ناونیشانی بابەت: تووندوتیژیی ئایدۆلۆژیک و یاسایی دژی ژنان
ناوی نووسەر: #سپێدە ساڵحی#
“بەبۆنەی ڕۆژی تووندوتیژیی دژی ژنان”
یادکردنەوەی بۆنەکان، بەتایبەتی ئه و بۆنانەی کە پەیوەستن بە ژنان و دۆخی ژنان لە کۆمەڵگای ئێمەدا هاوکاتە لەگەل کوشتن و دەسدرێژیی سێکسی و، کوشتن لەسەر شەرەف و دەیان ڕووداوی کارەساتاویی دیکە کە تاکوو ئێستە نە سیستەمی پەروەردە توانیویەتی ڕوانگەیەکی ئەمین و مرۆیی بەنیسبەت ژنانەوە لە ناخی تاکەکان و هەناوی کۆمەڵ گستگیر بکات و نە یاساکانیش توانیویانە ڕیگر بن لە بەردەم هاوکێشەکانی وەکوو سوڵحی حەشایری، کە دیسانەوە چەواساندنەوە و بنپێکردنی هەرجۆرە مافێکی ڕەوا و دادپەروەرانەی ژنانە وەکوو مرۆڤ. هەر لەم ڕۆژانە بەهۆی دەسدرێژیی سێکسی و خستنەخواروەی کچێک لە بینایەکدا کچەکە تا لیواری مردن ڕؤشت، بەڵام له و لاشەوە بە بڕێک پارە و سوڵحی عەشایەری ئەم کردەوە دژە کۆمەڵایەتی و دژە ژنانەیە دیسانەوە کپ کرایەوە و ئەمەی بە گوێمان دا کە ئێمە هێشتا لە ڕووی ئەم بابەتەوە پێشنەکەوتووین و یاساکان و سیستەمی دادوەریش نەیتوانیوە وەکوو پێویست وەها ڕەواییەکی گستی و ڕاستەقینە بەدەست بهێنیت کە چارەنووسی ژنان وەکوو مرۆڤ بە ئاسانی لە گێژەنی بەها نەریتی و عەشایەرییەکاندا نەخنکێت، هاوکات بوونی بۆنەکانی تایبەت بە ژنان لەگەڵ ئەم کارەساتانە بیرخەرەوە شکستی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکانە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم مژارەدا، شکستێک کە دەبێت بپرسین ئایا بەرهەمهێنەری ڕابوون و گۆڕانکاری و ڕاچڵەکانی نوێ بۆ نەخشاندنی ئاسۆیەکی ڕوون هەیە یان نا؟
ماوەیەک پێش ئێستا ئامارێک لە ئێراق بڵاو کرایەوە کە تێیدا هاتبوو لە ماوەی سێ مانگدا 1896 پیاو لە ئێراق ژنی دووهەمیان هێناوە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی ئێراق دەڵێت: یەکێک لە هۆکارەکان ئارەزووی پیاوانە بۆ ژنهێنان بە تایبەت لە دوای باشبوونی دۆخی ئابوورییان. ئاخێزگەی ئەم کردەوەیە یەک ڕەهەندی نییه، بەڵام بە گشتی لە ناو پێکهاتێکی کۆمەڵایەتی و کولتووریدا ڕوو دەدات کە نەرێتی و ئایدۆلۆژیکە و ژن وەکوو ئامراز و ئوبژە پێناسە دەکات و ڕۆحی ئەم جۆرە تێڕوانینەش لە قودسییەت تەوەری و پیرۆزاندنی ئه و بەهایانەیە کە ژن خۆی هیچ ڕۆڵێکی لە بەرهەمهێنانیدا نەبووە و نییە، بەڵکوو تەنها لە سۆنگە و ڕێگەی ئەوەوە خەرمانە و ناوەندێکی قودسی و پیرۆز پێناسە کراوە و ژن دەبێت بە جۆرێک لە جۆرەکان باجەکە و تێچووەکەی بدات. ڕاستییەکی تاڵ کە لە کۆمەڵگا نەرێتی و کۆنباوەکاندا هەیە جۆە نەخوێندەوارییەکی ئاڵۆزە کە جیاوازە لە شارەزایی لە نووسین و خوێندنەوە و خیتابدان و هەڵویست دەربڕین، ئەم نەخوێندەوارییە بەر لە