=KTML_Bold=کورد و کابینەى زۆرینە=KTML_End=
#سیروان حوسێن مەخمووری#
پاش راگەیاندنى ئەنجامى هەلبژاردنەکانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، کە لەمانگى ئۆکتۆبەرى (2021) ئەنجامدرا، و گۆڕانکارى گەورە لە پێگە و قەبارەى لایەنە سیاسیەکانى گۆڕەپانى عێراقى روویدا بەهەموو پێکهاتەکانیانەوە، هەر لەسەرەتاوە نارەزایی لایەنە دۆڕاوەکانى ئەم هەڵبژاردنەى لێکەوتەوە، بەجۆرێک بەهەموو شێوە و ئامرازێک بە پشتگیرى وڵاتانى هەرێمى هەوڵیان دا دەستکارى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان بکەن، بەڵام هەوڵەکانیان بێ بەرهەم بوون، دواجار دانییان بەئەنجامەکان دانا، بەم پێیەش گۆڕانکارىی گەورە لە نەخشەى سیاسی عێراقى روویدا، بەشێوەیەک کە لەناو هەرسێ پێکهاتەى (کورد، شیعە و سوننە) هەریەک لە لیستەکانى (پارتى، سەدرییەکان و تەقەدوم) براوەى ئەم هەڵبژاردنە بوون.
ئەوەى دۆڕاوى سەرەکى ئەم هەلبژاردنە بوون، هێزە نزیکەکانى (ئێران) بوون، کە خۆیان لە گروپەکانى (حەشدى شەعبی)دا دەبینییەوە، ئەم بارودۆخەش وایکرد هێزە شیعەکان بەسەر دوو بەرەى سەرەکیدا دابەش بن، (سەدریەکان) و (چوارچێوەى هەماهەنگى)، کە لە مالیکى، عەبادى، عامرى، خەزعەلى و حکیم دەبینێتەوە و لەلایەن ئێرانەوە پشتگیرییان دەکرێت.
کێشەى سەرەکى ئەم دوو بەرەیە بریتیە لەوەی هەریەکەیان خۆیان بە (کوتلەى گەورە) دەناسێنن، چونکە لە مادەى (76)ى دەستوورى عێراقى، کە دەڵێت: سەرۆک کۆمارى هەلبژێردراو لە ماوەى (15) رۆژ گەورەترین کوتلەى پەرلەمانى کە پاش ئەنجامى هەلبژاردنەکان دروست دەبێت، بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێرێت، ئەوەى تێبینى دەکرێت (سەدرییەکان) نزیکن لە دروستکردنى کابینەى داهاتوو، کە وەک خۆیان باس دەکەن، لە کابینەکانى پێشوو جیاواز دەبن، ئەوەى تێبینى کرا، پاش هەلبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق، ئەمجارە گۆڕانکارى لەشێوازى بەڕێوەبردنى حکومەتى داهاتووى عێراق روودەدات، بۆیە دەبینین کوتلەکانى نزیک لە ئێران بەهەموو شێوەیەکى توند و تیژی و کردەى تیرۆرستییەوە رووبەڕووى خاوەنى بیرۆکەى ئەم سیاسەتانەوە بوونەتەوە، بەتایبەتى بەم دواییە بارەگاکانى (پارتى) و (تەقەدوم)ى سوننەکان کەوتنە بەر هێرشەکانى میلیشیاى حەشدى شەعبی.
