ناو: یوسف
نازناو: مەرزانی
ناوی باوک: سابیر
ساڵی لەدایکبوون: 1961
شوێنی لەدایکبوون: #هەولێر#
ڕێکەوتی کۆچی دوایی: #11-11-2020#
شوێنی کۆچی دوایی: تورکیا
$ژیاننامە$
ناوی تەواو: دکتۆر (یوسف سابیر عومەر) مەرزانی
لە گوندی (#یەدی قزلەر#ی مەرزان) سەربە شارەدێی #شەمامک#ی پارێزگای هەولێر لە خێزانێکی هەژار و نیشتمانپەروەر لە ساڵی 1961ی زایینی لەدایک بووە.
باوکی دکتۆر یوسف، هەستێکی نیشتمانپەروەریی بەهێزی هەبووە لە دەستەی باڵای ئەنجوومەنی چالاکوانانی کرێکاران و جووتیارانی ڕاپەریوی ساڵانی پەنجاکاندا بووە، لە هەمان کاتدا هانی هەموو خەڵکی دەدا بە تایبەتیی خەڵکی گوندەکەی خۆیان تا منداڵەکانیان بنێرنە بەر خوێندن بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو وشیار و تێگەیشتوو بن. گوندەکەشیان گوندێکی نموونەیی دەرچوو کە چەندان پزیشک و ئەندازیار و پارێزەر و مامۆستا و دەیان فەرمانبەر و کادیری شارەزای لە گەلێک بواری جۆراوجۆری تێدا هەڵکەوت.
دکتۆر یوسف لەناو ئەو چوارچێوە هۆشیارەدا پەروەردە بوو. لە یەکەم هەنگاوی خوێندنی خۆیدا چووەتە قوتابخانەی سەرەتایی هەر لە گوندی یەدی قزلەر و ئەو قۆناغەی بە سەکەوتوویی تێپەڕاند، بەڵام بۆ خوێندنی ناوەندی ڕووی کردووەتە گوندی (#گردعازەبان#) لەبەر ئەوەی لە گوندەکەی خۆیدا قوتابخانەی ناوەندی نەبوو، دوای تەواوکردنی ئەم قۆناغەش بەسەرکەوتوویی ڕووی کردووەتە شاری هەولێر بۆ تەواو کردنی قۆناغی خوێندنی ئامادەیی لە بەشی زانستی لە قوتابخانەی (ئامادەیی ئازادیی) دا کە زیاتر دەوڵەمەندەکانی ئەو کاتەی گەڕەکی ئازادی دەچوونە ئەو قوتابخانەیە.
هەرچەندە دکتۆر لە خێزانێکی هەژاریش بوو بەڵام بەهۆی لێهاتوویی و زیرەکی خۆیەوە لە ئامادەیی ئازادی وەرگیرا، دوای بەدەستهێنانی نمرەیەکی زۆر باشی پۆلی شەشەمی زانستی لە کۆلیژی پزیشکی (زانکۆی #موسڵ#) وەرگیراوە و ڕووی لەو شارە کرد بۆ تەواوکردنی خوێندن. سەرەڕای چەندین گیروگرفت و ڕێگایەکی دوور لە ساڵەکانی خوێندنی کۆلیژ و بەهۆی ئەوەی کە نەدەچووە ژێر باری فشارەکانی ئەو کاتەی #ڕژێمی بەعس#ەوە، ساڵی 1987ی زایینی لە خوێندن دوورخرایەوە بەڵام بۆ ساڵی دواتر بە لێبووردنی گشتی گەڕایەوە بەر خوێندنی پزیشکی و سەرکەوتووانە کۆلیژەکەی تەواو کرد.
دکتۆر یوسف لە ژیانیدا کەسێکی نیشتمانپەروەر بووە و ئاشقی گەل و خاکەکەی بوو. بەهۆی هەڵوێستە نیشتمانپەروەریەکانییەوە گەلێک جار تووشی مەترسیی هاتووە و ژیانی کەوتووەتە ترسەوە. یەکێک بوو لەو کەسانەی کە بە ئیمزای سەرۆکی دیکتاتۆری ئەو کاتی ڕژێمی بەعس (#سەدام حسێن#) فەرمانی لەسێدارەدانی دەرچوو.
ئەو هەمیشە کەسێکی ڕاستگۆ بووە لەگەڵ نیشتمان و کارەکەی و هاوکارانیدا، دۆستی هەژار و لێقەوماوان بووە و هەمیشە پاڵپشتی دەکردن، ئەوەی لە توانایدا هەبووایە هەرگیز کەمتەرخەمی نەکردووە بۆ هاوکاریکردنیان لەبەر ئەوەی خۆی لە منداڵییەوە تامی سەختی و هەژاری ژیانی چەشتبوو و بە باشی لە هەستی ئەوان دەگەیشت، تەنانەت خەڵک لە دوای ئەو کۆچە کتوپڕ و ناکاوەی، بە باوکی هەژاران ناویان دەهێنا.
ئەو جگە لە پیشەی دکتۆری چەندین کاری تری کردووە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان لەوانە: شۆفێری ئۆتۆمبێلی گەورە، دارتاشی، جووتیاری و لە چەندین بواردا بەهرە و شارەزایی هەبووە وەک ئەندازیاری، سیاسەت، نیشانەشکێنی، بیرۆکە و پڕۆژەی کاری بازرگانی. دەستێکی باڵاشی هەبوو لە نووسین و ئەدەبدا.
ئەو خۆشەویستییەکی زۆری هەبوو بۆ فۆلکلۆر و ڕەسەنایەتی کوردی یەکێک بوو لە شەیدایانی دەنگی مامۆستا (#محەمەدی ماملێ#).