هەر شتێک پەیوەندی بە تێفکرین و تێنەفکرین یان بیرکردنەوە و بیرنەکردنەوەوە هەیە، لە سەردەمی پێش مۆدێڕنەی نیوە و ناتەواو و خوار و خێچی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتدا خوێندەواری زیاتر و بە مانا گشتییەکەی ئه و کەسەی دەگرتەوە کە بتوانێت نووسینی سەر کاغەزێکی ئیداری یان تابلۆیەکی ناو شار بخوێنێتەوە و بە مانا تایبەتییەکەشی به و مەلا و شێخ و میرزایانەش دەگوترا کە کاروباری ئایینی و میریی لە ڕێگەی نووسین و خوێندنەوەوە ڕادەپەڕێنن، ئەمە ئەگەرچی ئاستێک لە خوێنەوارییه، بەڵام خوێنەوارییەکی کاربەڕێکەر و نابەرهەمهێنەرە، خوێنەواری کاتێک مانای ڕاستەقینەی خۆی وەردەگرێت کە بکەوێتە ململانێی گوتار و تێفکرینەوە و کەسی خوێنەر لەگەڵ ئه و گوزارە و حوکم و بڕیارانەی کە لەسەر کۆمەڵگا و بەهۆی کتێبە ئایینی یان غەیری ئایینییەکانەوە تەتبیق دەکرێت بکەوێتە کێشمەکێشێکی فیکری و دەروونییەوه، تاکوو لە ئاستی کەسێکی بەرکار و ئۆبژە دەربچێت و ببێتە بە سووژە و بکەرێکی خاوەن پرسیار و بتوانێت پرسیاری بۆچی لە هەمبەر ئه و بڕیار و کردە و هەڵسوکەوتانە دانێت کە پەیوەستن بە چارەنووسی ئەوەوە.
خوێندنەوە بنیاتنەرانە و بەرهەمهێنەرانە بنەما و ڕێڕەوی وشیاری و تێفکرین و تێگەیشتنە له و یاسا و بڕیار و حوکمانەی کە بە سەر تاکەکانی کۆمەڵگادا پراکتیزە دەکرێت، لە قۆناغی ئێستە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی موسڵماندا و لەوانەش کۆمەڵگای کوردی دیاردەی فرەژنی پاڵپشتییەکی ئایینی و شەرعی هەیە و ئەمەش بەر لە هەر شتێک خوێندنەوەیەکی نابەرهەمهێن دێنێتییە کایەوە، جومگەکانی خوێندنەوەی نسوس و دەقە دینییە پیرۆزەکان بە ئاڕاستەیەکی پیاوسالارانە و کۆنباودا دەڕۆن کە خواست و دونیای سەربەخۆ و جیاواز و سایکۆلۆژییەتی ژن نەدیو دەگرن و بە کۆمەڵێک پاساوی شەرعی و کۆمەڵایەتیی نەرێتی و مێژوویی دەیبەستنەوه.
ئەمە لە کاتێکدایە خودی ئەم پرۆسەی داگیرکردنەی ژن و بە ئامرازکردنی بۆ پیاو بەشێکی لە ناو هاوکێشەیەکی ئابوورییەوە هەڵدەخێزێت. واتە ئەگەر ژن لە ناو هاوکێشەیەکی ئابووریدا بێت کە بتوانێت سەربەخۆیی خۆی لە بەڕێوەبردنی ژیاندا وەرگرێت و بژاردە و ڕێبازی ژیانی خۆی دیاری بکات نابێت بە ئۆبژە و ئامرازی دونیای پیاوسالارانه، بەڵام ئەمە بە تەنها گەرەنتیکەری ئەوە نییە کە نەکەوێتە ئه و داوەوە بەڵکوو لەپاڵ ئەوەشدا وشیاری و تێگەیشتن و خوێندەواری بەرهەمهێنەرانە پێویستە، یەکێک له و ڕووبەر و دەق و پانتایانەی کە دەبێ سەرنجی بدرێتێ دەق و نسووسە پیرۆزەکانە کە دەشێت لەم ڕێڕەوە بچینە ناویان کە هەڵگری ڕاڤە و تفسیری جوداوازن بەتایبەتی ئەوەی کە لەسەردەمێکی زۆر دوور لە ئێستا و جیاوازتر لەم جیهانەی ئێستادا بەرهەم