ناونیشانی بابەت: =KTML_Bold=دەربەندیخان سەردەمێکی نوێ لە خەباتی مەدەنی و داواکاری=KTML_End=
ئامادەکردن: #هێمن مەحموود ئەمین#
لە دوای ساڵی 1991و هەر لە سەردەمی بەرەی کوردستانییەوە تاوەکوو ئێستاش 2023 زۆرینەی هەر زۆری ئەو خۆپیشاندان و گردبوونەوانەی کە لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەچوون یان بەتوندوتیژی دەستی پێ کردووە یاخود بەتوندوتیژی لەلایەن دەسەڵات و هێزە ئەمنییەجیاوازەکانەوە کۆتاییان پێهاتووە و زۆر جاریش قوربانییان لێکەوتووەتەوەو خوێنی قوربانییەکانیش بەهەدەرچوون، نە داواکارییە ڕەواکان بەدیهێنراون و نە بکوژانیش دراونەتە دادگاو هەمیشە حزب لەبری یاسا سەروەر بووە.
جیا لەوەش خۆپیشاندان و گردبوونەوەکان ماوەیەکی کەمیان خایاندووەو کۆتاییان هاتووە، ئەگەر خۆپیشاندانەکانی 17ی شوباتی لێ بەدەربکەین کەماوەی نزیکەی دوو مانگ خۆپیشاندەران لەسەراکاندا مانەوە، بەڵام هیچ داخوازییەکی سەرەکی خۆپیشاندەران جێبەجێنەکراو بەشێکی زۆریش لەڕابەرانی خۆپیشاندانەکە چوونە ناو هەمان سیستەم و دەسەڵاتەوە کەداوای گۆڕینیان دەکرد و بوونە بەشێک لەو ئامێرەی دەسەڵاتەکەی بەڕێوەدەبرد، ئەمە جگە لەوەی زۆرینەی هەرەزۆری خۆپیشاندانەکانی هەرێم حزبێک گرووپێک لە دژی حزبێک گرووپێکی دیکە لە پشت خۆپیشاندانەکانەوە بووە و داواکانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەلاڕێدا بردووە، یاخود دواجار خۆپیشاندانەکە چووەتە بەرژەوەندی حزبێک یاخود گرووپێک لە دژی حزبێک یاخود گرووپێکی دیکەوە.
ڕەنگە هەموو ئەوانەی لەسەرەوە باسمانکردن، تاڕادەیەک بۆ خۆپیشاندان و گردبوونەوە و مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی شاری پێنجوێن و جەماوەری شاری دەربەندیخان لەماوەکانی ڕابووردوودا ڕاست نەبێت بەتایبەت لە شاری دەربەندیخان جیاواز لە هەموو جارەکانی دیکە دەستەیەکی مەدەنی دوور لە هیچ حزب و گرووپێک سەرپەرشتی خۆپیشاندانێکی گەورەی شارێکی کرد کە مانگێک و سێ ڕۆژی خایاند و بەجێبەجێکردنی داواکانیان لەلایەن حکومەتەوە کۆتایی پێهات و بۆ یەکەمجار خۆپیشاندانێکی درێژخایەن بەبێ توندوتیژی و خوێنڕشتن و جێبەجێکردنی داواکان کۆتایی پێبێت.
شارۆچکەی دەربەندیخان لە ساڵی 1991 تاوەکوو ساڵی 2006 ناوەندی پارێزگای کەرکووکی ئازادکراوبوو کەدواتر گۆڕدرا بۆ ئیدارەی گەرمیان و ئیدارەکە گوازرایەوە بۆ شارۆچکەی کەلار، شارێکی گەشتیارییە و لە ئێستادا خاوەنی هەردوو بەنداوی (دەربەندیخان و دێوانە) یەو دوو تونێلی تیادایە کە لەپێشووتردا تاکە شاربووە لە ئێراقدا تونێلی تیادابێت، چەندین شوێنی گەشتیاری دیکەی لێیەو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای تیادایە، لە ساڵانی پێشووتریشدا کارگەی ئاوو بیبسی بەناوبانگی بانیخێڵانی تیادابووە، کەوتووەتە سەر شاڕێگای سلێمانی- گەرمیان، دانیشتووانەکەی نزیکەی 60 هەزار کەسێک دەبێت و گەنجانێکی زۆری لە دەرەوەی وڵاتن و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان نزیکەی 10 هەزار کەسێکی خەڵکی شارەکە لەهەندەرانن.