کەسێکی بەهرەدار بوو لە بواری نووسیندا و دۆستی گەلێ لە نووسەر و شاعیران بوو. لە ژیانی خۆیدا خاوەنی دوو نامیلکەی هۆنراوەبووە:
یەکەم بە ناونیشانی ( مەرگ و خۆشەویستی)
دووەمیان بە ناونیشانی ( باخچەی پەپوولەکان) کە بریتییە لە کۆمەڵێک هۆنراوەی ئامۆژگاری و بەسوود بۆ منداڵان لەبەر ئەوی ئەو هەمیشە باوەڕی وابوو کە دەبێت منداڵان بەجوانی و درووستی پەروەردە بکرێن و ئەوان نەوەی دواڕۆژن و هەر ئەوانن لە داهاتوودا وڵات بەرەو پێشکەوتن دەبەن.
کەسێکی کۆمەڵایەتی بووە، خزم و دۆستەکانی زۆر خۆشدەویست و ئەوەی لەتوانایدا هەبووایە پێشکەشی دەکردن. پەیوەندی دۆستانەی بەهێزی هەبوو لەگەڵ زۆربەی لایەن و سەرکردە سیاسییەکانی ناوچەکەدا، پێگە و جێگەی تایبەتیی هەبوو لە ناویاندا، یەکێک لە خەونە مەزنەکانی بینینی کوردستان بوو کە ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆو ئاڵاکەی بشەکێتەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
دکتۆر یوسف مەرزانی چەندین پۆستی حکومی و سەربازی و سیاسی گرنگی ڕەت کردووەتەوە بەهۆی خۆشەویستی بۆ کارەکی و خزمەتکردنی خەڵک و هەژار و کەسی شارەکەی.
لە ژیانیدا کەسێکی داهێنەر بووە و خاوەنی چەندین داهێنان و بیرۆکە و دامەزراندن بوو لەوانە دانانی سیستەمی پشکداری بۆ درووستکردن و بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەی تایبەت و دامەزراندن و کردنەوەی بەشی ڕاوێژکاری (قورگ و لووت و گوێ) لە نەخۆشخانەی کۆماری، هەروەها دامەزرێنەر و خاوەن بیرۆکەی نەخۆشخانەی (سەردەم)ی تایبەتە کە یەکەم نەخۆشخانەی تایبەت بوو لەسەر شێوەی بینای نەخۆشخانەی تایبەت درووستکرا، و داهێنەری بیرۆکەی نەشتەرگەری نیوە تایبەت (semi private) بووە، کە هەموو ڕۆژانی پێنجشەممەیەک بە نیوەی نرخ نەشتەرگەری تایبەتیی دەکرد و لەم ڕێگەیەوە خەڵکێکی زۆر لە چینی هەژاران سوودمەند دەبوون.
بەوە ناسراو بوو کە کەسێکی دڵپاک و گەشبین و سادە و دەم بە خەندە و بەوەفا و ڕاستگۆیە، هەمیشە خەندە و ئومێدی دەبەخشییەوە بە چواردەورەکەیدا و هەرگیز ڕقی هەڵنەدەگرت لە بەرانبەر هیچ کەسێکدا، هەمیشە بە خەندەوە وەڵامی دەدانەوە.
کەسێکی بووە لە بڕیارداندا هەمیشە لەسەرخۆ و چاونەترس بوو و کەسێکی یەکجار مرۆڤ دۆست و دۆستی ژینگە و ئاژەڵان بوو.
لە ڕێکەوتی #03-08-1990# ژیانی هاوسەریی لەگەڵ (حەیات خان)ی ئامۆزای پێکهێناوە.
باوکی 5 منداڵن کە هەموو منداڵ و نەوەکان خۆی، ناوی ڕەسەنی جوانی کوردی هەڵبژاردووە.
هەمیشە هانی خەڵکی دەدا کە ناوی نوێی کوردی لە منداڵانی خۆیان بنێن.
منداڵەکانی ڕەوانشاد:
1.ڕەنج لەدایکبووی 1992 و دەرچووی کۆلێژی یاسا و ڕامیارییە، خێزاندارە و خاوەنی دوو کچە بە ناوەکانی (لان و لەنوێ)
2.ڕەوا لەدایکبووی 1993 و دەرچووی کۆلێژی پزیشکی ددانە ، خێزاندارە و خاوەنی کچێک و کوڕێکە بە ناوی (شەن و مەند).
3.ڕێژنە خان لەدایکبووی 1995 و دەرچووی کۆلێژی شیکاری نەخۆشییەکانە، خێزاندارە و خاوەنی دوو کچە بە ناوەکانی (هات و هەڵات)
4.ڕێدڵ لەدایکبووی ساڵی 2001 و لە کۆلێژی دەرمانسازی قۆناغی پێنجەمە دەخوێنێت (2025).
5.ڕێک خان لە دایک بووی 2008 و لە پۆلی 10 ئامادەی دەخوێنێت. (2025)
ئەوکات بنەماڵەکەی هەموویان تووشی ڤایرۆسی نەگریسی کۆڕۆنا بوون. ئەوەش بووە هۆی کۆچی دوایی لە ڕێکەوتی #11-11-2020# لە تەمەنی 59 ساڵی دا بەهۆی ڤایرۆسی نەگریسی کۆڕۆنا و جەڵتەی دڵ، دڵە گەورەکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت و چاوە پڕئومێدەکانی لێکنا و ڕۆحە پاکەکەی بەرەو ئاسمان فڕی و گەڕایەوە لای یەزدانی پاک و بۆ هەتاهەتایە شاری هەولێر ئەستێرەیەکی گەشی لێ ئاوا بوو. [1]