=KTML_Bold=هەڵبژاردنێکی هاککراو=KTML_End=
#سیروان حوسێن مەخمووری#
هەڵبژاردن یەکێکە لەسیماکانی پڕۆسەی دیموکراسی لەهەموو کۆمەڵگایەک بۆ دەستاو و دەستکردنی دەسەڵات و گەیشتن بەهەرەمی حکومڕانی هەر وڵاتێک، بەڵام ئەم پرەنسیپە خەریکە لە عێراق پێچەوانەوە ببێتەوە، بە جۆرێک ئەم مۆدێلە لەپاش هەڵبژاردنەکانی (2018) بۆ پەرلەمانی عیراق ڕوویدا و زۆربەی ئامێرەکانی هەڵبژاردن لەلایەن وڵاتێکی هەرێمی بو بەرژەوەندی هێزە نزیکەکانی خۆی هاککرا و ئەنجامەکان یاری پێ کرا، ئەمەش درێژەی کێشا تا دواین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە گروپەکانی حەشد یەکەم بوون.
کەواتە دەگەینە ئەو خاڵە کەوەک لە عەرەبی گۆتەنی (ما بني على باطل فهو باطل) واتە ئەم پڕۆسەیە هەر لەسەرەتاوە بەم شێوەیە سیناریۆی بۆ دارێژراوە کە دەکرێت لەم خاڵانە پوختی بکەینەوە:
یەکەم: پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە زەمینەیەک سازکراوە بەهەر جۆرێک بێت دەبێت هێزی یەکەمی هەرێم کە پارتی دیموکراتی کوردستانە بە جۆرێک لاواز بکرێت هیچ کاریگەریەکی بەسەر بریارە چارەنووسازەکاندا نەمینێ، چونکە ئەگەر سەیری پیلانەکان بکەین دەبینرێت ئەو دامەزراوە گرنگەی کە (پۆل بریمەر) لەژێر ناوی (دادگای فیدراڵی) لەسەر مەبدەئی تەوافق دایمەزراند، دواجار شیعەکان ئەم دامەزراوەشیان کۆنترۆڵکرد، بەجۆرێک وایان کرد بڕیارەکانى ئەم دادگایە بە مەبدەئی (زۆرینە و کەمینە ) بێت، لە ئێستادا بڕیارەکانی ئەم دادگایە بۆتە مۆدێلێکی نامۆی حکومڕانی لە عێراق کە شوێنی (پەرلەمان و حکومەتی) گرتۆتەوە، بۆ نموونە دابەشکردنی کورسی پەرلەمان و نەهێشتنی کورسی کۆتاکان هیچ کاری ئەو دامەزراوەیە نییە، کەواتە لەمەودوا ئێران دەستێوەردانەکانی لەڕێگەی ئەم دادگایەوە دەبێت بۆ هەموو کەیسەکان.
دووەم: ئەگەر سەیری هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بکەین، هەموویان کۆکن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەژێر چاودێری و هەژموونی وڵاتیکی هەرێمی بێت جگە لە پارتی نەبێت، ئەوە لەبیرنەکەین هەموو لایەنەکان لە هەڵبژاردنی رابردوو کۆی گشتی کورسییەکانیان بەقەد کورسییەکانی پارتی نەبووە، لە ئێستاش دڵنیابوونە کە جارێکی تر پارتی هەر یەکەمە بۆیە هەموویان چوونەتە بەرەیەيەک بە ئاوازی جیاجیا دەخوێنن و هەموو کارێک دژ بەحکوومەتی هەرێم دەکەن لە ڕێگەی حکومەتی عێراقی و دادگای فیدراڵییەوە بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێم.
سێیەم: شێوازی دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر چوار بازنە، خۆی لەخۆی دا ئامادەسازییەکە بۆ پێدانی زۆرترین کورسی بە یەکێتی نیشتمانی لە هەردوو بازنەی #سلێمانی# و #هەڵەبجە#، لەبەرامبەردا لایەنە بەناو ئۆپۆزسیۆنە ساختەکانی ئەو زۆنە لەبەرامبەر ساختەکردنی دەنگەکان و هاککردنی ئەنجامەکان دەبێت بێ دەنگ بن، بەڵکو ئامانج و پیلانی وڵاتێکی هەرێمییە ئەمجارە چەقی ململانێیەکان بخاتە هەردوو بازنەی #هەولێر# و دهۆک زۆرترین رەخنەی لایەنەکان بکەوێتە ئەم دوو بازنەیە، بەڵگەش بۆ ئەمە بەگوێرەی داتاکان زیاتر لە (320 هەزار) دەنگدەری ئەم دوو بازنەیە پەنجە مۆریان ناخوێندرێتەوە، ئەوەش ڕوونە کە پیلانێکی پێشوەختە هەیە بۆ بوونی ساختە و دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا.
چوارەم: ئەگەر سەیری لایەنە سیاسییەکانی وەک (یەکێتی و نەوەی نوێ) بکەین لەهەموو هێزێک زیاتر ڕژدن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، کەچی یەکێتی لە هەڵبژاردنی ڕابردوو خاوەن (18) کورسی بوو لە کاتێک ئەم حزبە گرنگترین سەرکردەی وەک (لاهور شیخ جەنگی) لی جیابۆتەوە و خاوەن لیستی خۆیەتی بۆ ئەم هەڵبژاردنە و لەملاوەشەوە نەوەی نوێ چەند مانگ پێش ئێستا لەهەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دووچاری گەورەترین شکست بوون، ڕشت بوونی ئەم دوو هێزە بەم شیوەیە ئەگەر دڵنیایی یان پێ نەدرابی چۆن ئاوا ڕشتن و هەروەها هێزەکانی تریش خزمەت بەو پیلانە دەکەن.
پێنجەم: ئەم هەڵبژاردنە لەلایەن کۆمیسیۆنی عیراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت ئەوەش ڕوونە هەتا بۆیان بکرێت خزمەت بەئەجێندای وڵاتیکی هەرێمی دەکەن هەرلەسەرەتاوە هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی ئەم پیلانە سەربکەوێت، ئەگەر هاتوو لەپاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانیش ئەنجامەکان بەدڵی ئه و وڵاته نەبێت جارێکی دیکە لەڕێگەی دادگاوە دەستێوەردان لەئەنجامەکان دەکەن ، بۆ نموونە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی (2021) پارتی بووە خاوەن (33) کورسی بەڵام دوای ئەوەی یەکێتی تانەی لێدا وڵاتێکی هەرێمی دوو کورسیان لەپارتی ستاندەوە بوونە (31) کورسی، کەواتە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەر لەسەرەتاوە تا کۆتایی ئەنجامەکانیشی لەکەشوهەوایەکی گوماناوی گوزەر دەکات.
کەواتە بۆمان دەرکەوت پرۆسەکە جێگای گومانە بۆیە پارتی بۆی دەرکەوتووە کە ئەم هەڵبژاردنە هاککراوە بۆیە بایکۆت کردنەکەی باشترین بریارە لە ئێستادا، و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەهەمبەر هەڵبژاردنەکاندا لەسیناریۆ و دەرهێنانی وڵاتێکی هەرێمی بەبێ شک و گومان و مەبەست و ئەجێنداکانی ڕوونە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=