عوسمان عومەر
ئیران لەجەنگێکی درێژخایەن بوو لەگەڵ ئێراق سەرەڕای ئەوئابلوقە ئابووریەی خرابوە سەری لەلایەن وڵاتانی ڕۆژاواوەو پشتیوانی کردنی ئێراق لەلایەن ئەمریکا وفەرەنسا وڵاتانی ناتۆ و وڵاتە عەرەبییەکان و ئیمارەتەکانی کەنداو کە دواتر وەک دووپشکە ڕەشە بە کوەیتییەوە داو داگیری کرد چۆن ی ن ک پیویستی بە دەرچەیەک بوو ئیرانیش بەو شیوەیە پیویستی بەهێزێکی شەرکەری تۆکمەی ناوچە ئازاد کراوی وەک یەکیتی هەبوو چونکە دەیانزانی گەر هێزەکانی ئیران بینە ناوچەکانیان ئەوا شەریان دەکرێت و بەرنامەکانیان تێکدەچێت بۆیە بۆ زیاتر چاو ڕوونی وەفدێکی تریان هاتنەوە لای سەرکردایەتی ی ن ک و سەردانی ناوچە ئازادکراوە فراوانەکانیان کرد وئینجا بڕواو متمانەیان بەوەهێنا کە یەکیتی دەتوانێت و دەستەڵاتی ئەوەی هەیە کە گورزی کوشندە ئاڕاستەی دام و دەزگا نەوتی وئابووریەکانی کەرکووک بکات و ئێراق لە ڕووی ئابووریەوە تارادەیەک تووشی ئیفلیجی بکات … هەروەک شەهیدی نەمر (علی حسێن-شوانی تەنسیق) بوی باسکردم کەچەند کەسیکیان لە ئیرانییەکان بردبووە نزیک بیرە نەوتەکانی کەرکووک (زەمبور و بای حەسەن و جەوەل بۆر) ئیرانییەکان سەریان سوورمابوو ئاوا بەئاسانی بەپەنای داتێپەردەبن و هیچتان نەکردووە ئەویش لە وەڵامدا وتبوی ئێمە چەک و تفاقی جەنگی وامان نییە گەرنا دەتوانین تا سەر ڕێی بەغداش کۆنترۆڵ بکەین خۆتان بەچاوی خۆتان بینیتان هێزی ی ن ک تاکوێ دەستەڵات و سنووری هەیە.
ساڵی 1980 کاتێک جەنابی #مام جەلال# چەند تەنێ چەکی قورس و سوک و تەقەمەنی و تەنانەت (زوارق مطاطية سريعة -بەلەمی خێرای مەطاطی) کە دۆشکای لەسەر دەبەسترا وەک هاوکاری لە ڕێکخراوە فەلەستینییەکان و جەبهەی شەعبی وسووریا و لیبیا لەگەڵ خۆی هینابوو بەڵام ئێرانییەکان دەستیان بەسەردا گرتبوو …. سەرەتا ڕێککەوتنەکە وابوو کە قوتابخانەێکی پەیوەندییەکان لەسەردەشت بکرێتەوە بۆ هەماهەنگی و هاوکاری ئەو نەخۆش پەکەوتانەی شۆڕش و ناردنە دەرەوەیان بۆ چارەسەر و کۆمەک و هاوکاری لەوێ دانرا چونکە ناوچەکانمان ئابلوقەیەکی ئابووری توندی لەسەر بوو، ئەوانیش وەک نمایندە بارەگایەکیان بۆ دانرابوو لەیاخسەمەر.. دوای چەند جەولەیەک لە کۆبوونەوە سەرەتای ڕێکەوتنەکە بەسەردانی جەنابی مام جەلال بۆ تاران و وەک عەدەد بیتەل خارە ئازادی لەگەڵ خۆی بردبوو بەندەش لەیاخسەمەر مابوومەوە بۆ واژوو کردنی ڕێکەوتنەکە و دواتر سەردانی جەنابی کاک نەوشیروان بۆ دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەر و ناردنی بریندار و نەخۆش و سەردانی ڕۆژنامەنووس و ئەندامانی دەرەوەی وڵاتی ی ن ک بۆ ناوەو تا وای لێهاتبوو ببوە نوکتە (ئێرانم دەیەشێ) بەڵام زۆر بە ڕیکوپێکی و توندو تۆلی کاری ئەوهاتن چونانە دەکرا.
