ئەمە کە دەیبینن، بنەماڵەی #کۆچەر بیرکار#ن، یەک لە بەناوبانگترین زانایانی بواری بیرکاری (ڕیازی)ی جیهان، براوەی خەڵاتی فیڵدز (مەزنترین خەڵاتی بیرکاریی جیهان) و ئێستا 2025 پڕۆفیسۆری وانەبێژ و لێکۆڵەرە لە زانکۆ گەورەکانی جیهان. لەم ڤیدیۆیەدا بە بۆنەی فستیڤاڵێکی فەرهەنگیی زانکۆی شینهوای چینەوە (بەرزترین زانکۆی وڵاتی چین و یەک لە پازدە زانکۆی مەزنی سەر ئاستی جیهان) خەریکن لەگەڵ هاوسەرەکەی و کوڕەکەی گۆرانییەکی کوردیی مامۆستا دیلان دەڵێنەوە. کەسێک لە گوندێکی #مەریوان#ەوە، کە ئێستا لە بەرزترین ئاستی زانستی جیهاندایە و نەک هەر نوێنەرایەتیی زانستی کوردی، بەڵکوو نوێنەری چاند و فەرهەنگ و زمانی کوردیشە. کەسێک کە منداڵەکەی لە دەرەوەی کوردستان لە دایک بووە، بەڵام فێری کوردیی کردووە، ناوی کوردیی لێ ناوە (زانکۆ) و جلی کوردیی کردووەتە بەر. کەسێک کە هاوسەرەکەشی کورد نییە (تایلەندییە و لە زانکۆ یەکتریان ناسیوە) بەڵام ڕێز لە زمان و فەرهەنگ و جلی کورد دەگرێ و لەم ئەرکەدا هاوشانێتی. ئەمە هەڵوێستی مرۆڤی ژیرە. ئەمە زمانپارێزی و خۆشەویستییە. ئێستا دەکرێت ئەمە لەگەڵ هەڵسوکەوتی ئەو هەزاران کەسە هەڵسەنگێنین کە لە کوردستانن، کەچی ناوی سەیروسەمەرە لە منداڵەکانیان دەنێن. شەرم دەکەن جلوبەرگی خۆیان بپۆشن. لە کوردستانیشن و هەر ڕۆژە و دەیان وشەی سەیروسەمەرە دێننە زمانەوە و سەقەت قسە دەکەن. هیچ ئەرک و ئامانجێکیان نییە و کاتیان یەک لە سەدی هیی لێکۆڵەرێکی وەک بیرکاریش گرینگ نییە، بەڵام دەڵێن دەرفەتمان نییە فێری نووسین و خوێندنەوەی زمانی خۆیان بن. یا دەڵێن کەڵکی چییە؟
لەوانەیە هەموومان نەتوانین وەک کۆچەر زانایەکی جیهانی بین، بەڵام خۆ دەکرێت هەموومان وا ژیر و ئاگا و بەسوود بین بۆ زمان و فەرهەنگی نەتەوەکەمان! کە تێ بگەین هەر کام ئەرکێکمان لەسەر شانە بۆ پاراستنی. ناکرێ؟ [1]