سیاسى و ڕێکخراوەیى، کە لە ململانێ و کێشمەکێشمى گەرم دابوون، دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایى ساڵانى پەنجاکان، بەدیاریکراوى دواى شۆڕشى 14ى تەمموزى 1958، کە شۆڕشێکى چەپگەرایى و کاریگەرى سۆڤیەتى جاران و پێشکەوتن و گۆڕانکارییە جیهانییەکانى پێوە دیاربوو.
لەگەڵ کودەتاى ساڵى 1958دەتوانین بڵێین زۆربەى خەڵکى گوند چوونە ڕیزەکانى حزبى شیوعى ئێراقەوە و لە کۆمەڵەى هەرەوەزى جوتیاریدا خۆیان ڕێکخست، تەنیا و تاقە ماڵێک لە ئیلنجاغدا کە نەبوونە شیوعى و هەوادارى (#پارتى دیموکراتى کوردستان#) بوون، ماڵى مام کێخوا وەسمان یوسف مەلاک بوون. ڕەنگە ئەوەى ئێستاکە بەتایبەت ئەوانەى کە بایەخى سیاسى و مێژوویى ناوچەکەیان نەبێت، گومان بخەنە سەر ئەو ڕاستییە کە گوندێک یان کۆمەڵگەیەکى بچوکى سەد ماڵى ساڵانى پەنجاکانى سەدەى ڕابردوو، ململانێى سیاسى و فەلسەفى هەبوو بێت! کە لەو کاتەدا هیچ کارگەیەک و کرێکارێک یان سەرمایە و سەرمایەدارێکى نەبووبێت جگە لە ئاستى هۆشیارى نزمى خەڵک؟! بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە کوردستان بەگشتى و گوندەکەى ئێمە ئەوساکە بەقۆناغى دەرەبەگایەتیدا تێ دەپەڕى و ڕێژەى بەرزى زەوى و زارى گوندەکانى ئیلنجاغى گەورە و گچکە (مەرزان) لەژێر دەستى دەرەبەگ بوو، جوتیار خاوەنى زەوى نەبوو و بەشى زۆرى بەرهەمە کشتوکاڵییەکەشى لە ڕێگەى سەرکارەکانیانەوە دەبوایە بدایە بە دەرەبەگەکان، خەڵکى گوندى ئیلنجاغى گەورە هەمووى هەژار و برسى بوون جگە لەوەى ماڵى (کێخوا وەسمان و مام حاجى حەمەدەمین) کە خاوەن مەڕوماڵاتى زۆر بوون، خەڵکی تر جوتیاربوون، خاوەنى زەوییەکانى ئیلنجاغ و مەرزان باوکى بەڕێز (مام جەلال)بوو، واتە شێخ عیسامەددین، ئەوانیش لە هەموو گوندەکانى دەوراوپشتى کۆیە سەرکاریان هەبوو، کە سەرپەرشتى زەوى و بەرهەمەکانیان بۆ کردوون، لە ئیلنجاغى گەورەش ماڵى (مام کێخوا وەسمان یوسف مەلاک) نوێنەرى تەکییەى شێخ عیسامەددین بوو، تەنیا ئەوان پەیوەندى توندوتۆڵیان لەگەڵ خێزانى شێخ عیسامەدین هەبوو. ڕەنگە هەموو ئەمانە هۆکارى سەرەکى ئەوە بووبن کە خانەوادەى کێخوا وەسمان یوسف مەلاک لە ئیلنجاغى گەورە تاکە ماڵ بووبن پەیوەندیان بە کۆمەڵەى هەرەوەزى جوتیارانەوە نەکردبێت و هەوادارى پارتى دیموکراتى کوردستان بووبن چونکە ئەو کات خانەوادەى تاڵەبانى لە پارتى دیموکراتى کوردستان کاریانکردووە بەهۆى جەنابى مام جەلالەوە.
