نالین حەسەن
بەڕێوەبەری گشتیی دەزگەی شەهیدان و قوربانیانی تیرۆر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ڕووداودا، باس لە ژمارەی شەهیدان لە ئێراق، ژمارەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، بریندار و پەککەوتەکانی قوربانی دەستی شەڕ و تیرۆر دەکات.
تاریق مەندەلاوی کە خۆیشی کوردی فەیلییە، ژمارەی شەهیدانی کوردی فەیلی لە دەزگەکەی باس دەکات و، دەڵێت زیاتر لە 16 هەزار و 350 شەهیدی کوردی فەیلی هەن و یەک لەسەر سێی شەهیدانی تاوانەکانی بەعس، کوردانی فەیلین.
سەبارەت بە هاوئاهەنگیی دەزگەکە لەگەڵ دەزگەی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، تاریق مەندەلاوی دەڵێت هەندێک ناکۆکی سیاسی هەبوون کە بوونە هۆکاری ئەوەی دانووستاندنی نێوان هەردوو دەزگەکە ڕاوەستن و بە ڕاستی دەبێت ئەمە چالاک بکرێت و بۆ هەموو ئێراقییەکان هەمان شایستەی دارایی هەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان.''
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
ڕووداو: ژمارەی کەسوکاری شەهید و زیندانیانی سیاسی کە لە دەزگەی شەهید لای ئێوە تۆمار کراون و مووچەیان هەیە، چەندە؟
تاریق مەندەلاوی: بە ناوی خوای گەورە، سوپاس بۆ ئێوە و سوپاس بۆ کەنالی ڕووداو بۆ ئەم دەرفەتە تا بتوانین لەبارەی پرسی شەهیدان قسە بکەین. سێ جۆری شەهید لە لای ئێمە هەن، کە لە دەزگەی شەهیدان تۆمار کراون، ئەوەش بە گوێرەی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2016. ئەوەی یەکەم، شەهیدانی تاوانەکانی حیزبی بەعسن، کە ژمارەیان زیاترە لە 60 هەزار شەهید و بەپێی داتا و بڕیارەکانی کۆمیتەی پێداچوونەوەی دەزگەی شەهیدانەوە تۆمار کراون. ئەمە جۆری یەکەمە. ئەوەی دووەم، شەهیدانی فەتوان، ئەوانەی خۆبەخش بوون، واتە شەهیدەکانی حەشدی شەعبی کە ژمارەی شەهیدانی تۆمارکراو لە لای ئەوان 10 هەزار و 131 شەهیدە. ئەمە بێجگە لە 29 هەزار بریندار کە بە پێی داتاکانی دەستەی حەشی شەعبی تۆمارکراون و ئەو ژمارانە لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەی حەشدی شەعبییەوە پشتڕاست کراونەتەوە. بەڕێوەبەرایەتییەکی دیکە هەیە بە ناوی بەڕێوەبەرایەتیی قوربانییانی ئۆپەراسیۆنەکانی شەڕ و هەڵە سەربازییەکان و ڕووداوە تیرۆریستییەکان، کە سێ جۆری شەهیدان لەخۆدەگرێت، شەهیدانی وەزارەتی ناوخۆ، کە ژمارەیان زیاتر 29 هەزار شەهیدە، شەهیدەکانی وەزارەتی بەرگری کە ژمارەیان 23 هەزار شەهیدە، هەروەها بریندارەکانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ. هەروەها شەهیدی فەرمانبەریش هەن، کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی سەر دامودەزگەی دەوڵەتدا شەهید بوونە و، ژمارەیان زیاترە لە 76 هەزار شەهید، هەروەها ژمارەیەک برینداریش هەن. جۆرێکی دیکەی شەهید هەیە بە ناوی شەهیدانی کەسەبە، کە داتای ئەوانە لە لایەن کۆمیتەکانەوە تۆمار دەکرێن و لە تەواوی ئێراقدا زیاتر لە 22 کۆمیتە هەن، دادوەرێک سەرۆکایەتی ئەم کۆمیتانە دەکات و نوێنەری لایەنە پەیوەندیدارەکانیش تێدان، وەکوو وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی داد و نوێنەری دەزگەی شەهیدان، هەروەها نوێنەری پارێزگا و نوێنەری وەزارەتی تەندرووستی. کۆمیتە لاوەکییەکان بە بڕیاری بەڕێوەبەر لە لایەن دەزگەی شەهیدان پێکدەهێنرێن. دواتر کۆمیتەکانی قەرەبووکردنەوە کە لە هەموو ئێراقدا هەن، لەگەڵ دەزگەی شەهیدان دۆسیەی ئەوانە پەسەند دەکەن و داتاکانی تایبەتیان تۆمار دەکەن، دواتریش ماف و شایستەکانیان دەدەن، ئەوەش بەپێی یاسای ژمارە 20ی ساڵی 2009.
