$ئاستەنگی ناسیۆنالیزم لە بزاڤی کۆچگیریدا$
نووسینی: موحسین عیسا
گەلی کورد یەکێکە لەو گەلە گەورانەی کەوتووەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خاوەن دیرۆکێکی دێرینە لەو ناوچەیەدا. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان کورد لە هەزارەی چوارەمی پێش زاینیدا، خاوەنی وڵات، کولتوور، ئایین و شارستانییەتی تایبەت بە خۆی بووە. یەکەم دابەشکاریی خاکی کوردستانیش دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی چاڵدێران لە ساڵی 1514 دا، کە ئەم شەڕە لە باکووری خۆراوای دەریاچەی ورمێدا، لەنێوان عوسمانی و سەفەوییەکاندا ڕووی دا، لە ئەنجامی ئەم شەڕەشدا خاکی کوردستان لەنێوان ئەم دوو هێزەدا دابەشبوو، کە ئەمەش وای کرد کوردستان بۆ یەکەمجار لە ڕووی سیاسی، ئابووری و کولتوورییەوە دابەش بێت. هەروەها دواتریش بە هۆی داگیرکارییەکانی ڕۆژاوا و ڕێکەوتنامەی سایکس-پیکۆ (1916) و سەرهەڵدانی دەوڵەتی مۆدێرن، ئەوا چەند دەوڵەتێکی نوێ لەم ناوچەیەدا دامەزران، بەمەش دووبارە خاکی کوردستان دابەش بەسەر چوار دەوڵەتی تازە دامەزراوی عەرەب، عەجەم و فارس کرا و بوو بە کۆڵۆنیکراوی ئەم دەوڵەتە تازە دامەزراوانە.
گەلی کورد لەبەر ئەوەی گەلێکی ژێردەستە و داگیرکراوە، هەر ئەمەش ڕۆحێکی بەرەنگاریی بە بەر گەلی کورددا کردووە، ئەم ڕۆحە بەرەنگارییەش وای کردووە کورد بەردەوام دژ بە داگیرکەرانی شۆڕش و بزاڤی چەکداری بەرپا بکات. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە کورد خۆی بە گەلێکی ژێردەستە و داگیرکراو دەبینێت، هەر بۆیەشە بەردەوام لە بەرەنگاریدایە بۆ ئەوەی کولتوور و نەتەوەکەی بەزیندوویی بهێڵێتەوە و لە لەناوچوون بیپارێزێت.
ئەگەر بێت و سەیری دیرۆکی کورد بکەین لە دوای داگیرکرن و پارچەپارچەکردنی خاکەکەی، ئەوا دەبینین کەوا کورد لە هەر چوار پارچەکانیدا بە بەردەوامی لە بەرەنگارییدا بووە دژ بە داگیرکەرانی، ویستوویەتی لە ڕێگەی شۆڕش و بزاڤی چەکدارییەوە ماف و ئازادییەکانی بە دەست بهێنێت و خاکەکەی ڕزگار بکات.
هەڵبەتە کاتێک نەتەوەیەک نەتەوەیەک داگیر دەکات و دەیکات بە ژێردەستەی خۆی، ئەوا نەتەوەی زاڵ نەتەوەی ژێردەستە دەچەوسێنێتەوە و هەوڵدەدات ناسنامەکەی لێ بستێنێتەوە و بیکات بە بەشێک لە خۆی، ئەمەش دەبێتە هۆی درووستبوونی ململانێ لەنێوان نەتەوەی سەردەست و ژێردەستدا، هەر بۆیەش نەتەوەی ژێردەست بۆ مانەوە و ڕزگاربوون لەژێردەستیدا، پەنا دەباتە بەر شۆڕش و بزاڤی چەکداری. هەر ئەم هۆکارەشە وای کردووە گەلی کورد پەنا بۆ بزاڤی چەکداری ببات و دژ بە داگیرکەرانی بجەنگێت، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە بەئازادی و سەربەخۆی شادبێت.
