ناونیشانی بابەت: هەناردەکردنی بەروبوومی نێوخۆیی بۆ دەرەوە
ناوی نووسەر: #ئیسماعیل عەبدوڵڵا ئەحمەد#
هەرێمی کوردستان لە چەند بەرهەمێکدا ئاستی خۆبژێوی تێپەڕاندووە و ئەوەی زیاترە لە پێداویستی نێوخۆ هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی ئێراقی دەکات، لەوانە تەماتە، پەتاتە، شووتی، خەیار، پیاز و کوولەکە؛ هەروەها مریشک و هێلکە بەهۆی زیاتربوونی لە پێداویستی نێوخۆ هەناردە دەکرێت. ڕۆژانە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ مۆڵەت دەدەنە نزیکەی 750 بارهەڵگر بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیاران بۆ پارێزگاکانی دیکەی ئێراق، کە لە بارهەڵگری دوو تۆنییەوە دەستپێدەکات بۆ زیاتر لە 10 تۆنی. زۆرترین بەرهەم لە پارێزگای دهۆکەوە هەناردە دەکرێت، دواتر هەولێر و پاشان سلێمانی و هەڵەبجە.
لە بەرهەمی کشتوکاڵیدا چەندین جۆر سەوزە و میوە زیاترن لەنێوخۆ و هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی ئێراق دەکرێن. ئەو بەرهەمانەی لەکاتی پێگەیشتنیاندا خۆبژێوییان تێپەڕاندووە و هەناردە دەکرێن زۆرن، لەوانە، تەماتە، پەتاتە، شووتی، خەیار، پیاز، بیبەر، باینجان و هەنار. پەتاتەی هەرێمی کوردستان جگە لەنێوخۆ بەشی هەموو ئێراقیش دەکات هێندە زۆرە. ئێستا تەماتە بە کەمی هەناردە دەکرێت، چونکە کەمێک تەماتەی نێوخۆی ئێراق ماوە. لە هەفتەی داهاتووەوە تەماتەی زۆر زیاتر هەناردە دەکرێت.
ئەمساڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر 10 هەزار و 600 مۆڵەتی بە جووتیارانی هەولێر کوردستان داوە بەرهەمەکانیان ببەنە پارێزگاکانی دیکەی عێراق و ساخی بکەنەوە. ئێستا ڕۆژانە نزیکەی 200 مۆڵەت دەدەنە 200 بارهەڵگر بەرهەمەکانیان ببەنە پارێزگاکانی دیکەی ئێراق و لەوێ ساخی بکەنەوە. لە پارێزگای سلێمانی ئاستی خۆبژێوییمان لە هێلکە، پەلەوەر، تەماتە، خەیار، کوولەکە و گەنم تێپەڕاندووە. ڕۆژانە نزیکەی 180 بۆ 200 مۆڵەتی هەناردەکردن بۆ پارێزگاکانی دیکەی ئێراق دەدەنە بارهەڵگری جۆراوجۆر کە بەرهەمی نێوخۆی سلێمانی و سنووری شارەزوور و هەڵەبجە بگوازنەوە پارێزگاکانی دیکەی ئێراق.
لە شووتی، تەماتە، خەیار و پەتاتەدا ئاستی پێداویستی نێوخۆیان تێپەڕاندووە و هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی ئێراقیان دەکەن. ڕۆژانە بە نزیکەیی 350 بۆ 400 مۆڵەتپێدان بۆ بارهەڵگرەکان دەکەن کە بەرهەمی جووتیارانی سنوورەکە بگوازنەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی ئێراق.
جگە لە سەوزە و میوە، مریشک و هێلکەش لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی ئێراق دەکرێن. هەرێمی کوردستان ئاستی خۆبژێوی لە هێلکە و مریشک تێپەڕاندووە و هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی ئێراقی دەکات؛ هەروەها چەندین کارگەی دروستکردنی ئالیک دانراون و زیاتر لە بەرهەمی نێوخۆ بەرهەمیان هەیە و هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی ئێراقی دەکەن.
بە گوێرەی ئاماری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە حەوت هەزار کارتۆن هێلکەی پێویستە، بەڵام 13 هەزار کارتۆن بەرهەم دەهێنێت و ئەو شەش هەزاری دەمێنێتەوە هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی ئێراق دەکرێت، هەروەها هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 146 هەزار تۆن گۆشتی مریشکە، بەڵام زیاتر لە 250 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم دەهێندرێت و زیاتر لە 100 هەزار تۆنی هەناردەی پارێزگاکانی ئێراق دەکرێت.
