=KTML_Bold=خاک بەهێزترین کارتی کوردانە=KTML_End=
#سیروان حوسێن مەخمووری#
مێژوو ئەوەمان پێ دەڵێت، هەموو شۆرشەکانی کورد لەگەڵ ڕژێمەکانی عیراق لەسەر خاک بووە، لەبەرئەوەی سیستەمی حکومڕان لەبەغدا تەنها هەوڵی ڕەشکردنەوە و لەناوبردنی میللەتی کوردی داوە، بۆیە بەشی تاکی کورد لەم وڵاتە هەر دەربەدەرکردن و ماڵوێرانی بووە، کەواتە گەوهەری کێشەی کورد لەڕابردوو و ئێستادا لە عێراق خاکە، ئەمەش بۆمان ڕوون دەبێتەوە خاک خاڵی بەهێزی سیاسی کوردستان و خاڵی لاوازی هەموو ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بووە.
=KTML_Bold=ڕەهەندی مێژوویی ئەو ڕاستیەمان زیاتر بۆ ڕوون دەکاتەوە وەک لەمانەی خوارەوە بەدیاری دەخەین:=KTML_End=
یەکەم: هەر لەپاش دروستبوونی دەوڵەتی عیراقی ساڵی 1921 میللەتی کورد پەراوێزخرا و ناوچەکانی ڕووبەڕووی لەناوبردن و داگیرکردن بوویەوە، هەربۆیە لەساڵی 1961 شۆرشی ئەیلوول بەسەرکردایەتی (بارزانی نەمر) هەلگیرسا و ئەم شۆرشەش هەموو خاکی کوردستانی گرتەوە، تا دەسەلاتدارانی ئەوسای بەغدای ناچارکرد بێنە سەر مێزی دیالۆگ و دان بەمافە ڕەواکانی میللەتی کورد بنێن، هەروەکو لەبەیاننامەی 11ی ئاداری 1970 ڕژیمی #بەعس# دانی نا بەناوچەی (حکم ذاتی). کەواتە ئەوە لەمێژوودا بەگرنگترین هەنگاو دادەنرێت کە بۆ یەکەمجار کە میللەتێک هەیە خاوەن مێژوو و جوگرافیا و کولتوور و زمانە، ئەوسا دانووستانی سەرکردایەتی سیاسی کورد و بەغدا لەسەر خاک بوو ئەوەش دەرئەنجامی بوو.
دووەم: لەپاش ئەم ڕێککەوتنە جارێکی تر بەعس هەمان سیاسەتی پەیرەو کرد هەوڵی لەناوبردن و ڕەشکردنەوە و ئەنفال و جینۆسایدکردنی گەلی کوردی دا، پرۆسەی بەعەرەبکردنی پەیرەو کرد، لەبەرامبەریشدا بەرخودان و بەرگری و شۆرشی کوردان بەردەوام بوو تا ساڵی 1991 ، کە ڕاپەرینی جەماوەر لەگەڵ شان بەشانی پێشمەرگە توانیان زۆربەی خاکی داگیرکراوی کوردان ڕزگار بکەن، ئەم خۆراگرییە و شەڕکردن و قوربانی دانە لەپێناو خاک، نەک هەر ڕژێمی بەعسی هێنا سەر مێزی گفتوگۆ بەڵکو بۆ یەکەمجار نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی زلهێز هاتنە سەر هێل سنوورێکیان بۆ دڕندەییەکانی بەغدا دانا و هەرێمی کوردستانیش دروست بوو، ئەوەش نموونەیەکی تری بەرگری کردن لەخاک و شوناس بوو.
سێیەم: لەپاش ساڵی 2003 کە بەعس ڕووخا، ئەمجارە خەباتی چەکداری گۆرا بۆ جێگیرکردنی داواکانی کورد لەدەستووری عیراقی، ئەوەشیان بەسەرکەوتوویی جێگیرکرا، لەوانە ماددەی 143ی دەستوور، دانی نا بەسنووری هەرێمی کوردستان، ئەو بەشە خاکەشی ماوە لەچوارچێوەی ماددەی 140 جێگیرکرا و کاری بۆ کرا، ئەوسا کارتی خاک و ماددەی 140 بەهێزترین کارتی سیاسی هەرێم بوو، بەغدایان ناچارکردبوو هەموو سازشێک بکات، ئەو پرۆسەیە تا ساڵی 2013 پێش بڕینی بودجە و مووچە و قووتی خەڵکی هەرێم کە تا ئێستا بەردەوامە.
بەڵام لەم چەند ڕۆژە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەنگاوێکی گرنگدا دەنگی بە (پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە) دا، کە تایبەتە بە گەڕانەوەی زەوی و زار بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان، ئەگەر هەڵوەستە لەسەر تێپەراندنی ئەم بڕیارە لەپەرلەمانی عیراق بکەین، دەبینین هەردوو پێکهاتەی (شیعە و سووننە) شازشیان بۆ (کورد) کرد کەلەپێناو پرۆژە یاساکانی خۆیان بەم شێوەیە هەریەکەوە ناوونیشانێکی بۆ دابنێین:
-شیعە (یاسای کەسێتی)
- سووننە (یاسای لێبوردنی گشتی)
- کورد (یاسای گەڕانەوەی خاک)
کەواتە بەیەکرێزی لایەنە کوردیەکان و کارتی بەهێز کە خاکە، توانرا جارێکی تر کورد سەربکەوێت، بۆیە ئەو بڕیارە لەشوێن خۆیەتی و گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەن ماف لەکەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان، لە ماوەی 100 ساڵی رابردوودا شەڕی کورد بۆ دیاریکردنی سنور بووە، بۆیە کلیلی چارەسەری کێشەی کورد لە عیراقدا گێڕانەوەی خاکی ناوچە دابڕێنراوەکانە و خاڵی لاوازی بەغدایە، کەواتە ئەسڵی کێشەی ئێمە خاکە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=