ناو: ئەحمەد
نازناو: ئەحمەد ناجی
ناوی باوک: سۆفی
$ژیاننامە$
مامۆستا ئەحمەد ناجی، یەکەمین بەڕێوبەری قوتابخانە لە هەولێر
نووسینی: محەمەد تەڵعەت نوورەدین بەقاڵ
ئەحمەد حاجی سۆفی بەقاڵ، ناسراو بە (ئەحمەد ناجی) لە ساڵی 1896 زایینی لە گەڕەکی سەرای لە #قەڵای هەولێر# لەدایکبووە .
لە ساڵی 1903 لە تەمەنی 7 ساڵیدا خراوەتە بەرخوێندنی ئایینی تاکوو بنچینەیەکی باش لە خوێندنی مەلایەتی فێربووە و زمانەکانی کوردی و تورکمانی و تورکی عوسمانى و عەرەبی و فارسی بە خوێندنەوە و نووسین و ئاخاوتن و ئەدەبیاتەوە بە باشی زانیووە .
کاتێک تەمەنی بووەتە 18 ساڵی، بووەتە خوێندکارێکی باش، پاشان باوکی ناردوویەتییە شاری #موسڵ# کە ئەو کاتی مەڵبەندی ویلایەتی مووسل بووە لە سەردەمی (سڵێمان نەزیفی) ئامەدی والی لە خانەی مامۆستایانی عوسمانى وەرگیراوە، یەکێک لە مامۆستاکانی (مەولود موخلیس) تکریتی بووە، خانەی مامۆستایانی تەواوی کردووە، لە #01-02-1919# دەکرێت بە یەکەم مامۆستای قوتابخانە سەرەتاییە تازە دامەزراوەکەی لە شاری #زاخۆ# و لە هەمان کاتیشدا بەڕێوەبردنی قوتابخانەکەشی لە ئەستودا دەبێت.
پاشان دوای چەند ساڵێک خزمەت لە زاخۆ دەگوازرێتەوە شاری هەولێر و ئەوسا بینایەی قوتابخانەی هەولێر لەنێوان مزگەفتی خانەقا و چێشتخانەی (تاجریان)، بووە، لەو قوتابخانەیەدا دەکرێتە بەڕێوەبەر و دوو مامۆستای کۆن و لێهاتوو لەگەڵیدا دەبن، مەلا #سەعید ئەفەندی# و مەلا عەبدولکەریم ئەفەندی.
پاش یەک دوو ساڵ، لەبەر زۆربوونی ژمارەی قوتابییان لەو بینایەدا جێگایان نابیتەوە، بۆیە حوکمەت لە سەردەمی فەیسەڵ شای یەکەم، هەندێک پارە تەرخان دەکات بۆ درووستکردنی بینایەکی نوێ و مامۆستا ئەحمەد ناجی دەکرێت بە سەرکاری درووستکردنی، بەڵام پارەکە کەم بووە و بڕا، لەبەر ئەوە مامۆستا ئەحمەد ناجی بە یارمەتیی خەڵک بیناکە تەواو دەکات و قوتابییەکان دەگوازێتەوە ناوی لەبەر ئەوەی سەرپەرشتی کردووە، بۆیە هەر بەخۆی دەکەنە بەڕێوەبەری ئەو بینایە، ئێستا2025 مۆزەخانەی پەروەردەیە کە کەوتووتە تەنیشت بانکی ڕەشیدەوە.
$لەو قوتابخانانەشدا بەڕێوەبەر بووە:$
1. قوتابخانەی سەرەتایی دووەمی هەولێر
2. قوتابخانەی سەرەتایی سێیەمی هەولێر
3. قوتابخانەی سەرەتایی جوویەکان لە گەڕەکی تەعجیل و سێ ساڵیش بەڕێوەبەری قوتابخانە سەرەتاییەکەی #شەقڵاوە# بووە.
4. پاشان بووەتە یەکەم بەڕێوەبەری قوتابخانەی (اربیل الاولی)
$ئەو کەسایەتییانەی لەژێر دەستی پەروەردە بوون:$
زۆربەی کەسایەتی و خەڵکی هەولێر لەژێر دەستی پەروەردە بوون.
ئیحسان شێرزاد، عەونی یووسف، دکتۆر هاشم دۆخرەمەچی، مستەفا عوزێری، دکتۆر عوسمان ئەحمەد، دکتۆر قەرەنی دۆغرەمەچی، زەید ئەحمەد عوسمان، عەقید کافی محەمەد نەبەوی و گەلێکی تر.
ئەحمەد ناجی، دوو جار هاوسەرگیری کردوو، یەکەمجار لەگەڵ خاتوو (فەیمە عومەر عوزێری)، و دووەم جار لەگەڵ خاتوو ئامینە عەلی؛ شەش کوڕ و کچێکی لێیان بووە؛ جەودت، فکرەت، نەشئەت، بەهجەت، شەوکەت، سەردار، عاسیە.
لە ژیانی تایبەتیی خۆیدا زۆر ئارەزووى لە گەشتوگوزار بووە هەموو پارێزگاکانی ئێراق گەڕاوە، گەشتێکی دوورودرێژیشی بۆ ئیران کرد و ماوەیەک لە تاران مایەوە یادی گەشتە خۆشەکەی بۆ برادەرانی دەگێڕایەوە، جگە لە گەشتوگوزاریش زۆر حەزی بەخوێندنەوەی سەرچاوەی مێژووی دەکرد.
ئەحمەد ناجی دوای 33ساڵ خزمەتی پەروەردەی، لە ساڵی 1952 خانەنشین کراوە. لە ڕێکەوتی #18-07-1958# دا لە تەمەنی 62 ساڵی دا لە هەولێر کۆچی دوایی کردووە. [1]