ڕووداو: مووچەی مانگانەی هەر کەسوکارێکی شەهیدی دەستی تیرۆر چەندە؟ مووچەی هەموویان وەک یەکە، یان جیاوازە؟
تاریق مەندەلاوی: یاسای ژمارەی 2ی ساڵی 2016 کە دوو جۆر شەهید لەخۆدەگرێت، شەهیدانی تاوانەکانی حیزبی بەعس، شەهیدانی حەشدی شەعبی، هەروەها یاسای ژمارەی 20ی ساڵی 2009 و هەمووارکردنەکەی بە ژمارەی 57ی ساڵی 2015، هەموو مافی خانەنشینی بۆ هەموو شەهیدانی ئێراق وەکوو یەک لێهات. سێ بەرانبەری ئاستی هەرە کەمی مووچەی خانەنشینییە، کە دەکاتە یەک ملیۆن و 200 هەزار دیناری ئێراقی و دەدرێتە بنەماڵەی شەهیدان و لەسەر میراتگرەکان بەیەکسانی دابەش دەکرێت.
ڕووداو: ژمارەی بەندکراوانی سیاسی چەندە و مووچەیان چەندە؟
تاریق مەندەلاوی: بەڵێ، هەموو خێزانێکی شەهیدانی ئێراق هەموو مانگێک مووچەی خۆیان وەردەگرن. ئەو شەهیدانەی لە لای دەزگەی شەهیدان ناویان تۆمار کرابێت. دەزگەی شەهیدانی ئێراق ساڵی 2006 دامەزراوە، ئەوەش بەپێی مادەی 104ی دەستووری ئێراق، کە سەربە ئەنجوومەنی وەزیرانە و یەکەم یاساکەشی یاسای ژمارەی سێی ساڵی 2006 بوو، کە دواتر بە یاسای ژمارەی دووی ساڵی 2016 هەڵوەشێندرا و، بەرفراوان کرا و ئێستا زیاترین ژمارەی شەهیدان لەخۆدەگرێت. وەکوو شەهیدانی 63 و شەهیدانی فەتوا کە لەسەر داوای مەرجەعەوە چوونە نێو ڕیزەکانی حەشدی شەعبی، هەروەها شەهیدانی قوربانیی ئۆپەراسیۆنەکانی شەڕ و هەڵە سەربازییەکان و ڕووداوە تیرۆریستییەکان کە پێشتر سەربە ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە بوون. ئەمڕۆ لە دەزگەی شەهیدان، ناوی هەموو شەهیدان هەن، بێجگە لە شەهیدانی هەرێمی کوردستان، شەهیدانی هەر سێ پارێزگا، پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی. براکانمان لە هەرێمی کوردستان، یاسایەکی تایبەتیی خۆیان هەیە کە یاسای وەزارەتی شەهید و ئەنفالکراوانە.