گرنگە لێرەدا باس لەوە بکەین، کە زۆربەی بزاڤە چەکدارییەکانی کورد لەو کات و ساتانەدا سەریان هەڵداوە کاتێک بینیویانە ناوەند یاخود داگیرکەر لە تەنگەژەیەکی سیاسی یاخود ئابووری دابووە، ئەوانیش ئەم تەنگەژانەیان بە دەرفەت زانیوە و پەنایان بردووتە بەر ڕاپەڕین و بزاڤی چەکداری دژ بەداگیرکەرانی، واتە ویستوویانە بە باشترین شێوە سوود لەم دەرفەتانە وەربگرن و بیخەنە خزمەت ئامانجە ڕەواکانیان. هەروا گرنگە لێرەدا ئاماژە بەوە بکەین، کە لە مێژووی داگیرکراوی کوردستاندا چەندان دەرفەتی زێرین بۆ گەلی کورد هاتوونەتە پێشەوە، کە دەتوانرا لە ڕێگەی ئەم دەرفەتانەوە لەژێردەستیی ڕزگاریان بێت و ببان بە خاوەن دەوڵەتی خۆیان، بەڵام بەداخەوە گەلی کورد وەکوو پێویست نەیتوانیووە سوود لەم دەرفەتانە وەربگرێت کە بۆیان هاتبوونەتە پێشەوە. هەڵبەتە ئەمەش بۆ چەند هۆکارێکی دەرەکیی و ناوخۆیی دەگەڕێتەوە، بەتایبەتیی هۆکارە ناوخۆییەکانی وەک: نەبوونی یەکێتییەکی نەتەوایەتی لەنێوان کوردا، هۆکاری ئایینی، بەرژەوەندی تایبەتیی و…تاد.
هەر وەک لامان ڕوونە، دیرۆکی کورد تژییە لە بزاڤی چەکداری، بەڵام ئەوەی لەم نووسینەدا مەبەستمە بزاڤی چەکداری کۆچگیرییە لە باکووری کوردستاندا. ویستوومە ئەوە بخەمە بەرباس: ئایە بزاڤی چەکداری کۆچگیری خاوەن بنەما و ئامانجێکی ناسیۆنالیستی بووە یاخود نا؟
ئەگەر بێت و لە سەرەتادا باس لە ناسیۆنالیزم بکەین، ئەوا دەتوانین بڵێین ناسیۆنالیزم بەرهەمی مۆدێرنە و مێژووی سەرهەڵدانیشی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەتەی 18 و دواتریش بە شێوەیەکی بەرفراوان لە جیهاندا بڵاو بووەوە و شێوەی ئایدۆلۆژیای جیاوازی لەخۆگرت، دواتریش لە سەرەتاکانی سەتەی 19 دا بە هەموو ئەوروپادا بڵاو بوویەوە.
هەروا گرنگە بزانین وشەی ناسیۆنالیزم لە وشەی Nationalism ی ئینگلیزی، یان Nationaliteی فەرەنسیە، کە لە وشەی Nation وەرگیراوە. ئەم وشەیەش بە مانای گرووپێکیی نەژادی دەگەینێت کە لە هەرێمێکی دیاریکراودا لە دایکبوون و سەربە یەک هەرێمن. لە هەمان کاتیشدا ئەگەر بێت و پێناسەی ناسیۆنالیزم بکەین، ئەوا کۆمەڵناسی ئینگلیزی ئێرنست گێلنەر بەم شێوە پێناسەی ناسیۆنالیزم دەکا: ”ناسیۆنالیزم پرینسیپ (مەبدەئێکی) سیاسییە بانگەشەی ئەوە دەکات، کە دەبێت یەکایەتیی یان یەکێتیی (Unit سیاسی لەگەڵ یەکێتیی کولتووری یەکانگیر بێت”.