کۆمەڵە هەرەوەزییە جوتیارییەکەى گوندى ئیلنجاغى گەورە تا دەهات فراوانتر دەبوو، تا ساڵى 1961 گەیشتە ئەوپەڕى گەشە و تەشەنەکردنى، (مەلا سدیق عوسمان مەحمود- #مەلا سدیق ئیلنجاغی#) سەرۆکى کۆمەڵەکە و (#عەبدوڵڵا فەتحوڵڵا کاوێس#) جێگرى کۆمەڵە و (مەولودى مام حەسەنى حەمەلاو) ڕاستگرى سندوق (امین صندوق)بووە، لەگەڵ هەریەک لە (ئۆمەرى مام حەمەدەمینى و هیدایەت حاجى خدر و سمایلى حاجى خدرى) ئەندامى کۆمەڵەکە بوون.
لەنێوان ساڵانى (1958-1961) کۆمەڵە هەرەوەزییە جوتیارییەکەى ئیلنجاغى گەورە توانى دوو دەستکەوتى گەورە بۆ جوتیارانى گوند بەدیبهێنێت ئەوانیش:
یەکەمیان: هۆشیارکردنەوەى خەڵکى جوتیار بوو بە بەرژەوەندییەکانى خۆیان کە دەبێت جوتیار خاوەنى بەرهەم و زەوییەکەى خۆى بێت و نەچەوسێنرێتەوە و بەرهەڵستى دەرەبەگ بکات، لەژێر درووشمى (چیتان دەوێت ئەى هەژار، دابەشکردنى زەوى و زار)، لەسەر ئەو درووشمانە مام بەکرى عەلى ئەحمەدى کانى لەلەیى کە لەدایکبووى 1951ى کانى لەلەیە و ئەو کاتى تەمەنى حەوت ساڵان بووە، لە 09-10-2015 لە بنکەى دکتۆر ڕەئوفى خێرخوازى بۆى گێڕامەوە و وتى درووشمەکان زۆر بوون ئەوەى بەبیرم دێت ئەمانە بوون:
کەریم کەریم لیل ئەمام
دیموقراتى و یا سەلام
سینى نییە و دۆیە
قسەى ئاغا درۆیە
سینى نییە و ماستە
قسەى شەعب ڕاستە
خۆم و داس و قەیناغم
حەرەسى کەریم قاسم
چیتان دەوێت ئەى هەژار
دابەشکردنى زەوى و زار
شوان مەلا سدیق-#شوان شێخانی# دەڵێت: ئەو کاتى منداڵ بووین دەچووینە بەردەمى ماڵى مام کێخوا وەسمان کە ئەو درووشمانەمان دەوتەوە دەبووە شەڕە بەرد و قسەى ناشیرین بەیەکدى وتن بەداخەوە، بەهەرحاڵ لە کۆتاییدا خەڵک ڕەتیکردەوە کە باجى بەروبوومى بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بداتە (تەکییەى شێخ عیسامەدین) لە #کۆیە# و خەڵکى خۆى سەرپەرشتى زەوى و زارەکانى خۆى دەکرد.
دووەمیان: ئەگەرچى قوتابخانە بە (10)ساڵان پێشتر لە (کۆمەڵەى هەرەوەزى جوتیاران) لە گوندى ئیلنجاغى گەورە کراوەتەوە، لە ساڵى (1947-1948) قوتابخانەى لێ دامەزراوە، بەڵام بیناى تایبەت بەخۆى نەبووە و لە خانووى قوڕى ماڵاندا بووە، کۆمەڵەکە بە هەوڵ و کۆششى خۆى ئەو کاتى توانى باشترین و گەورەترین قوتابخانە لە ئیلنجاغى گەورە درووست بکات بۆ ئەو کاتى بینایەکى نموونەیى بووە لە کۆیە و شارەدێ و گوندەکانى.
