ناونیشانی بابەت: وەقفنامەی سلێمان پاشای بابان
زۆرجار هەر کە باسی میرنشینە کوردییەکان دەکەین، ڕاستەوخۆ خەیاڵمان دێتە سەر باسی خۆخۆری و ناکۆکی ناوخۆیی و پەنابردن بۆ دوژمن و...تاد، بەڵام لەگەڵ ئەمەدا دەبێت ئەوەشمان لە یادبێ ئەم دەسەڵاتە خۆجێییانەی کورد هاوشان لەگەڵ ململانێی سیاسیدا، کۆمەڵێک هەنگاوی باش و گرنگیان لەبوارە جیاوازەکانی دیکەدا ناوە، یەک لەوانە بواری خوێندن و خوێندەوارییە. لەمەدا میرانی بابان ڕەنگە سەرقافڵەی ئەو کاروانەبن.
ئەوەی مەبەستمانە لێرەدا لێی بدوێین، بەڵگەنامەیەکی سەردەمی (سلێمان پاشای دووەم 1177ک/1763ز) ە. بەڵگەنامەکە دەقی فەرمانێکی شاهانەی میر سلێمانە کە تێیدا سامانێکی زۆر دەخاتە وەقفەوە بۆ یارمەتیدان و برەودان بە خوێندن و خوێندەواری لە میرنشینەکەدا، ئەم وەقفنامەیە ئیمزاومۆری (28) بیست و هەشت زانای گەورەو ناوداری ئەو سەردەمەی میرنشینی بابانی پێوەیە.
پێش ئەوەی ئاماژە بە دەقەکە بکەین دوو بابەت لەناو ئەم دەقەدا جێگەی سەرنجە، پێمباشە لەسەرەتاوە ئاماژەی پێبکەم تا دواتر لەکاتی خوێندنەوەیدا بەوردی سەرنجی بدەن.
یەکەم: بەڕوانین لەم دەقە تێدەگەین خوێندنی ئەو ڕۆژگارە لە میرنشینی باباندا بەتەواوی لەخوێندنی ئایینیدا کوورت هەڵاتووە و مزگەوت و خانەقاکان ڕۆڵی قوتابخانەو زانکۆکانی ئەمڕۆیان بینیووەو تاکە سەرچاوەی فێربوون و زانین بوون.
دووەم: بەو ناوچانەی میر ناویان دەهێنێت ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە سنووری میرنشینی بابان لەوە فراوانتربووە کە وێنای دەکەین و تەنیا لە ناوچەی سلێمانی ئەمڕۆدا قەتیز نەبووە، بەڵکوو بەشێکی فراوانی باشووری کوردستانی گرتووەتەوە، ئەمە سەرەڕای هەندێک ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
دەقی وەقفنامەکە: ئەوا وەقفم کرد هەموو خانوو بەرەو باخ و ئاشەکان و خانەکان و زەویەکان جۆگەو دوکان و نەخۆشخانەکانم ئەوانەی کە بەکڕین موڵکی خۆمن، هەروەها هەموو گوندەکانی شارەزوورو ئەو گوندانەی تازە ئاوەدانم کردوونەتەوە و، شارۆچکەی کۆیەو پاشکۆکانی، هەولێرو ئەو شوێنانەی دەیگرێتەوە، کەرکووک و ئەو شوێنانەی سەربەو شارەن، مەریوان و گوندەکانی، هەموو ئەمانەم وەقف کرد لەسەر قوتابخانەکانی قەڵاچوالان و مامۆستاکانی و قوتابییەکانی و پردەکانی و ناوچەی شارەزوور، وە لەسەر منداڵانی بێ باوک کە لە قەڵاچوالان خەریکی خوێندنن، وە لەسەر ئەوانەی لە دە دەڕۆژی کۆتایی ڕەمەزاندا لە ئیعتیکافدان، هەروەها لەسەر میوانخانەکان و شوێنەکانی ئامۆژگاری (وعظ) و وەرگێڕان و ڕێکخەرانی پەڕتووک، وە لەسەر قوتابخانەی گوڵعەنبەرو مامۆستا و قوتابییەکانی و مزگەوتەکانی، وە لەسەر قوتابخانەو مامۆستا و قوتابییانی کۆیە، هەروەها لەسەر قوتابخانەی هەولێرو مامۆستاکانی، وە لەسەر ئەو دوو قوتابخانەی لە کەرکووک درووستمان کردووە، وە لەسەر قوتابییان و مامۆستایان بە تەواوی.
$سەرچاوە:$
د.ئاراس محەمەد ساڵح: هۆیەکانی گەشەسەندنی بزاڤی ڕۆشنبیری لە شاری سلێمانیدا 1784-1958، چ1، چ.سەردەم، 2015، ل 25-27.
[1]