تەقتەق لەنێوان ساڵانى1991-2003
نووسینی: #ئاراس ئیلنجاغی# (1)
شارەدێى تەقتەق لە ساڵى 1991 بە گوندێکى گەورەى هەزار ماڵى دەچوو، ئەویش بەهۆى ئەوەى زۆر درەنگ بەشى شارەوانى لێ کراوەتەوە دواى کودەتاى ڕژێمى کۆمارى بەسەر پاشایەتى ساڵى 1958 لەلایەکی تریشەوە حکوومەتى ناوەند کە ڕژێمى حزبى بەعسى عەرەبى سۆسیالیستى لەسەر حکوم بوون ئەم (شارەدێ)یان لە ساڵى 1987 کردەوە بە گوندى (عەزیزیە) بەمەش سیماکانى شارستانییەت لەو شارەدێیە بەرەو داکشان ڕۆیشتن، دواتر ڕاپەڕینى خەڵکى کوردستان و ئاوارەبوونى هاوشاریانى لە#31-3-1991# و چۆڵبوونى خاڵێکى ترە بۆ دواکەوتنى ڕواڵەتە شارستانییەتەکانى ئەم شارەدێیە.
زۆرینەى خانووەکانى ئەم شارۆچکەیە لە سەروبەند و سەرەتای نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوو لە گڵ و خشتى قوڕ درووستکرابوون و زۆربەى زۆرى گەڕەکەکان لەسەر شێوەى هەڕەمەکى و (تحضر الزائف) شارستانییەت لەسەر بنەماى زیادەڕۆیى درووستکراون، یەکبینە یاسا و ڕێنمایى دواى زیادەڕۆکان کەوتووە لەو شارەدا واتە کە زیادەرۆکان بە عەقلییەتى گوند و لادێکان درووستکراون و کۆڵانی تەسک و تەنگەبەر و لەسەر پێوانەى زەمانى ڕەشکەکا بوونیانتراون ئینجا بەپشتبەستن بەبڕگە و یاسایەک ئەو زیادەرۆیانە قاوغێکى یاساییان بۆ ڕووپۆشکردنى دەرکراوە یاخود وشەى (واقیع حال) یان (امرالواقیع) بوون بەکەرەستەى یاسایى بۆ ئەم شێوەیە زیادەرۆییەى سەر مولکى میرى و گشتى ئەم بوارەى پێشکەوتنى شار تا ئەمڕۆشى لەگەڵدابێت بەردەوامى هەیە.
ئەم شارەدێیە لەسەر حسابى گوندى #گەرمکی تەقتەق# و کەرتى یەکى تەقتەقى کشتوکاڵى یەکبینە لە گەشەکردندا بووە، بەڵام لە نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوو بە پەنجەى دەستان فەرمانگەى میرى تێدابووە بۆ هەزار ماڵ (یەک نەخۆشخانە و دوو قوتابخانەى بنەڕەتى و یەک خوێندنگەى ئامادەیى و بنکەیەکى تەندرووستى و ڤێتێرنەرى و کارەبا و شارەوانى و کشتوکاڵ و فەرمانگەى ئاو و پۆستە و بنکەى پۆلیس و شارەدێیەک)ى هەبووە.
لە ناوەڕاستى نەوەدەکان (1995-1999) هەندێک ڕێکخراوى نێودەوڵەتى وەک (فرانس لیبرتى و فریاگوزارى ئیسلامى و یەکگرتوى ئیسلامى کورد و هابیتات و یونسیف و شەلتر و هتد) دەرویەکیان لێ کردەوە بایەخیان بە قوتابخانە و فەرمانگەى ئاو و کارەبا و نەخۆشخانە و مزگەوت دا و تارادەیەک سیماى شاریان لەو شارەدێیە بایەخ پێدا، گرنگترین کاریش کە حکوومەتى خۆماڵى بۆ ئەو شارەدێیەى بکات لە سەروبەندى سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران #کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی# کۆڵانەکانى ئەم شارەدێیە و زۆربەى گەڕەکەکانى کۆنکرێت کراون و بناغەى کۆرنیشى کەنارى #زێی بچووک#یش دامەزرا.
هیچ باڵەخانەیەکى تەژى و هۆتێل و ڕێستۆرانت و ترافیک لایت و شەقامى سەرەکى لەو شارەدێیە لەو نێوەندەدا (1991-2003) بوونى نەبووە و تاکە یەک شەقامى سەرەکى تەنگەبەر هەبوو لە هەندێک شوێن تەنیا 7 مەتر بوو فراوانییەکەى، شۆستەى هەر نەبوو شارەدێ و کەمترین ئاوەڕۆى هەبوو لە چەند بۆ دەیان مەتر دەرۆیشت چ سندوقى چ لولەیى.
لە کۆتایی نەوەدەکان و سەرەتاى سەدەى نوێ شارەدێ جموجۆلى تێ کەوت و ڕۆژنامەى مانگانەى چۆلى 1998 و ڕۆژنامەى مانگانەى تەقتەق 2000 و هەروەها ڕێکخراوى فرانس لیبرتى فەرەنسى دەستی کرد بە نۆژەنکردنەوەى قوتابخانە و فەرمانگەى ئاو و درووستکردنى خوێندنگەى 12پۆلى ئەمانە بوونە سیمایەکى جوانى شارەدێیەکە.
ئەوەى تەقتەقى بەرەوام بەرەو گەشەکردن و ئاوەدانى بردووە ڕووبارى زێى بچوکە کە تەقتەق لە کەنارى ڕاستى هەڵکەوتووە و ئاوى شارستانییەت لە ئاوى ئەم ڕووبارەوە دەخواتەوە.[1]
(1) ئەم بابەتە باس لەو کاتە دەکات کە تەقتەق شارەدێ بووە نەوەک شارۆچکە.