=KTML_Bold=سەرۆک بارزانی پیاوی یەکلایی کردنەوەی کێشەکانە=KTML_End=
#سیروان حوسێن مەخمووری#
سەرۆک بارزانی سەرکردەی ژمارە قورسەکانە و لەهاوکێشە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان حسابێکی تایبەتی بۆ دەکرێت، هەربۆیە دوای نزیکەی شەش ساڵ سەرۆک بارزانی بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک سەردانی بەغدای کردەوە.
هەر لەگەڵ گەیشتنی بۆ بەغدا زۆربەی سەرکردەکانی شیعە و سوننە بە گەرمی پێشوازییان لێیکرد، بەجۆرێک هەندێکیان لە ڕاگەیاندنەکان بە باوکی پرۆسەی سیاسی و دامەزرێنەری عێراقی نوێی پاش 2003 ناساند، لەبەر ئەوەی سەرۆک بارزانی لە هەموو قۆناغەکان پێویست بووە و خاوەن ڕوئیا و قسەی خۆی بووە بۆ ڕووداو و پێشهاتەکان، مێژوو گەواهیدەری ئەم قسانەن و خاوەن دەستپێشخەری خۆی بووە بۆ تەنگژە و گرفتەکان و بەپیاوی یەکلاکردنەوەی کێشەکان دەناسرێت.
ئەگەر دیقەت بدەینە ڕووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە دەبینرێت هەر سێ بازنەی (ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی) پەیوەستن بەیەکترییەوە و دەتوانین بڵێین یەکەمجارە بەرژەوەندی و پێشهاتەکانی ئەمجارەی هەرسێ بازنەکە یەک دەگرێتەوە و پەیوەستن بەیەکترییەوە، بەجۆرێک ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایکردووە هەموو لایەنەکان دەست بەجووڵەی دیپلۆماسی و ديالۆگ بکەن لەهەمبەر ئەو مەترسی و هەڕەشانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبێتەوە لە ئێستا وئایندەدا، یەکێک لەو وڵاتانە عێراقە، هەربۆیە جارێکی تر لایەنەکان هانایان برد بۆ یەکێک لەکۆلەگە هەرە گرنگەکانی دامەزراندنی عێراقی 2003 کە سەرۆک بارزانی یە، چونکە مانەوەی سەقامگیری عێراق پەیوەستە بە بەهێزی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان.
=KTML_Bold=لەم سۆنگەیەوە دەکرێت ڕەهەندەکانی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا لەم خاڵانە پوخت بکەینەوە:=KTML_End=
-لە بازنەی ناوخۆیی ململانێی نێوان لایەنەکان گەیشتۆتە ئەو پەڕی لوتکە و متمانە لەنێوانیان نەماوە، بە جۆرێک لە نێو ماڵی شیعە گەورەترین هێز کە سەدرییەکانن بایکۆتی پرۆسەی سیاسی عێراقیان کردووە و خەریکی خۆ ڕیکخستنەوەن بە جارێکی تر بێنە ناوەوەی پرۆسەی سیاسی، هەربۆیە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ترسیان لێ نیشتووە و دەزانن موقتەدا سەدر لە سەرۆک بارزانی نزیکە بۆیە هەوڵی هێورکردنەوەی بارودۆخەکە دەدەن لەم سات و کاتەدا، لەلایەکی تریشەوە سوننەکان چ لەنێو خۆیان کە ناکۆکن لە هەمبەر دانان و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی و ڕێکنەکەوتوون، هەربۆیە دەیانەوێت لەم سەردانەی سەرۆک بارزانی ئەم کێشەیە یەکلایی بکەنەوە.
هەروەها لەلایەکی تریشەوە کوتلەکەی محەممەد حەلبووسی داوای بەهەرێمبوونی پارێزگا سوننەکان دەکات و کێشەی تریش وەک بوونی هێزەکانی #حەشدی شەعبی# و کۆنترۆڵکردنی ئەو پارێزگایانە لەلایەن ئەم هێزانەوە ئەمانە وایکردووە بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بێت، هەربۆیە هەموو لایەنەکان دڵخۆشن بەهاتنی دامەزرێنەری عێراقی نوێ، چونکە هەردەم سەرۆک بارزانی بەدرێژایی مێژووی عێراقی نوێ نێوەندگیری نێوان ئەم لایەنانەی کردووە.
