=KTML_Bold=لە بێدەنگیەکەی سەدر بترسن=KTML_End=
#سیروان حوسێن مەخمووری#
سەرەتای وتارەکەمان بەو وتە عەرەبیە دەست پێ دەکەین (السکوت علامة الرضا!) ئایا بێ دەنگیەکەی (موقتەدا سەدر) بەمانای ڕازی بوونی دێت لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی عێراق یاخود بێئومیدە و نیگەرانە لەبارودۆخی سیاسی تروسکایی رووناکی نابینی کە کێشەکان بەرەو چارەسەرکردن ببات ،بێ گومان هەلبژاردەی دووەم ڕاستە کە نیگەرانە لە دەسەلاتدارانی عیراق.
لەلایەکی تریشەوە شەقامی ناڕازی عیراقی ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبێت و دەنگی ناڕازی لەبەرامبەر حکومەتی سودانی زیاتر دەبێت ، بەتایبەتی دوای ناجێگیربوونی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عیراقی کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی خراپی لەسەر گرانی بازاڕ و رەوش و گوزەرانی هاولاتیانی هەبووە ، بۆیە لە ئێستادا خەڵکەکە چاوەڕوانی سەرکردەیەک دەکەن کە سەرکردایەتی خۆپیشاندان و دەنگی ناڕازی بکات ، بۆ ئەم مەبەستەش لە ئێستادا باشترین سەرکردە کە بتوانی هەموو شەقام کۆنترۆڵ بکات ئەویش (موقتەدا صەدرە) کە لە ئێستادا بێ دەنگی هەڵبژاردووە.
بۆیە لەئێستادا عیراق لەبەرامبەر بارودۆخێکی ناروون و ترسناک دایە بەتایبەتی لەرووی ئابوورییەوە کە وەک بنەمایەکی سەرەکی مانەوەی ولاتەکەیە وەک خۆی ، بۆیە لەئێستادا دەبینین دراوی عیراق لەبەرامبەر دۆلار هەرەشەی دارمان و هەرەسی لەسەرە ئەوەش بەیەکەم ئاماژەی رووخان و نەمانی حکومەت دێت لەئایندەدا ئەگەر بێتوو نرخی دۆلار نەگەڕێتەوە دۆخی جارانی و کۆنترۆڵ نەکرێت و ڕێگە نەگیرێ لە بەقاچاغ بردنی دۆلار بۆ ئێران لەلایەن گروپەکانی نزیک لەخۆی کە پێکهێنەری سەرەکی حکومەتی عیراقین ئەوا ئاکامی باش نابێت ، چونکە ئەو بارودۆخە بەسیاسی کراوە و لەکۆتاییدا هاوڵاتی عیراقی زەرەر مەندی یەکەمە لەبەرامبەر گرانی بازار و دەرئەنجامی ئەم بارودۆخەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری هەژاری و بێکاری و برسێتی بەتایبەتی لەپارێزگاکانی باشووری عیراق کە ناسراون بە بەرزی ڕێژەی هەژاری.
کەواتە حکومەتی عیراق و بانکی ناوەندی عیراق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی حەقیقی دان تا کۆتایی مانگی یەک ، ئینجا ئەگەر بارودۆخەکە کۆنترۆل نەکرێت ئەوا چاوەروانی گەورەترین خۆپیشاندان دەکرێت کە دەمێکە ئەو شەقامە ناڕازییە لەم دەسەڵاتە بەڵام پێویستیان بە سەرکردایەتیەک هەبوو ئیدارەی خۆپیشاندانەکانی بکات ، بۆیە (موقتەدا سەدر) دەبێت بێ دەنگیەکەی بشکێنی جڵەوی بارودۆخەکەی بگرێتە دەست ، ئەگەر ئەوەش نەکات بنکەی جەماوەری خۆی لەدەست دەدات چونکە سەدر بەوە ناسراوە کە لەگەل چینی هەژاران دایە ، لەبەرئەوەی ئەوەی ئێستادا روودەدات بووەتە کارەسات بۆسەر لایەنی ئابووری ولات و هاولاتیان.
خۆپیشاندانی ئەوجارە لەگەڵ هەموو جارەکان جیاوازتر دەبێت چونکە پشتگیری بەهێزی دەکرێت لەلایەن دەستی دەرەکیەوە ، لەلایەکی ترەوە ئەزموونی رابردوو ئەوەمان پێ دەڵیت هەر سیستەم و حکومەتێک کە بەرەو ڕووخان و لەناوچوون چووبێت لەسەرەتاوە ئابووری یەکەی داڕماوە ، بۆیە ئەم بارودۆخەش ئەگەر کۆنترۆل نەکرێت ئەوا بەیەکەم زەنگی مەترسیدار دادەنرێت لەسەر دەوڵەتی عیراقی.
دەبینین هەر لەپاش هەلبژاردنەکانی 10ی ئۆکتۆبەری سالی 2021 هاوپەیمانەکەی توانی (74) کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنی و یەکەمی نێو شیعەکان بوو و هەلگری یەک دروشم بوو (لا شرقية ولا غربية، حکومة أغلبية وطنية)، ئەم دروشمەی (موقتەدا سەدر) داوایەکی سەرەکی خۆپیشاندەرانی تشرینیەکان بوو و کاتێ بەربەست و ئاستەنگی بۆ دروستکرا و هەموو هەولێکی دا پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ هاوپەیمانەکەی بێت ، بەلام دواجار سەرکەوتوو نەبوو نەیتوانی لەرووی سیاسیەوە براوە بێت بەسەر نەیارانی و زۆر هەوڵیان دا عیراق لەو مەترسیانە دووربخەنەوە کە دێتە پێش.
لەکاتی ئێستادا گەورەترین خۆپیشاندانی لەبەردەم عیراقە و دەبێت سەدر بێ دەنگیەکەشی بشکێنی و بە ناچاریشی بەشداری خۆپیشاندانەکان بکات ، بە دڵناییەوە دروشمی خۆپیشاندانی ئەمجارە ڕووخانی سیستەمی حکومرانی عیراق دەبێت ، کەواتە سەدرییەکانیش دەچنە پال شەقامی ناڕازی و ئەم بارودۆخەش هەلێکی باشە بۆ سەدر کە بێ دەنگیەکەی بشکێنی ، لەکۆتاییدا ئاماژەکەمان ئەوەمان پێ دەلێن کە ئایندەی عیراق ناروونە و مەترسی جدی لەسەر ئەم ولاتە هەیە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=