ئەمساڵ 650 هەزار تۆن پەتاتە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێندراوە، ئیمارات بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمە هاوردەی وڵاتەکەی دەکات و کۆنسوڵی وڵاتەکەش لە هەولێر دەڵێت هەناردەکردنی پەتاتە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئیمارات بەردەوام دەبێت. بەهۆی باشیی کوالێتیی بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ وڵاتی ئیمارات ڕێککەوتن کراوە کە بەشێکی زۆری بەرهەمەکە بۆ پێداویستیی ئەو وڵاتە و زنجیرە خواردنگەکانی ماکدۆناڵدز لە ئیمارات، هەناردە بکرێت.
بەرهەمی ئەمساڵی پەتاتەی هەرێمی کوردستان نزیکەی 650 هەزار تۆنە، لەکاتێکدا ئەو بەرهەمە لە ساڵی 2009دا تەنها دوو هەزار تۆن بوو، زیادبوونی ئەو بەرهەمەش وایکردووە لە پێویستیی نێوخۆ زیاتر بێت و هەناردە بکرێت. ئەو گرێبەستەی ڕۆژی دووشەممە؛ 2023/08/07 واژۆکراوە، بۆ ئەوەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا پێنج هەزار تۆن پەتاتە هەناردەی ئیمارات بکەین، بێگومان ئەگەر زنجیرەی خواردنگەیەکی بەناوبانگی وەک ماکدۆناڵدز ئەو بەرهەمە بکڕێت، واتا کوالێتیی بەرهەمەکە زۆر باشە.
نزیکەی 200 تۆن پەتاتەی سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بە بارهەڵگر هەناردەی ئیمارات دەکرێت و هەر لەم هەفتەیەشدا 300 تۆنی دیکە هەناردەکراوە، هەروەها کوێت، ئوردن و ئازەربایجانیش داوای پەتاتەی هەرێمی کوردستانیان کردووە. دەشتی ناڤکۆر لە سنووری قەزای بەردەڕەش، دیارترین شوێنی بەرهەمهێنانی پەتاتەیە لە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەمساڵ زیاتر لە 25 هەزار دۆنم زەویی دەشتەکە بە پەتاتە چێنراوە و بەرهەمی زیاتر لە 300 هەزار تۆن بووە.
هەناردەکردنی پەتاتەی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات لەسەر داوای ئەو وڵاتەیە و وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی وەبەرهێنەرانی ئیمارات پەتاتەکە دەنێرن. بڕیارە لەمەودوا، هەفتانە 500 تۆنی دیکەی پەتاتە هەناردە بکرێت، کە ئێستا نزیکەی 5000 تۆن پەتاتە لە کۆگەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە. هەریەکە لە ئازەربایجان، کوێت و ئوردنیش خواستیان لەسەر پەتاتەی هەرێمی کوردستان هەیە و داوایان کردووە بۆیان هەناردە بکرێت.
کۆنسوڵی ئیمارات لە هەولێر، باسی ئەوە دەکات، هەناردەکردنی پەتاتە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت. ئەحمەد ئیبراهیم، کۆنسوڵی ئیمارات لە هەولێر وتی “پشت بەخوا پەتاتەی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 80٪ بۆ 09٪ی هەناردە دەکرێت، ئەمە نیشانەی ئەوەیە ئیماراتی عەرەبی دەخوازێت پەیوەندییەکی بازرگانیی چاکتری لەگەڵ بازرگانانی هەرێمی کوردستاندا هەبێت.”
هەناردەکردنی ئەو بڕە لە پەتاتە لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە بووە، هەروها لە پلاندایە کە بۆ ساڵی داهاتوو بەرووبوومی پیازی ناوخۆیی هەرێمیش هەناردەی دەرەوە بکرێت.
“سەرنجێک لەسەر شێوازی هەناردەکردنی بەرووبوومی نێوخۆیی بۆ دەرەوە”
ئەوەی ڕۆژی دووشەممە؛ 2023/08/07 لە کاتی هەناردەکردنی بەرووبوونی نێوخۆیی پەتاتە بۆ دەرەوە بەدیکرا، بریتیبوو لە نووسینی “Product in Kurdistan”، لە کاتێکدا ئەو ڕێنووسە ئینگلیزییە سەرەڕای هەڵە بەپێی پێوەرە جیهانییەکان نییە، کە وا باوە بنووسرێت “Made in”. خۆ ئەگەر ئەو دەستەواژەی یەکەمیش بەکاربهێندرێت پێویستە بنووسرێت “Product of Kurdistan / Produced in Kurdistan”. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!