د. #خەلیل ئیسماعیل محەمەد#
پارێزگای دیالە بە هۆی ئەوەی کە نزیکە لە سەرسنووری ئێراق و ئێرانەوە پێگەیەکی ستراتیژی و گرنگی هەیە، بە درێژایی 300 کیلۆمەتر ئەم سنوورە درێژ دەبێتەوە، هەروەها بارێکی جیوستراتیژی ئەم پێگەیەی پارێزگاکە گرنگتر دەکات، چونکە بەرزونزمایییەکانی لەسەر سنوورەوە تا قووڵایی ناو خاکی ئێراق لە بەغدای پایتەختی ئێراق نزیکی دەخاتەوە، هەروەها بەدرێژایی سەر ئەو سنوورە کۆمەڵێک سامانی نەوتی لەخۆ دەگرێت. هێڵی خوراسانی مێژوویی کە تا ئێستاش ڕۆڵێکی کاریگەر لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێراق و ئێران دەگێڕێ، هەر بەو سنوورەدا تێ دەپەڕێت و کاریگەرییەکەی لەسەر هەردوو ئاستی بازرگانی و سەربازییە، پارێزگای دیالە یەکێکە لەو چواردە لیوایەی کە لەگەڵ درووستبوونی دەوڵەتی ئێراق لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە درووست بووە، پێشترچەند قەزایەکی لەخۆدەگرت، لەوانە: دلتاوا (خاڵس) ، خانەقین و مەندەلی و شارۆچکەی ناوەند کە بە شارۆچکەی خوراسان دەناسرا، بەڵام ئەم پێکهاتە کارگێڕییە بەپێی بارودۆخەکان زۆربەی جار گۆڕانکاری زۆری بەسەردا دەهات، ئامانجی سەرەکیش لەم گۆڕانکارییانە چەسپاندنی سیاسەتی بەعەرەبکردن بوو لەو پارێزگایەدا، کەواتە دەتوانین بڵێین پارێزگای دیالە لە هەردوو لایەنی سرووشتی و مرۆیییەوە نموونەیەکی بچووککراوەی ئێراقە، لەپاڵ ئەو دۆڵ و دەشتاییانەی کە لەخۆراوا و باشووری خۆراوای ئەو پارێزگایەوەن چەند زەوییەکی بەرزایی و شاخیشی تێدایە، کە تا بەرەو خۆرهەڵات و باکووری خۆرهەڵات سەربکەوێت چیاکان بەرزتر دەبنەوە، بارانێکی زۆریش دەشت و دۆڵەکانی پارێزگاکە دەگرێتەوە، دانیشتووانی کورد زیاتر لە خۆرهەڵات و باکووری خۆرهەڵاتی ئەم پارێزگایە کۆبوونەتەوە، بەڵام چڕی دانیشتووانی عەرەب لە ناوچەکانی خۆراوا و باشووری خۆراوا هەن، بۆیە بەشێک لە جوگرافیاناسان ئەم پارێزگایە دەخەنە سەر باکووری ئێراق، هەندێکیشیان بە بەشێک لە هەرێمی کوردستانی دەزانن، هەر وەکوو چۆن لە پەرتووکی (باکووری ئێراق) ئاماژەی پێکراوە، کە لە نووسینی هادی دەفتەر و عەبدوڵڵا حەسەنە، لە جێگەی تریش بە (ناوچەی ناوەندی ئێراق) دەناسرێت، وەک لە پەرتووکی (باکووری ئێراق) دیاریکراوە کە لە نووسینی شاکر خسباکە، لەبەر ڕۆشنایی بایەخی ئەم پێگە جوگرافی و جیۆستراتیژییەی پارێزگاکەدا، هەروەها لەبەر ئەو توانا زۆرەی لە ڕووی ئابووری و دیموگرافییەوە هەیەتی، دیالا پێگەیەکی بنەڕەتی پێکهێناوە لەناو تەوەرە سیاسییەکانی بە عەرەبکردندا کە سێ تەوەرن و دەسەڵاتدارانی ئێراقی بەوردی پلانیان بۆ داڕشتووە، لەپاڵ هەردوو تەوەری کەرکووک و موسڵدا، گرنگترین ئاماژە سیاسییەکانی بەعەرەب کردن لەم پارێزگایانەدا ئەمانەن:
1-جێبەجێکردنی یاسای ڕەگەزنامەی ئێراقی، کە کۆمەڵگەی ئێراقی کردە دوو بەشەوە، بەشێکیان پاشکۆی عوسمانییەکان و بەشێکی تریش پاشکۆی ئێرانین، ئەم یاسای ڕەگەزنامەیە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێراقییەوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەکانی دەرکردن و دوورخستنەوەیەکی بەرفراوانی کوردە فەیلییەکان لە پارێزگای دیالە دۆزرایەوە، تاکوو دووریان بخەنەوە بۆ ئەو دیوی سنوور، بە هەنجەتی پێنەدانی ڕەگەزنامەی ئێراقی، ئەم پرۆسانەش چڕ تر دەبوونەوە هەرکاتێک پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو دەوڵەتی ئێراق وئێران تووشی قەیران دەهاتن.