پاش گەڕانەوەی جەنابی مام لە گەشتەکەی هەروەها کاک نەوشیروان سەرەتاکانی ڕیککەوتنەکە بە ناردنی کەلوپەلی پێشمەرگانە و چەک و تەقەمەنی بەهۆی بێتەلی گومرگی سەفرەوە کە کاک سالار کاری لەسەر دەکرد …. بروسکەکان هەمووی بە شفرەی تایبەت ئامادە دەکراو ئیمەش وەرمان دەگرت و شیمان دەکردەوە ناوی نهێنی بۆ چەکەکان دانرا بوو وەک (کەلەشێر، مریشک، مەر، بزن، گا، قوماش فەرش، قالی کاشان و …. هتد) ئەمانە چەکی کلاشنکۆف، بی کەی سی، دۆشیکای 12,5 ملم دۆشیکای 14,5 ملم، ڕۆکێتی سام 7ی ڕووسی دژی فڕۆکە و مینی کاتیوشا، هاوەنی 120 ملم، 82 ملم و ڕۆکیتی ساگەری ڕووسی دژی تانک و بە هەموو تەقەمەنییەکانییەوە و زیادەش زۆر جار بەکاک سالارم دەوت بۆ خۆشی ئەرێ کاکە ئەو هەموو کەلەشێرو مریشکەت ناردووە دەتوانین لێی سەربرین گەر نا دەبێت کولانەیەکی گەورە درووستکەین خۆ پێمان بەخێو ناکرێت ئاوا …. زۆر لە سەرکردەکانی وەک شەهید کاک #جەبار فەرمان# و شەهید غەریب هەلەدنی و سەرکردە و فەرماندەو پیشمەرگە بەهینان گواستنەوەی ئەوچەکانە هیلاک و سەرقاڵ بوون بەو ڕیگا سەخت و پەراندنەوەی لەچەمی هەرزنە لەهەموشی گرنگتر ئەوەبوو ڕژێمی ئێراق سەرەڕای ئەو هەموو گوێگرتنە لەبیتەلەکانمان بە تازەترین ئامێر نەیتوانی کەڵک لە تاکە بروسکەیەکمان ببینێت ببێ بەزانیاری بۆی.
دوای ئەوە چەندین بروسکەی زانیاریمان دەنارد بۆ شەهید شوانی تەنسیق و وەڵامەکەیمان وەردەگرتەوە سەبارەت بەکەرکووک بەهۆی ئەوەی بەندەو خارە پەیوەندییەکی متمانە پێکراو وخۆشەویستی وریزمان لەگەڵ شەهید شوان هەبوو زۆرجار بە شفرە تایبەتەکەی خۆی پێی دەوتینچاوەڕێی زرمەمان بن ئەوەندەش پیاویکی ڕوح سوک وسادە و لەخۆ بورد و بوو زۆرجار پێشنیاری بیرۆکەی شفرەی نوێی بۆ دەکردین لای جەنابی مام جەلالیش زۆر خۆشەویست وریزی لێ دەگیرا زۆرجار کە دەهاتە سەرکردایەتی نەدەچووە میوانخانە تایبەتەکەی جەنابی لای ئێمە دەخەوت وەک خۆمان هەلس وکەوتی دەکرد ڕوحی شادبێ، لە یەکێک لەوجارانە کە لامان بوو پێی وتین دەزانم ئێوە نهێنی دەپاریزن بۆیە وتی بەنیازی لیدانی بیرە نەوتەکانی کەرکووک و دەوروبەرین کەهاتوم زانیاری وردم بۆ جەنابی مام جەلال هێناوە دەربارەی ئەوە.
ڕۆژانی4 و5 و6 /ی تشرینی یەکەمی 1986 پاش بروسکە کردن بۆ مەلبەدەکان و گەیشتنی زۆربەی فەرماندەو سەرکردەکان کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ئەنجامدرا و ڕۆژانی 7 و 8 /ی تشرینی یەکەم بەرەبەرە سەرکردە و فەرماندەکان بە بەشە چەک وتەقەمەنی و شارەزا ئیرانییەکان بەرەو ناوچەکانی خۆیان گەڕانەوە و جەنابی کاک نەوشیروانیش بە هێزێکەوە بەرەو سوورقاوشان بە ڕێکەوت وکاک دارا وەک عەدەد بێتەلی دەزگای پێشمەرگایەتی لەگەڵ جەنابی بوو لەگەڵ کاک عەلی بچکۆل بۆیەش بیتەلی خۆی نەبردبوو بۆ ئەوەی دوژمن هەست نەکات کە کاک نەوشیروان لە ناوچەکەیە و تەمای شتێکیان هەیە.