ئەمەش بەو واتایە دێت، کە کۆمەڵە خەڵکێک لە هەرێمێکی دیاریکراودا، خۆیان بە جیاوازتر لە ئەوانی تر دەبینن و داوای درووستکردنی یەکەیەکی سیاسی سەربەخۆ بۆخۆیان دەکەن. لێرەشدا ئەرکی ناسیۆنالیزم ڕێبەرایەتی کردن و ڕەوایەتیدانە بە داواکارییەیان.
گەلی کوردیش لە بەر ئەوەی گەلێکی جیاوازە و خۆ بەجیاوازتر دەبینێت لە داگیرکەرانی، ئەمیش بە هۆکاری جیاوازی ڕەگەز، کولتوور و زمان…تاد، ئەوا داوای درووستکردنی یەکەیەکی سیاسی سەربەخۆ دەکات، کە خۆی حوکمڕانی خۆی بکات. هەر گەلێکیش کە خۆی وەک نەتەوەیەک پێناس ەکرد، ئەوە مافی ئەوەی هەیە خاوەن سەروەری سیاسی خۆی بێت، واتە ناکریت تۆ یەکەیەکی نەتەوەی بیت و یەکەی سیاسی دەرەکی حوکمڕانیت بکات. گەلی کوردیش بۆ ئەوەی ببێت بە یەکەیەکی سیاسی سەربەخۆ و لەژێر حوکمڕانی داگیرکەردا ڕزگاری بێت، ئەوا پەنای بۆ شۆڕش و بزاڤی چەکداری بردووە.
هەر وەک لە سەرەتاشدا ئاماژەمان بەوەکرد، زۆربەی شۆڕش و بزاڤە چەکدارییەکانی کورد لەو کاتانە سەریان هەڵداوە کاتێک بینیویانە داگیرکەرەکانیان لە ڕووی سیاسی و ئابووری لاوازن، یاخود لە جەنگدان، جا جەنگەکە جەنگێکی ناوخۆیی بووبێت یاخود دەرەکیی. بزاڤی چەکداری کۆچگیریش لە باکووری کوردستاندا هەمان دەرفەتی بۆ هاتووتە پێشەوە، کاتێک دەبینێت داگیرکەرەکەی لاوازە و تووش بەچەند تەنگەژەیەکی گەورە هاتووە، ئەوا هەوڵیداوە ئەم تەنگەژانە وەکوو هەڵ بقۆزێتەوە و دەستبکات بە بزاڤی چەکداری دژ بە داگیرکەر. هەڵبەتە مەبەست لە بزاڤی چەکداری ئەو هەوڵەیە کە لە لایەن بەشێک لە دانیشتووانی وڵاتێکەوە کە ڕێکخراون بۆ دەستە بەرکردنی ئامانجێک لە ڕێگەی هێزی چەکدارییەوە، جا ئامانجەکە ئامانجێکی سیاسی یاخود ئابووری بێت.
