شارەدێیەکە، کەوتووەتە شارۆچکەی #دوکان# لە پارێزگای #سلێمانی#، باشووری کوردستان[1]
$ناو$
پێشتر ناوی ئەم شارەدێیە (شارەدێی مەرگە) بوو، پاش گواستنەوەی ناوەندی شارەدێ لە گوندی مەرگەوە بۆ گوندی بنگرد ناوەکەشی گۆڕدرا بۆ شارەدێی بنگرد.
ناوی ئەم شارەدێیە لە ناوەندەکەیەوە وەرگیراوە کە ئەویش شارەدێی بنگردە.
بنگرد لە لێکدانی دوو وشە ھاتووە (بن+گرد)، واتا ژێر یا بناری گرد کە ھەڵکەوتەی گوندی بنگرد وەھایە کەوتووەتە دامێن و بنی چیا و چەند گردێک.
$جوگرافیا$
شارەدێی بنگرد ھاوسنوورە لەگەڵ؛ لە باکوورەوە شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی #ڕانیە#، شارەدێی #ناودەشت# و شارەدێی #ژاراوە#.
لە باشوورەوە شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی #ماوەت#، شارەدێی #گاپیڵۆن# و شارەدێی #سوورداش#.
لە ڕۆژھەڵاتەوە شارەدێی #ئیسێوێ# و شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی #پشدەر#.
لە ڕۆژاواوە دەریاچەی #دوکان# و شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی دوکان و شارەدێی #خدران#.
ڕووبەری ئەم شارەدێیە (655کم2)ە لە (36٫75٪) شارۆچکەی دوکان پێکدەھێنێت، و لە (3٫24٪) پارێزگای سلێمانی پێکدەھێنێت.
لە ڕووی ڕووبەرەوە لە ئاستی (یەکەمە) لە شەش شارەدێی شارۆچکەی دوکاندا.
لە ڕووی دانیشتووانەوە لەسەر ئاستی (سێیەمە) لە شەش شارەدێی شارۆچکەی دوکان.
ژمارەی دانیشتووانی ناحیەی بنگرد لە ساڵی 2020دا (9٬723)کەسە.
$مێژوو$
مەڵبەندەکانی فەرمانرەوای بابان پێش سلێمانی
بابانەکان پێش بوونیادنانی سلێمانی مەڵبەندی حوکمڕانیان لە چەند ناوچەیەک بووە، بەم شێوەیەی خوارەوە:
گوندی مەرگە:دێیەکی گەورەبووە لە شارەدێی بنگردی شارۆچکەی دووکان، ئەم گوندە لە سەردەمی فەرمانرەوای سوڵتان سلێمانی قانوونی عوسمانی 1569ز مەڵبەندی فەرمانرەوای بابانەکان بووە.
$سەردەمی عوسمانی$
لەنێوان ساڵانی (1851-1869):
شارۆچکەی مەرگە یەکێک بوو ەو 17 قەزایەی لیوای سلێمانی، کە ناوەندەکەی گوندی مەرگە بوو. بە سنوور ئێستای شارەدێی بنگردەوە.
لەنێوان ساڵانی (1869-1872)دا:
قۆناغی (مەدحەت پاشا)یە کە بۆ ماوەی سێ ساڵ والی بەغدا بوو، ھەرچەندە تەمەنی ئەم قۆناغە کەم بوو، بەڵام تێیدا گۆڕانکاری جەوھەری ئەنجامدرا لەوانە:
ھەڵوەشاندنەوی فرە ناوەندی شارۆچکەکان: بەشێکی زۆری شارۆچکەکان فرە ناوەند بوون و بەشێکی ئەم ناوەندانە بەناوی ھۆزەکانەوە بوو، لەم قۆناغەدا فرە ناوەندەکان ھەڵوەشێنرانەوە و لە جیاتی ئەوە یەک ناوی بۆ دانرا.
کۆکردنەوەی شارۆچکەکان: بەشێک لە شارۆچکەکان کۆکرانەوە لە یەک شارۆچکەدا، و یەک ناوی بۆ داندرا.
لەم ماوەدا شارۆچکەی مەرگە ناوی خۆی پاراست و وەک شارۆچکە مایەوە ناوەندەکەشی گوندی مەرگە بوو.
لەنێوان ساڵانی (1873-1918)دا:
لەم ماوەیەدا شارۆچکەی مەرگە فراون بوو پێکھاتبوو لە شارەدێی مەرگە (ناوەند) و شارەدێی سوورداش و شارەدێ پشدەر.
لە ساڵی 1912دا مەرگە وەک شارۆچکە مایەوە بەڵام شارەدێی سوورداشی لێدابڕێنرا و خرایە سەر شارۆچکەی سلێمانی، شارۆچکەی مەرگە لە شارەدێی مەرگە (ناوەند) و شارەدێ پشدەر پێکھاتبوو.
