سەرۆک بارزانی پیاوی دەستپێشخەرییەکانە
#سیروان حوسێن مەخمووری#
سەرۆک بارزانی سەرکردەی ژمارە قورسەکانە و لەهاوکێشە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەولەتیەکان حسابێکی تایبەتی بۆ دەکرێت و لەهەموو قۆناغەکان پێویست بووە و خاوەن روئیا و قسەی خۆی بووە بۆ ڕووداو و پێشهاتەکان مێژوو گەواهیدەری ئەم قسانەن و خاوەن دەستپێشخەری خۆی بووە بۆ تەنگژە و گرفتەکان چەند نموونەیەک وەردەگرین ئەوانەن:
یەکەم: دەستپێشخەری ساڵی 2010 لەنێوان ئەمەریکا و ئێران لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران:
لەهەلبژاردنەکانی پەرلەمانی عیراق ساڵی 2010 هەریەک لە هاوپەیمانەکانی مالیکی و عەللاوی براوەی شیعەکان بوون بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران بەجۆرێک لیستی العراقیە بەسەرۆکایەتی ئەیاد عەللاوی (91) کورسی هێنا کە هاوپەیمانی لەگەڵ سووننەکانیش هەبوو و لەبەرامبەریشدا لیستی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی کە (89) کورسی هێنا ئەمەش ململانێی لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران توندتر کرد ، بەجۆرێک هەردوو ولاتی ئێران و ئەمەریکا لەسەر وەرگرتنی جلەوی حکومرانی لەعیراق لەململانێی دابوون و هیچ لایەنێک ئامادەنەبوو سازش بۆ یەکتری بکەن و هەموو ڕێگاکان چ لەناوخۆ و دەرەوە داخرابوو ، ئالێرەدا فریادڕەسی عیراق و ناوچەکە بەدیارکەوت ئەویش دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی بوو ، کە هەموو لایەنەکانی لە#هەولێر# کۆکردەوە و دواجار عیراقی لەتەنگژەی سیاسی رزگارکرد و بەرەو کەناری ئارامی برد لەئەنجامدا کابینەی حکومەت پێکهێنرا.
دووەم: دەستپێشخەری ساڵی 2022 لەنێوان سەدرییەکان و ئیتاری تەنسیقی لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران:
دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی بۆ لایەنەکانی شیعە بوو پێش پێکهێنانی کابینەی (محمد شیاع سوودانی) کاتێ ململانێیەکانی (سەدر و مالیکی) گەیشتە لووتکە بۆیە بریاری دا لەپێناو چارەسەری گیروگرفتەکان و ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو و باش بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق، دەستپێشخەرییەکی سیاسی خستووەتە ڕوو بۆ کۆتاهێنان بە ناکۆکیی نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بخاتە روو، دەستپێشخەرییەکە کردەنی دەبێت بۆ چارەسەرکردنی تەنگژە و چەقبەستوویی سیاسی لەو وڵاتەدا ، لە چوارچێوەی ئەم دەستپێشخەرییەدا ، پێشنیاری کرد #نێچیرڤان بارزانی# و محەمەد حەلبووسی، سەردانی موقتەدا سەدرییان کرد ، لەسەر چۆنیەتیی بەردەوامبوونی پڕۆسەی سیاسی و نەهێشتنی کۆسپ و گرفتەکان ڕاوێژ بکەن ، هەرچەندە بارزانی هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ حکومەتی زۆرینە بوو و چیتر عیراق نەگەرێتەوە بۆ دواوە و کوردیش لەم نەهامەتیانە ڕزگاری بێت و جارێکی تر گەورەیی خۆی نیشاندا بەڵی بەدەرکەوت پیاوی دەستپێشخەرییەکانە و ولاتانی زلهێزی وەک ئەمەریکا و هەرێمی وەک ئیران و سعودیە و هی تر چاوەڕوانی دەستپێشخەری لەو شێوەیە بوون بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری ، دەتوانین بلێن پاش ئەم دەستپێشخەرییە عیراق چووە قۆناغێکی تر بەجۆرێک مەلامحی سەرۆک وەزیران دیاریکرا و ئەمە وێڕای ئەوەی ئەوکات بەهۆی بێدەنگیی مەرجەعیەتی باڵای نەجەف لەمەڕ گرفت و خیلافاتەکاندا و لاساری و لادانی ئاشکرا لەناو ماڵی شیعەدا بەروونی دیاربوو ، هەربۆیە هەمووان چاوییان لەسەر هەڵوێستی سەرۆک بارزانیی بوو بۆ دەستپێشخەریکردن و دەربازکردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق لەو داخرانە ، لە رێگەی چارەسەرێکی کردەنی هەمووان پێی رازی بن ، کە هەر ئەوەیش خواستی گەل و تەواوی شەقامی عێراقە لە هەموو پێکهاتەکان.