هەڵبەتە بزاڤی چەکداری کۆچگیری لە ساڵی 1920دا لە لایەن چەند گرووپێکی کورد بە سەرۆکایەتی عەلیشان بەگ (سەرۆک عەشیرەتی کۆچگیری) لە باکووری کوردستاندا، لە ناوچەی کۆچگیری لە دێرسیم سەری هەڵدا. ئەم بزاڤە چەکدارییە هەوڵیداوە سوود لە لاوازی ئەو کاتی تورک وەربگرێت. هەروا ئەو پێشهاتانەی وایان لە تورک کردبوو لاوازبێت و زەمینە سازبێت بۆ هەڵگیرسانی بزاڤێکی چەکداری کوردی لەم ناوچەیەدا، خۆی لە چەند پێشهاتێکدا دەبینێتەوە، یەکێک لەو پێشهاتانە ئەوەبوو، کە ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی لە یەکەم جەنگی جیهانیدا تووشی شکستێکی گەورە بووبوو و زۆربەی خاکەکەی لەدەست دابوو، تەنانەت ئیستەنبولیش لە لایەن هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان داگیر کرابوو، هەر ئەم شکستەشبوو وای کرد سوڵتانی عوسمانی لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە ناچار بە واژووکردنی ڕێکەوتنامەی سیڤەر بکات لە ساڵی1920 دا. هەڵبەتە لەم ڕێکەوتنامەیەدا چەند ماددەیەکی لە بەرژەوەندی کوردا تێدابوو، بەتایبەتیی ماددەی 62 و 64، لەم ماددانەدا ئاماژە بەوە کرابوو هەرکاتێک کورد ویستی ببێت بە کیانێکی سەربەخۆ، ئەوا دەتوانێت ئەم بڕیارە بدات و دەوڵەتێکی تایبەت بەخۆی دابمەزرێنێت. هەروەها یەکێکی تر لەو گرفتانەی کە خەلافەتی عوسمانی ڕووبەڕووی ببوویەوە، ئەوا گرفتی ناوخۆیی بوو، کە لە ناوخۆی خەلافەتی عوسمانیدا بەرەیەکی ڕیفۆرم خواز سەریهەڵدا لە لایەن تورکە لاوەکان بە سەرۆکایەتی ئاتا تورک، کە داوای دەوڵەتێکی سیکۆلاریزمیان دەکرد. ئەمەش وایکر کۆمەڵگەی تورکی دابەش بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەک ببێت، بەرەیەک داوای مانەوەی دەوڵەتی ئایینی دەکرد و بەرەکەیتریش داوای دەوڵەتێکی سیکۆلاریزمیان دەکرد، ئەمەش بووە هۆی درووستبوونی ململانێ لەنێوان ئەم دوو بەرەیەدا، ئەم ململانێیە ناوخۆیەش هێندەیتر تورکی تووشی تەنگەژە و لاوازی کرد و بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی عوسمانی و جێگرتنەوەی دەوڵەتی کۆماری تورکیا. جگە لەم لایەنانەش، لایەنیکی ترش هەبوو، کە ئەوەندەی تری تورکی بەرەو لاوازی بر، ئەیش چوونە جەنگەوەی تورکیا بوو لەگەڵ ئەرمەن و یونانییەکان، بەمەش تورکیای ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری و سیاسی گەورەتری کردەوە. ئەم هۆکارانەش ڕێگەخۆشکەربوون کە کوردانی عەلەوی لە ناوچەی کۆچگیریدا دژ بە تورکی داگیرکەر دەست بە بزاڤی چەکداری بکەن.
لە سەروبەندی هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی عوسمانی و جێگرتنەوەی دەوڵەتی کۆماری تورکیا و هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئەرمەن و یونانییەکاندا (1920)، ئەوا دەرفەت بۆ کوردەکان ڕەخسا لە 20 ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا دەست بگرن بەسەر ژمارەیەکی زۆر چەک و تەقەمەنی، دواتریش بەکارهێنانیان بۆ هەڵگیرساندنی بزاڤێکی چەکداری بە سەرکردایەتی عەلیشان بەگ دژ بە دەوڵەتی تورک. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵگیرسانی ئەم بزاڤە چەکداریە بۆ ڕێکەوتننامەی سیڤەر (1920) دەگەڕێتەوە، کە وڵاتە یەکگرتووەکان خەلافەتی عوسمانیان ناچار بە واژوکردنی کرد. کوردەکانیش بە پشتبەستن بە ماددەکانی 62 و 64، دەیانویست سەربەخۆی زیاتر بۆخۆیان دەستەبەر بکەن. هەر ئەم هۆکارەش بووە هۆی ئەوەی ئەم بزاڤە چەکدارییە دژ بە کەمالیستەکان سەرهەڵبدات.
