=KTML_Bold=فیدراڵى چارەسەرى مێژوویی بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکەى عێراق=KTML_End=
#سیروان حوسێن مەخمووری#
فیدراڵیزم یان فیدراڵیەت شێوازێکە لە شێوازەکانی حوکمڕانی، کە تێیدا دەسەڵاتەکان بە گوێرەی دەستوور دابەشکراون لە نێوان حکومەتی ناوەندی و یەکەی دیکەی حکومی بچوکتر دابەشکراون (ھەرێم و ویلایەتەکان)، ئەو دوو ئاستە ئاماژەپێکراوەی حکومەت پشت بەیەکتری دەبەستن و بەشداری لە سەروەری دەوڵەت دەکەن و دابەشی دەکەن.
پیکهاتەى عێراق وڵاتیکی خاوەن ئەتنۆگرافیایەکی جیاوازە لە رووی (زمان، ئایین، مەزهەب، کولتوور، فەرهەنگ و نەتەوە)، لەسەرەتاى دروستبوونى دەوڵەتى عێراق تەنیا هەردوو ویلایەتى (بەسرە و بەغدا)ى لەخۆ دەگرت، بەڵام دواتر ویلایەتى (مووسڵ) کە هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە، خرایە سەر ئەم وڵاتە ئەمەش بەخۆڕایی نەبوو و بەڵکو سەفقەیەکى نێوان (بەریتانیا و تورکیا) کرا، ئامانج لەو تەنازوولەى تورکیا تەنیا لەبەرئەوەى کوردى ئەم پارچەیە سەربەخۆ نەبێت و پینەیان کرد بە وڵاتى عێراق، بەم کارەش ئازادى میللەتێک کرایە قوربانى هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و کێشەکە بە هەڵواسراوى مایەوە و میللەتى کورد وەک کەمینەیەک سەیرى دەکرا.
لە سەرەتا دامەزراندنی عێراق بە سیستەمى پاشایەتى لە ساڵی 1921 دەستیپێکرد، کە ئەم سیستەمە نەیتوانى بنەماى شەراکەت بۆ گشت (نەتەوە و ئایین و مەزهەب)ەکان فەراهەم بکات، بەڵکو دەسەڵاتى بەڕێوەبردن قۆرخکرابوو بۆ گرووپێکى دیاریکراو، ئەمەش لە ئەنجامدا کودەتایەکى سەربازى لە 14ى تەمووزى 1958 بەسەریەوە کرا و عێراق بووە سیستەمى کۆمارى بە سەرۆکایەتى (عەبدولکەریم قاسم)، ئەوانەش هەر لەسەرەتاى دەستبەکاربوونیان دەستیان کرد بە پینەى نوێ بۆ بەڕێوەبردنی عێراق، بەڵام دواتر ئەم پینەیە هەڵوەشایەوە و ئەوەبوو پێشمەرگە شۆرشى ئەیلوولى هەڵگیرساند لەساڵی 1961 زۆربەى ناوچەکانیان ئازاد کرد، دوای ئەمەش کودەتایەکى دیکە بەسەرۆکایەتى (عەبدولسەلام عارف) کرا بەسەر (قاسم) لەئەنجامدا (قەومییەکان) هاتنە سەر حوکم بۆ پینەکردنى بارودۆخى عێراق بە دڕەندەترین شێوە رووبەڕووى گەلى کورد بوونەوە.
دواتر ساڵى (1968) #بەعس#ییەکان کودەتایان کرد و هاتنە سەر تەختى حوکم، لە سەرەتادا بۆ پینەکردنى ئەو گێژاوەى عێراق تێىکەوتووە دەستیانکرد بە دانیشتن و دیالۆگ لەگەڵ سەرکردایەتى کوردستان، ئەوەبوو لە ساڵى 1970 رێککەوتنامەى (11ى ئادار)ی لێکەوتەوە.