لە ساڵی 2008و بۆ یەکەمجار بەپێی چەند پشکنینێکی زانستی دامودەزگا حکومییەکان دەرکەوت کەئاوی دەریاچەی دەربەندیخان بۆ خواردنەوە شیاو نییە و نابێت خەڵکی شارەکە لەو ئاوە بخۆنەوە، چونکە ژەهراوی بووە و زێرابی شاری سلێمانی و تەواوی کارگەکانی تانجەرۆ دەڕژێنە ناو دەریاچەی شارەکەوە، هەر بۆیە لەو کاتەوە تاوەکوو ئێستا سەرەڕای سەرفکردنی چەندین ملیۆن دۆلارو خوپیشاندان و گردبوونەوەی دەیانجارەی خەڵکی شارەکە تاوەکوو ئێستاش پڕۆژەی پاککردنەوەی ئاوی خواردنەوە لەو شارەدا کۆتایی پێنەهاتووە، تەنانەت چەندین ساڵە بەبیانوی قەیرانی داراییەوە کارکردن لەپڕۆژەکەدا وەستاوە وسەرەڕای بەڵێندانی چەندین جارەی بەرپرسانی حکومەت کەچی هێشتا لەپڕۆژەکەدا کارکردن دەستیپێنەکردووەتەوە.
هەرچەندە ساڵانی پێشووتریش چەندین خۆپیشاندان ڕوویدا، بەڵام هەمیشە بەسەرکوتکردن یاخود پێدانی چەند بەڵێنێک کۆتایی پێدەهێنراو گرفتە سەرەکییەکە هەروەک خۆی مایەوە، کە ئەویش پیسی و ژەهراویبوونی ئاوەکە بوو، تا ڕۆژی 1ی شوبات 2023 جارێکی دیکە خۆپیشاندانەکان دەستی پێ کردەوە، بەڵام ئەم جارە بەچەند داوایەکی کەم و دیاریکردنی ماوەیەکی زەمەنی بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکان.
خۆپیشاندانەکەی ئەمجارەی خەڵکی دەربەندیخان بۆ چەند داواکارییەکی سەرەکی بوو:
*کارکردن لەپڕۆژەی پاککردنەوەی ئاو
*زیادکردنی کارەبای نیشتمانی
*دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندرووستی و چەند خزمەتگوزارییەکی دیکە
لە ڕۆژی 1ی شوبات بۆ یەکەمجار دەستەی بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانەکان لەناوەندی شار چادرێکی شینیان هەڵداو ڕایانگەیاند تاجێبەجێکردنی داواکانیان شەقام چۆڵناکەن، ئیدی دەستەدەستە خەڵکی لە ڕۆژانی داهاتوودا بە هەموو چین و تووێژەکانەوەو بەبێ جیاوازی حزبی پەیوەستبوون بەخۆپیشاندانەکانەوەو ئیدارەی شارەکەش ئەمنییەتی شوێنەکەی دابینکرد و بەشدارییەکی گرنگیشیان کرد لەپاراستن و بەدەمەوەچوون و گوێگرتن و هاوبەشیکردنی خۆپیشاندەرانەوە کە ڕۆژانە ژمارەیان تادەهات زیاتر دەبوو، ئیدی پڕۆسەکە لەداواکاری دەستەیەکەوە گۆڕدرا بۆ داوای هەموو شارەکە بە حزبی و ناحزبی، ئافرەت و پیاو، ئیداری و نائیداری و تەواوی شارەکە.