2-هەڵمەتەکانی کۆڕەو پێکردن کە دانیشتووانی کورد لەو پارێزگایەدا دووچاری دەبوونەوە بەتایبەتیی لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی پێشوو، دوای ئەوەی بەرەو پارێزگاکانی ناوەند و باشووری ئێراق دەگوازرانەوە، هەندێکیشیان دەخرانە ناو کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە نزیک شارە گەورەکان، یان لە نزیک شەقامە گشتییەکانی هاتوچۆ، بۆ ئەوەی بەئاسانی کۆنترۆڵیان بکەن.
3-پشتگوێ خستنی بە ئەنقەستی ژێرخانی ئابووری شار و شارۆچکە کوردییەکان، بەتایبەتیی فەرامۆشکردنی تەواوی شارۆچکەی مەندەلی و دەوروبەری کە خەڵکەکەی بەردەوام بە هۆی نەبوونی ئاوی خاوێنەوە، لە سکاڵا دابوون، ڕەز وباخ و ئاژەڵەکانیان بێ ئاو دەکران، بۆیە زۆربەیان ناچار بوون بەرەو بەعقوبە و بەلەتروز و بەغدا و میقدادیە کۆچ بکەن، ئەمە جگە لەوەی کە جەنگی نێوان ئێران و ئێراق کۆمەڵێک ئاکامی سلبی خستە سەر دانیشتووانی کورد لەوپارێزگایەدا کاتێک شاروگوندەکانیان بوونە گۆڕەپانی جەنگێکی هەشت ساڵە لەنێوان ساڵانی 1980 هەتا 1988، ئەمەش حکومەتی ئێراقی خستەسەر ئەو هەنجەتەی کە ناوەندی شارۆچکەی مەندەلی بگوازێتەوە بۆ بەلەتروز، بەوشێوەیە شارۆچکەی مەندەلی تەنیا وەک شارەدێیەکی بچکۆلەی لێهات، لەبەر ڕۆشنایی ئەمانەی کە ڕووی دا پێکهاتەی نەتەوەیی دانیشتووانی پارێزگاکان بە درێژایی سەدەی ڕابردوو لە بەرژەوەندی عەرەبە نیشتەجێبووەکاندا گۆڕانکاری زۆری بەسەرداهات، لە ساڵی 1947 ڕێژەی کورد لە پارێزگاکەدا لە 26، 6% بووە، کەچی لە ساڵی 1977 ئەم ڕێژەیە دابەزی بۆ لە 10، 7% ئەمەش ئەو واتایە دەگەیەنێ کە ڕێژەی دانیشتووانی کورد لە 16% لەو ماوەیەدا دابەزیوە، بەڵام ڕێژەی دانیشتووانی عەرەب لە 76% تا 88% لە کۆی دانیشتووانی ناوچەکە بەرز بووەتەوە، لە شارۆچکەی خانەقینیش ڕێژەی دانیشتووانی کورد لە ساڵی 1947 دەگەیشتە لە 80%، بەڵام لەژێر ڕۆشنایی ئەنجامەکانی سەرژمێری دانیشتووانی ساڵی 1977 ڕێژەی کورد دابەزی بۆ 27% هەروەها ڕێژەی کورد لە شارۆچکەی مەندەلی دابەزی بۆ کەمتر لە 1%، نسیبی شارۆچکەی سەعدیە لە سیاسەتی بەعەرەب کردن زۆر زیاتر بوو، لێکۆڵینەوە مێژوییەکان ئاماژە دەدەن بەوەی زۆربەی زۆری دانیشتووانی سەعدیە کورد بوون، بەر لەوەی دوچاری گۆڕینی نەتەوەیی و کۆچپێکردن ببنەوە، لە بەرژەوەندی دانیشتووانی