ئەمە و ئەوان
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
لە زەمانی مەدا ژیان نەوعەکی دی بوو، پێشتر باسی جیاوازییەکانی ئەو سەردەمە و ئێستام لۆ کردینە، بەران هەندەکجار ناچار دەبم دیسان بگەڕێمەوە سەر باسکردنی ئەو جیاوازییانە، چونکی بە ڕاستی ئەو زەمانی ئەمن باسی دەکەم زۆربەی خەرکی بە سەردەمی زێرینی دەناسێنن، خۆیشی لە ڕاستیدا وابوو، دەیان دەلیلتان لۆ دەهینمەوە کە سەردەمی مە سەردەمەکی زێرین بوو لە هەموو ڕویەکەوە. با لە خۆمانەوە دەست پێبکەم..
جیلی مە مەخسەدم جیلی شێست و حەفتایەکان، گەنجان بەسەر مەکتەبەی قرتاسییەکاندا دەگەڕان لۆ ئەوەی جوانترین قەلەم بکڕن، ئەمن بەخۆم عاشقی قەلەم پاندانی پارکەری 45 بووم، هەبوو حەزی لە پارکەری 21 بوو، هەبوو لە قەڵەمی شیڤەر، ئەوجا قڕتاسییەکان موسابەقەیان بوو تازەترین مۆدیلی ئەو قەڵەمانە بینن چونکی تەڵەبیاتی زۆریان لەسەر بوو، جیلی ئێستا لە دوای گەورەترین ڕامی مۆبایلەکەیتی لۆ ئەوەی ڕۆژانە ڕەسمی ئەو خواردن و سفرەی نانی سبەینان و نیوڕانان و ئێواران بگری و لەسەر پەیجەکەی خۆی لە فەیسبووکدا براوی بکاتەوە!.
لە زەمانی مەدا گەنج لە دوای دەرکەوتنی تازەترین کتێبی جان بۆل سارتەر و کۆڵن و یڵسن و کافکا و ئەلبیرت و مۆرافیا و ئەلبێر کامۆ و دۆستۆفیسکی وتۆلستۆی و کتێبەکانی تەها حسێن و عەباس عەقاد و نەجیب مەحفوز و ئیحسان عەبدولقەدوس و تازەترین شیعری مەحمود دەروێش و سەمیح قاسم و بەیاتی و مزەفەر نەواب بوون، ئێستا گەنجەکانمان لە دوای تازەترین بەرهەمی هێلى لەف و کریستال و لایفی ئەستێرە کەریم و شارۆ #هەولێر#ین، چاوەڕێن بزانن کەینێ خۆیان ڕووت دەکەنەوە!.
لە زەمانی مەدا ڕۆژانە جەریدەمان دەخیندەوە بزانین ئاخر ئەخباری شۆڕشەکەی گیڤارا گەیشتە کێندەرێ، ئەخباری کاسترۆ و دژایەتی ئەمریکا، ئەخباری ئەنجیلا دیفیزی ژنە شۆڕشگێڕە ڕەشپیستەکەی ئەمریکا، ئاخر ئەخباری پاڵەوانییەتی شۆڕشگێڕانی فێتنام و جەیشی سڕی ئێرلەندا گەیشتە کێ، ئێستا گەنجەکانمان لە دوای تازەترین ئەخباری هەیفا وەهبی و نانسی عەجرەم و مەڕوە و لۆکە و شەبنەم بارانین بزانن کام لە جلکەکانیان هەرای نایتەوە لە ئەنستگرامدا!.
لە زەمانی مەدا وێنەی گەنجانی فەڕەنسا لەسەر شەقامەکان لەعانی شۆڕشی قوتابییانی ساری 1968 دا در و دەروونمانی دەهەژاند، ئێستا ڕەسمی ستیانەکەی شاکیرا و سیلینا گۆمیز 214 هەزار کۆمینتی لەسەر دەنوسرێ لە سایتە کوردییەکاندا!.
لە زەمانی مەدا چایخانەکان مەڵبەندەکی ڕۆشنبیری گەورە بوون، گەنجان حەلقەیان دەبەست و موناقەشات لەسەر تازەترین بەرهەمی ئەدەبی و فیکری و سیاسی دەکرا، ئێستا لە چایخانەکان نیوەی گەنجەکانمان بەدەم نێرگەلە کێشانەوەوە چاویان لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنە بزانن کەینێ ڕۆناڵدۆ گۆڵەکەی دەکا و میسی جوابی چییە؟! نیوەکەی دیشیان موناقەشات لەسەر حەفری پرچەکانیان دەکەن بزانن هیی کامەیان قەشمەڕترە!.
لە زەمانی مەدا گەنجان بە بیری شۆڕشگێڕی و نەتەوەیی پەروەردە دەکران، ئێستا گەنجان زۆربەیان حەشیشە خۆرن، هەندەکیشیان حەبی ترامادۆل قووت دەدەن!.
لە زەمانی مەدا گەنجەکانمان بە حەیا و شەڕەف بوون، چاویان لە نامووسی کەس نەبوو، ئێستا گەنجەکانمان لە سناپ چات و ماسینجەردا هەزار حیزە فیعلی دەکەن لە شەواندا!.
لە زەمانی مەدا گەنجەکان سەفەری بەغدا و موسڵیان دەکرد لۆ کڕینی کتێب و دیوانە شیعری تازە، ئێستا گەنجان ڕوو لە بەیرووت و ئەستەنبۆل دەکەن لۆ ڕابواردن و سەردانی مەلهاکان!.
لە زەمانی مەدا تاجیرەکان بە ویژدان بوون لە خوای دەترسان، ئێستا تاجیرەکانمان ویژدانیان لەسەر حدودی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران و باشماخدا فڕێ دەدەن، لە حکوومەتیش ناترسێن کە ژەهری مار دەرخواردی میللەتەکەیان دەدەن!.
لە زەمانی مەدا کاسبکار دەستپاک بوون، سەنعەتکار دەستڕەنگین بوون، ئێستا کاسبکار خینی خەرکی دەمژی، سەنعەتکاریش خیانەت لە پیشەکەی دەکا!.
بە کوورت و کرمانجی، لە زەمانی مەدا ئەخلاق هەبوو، ئێستا ئەخلاق نەمایە.. دەوجا بزانن سەردەمی زێرین فەرقی چییە لەگەر سەردەمی زێراب.. [1]
باقی وەلسەلام...
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=