لە کاتی سەرهەڵدانی ئەم بزاڤە چەکداریە بەرانبەر دەوڵەتی داگیرکەری تورک، ئەوا سەرانی ئەم بزاڤە چەند داواکارییەکیان لە دەوڵەتی ئاتا تورک هەبوو، یەکێکیش لە داواکارییەکان خودموختاری بوو لە دەوڵەتی نوێی تورکیادا. لەم داواکارییەی ئەم بزاڤەشدا ئەوەمان بۆ بەدی دەکرێت، کە ئامانجی ئەم بزاڤە چەکدارییە ڕزگار کردنی کوردستان نەبووە لەژێر دەستی داگیرکەردا، واتە ناتوانین بڵێین ئەم بزاڤە خاوەن بەرنامەیەکی ناسیۆنالستیی بووە و ئامانج لێی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیی بووە، چونکە لە جێگای ئەوەی داوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بکات، ئەوا داوای خودموختاری دەکات و دەیەوێت لەژێر سایەی داگیرکەردا بمێنێتەوە. هەر وەک گێلنەریش پێی وایە، ئامانجی ناسیۆنالیزم بریتییە لە درووستکردنی قەوارەیەکی سیاسی بۆ کولتوورێکی یەکگرتوو، کە ببێتە سەرپۆشێکی سیاسی بۆیان، ئەمەش بەو واتایەیە، کە ئامانجی ناسیۆنالیزم درووستکردنی دەوڵەتێکی گەورە و یەکگرتوویە بۆ کۆی نەتەوە، کە تاکەکانی خۆیان حوکمڕانی خۆیان بکەن، نەک گەل و خاکەکەیان لەژێر سایەی داگیرکەردابن.
هەروا داواکاریەکی تری ئەم بزاڤە، ئازادکردنی ئەو کوردانە بوو کە خراپوونە بەندیخانەکانەوە. هەڵبەتە دەتوانین ئەم داواکارییە وەکوو ڕەگەزێکی ناسیۆنالیزمی ببینین، چونکە ئامانج لەم داواکارییە ڕزگار کردنی ئەو کوردانە بوو کە بە هۆی پرسی کورد و کورد بوونەوە خراپوونە بەندیخانەکانەوە.
لە هەمان کاتیشدا، ئەم بزاڤە چەکدارییە داوای لابردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتی تورکیان دەکرد لەو ناوچانەی کە زۆربەی دانیشتووانەکانیان کوردن. جگە لەمەش داوایانکرد کە تورکیا هێزەکانی خۆیان لە ناوچەی کۆچگیری بکشێنێتەوە.
لێرەدا دەتوانین بێژین داواکردنی کشاندنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتی داگیرکەر لەو ناوچانەی کە زۆربەی دانیشتووان کوردن، ئەوا داواکارییەکی نەتەوە خوازی بووە، بەڵام ئەوەی تریان کە داوای کشانەوەی هێزی داگیرکەریان تەنیا لە ناوچەیەکدا (ناوچەی کۆچگیری) دەکرد، ئەوا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە ئەم بزاڤە تەنیا بزاڤێکی ناوچەیی بووە، نەک بزاڤێکی ناسیۆنالیستی، کە خاوەنی ئامانج و بەرنامەیەکی ڕزگاری تەواوی ئەم بەشەی کوردستان بووبێت. چوونکە ئامانجی ناسیۆنالیزم ڕزگاری تەواوی نیشتمانە، نەوەک پارچەیەک، چونکە ناسیۆنالیزم ڕێگە بەدابەشکاری خاک نادات. بەڵکوو ئامانجی ناسیۆنالیزم زۆر لەوە بەرفراوانتر و گەورەترە لە ڕزگار کردنی ناوچەیەکدا قەتیس بکرێت.
