سەرلەبەیانی ئەمڕۆ #18-01-2025#، بە ئامادەبوونی #حەمەی حەمەسەعید# وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، #محەمەد کوردۆ# یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیران و میوانان، لە شاری #سلێمانی# دیدارێکی تایبەت بە بەرهەمە هەمەلایەنەکانی مامۆستا #عەبدولکەریمی مودەڕیس# بە ناونیشانی (مودەڕیس دوودەرییەکی کراوە، بەڕووی ئایین و ئەدەبدا) بەڕێوەچوو.
لە دیدارەکەدا، کە لەلایەن دامەزراوەی #کەریمی عەلەکە#وە ڕێکخرابوو، لە مەراسیمی کردنەوەدا وتاری دامەزراوەی کەریمی عەلەکە و وتاری سەرپەرشتیاری دیدار و چەند وتارێکی تر خوێنرانەوە.
پاشان، لەلایەن وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانەوە خەڵاتی ڕێزلێنان و چەپکەگوڵی ڕێز و وەفای وەزارەتی ڕۆشنبیری و دامەزراوەی کەریمی عەلەکە، بەخشرایە خاتوو (عەتییە مودەڕیس) کچی مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس.
پاشان، پانێلەکانی دیدارەکە دەستی پێ کرد، کە پێکهاتبوو لە سێ پانێل، لەپانێلی یەکەم سێ بابەت لەلایەن هەریەک لە: (عەبدولخالق یەعقووبی، جەمیل فاروقی ، د.محەمەد عەبدوڵڵا ئەحمەد پێنجوێنی) پێشکەشکران، دواتر لە پانێلی دووەم-یش بەهەمان شێوە سێ بابەت پێشکەشکرا لەلایەن هەریەک لە: (د. لهۆن قادر و د.حەمید محەمەدئەمین و د. ڕەئوف عوسمان). پانێلی سێیەم کە دوا پانێلی دیدارەکە بوو، بەهەمان شێوە سێ بابەت لەبارەی مامۆستا مودەڕیس پێشکەشکرا لەلایەن هەریەک لە: (کامەران سوبحان، هومایۆن ساحێب، د. فاروق قەرەداغی).
شایەنی باسە، سەرجەم توێژینەوە و بابەتەکانی دیدارەکە، لەبارەی ڕۆڵ و بەرهەم و پێگەی مامۆستا عەبدولکەریم مودەڕیس بوو لە ڕووی ئایین و ئەدەبەوە.[1]