عەرەبدا، لە لێکۆینەوەیەکی خوالێخۆشبوو محەمەدەمین زەکی هاتووە، کە شارۆچکەی قزلەر باخ «سەعدیە» دوو گەڕەکە، یەکەمیان بە ناوی «چولک» کە کوردی تێدا دەژی، دووەمیان بە ناوی «خالیدی»کە کورد و تورکمانی تێدا نیشتەجێیە، ئەوەش لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە، دواتر لە پەرتووکی مێژوونووسی بەناوبانگ عەبدولرەزاق حەسەنی، کە لەژێر ناوی ئێراق لەکۆن و نوێدا هاتووە کە دەڵێت دانیشتووانی شارۆچکەی سەعدیە زۆربەی زۆریان بە کوردی قسە دەکەن، هەر وەک شارۆچکەی خانەقین، گەڕیدەیەکی بە ناوی ڕیچ لە پەرتووکێکیدا بە ناوی گەشتەکەی ڕیچ بۆ ئێراق ساڵی 1820 ئاماژە دەدات بەوەی کە دانیشتووانی شارۆچکەی سەعدیە بە زمانی تورکی و کوردی و فارسی دەدوێن، هیچ جۆرە زمانێکی عەرەبی لەو شارۆچکەیەدا نییە، لە درێژەی وتەکانیدا ڕیچ دەنووسێت دوای ئەوەی بەرزاییەکانی حەمرینی تێپەڕاندووە لە دەشتاییەکدا کە چواردەوری تەپۆلکەی بەرزایی بووە نزیک شارۆچکەی «قزلر باک» کۆمەڵێک ڕەشماڵی سوورەمیری و زرگوشی و خێڵەکانی دەلۆ و قەرەلوس و جافەکانی بینیوە، کە ئەمانە هەموویان هۆزەکانی کوردن، لە پەرتووکێکی تریش دا بە ناوی «خەنجەرەکان و چیاکان» کەنووسەرەکەی مێژوونووسێکە بە ناوی ئەحمەد فەوزی ئاماژە دراوە بەوەی ڕێژەی کورد لە شارەدێی «قزلر باک» تا دەگاتە جەلەولاش لە 50% زیاترە ئەوەش بەپێی ئەو ئەنجامانەی کە لە سەرژمێری دانیشتوواندا ساڵی 1947تۆمار کراون، بەڵام سەرژمێرییەکەی ساڵی 1977 دابەزینێکی زۆری لەو ڕێژەیە پێوە دیارە بە شێوەیەک دانیشتووانی کورد دابەزیون بۆ 5% ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە لە ڕاپۆرتەکەی «د میستۆرا» نوێنەری تایبەتیی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی 2009 بەتەواوی ددانی ناوە بە گۆڕانکارییەکی دیموگرافی کە بەسەر پارێزگای دیالەدا هاتووە، هەروەها ئاماژەی داوە بە سیاسەتی بەعارەبکردنی هەردوو شارۆچکەی خانەقین و مەندەلی، جەخت لەسەر ئەوەش کردەوە کە لە 90% ئەفسەرە کوردەکان لە جەلاولاوە بەرەو شوێنانی تر گواستراونەتەوە، هەروەها ئاماژەی بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی ژمارە1496 دا کە لە ساڵی 1981 دەرچووە تیایدا فەرمان دەرکراوە بۆ ڕاگواستن پێکردنی هەموو خێزانە کوردەکانی شارۆچکەی جەلەولا.