سەرەڕای بێ هێزی ئەو کاتی تورکیا و لە جەنگدابوون لەگەڵ ئەرمەن و یونانییەکاندا، بەڵام ئەم بزاڤە لە لایەن کەمالیستەکانەوە لە ساڵی 1921دا، شکستی پێهێنرا و سەرکوتکرا. هۆکاری شکستی بزاڤی کۆچگیری بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، یەکێکیش لەم هۆکارانە ئەوەبوو، کە ئەم بزاڤە خاوەن ئامانج و بەرنامەیەکی فراوانی نەتەوەی نەبووە، واتە ئامانجی ئەوە نەبوو کە هەموو باکووری کوردستان ڕزگار بکات و بتوانێت ئەم بزاڤە بۆ هەموو ناوچەکانی تری باکووری کوردستان بگوازێتەوە و پشتیوانی هەموو ناوچەکانی تری بەدەست بهێنێت، بەڵکوو بزاڤێکی ناوچەیی بووە. هەروا بوونی ململانێی خێڵەکی و ناوچەیی لەنێو کورددا، کە سەرانی ئەم بزاڤە نەیتوانیوە هەموو کورد بە دەوری یەک ئامانج کۆ بکاتەوە و یەکێتییەکی نەتەوایەتی لەنێویاندا درووست بکات. گێلنەریش لەم بارەیەوە پێی وایە، ”هزری نەتەوایەتی پێویستی بە هاودەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە، وەک سیستەمی سەربازی هاوبەش، جوگرافیا و کیانی هاوبەش، فەرهەنگ و زمانی هاوبەش، سومبول و هێمای نەتەوایەتی هاوبەش”.
بۆیە لێرەدا بە پشتبەستن بە تیۆری گێلنەر، دەتوانین بڵێین لە نائامادەیی کولتووری هاوبەش و نایەکسانی و ململانێی نێو چینە کۆمەڵایەتییەکان، هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە هەستی ناسیۆنالیزم درووست نەبێت، چونکە ئەمانە لە ڕوانگەی گێلنەرەوە، کۆلەکەی سەرەکین لە درووست بوونی هەستی نەتەوایەتیدا.
هەروەها لەپاڵ ئەم هۆکارانەشدا، هۆکارێکی تری کاریگەر هەبوو، کە بەدرێژایی مێژوو بووتە بەربەست لە بەردەم گەیشتنی گەلی کورد بە مافە ڕەواکانیان، ئەویش هۆکاری ئایینیی بووە. داگیرکەر زۆر بە لێزانانە ئایینی وەک چەکێک بۆ تواندنەوەی کورد لەنێوخۆیدا بەکار هێناوە، لە هەمان کاتیشدا هەر بەم ڕێگەیەش سۆزی کوردی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە و وابەستەی خۆی کردووە. مێژووی کورد تژییە لەو بزاڤ و حوکمڕانیانەی کە بە هۆکاری ئایینییەوە بوونەتە قوربانی و لەناو چوون. داگیرکەری تورکیش لەژێر ناوی برایەتی ئایین و پاراستنی یەکێتی ئایینی، کوردی بەڵاڕێ دابردووە و هەڵی خەڵەتاندووە، بەمەش توانیویەتی کورد بە ژێردەستە و خزمەتکاری خۆی بهێڵێتەوە. بە هەمان شێوەش داگیرکەر بۆ ئەوەی کورد لە باکوور پەرتەوازە بکات و نەهێلێت بزاڤی چەکداری کۆچگیری چیتر پەرە بسەنێت و لاوازبێت، ئەوا سوودی لە ئایین بینیووە. دەوڵەتی تورک وایان پێشانداوە کە سەرانی کۆچگیری و کوردانی عەلەوی دژ بەئایین دەجەنگن و لەپاڵ ئەرمەن و یونانییەکان، ئەمانە هەڵگەڕاوەن لە خەلافەت و ئایینی ئیسلامدا. بە واتایەکی تر، ئەمانە کافرن و دژ بە موسوڵمانان دەجەنگن. هەر ئەمەش وای کرد کوردانی سونە مەزهەب نەچنە پاڵ بزاڤی کۆچگیری، بەڵکوو بچنە پاڵ دەوڵەتی توردک و دژ بە ئەرمەن و ویونانییەکان بجەنگن، بێ ئەوەی تاکی کورد درک بەو ڕاستییە بکات و بزانێت، کاتێک تاکێک لەدایک دەبێت پێش ئەوەی خاوەن ئایینێکی دیارکراو بێت، ئەوە خاوەن نەتەوەیەکی