=KTML_Bold=ئاسايشى خۆراکمان لە مەترسی دایە!=KTML_End=
#سیروان حوسێن مەخمووری#
دابەشبوونی جوگرافی دەرامەتەکان لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تری جیهان جیاوازە، کە دەرئەنجامی هەڵکەوتەی دیاردە سرووشتییەکانی وەک (بەرزی و نزمی، خاک، دەرامەتی ئاو و شوێنی جوگرافی)، هەموو ئەمانە دەرهاویشتەی جیاوازیی دەرامەتەکانن لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان.
سەبارەت بە چەمکی ئاسایشی خۆراک، بەشێوەیەکى گشتى ئاسایشی خۆراک بریتییە لە دابینکردنى خۆراکى پێویست لە رووى چەندێتى و چۆنێتییەوە بۆ سەرجەم دانیشتوان و لە سەرجەم بارودۆخەکان، تەنانەت لەکاتى جەنگ و گەمارۆى ئابوورى و ناسەقامگیرىی رامیارى، ئەویش بە پشتبەستن بە دەرامەتە ناوخۆییەکان.
هەڵکەوتەی جوگرافیای هەرێمی کوردستان خاوەن خاکێکی بەپیتە لە رووی (کشتوکاڵ، کانزا گرنگ و بەبایەخەکان، نەوت و گازی سرووشتی و.. هتد)، هەروەها رووبەرێکی فراوانی زەوی کشتوکاڵی بەپیتی هەیە، هەموو ئەمانە بە بنەمای سەرەکی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک دادەنرێن. بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێم بۆ ساڵی (2020) داچاندنی گەنم لەسەر رووبەری (4,114,677) دۆنم بووە، کە تێکڕای بەرهەمهێنانی بەرەبوومی دانەوێڵەی (گەنم) لەهەمان ساڵدا بریتی بووە لە (2,907,401) تۆن، دەبینین ئەم ژمارەیە لە بەرهەم، نەک بە تەنیا بەشی هەرێم دەکات، بەڵکو دەتوانین هاوردەی دەرەوەش بکەین، ئەمە وێرای بەرەبوومی دیکەی وەک سەوزە و میوە و کشتوکاڵی دیکە و سامانی ئاژەڵ.
ئەو هۆکارانەی بوونەتە هۆی دابین نەکردنی ئاسایشی خۆراک لە جیهاندا، بەشێوەیەکی گشتی خۆی لەم فاکتەرانە دەبیننەوە: (زیادبوونی بەردەوامی ژمارەی دانیشتوان)، کە بەپێى پێشبینییەکانی راپۆرتى رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لە ساڵى (2050) ژمارەى دانیشتووانى جیهان دەگاتە (9) ملیار کەس و لە ساڵى (2100) ژمارەکە بۆ (10 ملیار کەس) بەرزدەبێتەوه. لەلایەکی دیکەوە گۆڕانی کەشوهەوا، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای زەوی، دیاردەی وشکەساڵی، بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، زێدەڕۆییکردن لە بەکارهێنانی بەرهەمە خۆراکییەکان، خراپی ئیدارەدانی دەرامەتەکان و فراوانبوونی شارەکان لەسەر حسابی زەوییە کشتوکاڵییە بەپیتەکان.
هەرێمی کوردستانیش بەدەر لەم هۆکارانە نییە و چ لە ئێستادا و چ لەداهاتوو ئەو فاکتەرانە هەڕەشەی جددین لەسەر ئاسایشی خۆراکی هەرێم، چونکە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک تا ئەو ساتەش بە رێژەیەکی زۆر لەلایەن وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە دابین دەکرێت، ئەوەش لە ئەگەری هەر رووداوێکی هەرێمی و جیهانی کاردانەوەی لەسەر دانیشتوانی هەرێم دەبێت.