هەموو رووداوەکان کە روویاندا، نەیانتوانى کێشەى نەتەوە و مەزهەبى لەعێراق چارەسەربکات، هەرچەندە لە رابردوودا هەوڵدراوە بەدیلى فیدراڵى لەعێراق پەیڕەو بکرێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە، دەتوانین رەهەندى مێژوویی فیدراڵى لە عێراق بگەڕێنیەوە بۆ بیرۆکە و سیاسەتە شۆڤێنییەکان لە دەسەڵاتدا، بۆیە لێرەدا دەکرێت تیشک بخەینە سەر ئەم دوو قۆناغە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەیانتوانى چارەسەرى کێشەى نەتەوەیی و مەزهەبی و ئایینى لە عێراق بکەن ئەم دوو قۆناغە وەک نموونە:
قۆناغى یەکەم: فیدراڵى پارێزگاکان لەسەردەمی عەبدولڕەحمان بەزاز ساڵی 1966:
لەسەردەمی (عەبدولڕەحمان عارف) ساڵی (1966) بریاردرا دیالۆگ و دانیشتن لەگەڵ سەرکردایەتی شۆرشی ئەیلوول بە ریبەرایەتی (مەلا مستەفا بارزانی ) بکەن، ئەوەبوو حکومەتی ئه و کاتی عێراق بەسەرکردایەتی (عەبدولڕەحمان بەزاز) لە رێکەوتی (15/6/1966) لەگەڵ سەرکردایەتی کورد لەسەر زۆر شت رێککەوتن، بەڵام خاڵی ناکۆک کە سەرکردایەتی کوردستان رازی نەبوون (فیدراڵى پارێزگاکان) بوو، کە (بەزاز) پێشنیازی کردبوو بۆ ناوچەکانی باکووری عێراق، بەتایبەتی شارەکان فیدراڵى پێ بدرێت و بەشیوەی (لا مەرکەزییەت) بۆ هەریەکەیەکی ئیداری کەسایەتیەکی خاوەن پێگە و شارەزا ئەم ناوچەیە بەرێوەببات، ئەمەش لەلایەن سەرکردایەتی سیاسی کوردستان رەتکرایەوە.
قۆناغى دووەم: فیدراڵى پارێزگاکان لەسەردەمی پۆل بریمەر ساڵی 2003:
لەپاش پرۆسەی ئازادی عێراق ساڵی (2003) لەلایەن هاوپەیمانانەوە ئەوە بوو حاکمی مەدەنی ئەوکات (پۆل بریمەر) دەستیکرد بە گفتوگۆ و دانیشتن لەگەڵ لایەنە سەرەکییە سیاسییەکانی عێراق بۆ نووسینەوەی (یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت)ی کاتی بۆ ماوەی گواستراوە ساڵی (2004)، لەسەرەتادا زۆربەی لایەنەکان دژی (فیدراڵى هەرێمی کوردستان) بوون و حاکمی مەدەنی ئەمەریکی لە عێراق (پۆل بریمەر) لەگەڵ فیدراڵى هەرێم نەبوو، بەڵکو پشنیازییان (فیدراڵى پارێزگاکان) بوو، که له سەرەتاوە زۆربەی پشتگیرییان کرد و لەناو کوردیش پێشوازی لێکرا، چونکە ئەوسا هەرێمی کوردستانی عێراقی خاوەنی دوو حکومەت و ئیدارە بوو (#سلێمانی#) لەلایەک و (هەولێر و دهۆک) لەلایەکی دیکەوە.
ئەم پڕۆژەیە هەرزوو لەلایەن (سەرۆک مەسعود بارزانی) رەتکرایەوە و زۆر بە توندی دژی وەستایەوە، ئەمەش پاش ئەوەی له رێکەوتی (4/1/2004) پۆل بریمەر سەردانی (هەولێر)ی کرد و ئه و پێشنیازەی کرد، بەڵام هەڵوێستی (سەرۆک بارزانی) روون بوو هەر لەسەرەتاوە رەتیکردەوە و پێی وابوو کورد ماوەی (12) ساڵە حکومڕانی خۆی دەکات و لە ئێستادا چەند ناوچەیەکی کوردستانی تازە ئازاد کراون، پێویستە بگەڕێنەوە باوەشی هەرێمی کوردستان کە بریتیبوون لە (کەرکووک و خانەقین و دوز#خورماتوو# و داقووق و جەلەولا و مەخموور و شێخان و شەنگال)، نەک هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە دابەش بکرێت.
