مۆتەکەی (لا شرقية ولا غربية)!
#سیروان حوسێن مەخمووری#
پاش راگەیاندنى ئەنجامى هەلبژاردنەکانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، کە لەمانگى ئۆکتۆبەرى (2021) بەڕێوەچوو و گۆڕانکاری گەورە لە پێگە و قەبارەى لایەنە سیاسیەکانى گۆڕەپانى عێراقیی بەهەموو پێکهاتەکانیینەوە بەدوای خۆیدا هێنا، بەم پێیەش گۆڕانکارى گەورە لەنەخشەى سیاسی عێراق روویدا، بەشێوەیەک لەنێو هەرسێ پێکهاتەى (کورد و شیعە و سوننە) هەریەک لە لیستەکانى (پارتى و سەدرییەکان و سیادە) براوەى ئەم هەلبژاردنە بوون.
ئەوەى دۆڕاوى سەرەکى ئەم هەلبژاردنە بوو، هێزە نزیکەکانى (ئێران) بوون، بە جۆرێک لە 26ی 3 بە هەموو هێز و توانایەکیانەوە و بە قسەی خۆیان کە بوونەتە (سێ یەکی) پەکخەر، واتە نزیکەی (120) ئەندام پەرلەمانیان لەگەڵە و زۆر دڵیان خۆشبوو و کاتێک بەهەر شێوەیەک بووبێت دانیشتنی (سەرۆک کۆمار)یان پەکخست، ئەوەشیان بەسەرکەوتن لەقەلەم دا، لە بنەرەتیشدا بە گەورەترین شکست دادەنرێت بۆ (ئێرانیەکان) پاش پرۆسەی ئازادی عێراق لە (2003)، چونکە لە ڕابردوودا ئێران قسەی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە پێکهێنانی حکومەتەکانی عێراق، بەڵام ئەمجارە جیاوازە!
جیاوازییەکەی ئەمجارە ئەوەیە، براوەی نێو ماڵی شیعە (موقتەدا سەدر)ە، دروشمێکی جیاوازی راگەیاندووە، کە دەڵێت: (لا شرقية ولا غربية... حکومة أغلبية وطنية).
ئەم دروشمە مەبەستی روونە، کە ئێران لەرۆژهەڵات و ئەمەریکا لە رۆژئاوا چیتر دەست لە کاروباری عێراق وەرمەدەن، ئێمە حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانیمان گەرەکە، ئەوەی لەسەر ئەرزی واقع دەبینرێت ئەمەریکیەکان لارییان نیە و بەشێوەیەک لەشێوەکان پشتگیری ئەم سیاسەتەش دەکەن، بەڵام ئەم دروشمە (ئێرانیەکان)ی هێناوتە لەرزین، چونکە هێشتا برینی دۆڕاندنی هەلبژاردنەکانی (ئۆکتۆبەری) سارێژ نەبووە و ئەوەشی هاتۆتە سەر. پرسیارە گەوهەرییەکە لێرە ئەوەیە: بۆچی لا شرقية ولا غربية ... حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی بووەتە مۆتەکەی ئێرانیەکان؟
1- دانانی سنوورێک بۆ دەستێوەردانی وڵاتان، بەتایبەتی ئێران، چونکە لەپاش 2003 تا ئێستا ئێران سەدان ملیۆن دۆلاری خەرج کردووە، بۆ ئەوەی قسەی یەکەم و کۆتایی لە عێراق لای ئەو بێت و هەموو جومگە سەرەکیەکانی لەژێر هەژموون و دەسەڵاتی خۆی بمینێتەوە.
2- ئەم هەنگاوە کە بە حکومەتى نیشتمانى دوور لە (تائیفى) دەناسرێت و لە ئێستادا خاوەن گەورەترین کوتلەى پەرلەمانین، لەژێر ناوی (رزگاری نیشتمان)، بە جۆرێک هەریەک لەلایەن ئەندام پەرلەمانە (سەربەخۆکان)یشەوە پشتگیرییان لى دەکرێت، ئەوەش بە گەورەترین پاشەکشێی سیاسی ئێران دادەنرێت لە دوای ساڵی (2003)، کە لەحکومەتەوە دەبێت ببنە ئۆپۆزسیۆن، ئەم هەنگاوەشیان پێ هەزم ناکرێت، چونکە خۆری سیاسیان ئاوا دەبێت.
3- لەسەر ئاستی ئابووری عێراق بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگ و بەهێزی دارایی ئێران، وەک: پرۆژە وەبەرهێنانەکانیان، ساغکردنەوەی کاڵاکان، کرینی کارەبا و گازی سروشتی و دەیان پرۆژەی دیکە، هەموو ئەمانە فاکتەری مانەوەی ئێران بوون وەک وڵاتێک لەکاتی گەمارۆکانی ئەمەریکا بۆ سەر تاران، بۆیە ترسی ئەوەی لێ نیشتووە، حکومەتی داهاتووی عێراق چیتر لەڕووی بازرگانیەوە پشت بە ئێران نەبەستێت.
4- لەسەر ئاستی سەربازی، چیتر ناتوانێت بە ویستی خۆی دەست لە کاروباری سەربازی وەربدات و بۆ ئەجێندای تایبەتی خۆی بەکاریبهێنی، بەم پێیەش بێت، سنوورێک بۆ کارە تێکدەر و هەڕەشەکانیان بۆ سەر لایەن و پێکهاتەکان دادەنرێت.
5- لەسەر ئاستی دامەزراوە یاساییەکان، وەک دادگای فیدرالی، کە بووەتە دامەزراوەیەک بۆ خزمەتی ئەجیندای ئێران و هاوپەیمانەکانی دەکات لە عێراق، ئەو دامەزراوەیەش وەک کارتی فشار بەکاردەهێنیت، بۆیە لە کاتی سەرکەوتنی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی چاکسازی ئەو دامەزراوەیەش دەگرێتەوە، بەشێوەیەک لە بەرژەوەندی ئێران نابێت.
6- ئەگەر دەستی دەرەکی بەتایبەتی ئێران لاواز بکرێت لە هەمبەر کێشەکانی (#هەولێر# و بەغدا)، ئەوا بە دڵنیاییەوە کێشە هەلپەسێردراوەکانی دەستووری عێراق وەک (ماددەی 140، نەوت و گاز و پێشمەرگە) جێبەجێ دەکرێن.
7- لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی، چیتر ئەو رۆلەی نامینێت دۆسیەی عێراق وەک کارتێک بەرامبەر ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی بەکاربهێنیت.
کەواتە لەکۆتاییدا، حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی دوور لەدەستێوەردانی دەرەکی داوایەکی سەرەکی خۆپیشاندەرانی تشرینیەکان و ئەو هێزانە بوو، کە هەڵگری ئەم دروشمەن و خاوەن پێگەیەکی جەماوەرین لەنێو هەرسێ پێکهاتەی (کورد، شیعە، سوننە)، چونکە لەعێراق هەموو رێگاکان تاقیکراونەتەوە، تەنها ئەم شێوازەی حکومرانی ماوە تاقی بکرێتەوە، بۆیە (لا شرقية ولا غربية) ... حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی بووەتە مۆتەکەی ئێرانیەکان. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=