لە لاپەڕە42ى (بیرەوەرییەکانم، ئەحمەد بانى خێڵانى، ستۆکهۆڵم، ساڵى 1997) دەنووسێت: لە گردى سەیوان کۆبوینەوە ژمارەمان (70)فەقێ بوو، (یەکێتى قوتابییانى دینى)مان دامەزراند، بەڵام لەبەر ئەوەى پێشتر لەگەڵ (مەلا عەبدولڕەحمان مەلا قادر #سێگردکان#ى و مەلا سدیق عوسمان ئیلنجاغى و مەلا حەسەن) پەیوەندیمان هەبوو، پەیڕەوەکەمان پیشانى ئەو فەقێیانەدا.
هەروەها بەپێى یاداشتنامەکەى (مەلا ئەحمەد بانى خێڵانى) کە یەکێک لە سەرکردە ناسراوەکانى حزبى شیوعى ئێراق بوو، لەوێ باس لەوە دەکات کە خۆى و (مەلا سدیق عوسمان ئیلنجاغى) لە ڕێگەى (بەهائەدین نووری)یەوە بوینە شیوعى، لە سەرەتایى چلەکانى سەدەى ڕابردوو، کە ئەو کاتى مەلا (سدیق ئیلنجاغى) لە شارى #سلێمانى# فەقێى مزگەوت بووە، هەر لە شارى سلێمانیش مۆڵەتى مەلایەتى وەردەگرێ.
بەر لە شۆڕشى 14ى تەمموزى ساڵى 1958 بیرى شیوعیyەت دەگاتە نێو گەنج و خوێندەوارانى ئیلنجاغى گەورە، (هیدایەتى حاجى خدر)ى ناسراو بە هاوڕێ (#مام هیدایەت#) لە ڕیزەکانى سوپاى ئێراقەوە پەیوەندى بە حزبى شیوعى ئێراقەوە دەکات و ئەو وەک کادیرێکى کۆمەڵایەتى و حزبى دەردەکەوێت بەڵام بەهۆى ئەوەى خوێندەوارى نەبوو، دەبێتە کەسێکى خزمەتگوزارى حزب و دڵسۆزانە و دەروێشانە لەسەر ڕێبازى حزبى شیوعى درێژە بە خەباتى شار و شاخ دەدات و خۆى و منداڵەکانى و براکانى دەبنە باشترین خانەخوێى حزبى شیوعى ئێراق و زۆرترین ماندووبوون و قوربانى مادیى و جەستەییان بەرکەوتووە لەنێو ناوچە ئازادکراوەکان هەم لە شەڕى حزبە کوردستانییەکان و هەمیش لە شەڕى بەعسییەکاندا.
هەر بۆیە لە وتارەکانى نوێژى هەینى لە مزگەوتى ئیلنجاغى گەورە ڕەنگدانەوە و کاریگەرى حزبى شیوعى ئێراقى بەسەرەوە بووە و پشتگیرى جوتیارانى کردووە و دژى دەرەبەگەکان وتارى داوە، بەمەش لەناو خەڵکیدا بە (مەلا شیوعى) ناو دەهێنرا، و لە یەکەمین کۆنگرەى (جوتیاران)لە 15-04-1959 لە شارى (#بەغدا#) لەژێر سەرپەرشتى ڕاستەوخۆى ( عەبدولکەریم قاسم) بەشدار بووە، و لەسەر ئەم هەڵوێستانەى لەلایەن (پارتى دیموکراتى کوردستان) کە ئەو کات بە (کۆمەرە-کۆمەڵە) ناویان دەهات لە ساڵى (1962) دەستگیر دەکرێت، هەروەها بۆ جارى دووەمیش لەلایەن (سەعید مەسیفى)ەوە گیراوە و دوورى دەخەنەوە بۆ گوندەکانى (ونکە و عەلیاوە)، هۆکارى سەرەکى ئەمەش وتارەکانى ڕۆژى هەینى بووە کە لایەنگیرى شیوعyیەت و جوتیارانى سنوورەکە بووە و داواى کردووە مافى جوتیار نەخورێت و زەوت نەکرێت.