هەر لەبازنەی ناوخۆیی دا بارزانی مەبەستیەتی لەم سەردانەی دا کێشەکانی نێوان #هەولێر# و بەغدا لەڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازی بە دەستوور ئاسایی بکاتەوە، چونکە ناوچەکە چیتر بەرگەی ئەم هەموو ململانێی نێوان لایەنەکان ناگرێت و ئەو گەمارۆ ئابووری و فشارانەی لەسەر هەرێمی کوردستان دەکرێت، پێویستە کۆتایی پێ بهێنرێت، بەجۆرێک گرنگترین ئەو کێشانەی تاوەکوو ئێستا بە هەڵپەسێردراوی مانەتەوە و چارەسەر نەکراون، لەوانە: پرسەکانی بودجە، هەناردەکردنەوەی نەوت، مووچە، ناوچە دابڕێندراوەکان، ماددەی 140ی دەستووری عێراقی و پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی #کەرکووک# و دۆسیەی #شنگال#، هەروەها ڕاگرتنی بڕیارە تاکڕەوییەکانی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە هەمبەر گۆڕینی یەکە ئیدارییەکاندا.
هەروەها لەبەشێکی سەردانەکەی دا لە دیداری لەگەڵ فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق هەردوولا بیروڕایان لەبارەی بەدیهاتنی سەقامگیری و پابەندبوون بە دەستوور کردەوە، ئەوەش خۆی لەخۆی دا پەیامێکی گرنگە کە لەمەودوا بڕیارەکانی دادگا دووربێت لە سیاسی کردنی و فشارکردن لەسەر لایەنێکی دیاریکراو بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان، چونکە لەڕابردوودا دادگا بڕیارەکانی دژی مافەکانی هەرێمی کوردستان بوو.
-لەسەر ئاستی بازنەی هەرێمی و نێودەوڵەتی ڕووداو گەلێکی خێرا ڕوودەدەن بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر عێراق و هەرێم و ناوچەکە هەیە، بەجۆرێک شەڕی غەززە بەرەو لوبنان و وڵاتانی تر دەکشێت، ئەمەش وای لەو وڵاتانە کردووە خۆیان ئامادە بکەن، لە ئێستادا تورکیا ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشکردنە سەر #قەندیل# و شنگال لە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ سەر چەکدارانی #پەکەکە#، ئەمەش دەوڵەتی عێراق بەپلە یەک بەرپرسە لە پاراستنی سەروەری وڵاتەکە، بۆیە بارزانی هەوڵ دەدات لەگەڵ بەغدا ئەو شەڕە ڕوونەدات و لە گۆڕەپانی هەرێمی کوردستان و عێراق دووربخرێتەوە، چونکە لە ئەگەری ڕوودانی، ئاکامی خراپی دەبێت و ڕێککەوتنی شنگاڵ پەک دەخرێت و خەڵکێکی زۆر ئاوارە دەبێتەوە و ئەگەری هەیە ئاگری شەڕ پەل بهاوێژی بۆ ناوچەکانی تریش.
ئەمەش ڕوونە سەرۆک بارزانی لەسەردانەکەیدا پێشوازی لە هەر یەک لە باڵیۆزی (ئەمەریکا، ڕووسیا، چین، بەریتانیا، فەڕەنسا و چەندانی تر) کرد و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجامدان، ئەوەش خۆی لەخۆیدا گرنگی و بایەخی کارێزمایی سەرۆک و سەردانەکەی پیشان دەدات لە عێراق و ناوچەکەدا.
لە کۆتایی ئەم وتارەدا دەتوانین بڵێین ئەم سەردانەی سەرۆک دوا هەل و دەرفەتە بۆ لایەنەکانی عێراق بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان و ڕزگارکردنی عێراق بەرەو کەنارێکی ئارام لەهەمبەر ئەو هەڕەشانەی لە ئێستا و ئایندەدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، پێویستە هەموو لایەنەکانی سوود لەم سەردانەی سەرۆک بارزانی وەربگرن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=