سێیەم: دەستپێشخەری ساڵی 2021 لەنێوان سووننەکان کە خەنجەر و حەلبووسی بەیەکگەیاند و ڕێکەوتن:
لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان بەپشتیوانی سەرۆک بارزانی و دەستپێشخەرییەکانیدا بۆ سووننەکان لەئاکامدا ڕێکەوتن و هاوپەیمانێکیان پێکهێنا لەژێر ناوی هاوپەیمانی سەروەری گەورەترین هاوپەیمانی سیاسی عەرەبی سوننەی عێراقە، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ساڵی 2021 ، بە سەرۆکایەتی خەمیس ئەلخەنجەر کە پێکهاتووە لە هاوپەیمانی تەقدوم کە محەمەد حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکات و هاوپەیمانی العزم کە خمیس ئەلخەنجەر سەرۆکایەتی دەکرد و هەر زوو لەنێو خۆیاندا لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ڕێککەوتن و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی حکومەتی ئاسان کرد.
چوارەم: دەستپێشخەری ساڵی 2023 بۆ لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان:
دوایین دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی (مۆزەخانەی نیشتمانیی بارزانی نەمر)دا خستیە ڕوو بۆ هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و داوای لێکردن ناکۆکییەکان وەلاوە بنێن و هەنگاو بنێن بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان و هەرچی زووە لایەنەکان دانیشتن و کۆبوونەوە بکەن ، دوای دەستپێشخەریەکە سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکان پشتیوانی و پێشوازییان لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی کرد.
ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆک بارزانی لەکات و ساتی خۆیدا بوو هەموو کات لەسیاسەتەدا کات زۆر گرنگە چونکە هەر دەستپێشخەرییەک بۆ رێکخستنەوەی ناوماڵی کورد هەنگاوێکی پیرۆزە و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەمێکە چاوەرێی ئەو جۆرە پەیامە و دەستپێشخەرییە بوون ، ئەمەش دوای ئەوە هات کە ململانێیەکان بەرەو ئاراستەی خراپ دەرۆیشت و بواری زیاتر بۆ نەیارانی کورد رەخساند دەستێوەردان لەبارودۆخی هەرێم بکەن و گرفتەکان زیاتر بکەن و دەهۆلی نەمانی قەوارەی هەرێم لێبدەن ، لەملاوەشەوە هاوپەیمانەکانی کوردستان نیگەران بوون و چاوەڕوانی دەرچەکیان دەکرد لەم تەنگژەیە رزگاربن ، ئا لەم کاتەدا سەرۆک بارزانی دەستپێشخەری کرد جارێکی تر سەلماندی پیاوی دەوڵەتمەدار و خاوەن هەڵوێستە و گەورەیی خۆی نواند بۆ هەموو لایەنێک و توانرا خەونی نەیارانی کورد لەگۆربنێت و داوایشی کرد کە واز لە شکاندنی یەکتر بێنن و پێش هەمووان مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە و ئەوەش کرا ، ئارامی گەرایەوە نێو شەقامی کوردان چونکە بارزانی ئەو سەری تونێلەکەی لێ دیارە کە عیراق و ناوچەکە لەبەردەم گۆرانکاری دایە بۆیە لەم قۆناغە پێویستە کورد لەنێو خۆیدا یەکرێزبێت و رووبەرووی گرفتەکان بێتەوە ، بەرهەمی ئەم دەستپێشخەرییە لەئایندەدا هەموو لایەنەکان لێی سوودمەند دەبن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=