ناو: جاسم
نازناو: جاسمی جەلیل
ناوی باوک: جەلیل
ڕۆژی لەدایکبوون: #25-10-1908#ز.
ڕۆژی کۆچی دوایی: #24-10-1998#ز.
شوێنی لەدایکبوون: #قەرس#
شوێنی کۆچی دوایی: #یەریڤان#
$ژیاننامە$
جاسمی جەلیل، لە بوارەکانی ئەدەبیات، زمانی کوردی، پەروەردە، کەلەپوور و مێژووی کوردستان کاری کردووە و بەرھەمی ھەبووە.
گوندی قزل قولی و ئاوەدانییەکانی دیکەی دەوروبەری ھەموویان کوردی ئێزدی بوون لە عەشیرەتەکانی ئوتی و چیلی سەربە عەشیرەتی سیپکی. ناوی باوکی جاسم کە جەلیل بوو، لە دواییدا بووە ناسناو بۆ منداڵی جاسم و نەوەی ئەو.
لەگەڵ کۆتایی جەنگی یەکەمی جیھانی لە ساڵی 1918ز. و بەزینی سوپای عوسمانی لە جەنگ، سەربازە تورکەکان ھێرشیان بردە سەر ئەو ناوچەیە بۆ ئەوەی شوێنەواری کوردی تێدا نەھێڵن. ھەموو خەڵکی ناوچەکە کەوتنەخۆ بۆ ڕزگارکردنی گیانیان، سەربازە تورکەکان بەدوایانەوە بوون. لە دوای کوشتارێکی زۆر، ئەو خەڵکەی لە ژیان مابوون گەیشتنە ئاوەدانییەک لە قەراغ ڕووباری ئاواڕەش لە نزیک ئەلەگەز.
پاشان خەڵکەکە لە گوندەکانی ناوچەی ئەشتەرەک نیشتەجێ بوون. لەم کارەسەدا جاسم لە کەسوکاری دابڕا، ئەوەی کوژرا و ئەوەی لە ڕووباردا خنکا. ئێستا و ئەوساش کەسێکی لەوانە نەدۆزییەوە. لەو جێیەدا و بێ لانە (پەناگە) بوو، لە شوێنێک بۆ شوێنێک لە پارووی نان دەگەڕا. لە ساڵی 1919ز. ڕووی کردە شاری ئەلێکساندرا پۆڵ لەوێ ھەتیوخانەیەکی ئەمریکایی لێ بووە. ئەمە دەستکەوتێکی گرنگ بووە لە ژیانیدا. ھەر لەو ساڵەدا دەستی کرد بەخوێندن لە ھەتیوخانەی قوتابخانەکەدا. لە ساڵی 1923ز. ھەتیوخانەکە گواسترایەوە شاری ستیپانەڤان، لە ساڵی 1925ز. جاسم پێنج ساڵی سەرەتایی خوێندبوو. لەو ساڵەدا دەسەڵاتی تازەی سۆڤیەتییەکان ھەتیوخانەکەی لە ئەمریکایییەکان سەندەوە. لەو ماوەیەدا جاسم ناچار بوو کارێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە. بوو بەشاگردی میکانیکی کارەبا. بەھۆی ئەم کارەوە وەکوو کرێکارێک توانی خۆی لە پارتی کۆمۆنیستی سۆڤیتی نزیک بکاتەوە. لە ساڵی 1927ز. ناردیانە باکۆ بۆ خوێندن لە قوتابخانەی سوپایی پڕوپاگەندەی پارتی کۆمۆنیست تا ساڵی 1930ز. لەوێ مایەوە. بۆ چەند مانگێکیش چووە شاری تفلیس و خوێندنی ئەو قوتابخانەیەی لەوێ تەواوکرد. لە ساڵی 1931ز. گەڕاوەتەوە یەریڤان بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەی کوردی پێ سپێردرا، زۆر لەم کارەیدا نەمایەوە. لە ساڵی 1932ز. خەریکی لایەنی تەکنیکی دەرھێنانی چاپەمەنی بوو.
لە ساڵی 1938-1941ز. بووە بەقوتابی ئامۆژگای مامۆستایان لە یەریڤان. لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی دووەمی جیھانی، وازی لە خوێندن ھێنا. لە ساڵی 1942ز. لە کارگەری تەکنیکی دامەزرا لە چاپخانەی زانکۆی یەریڤان. دواتر لە ساڵی 1943ز. بوو بە فەرمانبەر لە دادگا، تا ساڵی 1953ز. لەو کارەیدا بەردەوام بوو. لە ساڵی 1954ز. کە بەشی کوردی لە ڕادیۆی ئەرمەنستان کرایەوە، بەشی مۆسیقا و گۆرانی و فۆلکلۆر بەجاسم سپێردرا. لەبەر ئەوەی شارەزای مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی بوو و بلوێرژەنێکی چاک بوو لەگەڵ تیپی مۆسیقا بلوێری دەژەنی. تا کۆتایی شەستەکانی سەدەی بیستەم پەیوەندی بەم دەزگا ڕاگەیاندەیەوە مابوو.
جاسم لە ژیانیدا تەمەنی نەوەد ساڵی بردە سەر، بۆیە ماوەی خانەنشینەکەی درێژ بوو.
لە 1954ز. پەرتووکەکەی بە ناوی «ئەلەگەز» لە یەریڤان چاپکرا. لە 1960ز. پەرتووکێکی تری بە ناوی «ڕۆژا من» نووسی. [1]