سیپان ڕۆژهەڵاتی
موختاری گوندی ڕەشاڤە لە ئامێدی دەڵێت: ناوچەی ئێمە بووەتە ناوچەیەکی سەربازی.
ئەمڕۆ (شەممە، #18-01-2025# ) تاهیر ڕەشاڤەیی، موختاری گوندی ڕەشاڤە لە ئامێدی، لە کاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی ڕووداو وتی، ناوچەی ئێمە بووەتە ناوچەیەکی سەربازی، بەڵام لە 4 بۆ 5 مانگ بەر لە ئێستا، بارودۆخی ناوچەکەمان خراپتربووە و بۆردوومان و شەڕ هەیە و خەڵک ناتوانن بەئاسانی هاتوچۆ بکەن.
تاهیر ڕەشاڤەیی وتی، فڕۆکە و درۆن زۆرترین هەڕەشەیان لەسەر گوندەکانی کانێ، دێرێ، سگێرێ، سەرگەلێ، بەلاڤە، گوهەرزێ، ڕەشاڤە تاوەکوو دێرەلووک، گوندەکانی مژێ، کەونەمژێ و گرگاشێ لە ناوچەی بەری گارە و نهێل درووستکردووە و خەڵک ناوێرن بڕۆنە دەرەوە و 10 مەتر لە ڕێگەی سەرەکی دوور بکەونەوە.
بە وتەی موختاری ڕەشاڤە، گوللە و پاشماوەی تۆپ و درۆن دەکەونە نێو گوندەکان و خانووی خەڵک؛ مەترسییان لەسەر ژیانی هاونیشتمانییان درووستکردووە.
تاهیر ڕەشاڤەیی ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە زیاتر لە 40 کەسی ناوچەکەمان بریندار بوون، خەڵک ناوێرن بڕۆنە سەیرانگەکان و لەسەر ڕێگە سەرەکییەکان هاتوچۆ بکەن.
ڕۆژی هەینی، #17-1-2025# ، کارزان مەھدی، ھاونیشتمانییەکی شارەدێی دێرەلووک بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی گوت، لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی درۆنێک، گەنجێکی شارەدێکە بە ناوی وەھبی سادق، تەمەن 25 ساڵان برینداربوو لە بارەی بارودۆخی ئەو بریندارەوە، تاهیر ڕەشاڤەیی دەڵێت: لە نەخۆشخانەیەکی دهۆکە و بارودۆخی باشە.
موختاری ڕەشاڤە دەڵێت: جووتیارانی نزیکەی 40 بۆ 50 گوندی ناوچەی دێرەلووک کە دەکەونە سەر ڕێگەی سەرەکی، بەهۆی مەترسی بۆردوومانەکانەوە ناتوانن کاری کشتووکاڵ و بەخێوکردنی مەڕوماڵات و هەنگەوانی بکەن.
کامەران عوسمان ئەندامی ڕێکخراوی CPT کە ئامارەکانی شەڕ کۆدەکاتەوە و دەیانکاتە بەڵگە، لەبارەی زیانەکانی شەڕ لە پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی وت لە ساڵی 2024 بەهۆی بۆردوومانەکانەوە 18 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و 5 کەسی دیکەش بریندار بوون، 11 گوندیش چۆڵکراون. [1]