ڕووداو: جگە لە مووچەی مانگانە چ ئیمتیازاتێکی دیکەیان هەیە وەک سولفە و شتی دیکە؟
تاریق مەندەلاوی: دەزگەیەکی تایبەتیی زیندانییە سیاسییەکان هەیە، کە یەکێکە لە دامەزراوەکانی دادپەروەری گواستراوە. ئەم دەزگەیە بەپێی مادەی 132ی دەستووری ئێراق دامەزراوە کە بەپێی ئەو مادەیە، دەوڵەت پابەندە بە بەخێوکردنی کەسوکاری شەهیدان، زیندانییە سیاسییەکان و زیانمەندانی کارەکانی دەسەڵاتی پێشووی ئێراق و ژمارەیەکی زۆری یاسایان دەرکردووە، بەتایبەتیی یاساکانی دادپەروەری گواستراو وەکوو یاسای دەزگەی شەهیدان، یاسای دەزگەی زیندانییە سیاسییەکان و یاسای ئەژمارکردنی دوورخراوانی سیاسی، هەروەها یاسای ژمارە 16ی ساڵی 2010 ، قەرەبووکردنەوەی زیانمەندان، یاسای وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و یاسای ژمارە 24ی ساڵی 2005 و یاسای ژمارەی 9ی ساڵی 2005ی تایبەت بەو کەسانەی گۆیچکەیان بڕاوەتەوە و هەموو ئەو تاوانانەی کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسەوە ئەنجام دراون. بەپێی دەستووری ئێراق، مادەی 132، دەوڵەت پابەندە بە قەرەبووکردنەوەی بنەماڵەکانی شەهید و برینداران، هەروەها یاسای ژمارەی 20ی ساڵی 2009. ئەم هەموو یاسایانە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی هەموو ئێراقییەکانە بەبێ جیاوازی. ساڵی 2017 لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی و لە ساڵی 2018دا، ئێمە دانووستاندنمان هەبوو لەگەڵ براکانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی یەک دەزگە هەبێت و یاساکەشی لە هەموو ئێراق جێبەجی بکرێت، چونکە بەپێی مادەی 14ی دەستووی ئێراق، ئێراقییەکان لە ماف و ئەرکدا یەکسانن.
ڕووداو: بۆ ئەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ کوردستان هەیە؟
تاریق مەندەلاوی: نەخێر، ئەوەی ڕاستی بێت، هەندێک ناکۆکی سیاسی هەبوون کە بوونە هۆکاری ئەوەی دانووستاندنی نێوان هەردوو دەزگەکە ڕاوەستن و بە ڕاستی دەبێت ئەمە چالاک بکرێت و بۆ هەموو ئێراقییەکان هەمان شایستەی دارایی هەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان، چونکە لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی دیکتاتۆریدا تووشی زۆر ئازار و نەهامەتی بوون، بەتایبەتیش براکانمان لە هەرێمی کوردستان تووشی ئازار و زیانێکی زۆر بوون، تووشی ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و چەند شاری دیکە بوون، براکانمان لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆمەڵکوژی بوون، کە بەپێی بڕیاری دادگەی نێودەوڵەتی تاوانەکان، ئەوە تاوانە، بۆیە ئێمە داوا دەکەین مافی یەکسان بۆ هەموو ئێراقییەکان هەبێت.
دەزگەی شەهیدان ئەو خێوەتەیە، کە هەموو ئێراقییەکان لەخۆدەگرێت، عەرەبی سوننە، شیعە لە باشوور و ناوەڕاست، هەروەها لە کەرکووک و نەینەوا و خانەقین، لەوانەش کوردانی فەیلی کە ئێستا لە دەزگەی شەهیدان و لە لای حکومەتی ئێراق تۆمارکراون، هەروەها ئێزدی، سائیبە، تورکمان و کریستیان و هەموو ئێراقییەک لەژێر خێوەتی دەزگەی شەهیدان تۆمار کراون، بێجگە لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و پێویستە لە پرسی شەهیداندا زیاتر هاوئاهەنگ بێت و دەبێت هەڵوێستێکی یەکگرتووی سیاسی هەبێت لەسەر پرسی خوێن، چونکە هەموو شەهیدان خوێنی خۆیان لە پێناو ئێراق و پیرۆزییەکانیدا بەخت کردووە و پێویستە لە ماف و ئەرکەکاندا یەکسانی هەبێت.