$سەردەمی ئینگلیز و پاشایەتییدا (1918-1958)$
لەنێوان ساڵانی (1918-1936)دا
ھەڵوەشانەوەی شارۆچکەی مەعمورە و لکاندنی ھەردوو شارەدێی (پشدەری 1) و (پشدەری 2) بە شارۆچکەی شارباژێڕەوە. لەم کاتەدا شارەدێی پشدەری 1 ناوەندەکەی گوندی مەرگە بوو.
لەنێوان ساڵانی (1936-1947)دا
لەم ماوەیەدا شارۆچکەی پشدەر ھاتە کایەوە کە لە شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی پشدەر و شارەدێی مەرگە پێکھاتبوو.
لە ساڵی 1938دا بە مەبەستی کارگێڕی ناوەندی شارەدێی مەرگە لە گوندی مەرگەوە گواسترایەوە بۆ گوندی بنگرد، ئیتر ناوی شارەدێکەش بووە شارەدێی بنگرد.
لەنێوان ساڵان (1947-1958)دا
شارەدێی بنگرد لەم ماوەدا ھەروەک خۆی مایەوە، ڕووبەرەکەی بە گوێرەی سەرژمێری 1947 (707کم2) بوو ژمارەی دانیشتووانی (13471)کەس بوو، و ژمارەی کەرتەکانیشی (55) کەرت بوو.
$سەردەمی کۆماری (1958-1990)دا$
لەنێوان ساڵانی (1965-1977)دا
دابڕانی شارەدێی بنگرد لە شارۆچکەی پشدەر و لکاندنی بە شارۆچکەی ڕانیەوە، بە پێی فەرمانی کۆماری ژمارە (460) لە 08-11-1971دا و دابڕانی شارەدێی ناودەشت لە شارۆچکەی ڕانیە و لکاندنی بە شارۆچکەی پشدەرەوە بە پێی فەرمانی کۆماری ژمارە (461) لە 08-11-1971دا.
لەنێوان ساڵانی (1977-1986)دا
دابڕانی شارەدێی بنگرد لە شارۆچکەی ڕانیە و لکاندنی بە شارۆچکەی دووکانوە، بە پێی فەرمانی کۆماری ژمارە (56) لە 28-01-1978دا.
لەنێوان ساڵانی (1986-1988)دا
بە فەرمانی کۆماری ژمارە (321) لە 11-06-1987دا ئەم شارەدێیە ھەڵوەشێنرایەوە و ھەموو کەرتەکانی خرایە سەر شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی دووکان.
$سەردەمی حکوومەتی ھەرێم$
لەنێوان ساڵی (1991-1992)دا:
لەم قۆناغەدا پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەولێر و پارێزگای دھۆک لەلایەن بەرەی کوردستانیەوە بە ڕێوەدەبرا، کە لەسەر ھەمان سیستەمی یەکە کارگێڕییەکانی ساڵی 1989 بەڕیوەدەبرا، لەبەر ئەوەی گوندەکان تازە ئاوەدان دەکرانەوە، ھەروەھا لەڕووی کارگێڕییەوە ھەرێمی کوردستان درووست نەبووبوو تاوەکوو لە ساڵی 1992 پەڕڵەمانی کوردستان پێکھێنرا. ئینجا یەکە کارگێڕییەکان درووستکرانەوە.
لەنێوان ساڵی (1992-2003)دا
لەم قۆناغەدا یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای سلێمانی بە پێی ئاوەدانکردنەوە نوێ کرانەوە و یەکە کارگێڕییەکان چوونەوە جێی خۆیان و ناوی کوردییان لێنرانەوە، ھەرچەندە شەڕی براکوژی کاریگەریی خۆی لەسەر ئەم ئاواکردنەوەیەش دانا و ھەرێمی کوردستان بووە دوو حکومەتی جوودا و تاوەکوو ئێستاش کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی حکومداری جێھێشتووە.
لە دوای ڕاپەڕینی 1991، ھەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان بە پێی بڕیاری ژمارە (18) لە (22-09-1992)دا ڕێگەی دا بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئەو شارۆچکە و شارەدێیانەی بە مەبەستی سیاسی ھەڵوەشێنراونەتەوە سەرلەنوێ پێکبھێنرێنەوە.
شارەدێی بنگرد یەکە کارگێڕییەکەی بۆ گەڕایەوە و لە ئێستادا شارەدێکە سەربە شارۆچکەی دووکان، ھەرچەندە لە ئێستادا لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بڕیار دراوە کە شارەدێی بنگرد و شارەدێی خدران بخرێتە سەر شارۆچکەی ڕانیە لە ئیدارەی ڕاپەڕین بە ھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافیان، بەڵام بڕیارەکە نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.