شەوی 9/10 ی تشرینی یەکەمی 1986 هێرشەکان کاتژمێر 12ی شەو دەشتی پێکرد لە هەموو لایەکەوە بەرەبەرهش بیتەلی مەڵبەند و فەرماندەکان دەهاتنە خەت بەر لە چارەکێک لە دەستپێکی کارەکە جەنابی مام بروسکەیەکی زانیاری دابوینێ کە بکرێتە شفرە و بدرێ بەوقۆلەی کاک کۆسرەت سەرپەرپشتی دەکات هەندێکیمان ئامادە کردبوو بەڵام بەهۆی زۆری بروسکەکەو دواکەوتنی هاتنە سەرهێڵی بیتەلەکەی کاک کۆسرەت کە شەهید عەبدوڵڵا عەبدولواحید کە یەکێک لە عەدەد بیتەلە زیرەک و بەتواناکان لەگەڵی بوو نەتوانرا پیشوەخت بروسکە بگەیەنرێتە دەست بەڵام پیش دەستپێکی هێرشەکە بەچەند دەققەیە توانیم بروسکەکەی بگەیەنمێ بە بێ شفرە چونکە شەهید وتی کاتم نییە بۆ کردنەوەی شفرە وکارەکە خەریکە دەست پێدەکات بەڵام بەئالوگۆری زۆر لە شەپۆلەکان کارەکەم ئەنجام دا …. جەنابی مام هەر ئەوشەوە چوو بۆ سەردانی شەهید دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملو ئەوەی لەیادم بێ بروسکەکە سەبارەت بە کەڵک وەرگرتن بوو لە ڕادیۆی ئیف ئیم بۆ تەشویش خستنە سەر چاوەسحریەکانی دەوروبەری بیرە نەوتییەکان وهەندێک زانیاری تر لەیادم نەماوە ….. ئەوزانیارییانە دیار بوولەلایەن ئەندازیاریکی نەوتی کورد کە لەوێ کاری دەکرد نیردرابوو پێم وایە دواتر نیردرایە دەرەوەی وڵات چونکە مەترسی لەسەرژیانی هەبوو.
لە زۆربەی قۆلەکانەوە هێرشەکان دەستیان پیکرد و سەرکەوتنی زۆرچاک بەدەست هاتبوو بەڕێز کاک نەوشیروان جەنابی قسەی لەگەڵ کردم و فەرموی بچۆ بە مام بڵێ بیرەنەوتییەکانی کەرکووک هەمووی زۆر بەچاکی پێکراوە و چونە ….. سەدامەوە و پێی بڵێ چراکە هەلکراوە بەندەش وەک خۆی قسەکانم بۆ جەنابی مام گواستەوە کە جەنابی نزیک بیتەلەکە بوو چونکە لە گەورەدێ بوو لای شەهید دکتۆر قاسملو.
هێزەکان لەم قۆلانەوە هێرشیان کردبووە سەر کەرکووک و بیرە نەوتییەکان:
شەهید شەوکەتی حاجی مشیرو هێزێک لە بیرە نەوتییەکانی زەمبور بدەن.
کاک ئازاد حەمە غەریبی سەگرمە و هێزیک لە بیرە نەوتییەکانی جەبەل بۆر بدەن.
هێزیکی گەورە بەسەرپەشتی بەڕێز کاک کۆسرەت لە دامودەزگاکانی ناو کەرکووک بدەن.
هێزیکی تریش بە سەرپەرشتی بەڕێز کاک نەوشیروان لە بیرە نەوتەکانی بابەگورگور بدەن.
بەڕاستی ئەو شەوە بۆ ئیمەی عەدەد بێتەل وەک ئاهەنگێ وابوو زۆر قسەی خۆش و پیکەنین دەکرا تەنیا ئەو شەوە وابوو کاتێکانی تر نەخێر…. لە هەمانکاتیش هەوالی شەهید بوونی هاوڕێ پێشمەرگەکانمان بە دلناخۆشی وەردەگرت بەڵام داری ئازادی بەخوێن ئاو نەدرێ قەد بەرناگرێ لەو شەهیدانە هاوڕێی خوێندن و پیشمەرگایەتیم ئەمیر عەبدوڵڵا حەوێزی برای بەڕێز کاک شێردل حەوێزی و قاسم محەمەد دووەم شەهیدی بنەماڵەکەیانو خەڵکی شاری کۆیە بوو برایەکی تری بەناوی دڵشاد ساڵی 1978 لەگەڵ لەگەڵ شەهید جەمیل ڕەنجبەر و چەند بریندار و شەهیدیکی تر لە شاخی کیوەرەش شەهید وبریندار ببوون.سڵاو لە گیان و ڕوحی پاکیان.