=KTML_Bold=ئەو مەترسی و هەڕەشانەی لەداهاتوودا رووبەڕووی ئاسایشی خۆراکی هەرێم دەبنەوە:=KTML_End=
یەکەم: زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان بەشێوەیەکی خێرا:
دیارە زیادبوون و گەشەی ژمارەی دانیشتوان لەسەر دوو بنەمایە، یەکێکیان گەشەی سرووشتی کە (لەدایکبوون و مردووان) دەگرێتەوە و ئەویتریان (کۆچکردن)ە. دەبینین گەشەی سرووشتی زۆر خێرایە، بەڵام لەو خێراتر، بوونی ئەو لێشاوەی ئاوارە و کۆچبەرانەیە، کە لە وڵاتانی هەرێمی و ناوخۆی عێراقەوە بەهۆی بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و وڵاتەکانیان روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەرکی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک بۆ هەموو ئەمانە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمە و بەشێوەیەک لەشێوەکان بوونەتە بارگرانییەکی زۆر لەسەر شانی خەڵک و حکومەت. هەروەها کۆچکردنی ناوخۆیی گوندنشینان بۆ شارەکان بۆ دۆزینەوەی هەلی کار و بژێوی ژیان و نەبوونی پاڵپشتی حکومەت بۆ گوندەکان، چونکە لەهەموو جیهان هەردەم گوندەکان سەرچاوەی بژێوی ژیان بوونە بۆ شارەکان، بەڵام لەلای ئێمە هاوکێشەکە پێچەوانە بووەتەوە، بۆ نموونە لەساڵی (2020) ژمارەی دانیشتوانی شارنشین پێکهاتبوو لە (5,022,603) کەس و گوندنشین (1,148,480) کەس، واتا زیاتر لە (80%) دانیشتوانی هەرێم لەشارەکانن. نەبوونی رێگاچارەیەک بۆ ئەم فاکتەرەش لە ئایندەدا دەبێتە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر هەرێم.
دووەم: گۆڕانی کەشوهەوا و روودانی دیاردەی وشکەساڵی:
سەبارەت بەم فاکتەرە کە رەهەندێکی جیهانیی هەیە و لە دەسەڵاتی وڵاتە زلهێزەکانە، بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی ئەم فاکتەرە کەم بکەنەوە، بەڵام ئەو فاکتەرە نەک تەنیا بۆ سەر هەرێم، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی وڵاتانی جیهان. تا ئێستا کشتوکاڵکردن لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی دواکەوتوو و سەرەتاییە، کە بە رێژەیەکی زۆر پشت بە ئاوی باران دەبەستێت، کاتێک بارانیش نەبوو یان کەمبوو، کشتوکاڵەکە سەرکەوتوو نابێت، هەروەها تا ئێستا نەتوانراوە سوود لە سەرچاوە ئاوییە گرنگەکانی وەک (رووبار، زێ، کانی و بیرەکان) وەربگیرێت، کە ئەمەش پێویستی بە دروستکردنی بەنداو هەیە بۆ گلدانەوەی ئاو لە وەرزی باران، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تواناکانی حکومەت، جگە لەمەش هاوکاری و پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ لە ئاستێکی نزمدایە، ئەو فاکتەرەش بەهەڕەشەیەکی گرنگ دادەنرێت لەسەر ئاسایشی خۆراک.
سێیەم: سیاسەتی ئیدارەدانی ئاسایشی خۆراک:
سەبارەت بەم فاکتەرە کە لە هەموویان گرنگترە و زۆربەی فاکتەرەکانی دیکە بەستراونەتەوە بە سیاسەتی بەڕێوەبردنی حکومەت بۆ ئەو بابەتە، ئەوەش پەیوەستە بە شێوازی داڕشتی پلان، چونکە لە ئێستادا شێوازی داڕشتنی سیاسەتی ئاسایشی خۆراک لە ئاستێکی نزمدایە و لە سەرەتایە، هۆکارەکەشی بۆ کابینەکانی پێشووی حکومەت دەگەڕێتەوە، کە هیچ کاتێک کاری بەجدیان لەسەر ئەم بابەتە نەکردووە.
ئەم کابینەیەش هەندێک هەنگاوی به و ئاراستەیە ناوە، لەوانە: دروستکردنی (سایلۆ) بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران هەنگاوێکی باشبوو، بەڵام بەرگەی رووداو و پێشهاتە خێراکان ناگرێت، کە لەداهاتوودا دێنە پێش، لەوانە هەرچی زووە پێویستە حکومەت رێگری لە دروستکردنی خانوو و مەزرعەکان لەسەر حسابی زەوییە کشتوکاڵییەکان بکات، هەروەها لە ئێستادا بیرێکی زۆر بۆ دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوی لێدراوە، کە ئاستی ئاوی زۆر دابەزاندووە و لەداهاتوودا کارەساتی بەدواوە دەبێت، ئەمە وێڕای رێگری نەکردن لە بەروبوومە خۆراکی و کشتوکاڵییەکان لە خاڵە سنوورییەکان، کە هاوردەی هەرێم دەکرێن و نەکردنەوەی کارگەی تایبەت بۆ سوودوەرگرتن لە بەرهەمە خۆراکی و کشتوکاڵییەکان. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=