ناونیشان: کوردە فەیلییەکان چۆنێتی ڕۆژانی نەورۆز لە زوو دا دەگێڕنەوە
ناوەرۆک: گێڕانەوەی مێژوویی
نووسین: #ڕاز ئەسعەد شەریف#
ڕێکەوت: #21-03-2025#
گەڕانەوە بۆ مێژووی فەیلییەکان، گەڕانەوەیە بۆ مێژوویەکی زۆر دوورودرێژ و فراوان، کە چەند هەزار ساڵێک بە مێژووی کەونارادا شۆڕمان دەکاتەوە، وشەی فەیلی یان پەیلی هەڵگری ئاماژەکانی مێژوو -و شۆڕش و ئازایەتییە، بۆ یەکەمجار وشەکە لە تۆمارە کۆنەکانی سۆمەرییەکاندا هاتووە و شارەزایانی زمانەوانی دەیسەلمێنین کە لە زمانە کۆنەکاندا پیتی (پ) لە جیاتی پیتی (ف) بەکارهاتووە.
ڕۆژهەڵاتناسی ناوداری ئینگلیز کرۆزۆن لە لاپەڕە (1892)ی (موجەڵەد)بەرگیی دووەمی پەرتووکە مێژوویەکەیدا دەڵێت: وشەی فەیلی بە واتای تۆڵە و شۆڕش هاتووە، ڕۆژهەڵاتناس هینری فلیدیش لە لاپەڕە (98)ی پەرتووکە گرنگەکەی (معرفة الاجناس الاریة)دا جەخت لە هەمان بۆچوون دەکاتەوە.
لە ڕووی مێژووییەوە کاشییەکان یەکەم ڕەچەڵەکی کوردە فەیلییەکانن، بە پێی ڕۆژهەڵاتناسەکان هیچ گومانێک نییە، کە ئەوان کۆنترینی هۆزە نیشتەجێکانی زاگرۆسن و لە چەندین هەزار ساڵ پێش زایینەوە ئەو مەڵبەندە زێدی ڕەسەنیان بووە.
لە ساڵی (1746)ی پێش زاییندا پادشای کاشیی (فەیلی) گانداش توانی یەکێتییەک لەنێوان کاشییەکان و هەندێک هۆزی وەک گۆتی و لۆلۆییەکاندا درووست بکات و بە سوپایەکی یەکگرتووی گەورەوە هێرشی کردە سەر دەوڵەتی بابل و داگیری کرد، ناوی لە خۆی نا پادشای چوار هەرێمەکە، لە دوای مردنی و لە ساڵی (1710)ی پێش زاییندا توانییان دەوڵەتی سۆمەری بڕوخێنن و بیخەنە ژێر قەڵەمڕەوی خۆیانەوە. کاشییەکان بە درێژایی شەش سەدە (1746-1171) ئیمپراتۆرییەتێکی مەزنیان بەڕێوەبرد.
کوردە فەیلییەکان لە زۆر کۆنەوە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ژیاون، ئەو بەشەیان کە لە ئێراقی ئێستادا ژیاون نیشتەجێی ناوچەکانی بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلە بوون، کە ناوچەکانیان لە #کەرکووک# و باکووری #خانەقین#ەوە دەست پێ دەکات تا شاری بەسڕە، سەرباری هەموو بارگرژییەکان فەیلییەکان کوردبوونی خۆیان پاراستووە و زۆرینەی هەرە زۆری ڕۆژهەڵاتناسەکانی وەک: جۆن فالکهۆم و کرۆزۆن و لۆریێ و هاسل و هینری فلید، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن.
فەیلییەکان بەشێکی گەورەی کوردن و پێنج بەشن (لوڕ، لەک، کەڵهور، گۆران و شەبەک یان شابەگ) هەر یەکێک لەم بەشانەش چەندین هۆز و تیرە و عەشرەتیان لێ جیادەبێتەوە، کە ژماردنیان کارێکی ئاسان نییە. فەیلییەکان بە شێوەزاری کرمانجی باشوور قسەدەکەن، کە کۆنترین شێوەزاری کوردییە و ئەم شێوەزارە چەندین لقی لێ دەبێتەوە، لەوانە: لوڕی، کەڵهوڕی، لەکی، مەلەکشاهی، ئەرکەوازی، بەختیاری...تاد.