دەتوانین (مەلا سدیق عوسمان مەحمود) و (مام هیدایەت حاجى خدر) بکەینە دوو کاراکتەر و بناغەیەک بۆ گەشەکردن و بڵاوبوونەوەى بیرى شیوعyیەت لە ئیلنجاغى گەورە، بەڵام نابێت ئەوەش لەبیر بکرێت کە کۆمەڵێک کادر و کەسانى شیوعى لە ناوچەکەماندا هەبوون وەک (عەلى مەولودى داربەسەرى و ئەحمەد سەعید جۆڵاى داربەسەرى و #قادر ڕەمەزان# تەقتەقى و بەکر مەنسوور) کە ڕۆڵیان هەبوو لە گەشەکردنى شیوعyیەت لە ئیلنجاغى گەورە و مەرزان و وراتى کۆیە.
ماڵى (کێخوا وەسمان یوسف مەلاک) و کورەکانى (مام وسو و مامۆستا زاهیر) لە ئیلنجاغى گەورە لەباربوون بۆ چەکرەکردنى بیرى کوردایەتى و هاتنى (سەعید مەسیفى) بۆ لاى مام کێخوا وەسمان لەو کاتەدا گەشەکردنى شیوعییەکان لەگەڵ هەڵگیرسانى شۆڕشى ئەیلولى 1961 کەوتە کزى و هەوادارانى شۆڕشى ئەیلول و پارتى دیموکراتى کوردستان زیادیانکرد.
وەک وتمان لە سەرەتاى چلەکان و پەنجاکانەوە تاکوتەرا لێرە و لەوێ خەڵکى ئیلنجاغى گەورە لەڕووى ڕێکخستن و ئۆرگانییەوە پەیوەندى دەکەن بە حزبى شیوعى ئێراقەوە، خدر سمایل حاجى خدر دەڵێت: ( مەلا سدیق عوسمان مەحمود) یەکەم کەس بووە لە ئیلنجاغى گەورە پەیوەندى بکات بە حزبى شیوعى ئێراقەوە لە چلەکانى سەدەى ڕابردوو و مامم (هیدایەت حاجى خدرسمایل مەلاک) دووەم و باوکم (سمایل حاجى خدرسمایل) سێیەم و خۆم (خدرسمایل خدر شێخانى) چوارەم و (شوان ئەبوبەکر سدیق عوسمان)پێنجەم کەس بوون کە چونەتە ڕیزەکانى حزبى شیوعى ئێراقەوە.
ئەگەرچى شیوعyیەت لە ئیلنجاغى گەورە لەگەڵ هەڵاتن و هەڵگیرسانى شۆڕشى ئەیلولى ساڵى 1961بەرەو کەمبوونەوەى بەرچاو یان بڵێن خەریکبوو بکوژێتەوە، بەڵام لە کۆتایى شەستەکانى سەدەى ڕابردوو دووبارە چەندین خێزان ڕۆڵەکانیان لە حزبى شیوعى ئێراق ڕێکخرانەوە لەسەر دەستى هاوڕێ (مام هیدایەت و هاوڕێکانى)، بەمەش گەشەکردنێکى بەرچاو ڕوویدا نەوەک تەنیا لە ئیلنجاغى گەورە بەڵکوو لە هەردوو گوندى (مەرزانى خوارێ و سەرێ)دا، ساڵى 1967شانەیەکى حزبى شیوعى ئێراق لە هەرسێ گوند (ئیلنجاغى گەورە و مەرزانى خوارێ و سەرێ) بە سەرپەرشتى (مام هیدایەت) ڕێکخرا. هەروەها لە پاییزى ساڵى 1969هەریەک لە (ئەبوبەکر سدیق عوسمان و مەحمود حسێن مەمەند) واتە (ملازم شوان و وەستا مەحمود) لەسەر (کانى ئەشکەوتێ)ى ئیلنجاغى گەورە بەیەکەوە فۆڕمى ئەندامێتى حزبى شیوعى پڕدەکەنەوە و دەبنە ئەندامى حزب.