لە دەستووری ئێراقدا باسی کوردانی فەیلی و شەهیدانی بارزان و باسی ئەنفالەکان و شەهیدەکانی ئەهوار و قوربانیدانی گۆزی دلێم لە ئەنبار کراوە و هەموویان شەهیدی ئێراقن و پێویستە لە ماف و ئەرکدا یەکسان بن، ئێمە داوای ئەو شتە دەکەین.
ڕووداو: ژمارەی قوربانییانی کوردی فەیلی لای ئێوە چەندە؟ هەموویان مووچەیان هەیە؟
تاریق مەندەلاوی: بەڵێ، من خۆم سەرۆکی کۆمیتەی شەهیدانی کوردانی فەیلیم لە دەزگەی شەهیدان و بەپێی ئامارەکانی لای ئێمە، تا ئێستا زیاتر لە 16 هەزار و 350 شەهیدی کوردانی فەیلی هەن، کە لە دەزگەی شەهیدان تۆمارکراون و نزیکەی یەک لەسەر سێی شەهیدانی تاوانەکانی حیزبی بەعس، لە کوردانی فەیلین و ماف و ئیمتیازاتیان هەیە و دەدرێتە میراتگر و کەسوکاریان.
ڕووداو: ماف و ئیمتیازاتەکانیان چین؟
تاریق مەندەلاوی: وتم بەپێی ئەو داتایەی لە لای ئێمە هەیە، 16 هەزار و 350 شەهید هەن، کە بنەماڵەی هەر هەموویان مووچەی خانەنشینی وەردەگرن. هەندێک ماڵبات هەن هەموویان بوونەتە قوربانی و هیچ میراتگرێکیان نەماوە و لە داتاکانیاندا تۆمارنەکراون. سەرۆکوەزیرانی ئێراق، محەمەد شیاع سوودانی کە خۆی کوڕە شەهیدە، زۆر هاوکارە لەگەڵ دەزگەی شەهیدان و دەزگەی دادپەروەریی گواستراو، تەنانەت لەگەڵ دەزگەی زیندانییە سیاسییەکان، بۆیە دەرفەتێکی زێڕین هەیە بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکان، ئەوەش بۆ دامەزراندنی دەزگەیەک لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کە دەسەڵاتی هەبێت و ماف و ئیمتیازەکان بدرێن، هەروەها لەوانەیە یاساکەش هەموار بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی خوێنی ئێراقییەکان بەنرخە و لە ڕێگەی ئەو خوێنەوە کابووسی سەر ئێراقییەکان لا درا، کە ئەوەش ڕژێمی پێشووی دیکتاتۆری بوو و بەو خوێنە زۆربەی ناوچەکانی ئێراق ئازاد کران.
ڕووداو: هاوئاهەنگیتان لەگەڵ وەزارەتی شەهیدانی کوردستان هەیە؟
تاریق مەندەلاوی: بەڵێ، بۆ درووستکردنی کۆمیتە لاوەکییەکان، من وەکوو سەرۆکی دەزگەی شەهیدان سەردانی هەرێمی کوردستانم کرد و لەگەڵ وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان کۆبوومەوە، هەروەها بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان لە کۆبوونەوە ئامادە بوو و کۆنگرەیەکمان کرد، ئەوەش بە مەبەستی درووستکردنی کۆمیتە لاوەکییەکان بەپێی یاسای ژمارە 20ی ساڵی 2009 و یاسای هەموارکراوی ژمارە 57ی ساڵی 2015 و پێویستە سێ کۆمیتە لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێن لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، وەکوو تەواوی پارێزگاکانی دیکەی ئێراق بۆ ئەوەی یاسای ژمارەی 20ی ساڵی 2011 ئەوانیش لەخۆ بگرێت، نە تەنیا ئەمە، هەروەها بۆ ئەو کەسانەی لە شار و گوندە ئێراقییەکان لە هەرێمی کوردستان بە هۆی هێرشەکانی تورکیا شەهید بوونە، بۆ ئەوەی یاسای ژمارە 20ی ساڵی 2009 ئەوانیش لەخۆ بگرێت، بەڵام دیسان هەڵوێستێکی سیاسی هەبوو کە نەیهێشت کۆمیتە لاوەکییەکان دابمەزرێن، سەڕەرای ئەوەی یاسا بەڕوونی دەڵێت: کۆمیتە لاوەکییەکان لە هەموو ئێراق و هەرێمی کوردستان بەپێی مادەی شەشی یاساکە پێکبهێنرێن.