بیگومان وەک هێزی پێشمەرگەچاوەڕوانی پەلامارێکی بەهێزی فڕۆکە جەنگیەکانی ئێراق بوین لەتۆلەی ئەو چالاکییە گەورەیە کەبۆ یەکەمجاربێ لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلی کوردستان بەم شیوەیە هێرش بکرێتە سەردام دەزگا نەوتییەکانی ئێراق و زیان پێ گەیاندنی بەڵام لەراستی دا تەزینرابوون و هیچ کاردانەوەیەکی وایان نەبوو ئەوەی جێگەی سەرنجم بوو
بەیانییەکەی
لە ڕادیۆی ئیرانەوە کردبوی بەهەللا و مارش لیدان و هەراو فەرتەنەو اللە اکبر گوایە هێزێکی سوپای پاسداران توانیویانە دزە بکەنە ناو قولایی خاکی ئێراقەوە و لە بیرە نەوتییەکانی کەرکووک بدەن و ئیفلیجی بخریتە بیرەنەوتەکان و زیانی ئابووری پێ گەیاندون …. بەڵام بۆ مێژوو ئەلێم: تەنیا هێزیکی ئیرانی شارەزای تەقاندنی تۆپ و کاتیوشاکان بوو کە بەشدار بوون لەو هێرشە هەموو نەبەردی و قارەمانییەتی و بویریەکە هیی هێزی پیشمەرگەی ی ن ک و شەهید و بریندارەکانی بوون … بۆیە وتم دۆستی تازەمان وابێ دەبێت چارەنووسمان چۆن بێ بە پیلانگیریەکانیان ….؟ دوای ئەو کردارە ڕژێمی ئێراق دەستەواژەی (سلیلی الخیانە یا دلیلی الخیانەی) ی دژی (ی ن ک) بەکار دەهێنا وزیاتر مەترسی لا درووست بووبوو چەند هێلێکی بەرگری بەهێزی لە دەوری کەرکووک زۆر شوێن درووستکردبوو چونکە مەترسی زۆری لەو ڕیککەوتنەی نێوان یەکیتی ئیران هەبوو دەبوایە بڵێن دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە ….. هەرچەندە لەسەر ئەو مارش لیدان و هەللاو فەرتەنییە ی ن ک بانگی نوینەرکانی کرد و موزەکەرەی نارەزایەتی پێشکەش سوپای پاسداران کرد و پیم وایە هیچی لێ شین نەبوو جگە لە موجامەلە …. هەر ئەمەش بوووای لە ڕژیمی ئێراق کرد کە تا زووەفریای خۆی بکەوێت تا نەبووەتە قاوەلتی یەکیتی و ئیران وجەزرەبەی کوشندەی لێ بدرێ بۆیە پلانی هێرش کرنە سەر سەرکردایەتی ودەرپەراندنی لە ناوچەکە بە هەرنرخێ ئەنجام بدات.
لە کۆتاییدا ئەلێم: هەر ئەو نەوتەی سەدام حسێن و ڕژیمی بەعس کردبویانە ئاگر و ئاسن و چەک و وەک مارەکەی شێخ ئۆمەر لەگەردەنی گەلی کوردیان ئالاندبوو بۆ چەوسانەوەو کوشت وبڕی بەداخەوە ئیستاش هەر نەبووە خێر و خۆشی بۆ گەل و بوژاندنەوەی ژیرخانی ئابووری وئاوەدان کردنەوە وگەشەکردنی ژێر خانی پیشەسازی وگرنگی دان بە بنیات نانی هێزێکی نیشتمانی پیشمەرگەی پر چەک بۆ پارێزگاری لەخاکی وڵات لەگەڵ ئەوقوربانییە زۆرەی تا ئەمڕۆ بە گیان خۆین داوێنانە و ئاوردانەوە لە کەسوکاری شەهیدان وبۆ مووچە مانگرتن و پارانەوە تا بۆیان دابین دەکرێت و بووەتە ئاگریکی ترو قەیرانی زۆری بۆ درووستکردوینو خەڵک و پیشمەرگەش چاک دەزانن کێ حەقی زەوت کردووە.
تێبینی
1-داوای لیبوردن دەکەم گەر هەر هەلەیەک لەبەروارەکان و قۆلەکان دا کرابێت و سوپاسی هەموو هاوڕێیەک دەکەم کە هەلەکانم بۆ ڕاست بکەنەوە بەوپەری خۆشییەوە.
2-زۆربەی بارەگای لایەنەکان لەسەر سنوورەکان و شارەکان بوو بۆ نموونە پارتی لە کەرەج-ڕاژان و نەغەدە هەبوو تا ئاشتبوونەوە هیچ لایەکیان بارەگایان لەناو خاکی کوردستان نەبوو.
3-ئیرانییەکان بەڕاستی سەرسام بوون بەئازایەتی و بویری جەنابی مام جەلال بێ ترس و لە بنەوپاڵی شاری سلێمانییە بەچەند کیلۆ مەترێ سەرکردایەتی پێشمەرگە دەکات.[1]