ڕۆژی 1ی ئازاریش، دوای مانگێک لەخۆپیشاندانەکە، لەسەر داوای دەستەی خۆپیشاندانەکە بەهۆی جێبەجێنەکردنی داواکانی خۆپیشاندەران بەشێوەیەکی فەرمی، مانگرتنی سەرتاسەری لە دەربەندیخان دەستی پێ کرد و هاووڵاتییان زۆرینەی هەرەزۆری دوکان و بازاڕەکانیان داخست و لە مەیدانی خۆپیشاندان کۆبوونەوە، ئەمەش یەکەمجاربوو شارێک بەبێ داواکاری هیچ حزب و سەرکردە و کەسایەتییەکی سیاسی و بەهۆی داواکاری دەستەیەکی مەدەنی سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەوە مانگرتنی سەرتاسەری ڕابگەیەنێت و تاجێبەجێکردنی داواکانی کۆڵنەدات، هەر بۆیە زوو حکومەت هاتە سەرخەت و ڕۆژی 2ی ئازاریش نوێنەرانی خۆپیشاندەرەکان و ئیدارەی شار لەگەڵ نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوە و ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆکرد کەتیایدا داوای خۆپیشاندەران جێبەجێکرابوو:
*بڕی (10) ملیۆن دۆلاری ئەمریکایی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی شاری دەربەندیخان دابینکرا.
*بڕی (750) حەوت سەدو پەنجا ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی هۆڵی نەشتەرگەری و شوێنی مانەوەی پزیشکان دابینکرا.
* بەردەوامیدانی هەوڵەکان بۆ زیاترکردنی کارەبای نیشتمانی بۆ شارۆچکەی دەربەندیخان
خۆپیشاندانی ئەمجارەی خەڵکی دەربەندیخان بەسەردەمێکی نوێ و قۆناغێکی نوێ دادەنرێت لەجۆری خۆپیشانداندا کەماوەیەکی زۆر بخایەنێت و تەنیا بۆ داوای خزمەتگوزاری بێت و بەجێبەجێکردنی داواکان کۆتایی پێبێت و خوێنی تیادا نەڕێژرێت، کەئەمەش بۆ هەرێمی کوردستان لەو ململانێ سیاسی و حزبی و دەستەگەرییە و هەبوونی ئەو هەموو هێزە چەکدارە جیاوازەدا کە لە ناوچەکاندا هەیە ئەزموونێکی ناوازەو سەرکەوتووە و دەکرێت لە زۆربەی شوێن و شارەکانی دیکەدا سوودی لێببینرێت.
هاوکات ئەم خۆپیشاندانە شکستی حزبەکانیشی دەرخست کەهیچ کامیان بەدەسەڵات و شەریکە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیشەوە ناتوانن پێشڕەوی شەقام و خەڵکی بکەن بۆ داواکانیان و بەشێوەیەکی گشتی خەڵک لەحزب بێزارەو داوای سەرەکی خەڵک لە ئێستادا هێندەی ئەوەی داوای خزمەتگوزارییە داوای سیاسی نییە، ململانێی سیاسیی و داوا سیاسییەکانیش بەهۆی شکستی ئەزموونەکانی پێشووترەوە زۆر بازاڕیان نییە.
دەرکەوت ئیدی خەڵک باوەڕ بەهیچ داوایەکی وەک گۆڕینی سیستەمی سیاسی نەماوەو بۆی کۆنابێتەوە کە لەپێشووتردا حزبەکان بانگەشەیان بۆ دەکرد و بۆ هیچ داواکارییەکی وا هەرچی حزب هەیە ئەوەندە خەڵکیان بۆ کۆنابێتەوە و هیچ حزبێکیش نییە بتوانێت مانگرتنێکی جەماوەری بەتەواوی خەڵکی شارێک ڕێکبخات.
شێوازی خەباتی مەدەنی ئەمجارەی دەربەندیخانییەکان ئەوەشی دەرخست کاتێک داواکان داوای تەواوی خەڵکە، کەس حزبایەتی و جیاوازی سیاسی و ئایینی و ئایدۆلۆژی ناخوێنێتەوەو هەمووان یەک کەسن، بۆیە لە ئێستادا ئەمجۆرە لە خەباتی مەدەنی بۆ خەڵک باشترین جۆری خەباتەو دەبێت پەرەی پێبدرێت. [1]