چەندین خانەوادە بوونە شیوعى لە هەرسێ گوندى ئیلنجاغى گەورە و مەرزانى خوارێ و سەرێ وەکوو (هیدایەتى حاجى خدرى و سمایلى حاجى خدر و مەلا عومەر و ناسرى مام وسو و جەبارى مام تۆفیقى و نامیقى حاجى حەمەدەمینى و خدر و خەلیل و ئازادى مام سمایلى و حەمشین و موشیرى مام عەوڵڵاى ڕەسوڵى و محەمەدى مام عەودلى کە ساڵانێکى زۆر پێشمەرگەى حزبى شیوعى بوو لە لقى ملازم ئەحمەد و حەمەعەلى و مەنافى مام تەهاى لە ئیلنجاغى گەورە و خانەوادەکانى (عومەرى مام خارندى و مام قادرى حەمەبەلۆ و عەزیز مەحمود و جەمیلى ناربەند و عەباس و حەمەد و مستەفاى خەلیلى لە هەردوو مەرزانى خوارێ و سەرێ، جگە لەوەى کە لە هەرسێ گوند زۆربەى خەڵکى بووبوونە هەوادار و دۆستى حزبى شیوعى ئێراق.
دواى ئەوەى بەنێوانگیرى یەکێتى سۆڤیەتى جاران لە ساڵى (1968-1973)گفتوگۆ لەگەڵ (حزبى بەعسى عەرەبى ئیشتراکى) و (حزبى شیوعى ئێراق) لە ئێراق دەستى پێکرد، سۆڤیەت بۆ بەرژەوەندى خۆى (حزبى شیوعى ئێراق)ى خستە بەردەم کارەسات و ڕۆژێکى ڕەش، کاتێک بەرەیەکى هاوبەشیان لەگەڵ بەعسییەکان پێکهێنا لە ساڵى 1973، هەرچەندە حزبى شیوعى ئێراق هەوڵیدا (پارتى دیموکراتى کوردستان)یش بچێتە نێو ئەو بەرەیەوە بەڵام بێ ئەنجام بوو، بەمەش شیوعییەکانى وراتى کۆیە دووچارى ڕاوەدوونان و گرتن و لێدان و چەککردن هاتنەوە، لەلایەن پارتى دیموکراتى کوردستانەوە بۆیە بەناچارى گوندەکانیان جێ دەهێشت و بەرەو ناوشارى کۆچیان کرد.
لەبەر کەمى ژمارەیان سەرەتا هەوڵدەدەن بچنە نێو سەربازگەى (کۆیە) لە ترسى هێزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان، بەڵام سەربازگەى ڕژێم ڕێگایان پێ نادەن و داڵدەیان نادەن بۆیە بەناچارى دەبنە دوو گرووپەوە و بەجیا دەچنە ناوشارى کۆیە:
یەکەمیان: دەچنە ماڵى (حەوێزى مام یەحیا)ى و دووەمیان: دەچنە ماڵى (ڕەئوف سەراج) و داڵدەدەدرێن، کە هەردوو خانەوادە لە شیوعیە دڵسۆزەکانى شارى کۆیە بوون، بۆ ماوەیەک لەناو شارى کۆیە خۆیان حەشاردەدەن، بەڵام کاتێک هاوڕێ (عەلى مەولود داربەسەرى) دەچێتە (سەروچاوە) و (عەلى شەعبان) فەرماندەى (5)ى بێتواتەى پارتى دیموکراتى کوردستان دەستگیرى دەکات و بەرەو گرتوخانەى (خەلان و ڕایات) ڕاپێچى دەکات، شیوعییەکانى ناو کۆیە لە ترسى ئاشکرابوونى نهێنییەکانیان بەناچارى کۆیە بەجێ دەهێڵن بەرەو (کەرکووک)و لەوێشەوە بۆ (کفرى) لەوێ (لقى کۆیە) بەسەرکردایەتى (بەکر ئەحمەد سەعید داربەسەرى-بەکر جۆڵا) پێکدەهێنن و (6)هاوڕێى دیارى ئیلنجاغ لەو لقەبوون ئەوانیش (مام هیدایەت و خدر تەها و مەناف تەها و مام سمایل و کورەکانى (خدر شێخانى و خەلیل شێخانى).[1]