بە درێژایی مێژوو کوردە فەیلییەکان بەشێکی گرنگ و دانەبڕاوی جەستەی شەکەتی نەتەوەی کورد بوون، بەو پێیەی ئەوان لە تخووبەکانەوە بەردەوام لە بەردەم هەڕەشەی ڕاستەوخۆی سڕینەوەدا بوون، هەمیشە وەک سیمبولی ستەملێکراوترین پارچەی جەستەی گەلی کورد، لە یادگەی نەتەوەییدا بوونیان جێی شانازی و ئەمەکی کۆی پارچە و پێکهاتەکانی دیکەی دایکی نیشتمان بووە.
هەر لە سەرەتای درووستبوونی دەوڵەتی ئێراقەوە فەیلییەکان کەوتوونەتە بەر شاڵاوێکی توندی سڕینەوەوە، ڕەنگە پێگەی بەهێزی ئابوورییان لە ناوچەکانی خۆیاندا بەهەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی دەسەڵاتدارانی ئەو کاتەی ئێراق لێکدرابێتەوە، ئەمەش بووبێتە فاکتەریکی ڕاستەوخۆ بۆ دژایەتیکردنیان لە لایەن هەموو حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانەوە، چونکە فەیلییەکان خاوەنی پێگەی ئابووری بەهێزبوون لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەی باشووردا. ئەگەر لە مێژووی ئەو ناوچانە بڕوانیین زۆر بە زەقی دەردەکەوێت، کە فەیلییەکان لە ڕووی ژمارەوە پێکهاتەیەکی سەرەکی شاری بەغدا و بەشێک لە شارەکانی باشوور بوون، چەندین کەسایەتی گرنگ و ناوداری ئەو سەردەمە سەربە بنەماڵە کوردە فەیلییەکان بوون.
کوردانی فەیلی هەمیشە بەوە ناسراون، کە خاوەنی هەستێکی توندی نەتەوەیین و بە هۆی زۆری هەڕەشەکانی سەریانەوە، لە هەمووان زیاتر پابەندبوون بە کولتوور و فەرهەنگی نەتەوەییەوە. لێرەدا دەمانەوێت گوزەرێکی خێرا بکەین بەنێو سەری ساڵ لای فەیلییەکان و چۆنێتی بەڕێوەچوونی نەورۆز یان وەک خۆیان دەڵین نەیروز، لە ناوچەکانی قووڵایی باشووردا، چونکە لەوێ بەتایبەتیی لە پارێزگای واست، چەند شارۆچکە و گوندێک هەن، کە پێش ڕاگواستن تەواوی خەڵکەکەی یان بەشی هەرە زۆری کوردی فەیلی بوون، بەداخەوە ئێستا ژمارەیان زۆر کەم بووەتەوە و زۆرینەی دانیشتووانە دێرینەکەی بە شارەکانی ئێراندا بڵاوبوونەتەوە، چونکە نە بارودۆخی ئێراق تەواو گونجاوە بۆ گەڕانەوەیان، نە کارێکی ئاسانیشە پاش نزیکەی پەنجا ساڵ دیسانەوە بگەڕێنەوە، بە تایبەتیش لە ئێستادا بەشێکی زۆریان خاوەنی ڕەگەزنامەی ئێرانین.
لەم وتارەدا نەمویست بۆ سەرچاوە نووسراوەکان بگەڕێمەوە، پێمباشبوو لەسەر زمانی چەند شایەتحاڵێکەوە شێواز و چۆنییەتی مەراسیمەکە بگێڕمەوە، بێگومان دۆزینەوەی شایەتحاڵ بۆ کارێکی وا زۆر قورسە، چونکە ئەوانەی ئەو سەردەمەیان لەبیرماوە و خۆیان بەشداربوون، ئێستا تەمەنیان لە سەروو حەفتا ساڵەوەیە، بەداخەوە ئەو نەوەیە بەرەو کۆتایی دەچن، بۆیە بۆ منیش گرنگتر بوو کە زانیارییەکانم لە دەمی ئەوانەوە وەربگرم و وەک مێژووی زارەکی تۆماری بکەم.
لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، یادکردنەوەی بۆنەیەکی نەتەوەیی لەو جۆرە لە قووڵایی باشووردا، جیاوازبووە لەوەی ئێستا و لەم ناوچانەدا دەگوزەرێت، ئەو کاتە هەم یادەکە و هەم خەڵک سادە و بێڕتووش بوون، بەڕێز (محەمەد حەسون زەرگوشی)، تەمەن 77 ساڵ، خەڵکی شارۆچکەی حەی، سەبارەت بە یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز وتی: ئەو دەمە ئاهەنگەکان سادەبوون و لەناو ماڵ و خێزانەکاندا یادیان دەکرایەوە، بە هۆی تێکەڵی زۆریشمان لەگەڵ هاوشارییە عەرەبەکانمان، ئەوانیش بە هەمان شێوازی ئێمە یادەکەیان لەگەڵدا دەکردینەوە، ئەو کاتە پێیاندەوت جەژنی چوونە ناو ساڵی نوێوە، تاڕادەیەک بە جەژنی حەوت سینی ئێرانییەکان دەچوو، یان پێشیدەگوترا جەژنی ژێر سەبەتە چونکە سەبەتەیەکی پڕ لە خواردنی جۆراوجۆر ئامادە دەکرا، بەم شێوازە بەردەوام بوو تا حیزبی بەعس هات و ناوەکەی گۆڕی بە جەژنی دارودرەخت، بەڵام نەیتوانی یادکردنەوەی سەری ساڵ لە یادگەی خەڵکەکەدا بسڕێتەوە. ئەو خواردنانەی لە ڕۆژانی پێش نەورۆزدا ئامادە دەکران بۆ بەیانی دەبران بۆ دەشت و سەیرانی نەورۆز، لەوێ خێزانەکان خواردنەکانیان دەخوارد و تا ئێوارە بە یاری و قسەی خۆش و گۆرانی بەسەر دەبرا.
(قاسم عەلوان ئەلواستی)، تەمەن 75 ساڵ لە بیرەوەرییەکانی ڕۆژانی گەنجی خۆیەوە، کە پڕی بوو لە بەرامەی نیشتمانی بە زۆر پێچوڵکراو، باسی ئەو سینییە یان ئەو سەبەتە خۆراکییە جۆراوجۆرەی بۆ کردین، کە چەند ڕۆژێک پێش نەورۆز بۆ پیرۆزکردنی یادەکە ئامادە دەکرا، بەو هیوایەی ڕزق و ڕۆژوو بەسەر ئەو خێزانەدا بڕژێت و هەمیشە سفرەیان ئاوەدان بێت، وتیشی ئاهەنگ و یادکردنەوەکە کورد و عەرەبە هاوشاریەکانی دەگرتەوە.
هەروەها بەڕێز (کەریم عەلی فەلەکی)، تەمەن 72 ساڵ زیاتر ڕوونکردنەوەی دایبنێ و وردتر باسی لە یادەکە کرد: ساڵانە چەند ڕۆژێک پێش 21ی 3 خێزانەکان ئامادەکارییان دەست پێ دەکرد، سینی خواردنەکان زۆر بەجوانی و تێروتەسەلی ڕێکدەخرا، تا ڕادەیەک لە چوارشەممەسووری ئێرانییەکان دەچوو، لای ئێمەش هەندێک پێیان دەوت جەمبەرسوور. بەشێکی سینی خواردنەکان سەوزە بوو، بە تایبەت کاهو و کەرەوز، ئەمە جگە لە شیرینییە سادەکانی ئەو سەردەمە لە ماڵەکاندا درووستدەکران، بۆ نموونە شیرینییەک هەبوو پێماندەوت ئەردە، لە کونجی و شەکر درووستدەکرا، یان گەنمی خوساو لەگەڵ کونجی تێکەڵ دەکرا و دەکوڵێنرا، ئەمانە و چەندین جۆر خواردنی دیکەی سادە. سەرلەبەیانی ڕۆژی نەورۆز بە خێزانیی دەچووینە دەرەوەی شار و لەنێو سرووشتدا خواردنەکە دەخورا و تا ئێوارەیەکی درەنگ کەیف و شادی دەگێڕدرا.
فەیلییەکان سەرباری دووریی و هەڕەشەی سەریان، بۆ ڕۆژێکیش یادی سەری ساڵ و نەورۆزیان لە بیرنەچووەتەوە، بۆیە هەردەم بە بەشێکی زیندووی نیشتمان دەمێننەوە. [1]