کەواتە ئەمانە چیمان پێ دەلێن: کە عێراق لەبەردەم سێ سیناریۆ دایە لە پێکهێنانى حکومەتى داهاتوو! و ئایا کورد چی بکات بۆ ئەم سیناریۆیانە!:
سیناریۆى یەکەم: حکومەتى تەوافقی: ئەگەر بێتوو هەردوو لایەنى شیعە لەلایەک و هەردوو وڵاتى ئەمەریکا و ئێران نەیانتوانى ببنە هێزى یەکەم لە دروستکردنى حکومەت، ئەوا پەنا دەبەنە بەر رێککەوتن، هەروەک لە کابینەکانى پێشووترى وەک (عەبادى و عبدالمهدى و کازمى) روویدا، ئەو ئەزموونە لەرابردوودا تاقیکراوەتەوە، جگە لە نەهامەتى بۆ گەلانى عێراق هیچى ترى پێ نەبووە بۆ هاوولاتیان، چونکە ئەم جۆرە حکومەتانە لایەنە براوە و دۆڕاوەکانى هەڵبژاردن هەمووى بەشدارى کابینەکە دەکەن، ئەم شێوازەش وایکرد، خۆپیشاندانى تشرین دروست بێت و دواتر هەلبژاردنى پێشوەختە ئەنجامدرا، کێشەکانى هەرێمى کوردستانیش لەگەڵ عێراق زیاتر بوون، بەشێوەیەک مەبدەئى (شەراکەت و تەوافق و هاوسەنگى) پەیڕەو نەکرا.
سیناریۆى دووەم: حکومەتى میلیشاکانى ئێران، ئەم سیناریۆیە لەلایەن ئێرانیەکانەوە بە توندى پشتگیریی لى دەکرێت، کە هێزەکانى نزیک لەخۆیان بەسەرۆکایەتى (نورى مالیکى) لەچوارچێوەى هاوپەمانى هەماهەنگى دەگرێتەوە، ئەو سیناریۆیە لەلایەن زۆربەى وڵاتانى هەرێمى و ئەمەریکا رەتدەکرێتەوە، چونکە ئەو هێزانە لە رابردوودا تاقیکراونەتەوە، زۆربەى سەرکردەکانیان بۆ ماوەى زیاتر لە (12) ساڵ سەرکردایەتى کابینەکانى عێراقیان کردووە، وەک (مالیکى و عەبادى) جگە لە شەڕ و گەندەڵى و تێکدانى شارەکان و سەرهەڵدانى #داعش# و گرووپە توندڕەوەکان و میلیشیاکان، هیچى تریان بۆ ئەم وڵاتە نەکردووە، لەم شێوازەى حکومرانیش هەرێمى کوردستان گەورەترین زەرەرمەند بووە، جگە لە بڕینى بودجە و قوتى هاوڵاتیان و شەڕ و گەمارۆى ئابوورى بۆ سەر هەرێم، هیچ سوودێکى دیکەیان نەبووە و کێشەکانیان ئاڵۆزتر کردووە.
سیناریۆى سێیەم: حکومەتى زۆرینە: ئەو شێوازەى حکومڕانی لەلایەن (موقتەدا سەدر)ة رێبەری رەوتی سەدرەوە پشتگیرى لێ دەکرێت، بە حکومەتى نیشتمانى دوور لە (تائیفى) دەناسرێت و لە ئێستادا خاوەن گەورەترین کوتلەى پەرلەمانین، بە جۆرێک هەریەک لە (پارتى، سوننەکان و سەربەخۆکان) پشتگیرییان لێ دەکەن و لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیش پێشوازیی لێکراوە، هەموو پێشبینیەکانی کابینەى ئەمجارە بەرەو ئەو ئاراستەیەن، کە پێویستە لایەنە کوردییەکان بە یەکگرتوویی پشتگیرى ئەم کابینەیە بکەن، کە لەلایەن کەسانێکەوە بەڕێوە ببرێت، کە تائێستا لە گۆرەپانى سیاسی عێراقى تاقینەکراونەتەوە.
داواکانى سەرکردایەتى سیاسی کورد لەم کابینەیە تەنها جێبەجێکردنى ماددەى (140) بێت و کێشەى خاک ببێتە بژاردەى یەکەم و خاڵى گەوهەرى گفتوگۆى (#هەولێر# و بەغدا)، چونکە بە جێبەجێکردنى ئەم خاڵە کێشەى (بودجە، پێشمەرگە و نەوت) چارەسەر دەبی.
لە ئەگەرى سەرکەوتنى ئەم سیناریۆیە عێراق دەکەوێتە قۆناغێکى ململانێی توندى نێوان (ئێران و ئەمەریکا)، روونتر ململانێی نێو شیعەکان دەچێتە قۆناغێکى مەترسیدار، تا دەگاتە پێکدادانى سەربازى و شەڕى ناوخۆیی (شیعى شیعى). [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=