سەبارەت بە شارۆچکەی مەندەلیش کە لە قووڵایی مێژوودا بەشێک بووە لە میرنشینە کوردییەکانی «حەسنەوی و گاوانی و عیاری و بابانی» هەر وەکوو چۆن لە پەرتووکی شارە کوردییە کۆنەکان کەنووسەرەکەی خوالێخۆشبوو جەمیل ڕۆژبەیانییە ئەو ڕاستییە هاتووە کە مەندەلی شارێکی کوردییە دانیشتووانەکەشی بە کوردی قسەیان دەکرد، هەر وەکوو چۆن لە فەرهەنگی ئیعلامی تورکی ئاماژەی پێ دراوە و تێیدا هاتووە «کورد نیوەی دانیشتووانی شاری مەندەلی پێکدەهێنن، هەر لەبارەی ئەم پرسەوە عەبدولرەزاق حەسەنی لە نووسینەکانیدا ئاماژەی داوە بەوەی کە دانیشتووانی مەندەلی بە زمانی کوردی و هەندێکیشیان بە فارسی و تورکی لەگەڵ یەکدا دەدوێن، هەندێک لە عەرەبیش تێدەگەن، بەڵام بە خواروخێچی» کەچی سیاسەتی بە عەرەبکردن کە درێژەی کێشا بەرەو ناو شارۆچکەی مەندەلی بووە هۆی نەهێشتنی بوونی کورد لە پێناوی سەپاندنی بەرژەوەندی عەرەبە هاوردەکان، لە لایەکی ترەوە بەپێی ڕاپۆرتەکەی «دیمیستۆرا» ئاماژە کراوە بە موعانات و ئازاری دانیشتووانی مەندەلی لە بەرانبەر سیاسەتی جیاکاری و ڕەگەزایەتی، ئەوەش بە ئامانجی درووستکردنی پشتێنەیەکی ئەمنی کە لەسەر سنووری ئێراق و ئێران درێژ دەبێتەوە ئەنجام دەدرێت، لە ئاکامی کۆچپێکردن و دەرپەڕاندنی دانیشتووانی کورد لەسەر زێد و ماڵی خۆیان، لە لایەکی تریشەوە ڕاپۆرتەکە جەختی لەسەر پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هۆزەکانی دەوروبەری مەندەلی کردووەتەوە، کە لە ڕووی بازرگانی و زمانەوە بەستراونەتەوە بە هەرێمی کوردستان، هەروەها داخوازینامەی ئەنجوومەنی شارەدێی مەندەلی لە ساڵی 1926 بۆ ئەوەی شارەدێکە بچێتەوە سەر هەرێمی کوردستان سیاسەتی بە عەرەب کردن کە ئەمڕۆ لە پارێزگای دیالە دەکرێت، سیاسەتێک نییە کە ئێستا پلانی بۆ درێژرابێ، بەڵکوو درێژبوونەوەی سیاسەتی بەعسییە شۆڤێنییەکانی پێشووە، ڕەنگدانەوەی هەمان ئامانجی بەعسییەکانە، هەروەها لە ئامراز و کەلوپەلەکانیشدا هەمان ئامانجیان هەیە، چونکە گرفتی کورد لە ئێراقدا لەسەر بناغەی جیاوازی بوون لە ڕووبەڕوی جوگرافی نییە، هەروەها لەسەر نەخشەدانانی سنووری هەرێم نییە، بەڵکوو گرفتەکەیان لەسەر بناغەی بوونی کوردە لە ناوچەکەدا، کوردستان لە تێڕوانینی حاکمدارانی عەرەبەوە بەشێکە لە نیشتمانی عەرەبی، گەلی کوردیش بەشێکە لە گەلی عەرەبی، هەموو ئەو نەتەوانەی کە زمان و سیمای نەتەوەییانەی تایبەت بەخۆیان هەیە لەناو چوارچێوەی نەخشەکانی نیشتمانی عەرەبدا دەژین، وەک نەتەوەی کورد لە تێڕوانینی ئەیدۆلۆژیانەی عەرەبەوە بەشێکن لە درێژبوونەوەی دەوڵەتێکی عەرەبی، هەروەها ناسنامەی عەرەبیش بەسەر خاک و نیشتمانیاندا دەچەسپێنن، ئەمەش لە ڕێگەی داگیرکاری و زاڵبوونەوە نەهاتووە بەڵکوو لەئاکامی واقیعێکی مێژوویی درێژبووەتەوە، بۆیە ئەو عەرەبانە چاویان بەرایی نادات کوردەکان ببینن زەوی و نیشتمانی خۆیان هەبێت، توانەوە و لەناوبردنی گەلی کورد تەنیا ئامانجی نەتەوەی عەرەبییە، هەر بەو ئامانجەشەوە حکومەتەکانی یەک لە دوای یەک لە ئێراقدا سیاسەتی خۆیان دادەڕێژنەوە.[1]