=KTML_Bold=هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ڕەهەندەکانی...=KTML_End=
#سیروان حوسێن مەخمووری#
شیکردنەوە بۆ هەڵبژاردنى ئەمجارەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کەلە 15 پارێزگا کە بڕیارە لە مانگی کانوونی دووەمی 2023 بەڕێوەدەچێت بەبەشداری زیاتر لە 269 لایەنی عێراقی کەبەشداری هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی عێراق دەکەن و ئەگەری زیادبوونی لیست و پارتی زیاتر هەیە، ئەمەش دوای 10 ساڵ دێت لە دوایین جار لە مانگی نیسانی 2013 بەڕێوەچوو، ئەوەش بە گەڕاندنەوەی ژیان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دادەنرێت، کە لە کۆتایی ساڵی 2019 لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بڕیاری لەسەردا دوای ناڕەزایەتییەکانی مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ.
بۆیە دەتوانین گرنگترین ئەو خاڵانە دیاری بکەین کە نەخشە ڕێگای سیاسی پیشان دەدات لەئایندە:
-کات و ساتی ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە بەپلەی یەکەم لەبەرژەوەندی هێزە نزیکەکانی ئێرانە بەتایبەتی هێزەکانی حەشد شەعبی کە کۆنترۆلی جومگە سەرەکیەکانی وڵاتیان کردووە هەر لەسەرۆک وەزیرانەوە تا بچووکترین بەرپرس بۆیە لەم هەلبژاردنە نفوز و پێگە و هەژموونی خۆیان زیاتر لەپارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست بەهێز دەکەن ئەمەش بەهۆی بایکۆتی سەددریەکان لەپرۆسەی سیاسی عیراق بۆتە هەل و دەرفەت، چونکە لەنێو شیعە گەورەترین هێز کە بنکەی فراوانی جەماوەری هەیە و زۆربەی پارێزگاکانی عیراقی لەدەستە ئەمجارە تا ئێستا بایکۆتی پرۆسەی سیاسی کردووە.
-بەردەوامی بایکۆتی سەدر لەپرۆسەکە و تەسلیم کردنی پێگە سیاسیەکانی لەنێو پارێزگاکانی عێراق بە هێزەکانی تری شیعە و حشد شەعبی لەئایندە دەبێتە گەورەترین گرفت لەم ناوچانە چونکە گەورەترین بنکەی جەماوەری بایکۆتی هەلبژاردنی کردووە، ئەوەش مەترسی بەسەر هەموو لایەنەکانی تری شیعەوە بەجێهێشتووە لەئایندەی سیاسی.
-سەبارەت بەهەژموونی هێزە شیعەکان بەسەر ناوچە سووننە نشینەکان و ناوچە دابرێندراوەکان زیاتر دەبێت بەجۆرێک ئەم هێزانە جڵەوی ئەمنی ئەو ناوچانەیان لەدەستە بۆیە کێشە و گرفت زیاتر دروست دەکەن بۆ ئەوەی هەژموونی خۆیان زیاتر بسەپێنن، بەتایبەتی پارێزگای کەرکوک لەئێستادا ڕووبەرووی شالاوی بەعەرەبکردن و بەشیعەکردن بووەتەوە و خەڵکی کورد ئاوارە بووە بۆیە هەموو کارێک دەکرێت بۆ لاوازکردنی پێگەی کورد لەم پارێزگایە بۆیە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەلبژاردنەکاندا ململانێیەکان توندتردەبێتەوە.
-لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەولەتی دەست تێوەردان لەم هەلبژاردنە بەردەوامە چونکە عێراق ولاتێکی خاوەن سیادەیەکی لاوازە لەئێستادا ئێران کۆنترۆلی زۆربەی جومگەکانی کردووە تا ئەو ساتەش ئەنجامی هەلبژاردنەکان لەژێر هەیمەنەی ئەو ولاتەیە، لەولاوەشەوە ئەمەریکیەکان خەریکی دارشتنی بەرنامەی خۆیان بۆ عێراق و ناوچەکە بۆیە لەئێستا کارتی ئابووری عیراق بە کاملی کەوتۆتە دەست ئەمەریکاوە بەتایبەتی دوای ئەوەی لەبابەتی ڕێکارەکانی دۆلار بەرامبەر دیناری عیراقی و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەل ئەم بابەتەوە.
-بەنسبەت پەیوەندی نێوان #هەولێر# و بەغدا لەسەر کۆی پرسەکان لەم هەلبژاردنە دەبێتە کارتێکی بەهێزی هەموو هێزە شیعەکان بەجۆرێک بۆ بەدەستهێنانی دەنگی نێو شەقامی شیعە توندڕەوەکان ئەگەری زۆرترین کێشە و گرفت بۆ هەرێم دەنێنەوە تا دەگاتە بڕینی بودجە و مووچەش و خۆدزینەوە لەهەموو ڕێککەوتنەکان و لەهەندێ کاتدا بخوازێ کارتی سەربازی و ئەمنی وەک پێشتر کردەی تیرۆرستی بە درون و مووشەک بۆ سەر هەرێم ئەنجام بدەن، بۆیە پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێم ئامادەکاری بۆ ئەم قۆناغە بکات چونکە ئەو هێزانە گەشە و مانەوەیان لەگۆرەپانی سیاسی عیراقی تەنها بەئاژاوە نانەوە و شەر و ئاشووب بووە.
بۆیە لەکۆتایی دەگەینە ئەو پوختەیە بەردەوامی بایکۆتی سەدرییەکان و بێ دەنگی ولاتانی هەرێمی و نێودەولەتی بەتایبەتی ئەمەریکا لەهەمبەر هەژموونی ئێران و هێزەکانی #حەشدی شەعبی# لەگۆرەپانە ئەوە ئەنجامەکانی ئەم هەلبژاردنە بەدڵی هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا نابێت و هەژموونی حەشد زیاتر دەبێت بەسەر گشت پارێزگاکانی عێراق. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=