دیاریکراوە، واتە ئایین شتێکی تایبەتییە و پەیوەندی بە هەڵبژاردەی تاکە و هەیە، لە زۆربەی ئایینەکانیشدا تاک لە هەڵبژاردنی ئایینەکەیدا ئازادە. هەروا لەپاڵ ئەوەشدا کوردانی باکوور دەرکیان بەوە نەکردبوو کە دەوڵەتی نوێی تورک، ئامانجی دەوڵەتێکی سیکۆلاریزم و ناسیۆنالیستی تورکییە، بەڵکە ئەوان وایان بیر دەکردەوە کە ئەم دەوڵەتە تازە دامەزراوەی تورک، بە هەمان شێوەی خەلافەتی عوسمانی دەوڵەتیکی ئایینییە، کورد و تورک لەم دەوڵەتەدا لەسەر بنەمای برایەتی ئایینیی تێیدا دەژین. واتە کرانەوەی سیستەمی ئەو کاتی دەوڵەتی تورک هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی کورد بەلاڕێ داببات.
لە لایەکی تریشەوە زۆربەی بزاڤە چەکدارییەکانی کورد، بوونەتە قوربانی بەرژەوەندییە تایبەتییەکان. بزاڤی چەکداری کۆچگیریش بۆ ئەوەی لەوناوچەیەی کە تێیدا هەڵگیرساوە زێدەتر پەرە نەسەنێت و ناوچەکانی تری باکووری کوردستان نەگرێتەوە و، کەسایەتی و سەرۆک عەشیرەتەکانی تری کورد نەچنە پاڵ ئەم بزاڤە و پشتگیری لێ نەکەن و بەر بە فراوانبوونی ئەم بزاڤە بگیرێت، ئەوا پێشنیاری پێدانی پلە و پۆست بۆ کەسایەتی و سەرۆک عەشیرەتەکانی کورد کرا لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە، ئەوانیش بە هۆی نەبوونی هۆشیاری نەتەوایەتی و بەرژەوەندی تایبەتیی خۆیان، پشتیان کردە ئەم بزاڤە چەکدارییە.
لە کۆتای ئەم نووسینەش دەگەین بەوەی، کە داوای داگیرکردن و دابەشکردنی کوردستان، ئەوا کورد بوو بە ژێر دەستەی عەرەب، عەجەم و فارس. کوردیش بۆ ئەوەی لەم ژێردەستیی ڕزگاری بێت، ئەوا پەنای بۆ شۆڕش و بزاڤی چەکداری دژ بە داگیرکەران بردووە. هەروا زۆربەی بزاڤە چەکدارییەکانی کوردیش لەو کاتانەدا سەریان هەڵداوە کاتێک بینیویانە داگیرکەرەکانیان لاوازن و لە تەنگەژەی ئابووری و سیاسیدان، ئەوانیش ئەم لاوازیەیان بە دەرفەت زانیووە و بزاڤی چەکداریان دژ بە داگیرکەران بەرپا کردووە. بزاڤی چەکداری کۆچگیریش وەک هەر بزاڤێکی تری کوردستان، کاتێک بینیویەتی داگیرکەر لاوازە و لە تەنگەژەی سیاسی و ئابووریدایە، ئەوا ئەم لاوازییەی وەک دەرفەتێک بەکار هێناوە بۆ هەڵگیرساندنی بزاڤێکی چەکداری دژ بە داگیرکەر. هەروەها ناتوانین بڵێین بزاڤی کۆچگیری بزاڤیکی ناسیۆنالیستی بووە، یاخود خاوەن ئامانجیکی نەتەوایەتی و ڕزگاری تەواوی باکووری کوردستان بووە، چونکە ئەم بزاڤە ئامانجی بەدەستهینانی خودموختاری لە دەوڵەتی نوێی تورکیادا بووە، نەوەک دامەزراندنی دەوڵەتیکی نەتەوەی تایبەت بە بەخۆی. لە لایەکی تریشەوە، ئەم بزاڤە چەکدارییە نەیتوانیووە سنووری بزاڤەکەی بەرفراوان بکات و هەموو کوردستانی باکوور بگرێتەوە، بەلکە ئەم بزاڤە تەنیا لە ناوچەیەکی باکووری کوردستان تێپەری نەکردووە. بۆیە لێرەدا دەتوانین بڵێین ئەم بزاڤە بزاڤێکی ناوچەیی بووە نەک بزاڤێکی ناسیۆنالیستی. هەروا سەرانی ئەم بزاڤە نەیتوانیە هەموو تاکەکانی کورد لەژێر یەک چەتردا کۆ بکاتەوە و بەرەو ئامانجی ڕزگاری نیشتمان ئاڕاستەیان بکات و هەستێکی ناسیۆنالیستیان پی ببەخشێت.