هاتوون. مەکینەی بەرهەمهێنانی شەرح و تەفسیری دەقە دینییەکان وەکوو زۆرێک لە جومگەکانی ناو کۆمەڵگا و پێکهاتی کەلتووریی ئێمە بە ڕەق و تەقی ئیش دەکات و ئەوەی بەرهەمی دێنێت ماوەی بەسەر چووە و بۆ سەردەمی ئێستە ناشێت و گونجاو نییە، ئێمە لێرەدا باسی خوێندنەوە و تەفسیر و ڕاڤە و شەرحێک دەکەین کە هەندێک تریبۆن و لایەن لە گوتاری ئایینیدا بەرهەمی دێنن و جگە له و شەرح و تەفسیرەی خۆیان باقی ڕەت دەکەنەوە، تاکوو کۆمەڵگای کوردی و گوتاری نەرێتیی ئایینی کوردی نەگات بەم قەناعەتە کە جیهان تەنها لە یەک گۆشەوە نابینرێت و گوڵ تەنها یەک ڕەنگ و بۆنی نییە و درکیش بە هەمان شێوە، ئەوا ئێمە لە ناو هەندێ بڕیار و هەڵسوکەوت و کردەی کۆمەڵایەتیدا دەژین کە بەر لەوەی مایەی تێڕامان بن زیاتر تراژیک و کارەساتبارن لە عەینی ئەوەی کە هەڵگری لایەنی کۆمیک و پێکەنیناویشن.
بەپێی ئامارە بەردەستەکان ڕێژەی پیاوان لە ژنان لە وڵاتێکی وەکوو ئێراقدا زیاترە ئەگەر پیاوەکان لە ناو نەریتی پیاوسالاری و خێڵەکیدا هەر یەکه و چەند ژن بهێنن (دیارە زیاتر پیاوانی ئایینی و خێڵەکی و دەستڕۆیشتوو دەگرێتەوە) ئەوا بەشێکی زۆر لە گەنجان لە ڕووی ئامار و ژمارەوە ژنیان بۆ نامێنێتەوە و هەر ئەمە دەتوانێت ئاڕاستەیەک بەره و بێ ئەخلاقی و خەیانەتی خێزانی و بەدڕەوشتی بکاتەوە و لە کۆمەڵگاشدا ئەمانە شتانێکی سەیر و سەمەرە نین و وەکوو دیاردە لە کۆمەڵناسیدا چاویان لێ دەکرێت کە دەشێت هۆکارەکانی سەرهەڵدانیان دیاری بکرێت و پێشیان پێ بگیرێت. ئه و ئایەتانەی کە پەیوەستن بەم باسەوە و گوتاریی دینیی نەرێتی و پیاوسالار و کۆنباو لەسەری هەڵوێستە ناکات ئایەتەکانی “سورەتی نیساء” وەکوو ئایەتی 3 و 129ی هەمان سوڕەت و ئایەتی 3-4ی سوڕەتی ئەلماعوونە. “یوونس ڕاوی” وەکوو توێژەری فەلسەفە و بیری دینی ئەمە بە لەتکردن و قرتاندنی ئایەتەکان ناو دەبات و دەڵێت فرەژنی لە ئیسلامدا ڕێگەپێدراو نییە ئەم بیرمەندە نوێیەی نێو گوتاری مۆدێڕنی دینی دەڵێت:-
قورئان دەفەرمووێت ” و ان خفتم الا تقسطوا فی الیتامی فانکحوا ما طاب لکم من النساء مثنی و ثلاث و رباع فان خفتم الا تعدلوا فواحدة” سوڕەتی النساء ئایەتی 3. واتە گەر ترسان دادپەروەریی نەنوێنن لە نێو هەتیواندا ئەوا دەتوانن ژن بێنن دووان و سیان و چوار، وەلێ ئەگەر ترسان دادپەرەوەر نەبن ئەوا تەنها یەک ژن بهێنن”. کەواتە بەپێی ئەم ئایەتە بێت فرەژنیی بەستراوەتە بە مەرج و چەمکێکی سەخت و ئاڵۆزەوە کە ئەویش دادپەروەرییە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دادپەرەوەریی لە هەموو ڕوو و ڕەهەند و ئاستەکانییەوە بە ڕاستی دەکرێت؟ ئەگەر “و مثقال ذرة خیر یرە و مثقال دڕة شرە یرە” شمان لەبەرچاو بێت ئه و پیاوەی کە بە ئاوەها نیاز و پاساوێکەوە ژن دێنێت لە تۆزێک لادان له و دادپەروەرییە کە بە میسقال حسیبی بۆ دەکرێت و پێوانە دەکرێت ناترسێت؟ بۆیە وەکوو ڕاوی لە شیکارییەکەیدا دەیڵێت؛ قورئان لە هەمان سوڕەتی النساء و لە ئایەتی 129دا دەفەرمووێت ” ولن تستطیعوا ان تعدلوا بین النساء و لو عرصتم” واتە قەت ناتوانن دادپەرەوەر بن لە نێو ژناندا ئەگەر خۆر مکوڕیش بن. کەوایە قورئان ئه و مەرجەی بۆ فرەژنی دایناوە پووچەڵی دەکاتەوە بەوەی کە پیاو قەت ناتوانێت دادپەروەر بێت. سا گرفتی گەورەی موفەسیر و موحەدیس و کاهینەکان ئەوەیە تەنیا ئایەتی یەکەم دەهێننەوە ئەی ئایەتی دووەم چی لێ بکەین؟ بۆیە لەبەر شەهوەتی خۆیان و گوتاری پیاوسالارنە تەنها ئایەت لەت دەکەن، سزای خودا بۆ ئەم کارەیان دەبێت چی بێت؟
ئه و تەفسیر و ڕاڤە پیاوسالار و پیرۆزتەوەر و نەرێتییە لە دەقەکان جیاواز لە فرەژنی، بەرهەمهێنەری دیاردەی کوشتن و قەتڵە نامووسییەکانیشە کە بەداخەوە لە کوردستاندا ئامارێکی سامناکی لێ تۆمار کراوە. تاکوو ئەم خوێندنەوە نەرێتی و تەفسیرە کۆنباوە لە دەق و نەسە دینییەکان لە ئارادا بن ڕووداوانی هاوشێوە و دیاردەگەلی فرەژنی و قەتڵ و کوشتنەکان لە سەر شەرەف بەردەوام دەبن و ئەمەش تەنها لایەنێکی هاوکێشەکەیە کە شوناس و کەسایەتی ژن دەکات بە ئامراز و دەیپلیشێنێتەوە لایەنی ئەودیوی ئەم دیاردە کۆنباو و پیاوسالارانەیە بەکاڵاکردن و بە بازاڕکردنی جەستەی ژنە کە لەگەڵ شەپۆلی سەرمایەداریدا دێت و ژن وەکوو ئامرازی سێکسی و ئامێری گەرمکردن و تینخستنە ناو بازاڕ بەکار دەهێنیت و بەهۆی ئەوەی کە جومگە سەرەکییەکانی هاوکێشەکانی سەرمایە و بازاڕیش لە دەستی پیاواندان ژنان بە ئاسانی دەکرێنە قوربانی و بە داخەوە ئەمەش دیاردەیەکی جیهانی و گشگیرە بەڵام لە کوردستاندا گۆڕمەنی و لایەنی دژوازی خۆی هەیە لە عەینی ئەوەی کە کوردستان بە گشتی وڵاتێکی موسڵمانە و ڕوانینی بۆ جەستەی ژن بە باوەڕە شەرعی و سونەتییەکان گەمارۆ دراوە، بەڵام ڕیژەیەکی زۆر لە بەئامرازکردن و بە بازاڕیکردنی جەستەی ژن و بەرهەمهێنانی خەیاڵە سیکسییەکان هەیە کە ئەمەش مەترسییەکانی سەر تەندروستیی گشتیی کۆمەڵگامان زیاتر پیشان دەدەن و دەبێت بە پلان و ئەندازیاریی کۆمەڵایەتی و چالاکیی کولتووری و دروستکردنی هەلی کار بە شێوەی تەندروست بۆ ژنان و ڕێزگرتن لە فەزای تاکەکەسییان تێپەڕێنرێت ئەگینا کەسایەتی و بوون و سووژەی ژن لە ناو کایە و شەهوەتی پیاوسالارانە لە ڕێگەی تەفسیری کۆنباو و نەرێتی دەقەکان و بازرگانییەکی ڕەشۆداماڵراو و مافیاییانەدا وردوخاش دەبێت و ئەوەی لەناو دەچێت گەورەترین سەرمایەی مەعنەوی مرۆڤ واتە خۆشەویستی و ڕێز و کەرامەتی ژن و یار و دایک و نەوەکانی داهاتووە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=