لەدوای پڕۆسەى ئازادى عێراق ساڵى (2003):
بابەتى (فیدراڵى) لەنێو شەقامى عێراقى بە پڕۆژەیەکى (ئەمەریکى) دەناسرا، کە هەوڵێکە بۆ دابەشکردنى عێراق، ئەوەش لاوازى بیرکردنەوەى چینى سیاسی و ئەکادیمى شەقامى عێراقى پیشان دەدا، چونکە ئەوە لەبیرکرا ئەم بابەتە رەهەندێکى مێژوویی هەیە، لە شەستەکانیش بگرە لە بیستەکانى سەدەى رابردوو لەسەر ئاستى پارێزگا خراوەتە بەرباس و وەک چارەسەرێکى بنەڕەتى بۆ کێشەى جیاوازى (نەتەوەیی و مەزهەبی و ئایینى) لەم وڵاتە، بەڵام بە میکانزمى جیاجیا دیاریکراوە.
ئەوەى جێگەى هەڵوەستەکردنە بابەتى فیدراڵى لە رابردوودا تەنیا وابەستەکرابوو بە نەتەوەى (کورد)، کە داوایەکى مێژوویی ئەم نەتەوەیە بووە، بەڵام بە رۆیشتنى کات ئەوە دەرکەوت لەناو هەموو پێکهاتەکانى عێراق و بگرە پارێزگاکانى دیکەى عێراقیش کە (فیدراڵى) تاکە چارەسەرە بۆ کێشەکانى ئەم وڵاتە، چونکە پێکهاتەکان بۆیان دەرکەوت، کە (هەرێمى کوردستان) لە هەموو بوارێکەوە پیشکەوتنى بەرچاوى بینیوە لە رووى (ئاوەدانى و وەبەرهێنان و نزمى ئاستى هەژارى و بێکارى و سەقامگیرى ئەمنى و ئاسایش).
لەبەرامبەردا پارێزگاکانى باشوورى عێراق، کە دەوڵەمەندن بە کۆمەڵێک سامانى کانزایی و بە شادەمارى ئابوورى ئەو وڵاتە دادەنرێت، کەچى رێژەى هەژارى لەپارێزگاى (موسەننا) بەپلەى یەکەم دێت بە رێژەى (52%) و پارێزگاى دیوانیە بە رێژەى (48%) و پارێزگاى (میسان) بە رێژەى (45%) و پارێزگاى (زىقار) بە رێژەى (44%) لە کۆى دانیشتوان پارێزگاکەن.
لە ئێستادا شیعەکانى لە پارێزگاى (بەسرە) و سوننەکانیش لە پارێزگاى (ئەنبار) کە چ لەسەر ئاستى سیاسی و چ لەسەر ئاستى جەماوەرییەوە بابەتى (فیدراڵى و بەهەرێمبوون) بووەتە بابەتێکى گەوهەریی، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت عێراق چیتر بەو شێوەیە بەڕێوەنابرێت و خەڵک گەیشتووەتە ئەو قەناعەتە کە ماوەى (100) ساڵە جگە لەنەهامەتى و شەڕ و ماڵوێرانى و ئاوارەبوون چیتریان نەبینیووە.
بۆیە لەئیستادا بابەتى (فیدراڵى) لەداوایەکى سیاسی بووەتە داوایەکى جەماوەرى شەقامی عێراقى، چونکە هەموو نیشاندەرەکان ئەوەمان پێدەڵێن درێژەپێدانى سیاسەتى یەکتر قەبووڵنەکردن و رەشکردنەوەى یەکتر تا سەر نابێ و لەسەر ئەرزى واقیعیش ئەوە بە روونى دیارە لە نێو دەسەڵاتدارانى عێراق. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=