هەروەها یەکێک لەو هۆکارانەی کە بەردەوام بووتە هۆی شکستی بزاڤە چەکدارییەکانی کورد، هۆکاری ئایینی بووە، چونکە کورد لەگەڵ داگیرکەرانی هاوئایینە، بۆیە داگیرکەران بۆ ئەوەی سۆزی کورد بەڵای خۆیاندا ڕابکێشن و وابەستەی خۆیان بکەن، ئەوا ئایینیان بەکار هێناوە. داگیرکەری تورکیش بۆ ئەوەی بەر بە فراوانبوونی بزاڤی کۆچگیری بگرێت، ئەوا سوودی لە ئایین بینیوە بۆ پەرتەوازەکردن و لاوازکردنی، چونکە ئەم بزاڤە چەکدارییە لە کاتێکدا سەری هەڵدا، کە لەو کاتەدا تورک لەگەڵ ئەرمەن و یونانییەکان لە جەنگدا بوو، بەمەش داگیرکەر سەرانی بزاڤی کۆچگیریان وا پیشاندا، کە ڵەگەل کافرەکاندا (ئەرمەن و یونانییەکان) دژ بە ئایین و موسوڵمانان دەجەنگن. ئەم هۆکارەش وای کرد ناوچەکانی تری باکووری کوردستان نەچنە پاڵ بزاڤی کۆچگیری.
هەروا ئەو داواکاریانەی بزاڤی کۆچگیری لە داگیرکەری هەبوو، هەموو داواکاریەکان داواکاری ناوچەی و دوور لە داواکاری ناسیۆنالیستی بوون، لەوانەیە هەندێک ڕەگەزی نەتەوایەتیان تێدابووبیت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەینێت کە ئەم بزاڤە بزاڤێکی ناسیۆنالیستی بووە، تەنیا شت ئەوەیە کە ئەم بزاڤە لە لایەن سەرۆک عەشیرەتێکی کورد و لە ناوچەیەکی کوردی هەڵگیرساوە و چەند داواکاریەکی ناوچەی لە دەوڵەتی تورک هەبووە. بەم پێیەش لەژیر ڕۆشنای تیۆری گێلنەر، ناتوانین بڵێین ئەم بزاڤە بزاڤێکی ناسیۆنالستی بووە، یاخود پالنەرێکی ناسیۆنالستی هەبووە، هەر وەک گێلنەریش پێی وایە “ناسیۆنالیزم بیدارکردنەوەی نەتەوە نییە بۆ خود ناسین، بەڵکوو داهێنانی نەتەوەیە لەو شوێنەدا کە نەتەوە بوونی نییە”، واتە ئەوە ناسیۆنالیزمە نەتەوە درووست دەکات نەک بە پێچەوانەوە کە نەتەوە ناسیۆنالیزم درووست بکات. [1]