ڕووداو: ژمارەی گۆڕە کۆمەڵەکانی سەردەمی سەدام چەندن؟
تاریق مەندەلاوی: ژمارەیەک گۆڕی بەکۆمەڵ تاوەکوو ئێستا لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵدراونەتەوە، کە بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی سەربە دەزگەی شەهیدانە و پێشتر سەربە وەزارەتی مافی مرۆڤ بوو، بەڵام دوای ئەوەی وەزارەتی مافی مرۆڤ نەما، ئیتر خرایە سەر دەزگەی شەهیدان و ئێستا خەریکی هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵە. زیاتر لە 250 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە لە ناوچە جیاوازەکانی ئێراق، لە نەجەف، کەربەلا، بابل، هەروەها لە سەربازگەی مەحموودییە و لە ئەنبار و دەوروبەری بەغدا، هەروەها لە جەزیرەی سەماوە. دوایین جار گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە کە زیاتر لە 197 ڕووفاتی ژن و منداڵی تێدا بوو و خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون، بەتایبەتیی خەڵکی کەلار و چەمچەماڵ بوون. ئەو گۆڕە دوو ساڵ لەمەوبەر لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە هەڵدرابووەوە و لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی دی ئێن ئەی ڕووفاتەکان ناسران و تیمی هاوبەش هەبوو بۆ ناسینەوەی ناسنامەی تەرمەکان و ڕادەستکردنیان بە کەسوکارییان. هەروەها گۆڕی بەکۆمەڵی دوای ڕووخانی ڕژێم هەبوون، گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کۆشکەکانی سەرۆکایەتی و سوپایکەر کە زیاتر لە 17 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراون و، 1350 ڕووفاتیان تێدا بوو، بەتایبەت ئەوانی تازە بووبوونە سەرباز کە چووبوونە ڕیزی سوپا و سەربە وەزارەتی بەرگری بوون، هەروەها زیاتر لە 512 ڕووفات لە گوندی کۆچۆ.
ڕووداو: بەمدواییە چەند گۆڕێکی سەردەمی داعش دۆزراونەوە ئەوانە ژمارەیان چەند دەبن؟
تاریق مەندەلاوی: سەردەمی داعش زیاتر لە 512 ڕووفات تەنیا لە گوندی کۆچۆ (دۆزرانەوە) . هەروەها لە پارێزگای نەینەوا لە ناوچەی جیاواز کە دوایین گۆڕ هەڵدرایەوە، گۆڕی زیندانیانی بادۆش بوو کە بە هۆی ناسنامەیان کۆمەڵکوژ کران. بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە کارەکانی گەڕان و هەڵدرانەوەی گۆڕەکان بەردەوامە. بەمدواییە و چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، سەرۆکی دەزگەی شەهیدان لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێراق کۆبووەوە، ئەوەش بۆ گەڕان و هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی سەردەمی ڕژێمی پێشوو کە هێشتا هەزاران گۆڕ هەن، هەڵنەدراونەتەوە، لەوانەش ئەو گۆڕانەی گەنجە کوردەکانی فەیلی تێدا کۆمەڵکوژ کراون.[1]