ئەم قەڵایە یەکێکە لە قەڵا شوێنەواری و مێژووییەکانی پارێزگای #لوڕستان#، دەکەوێتە ناوەندی شاری #خوڕەم ئاباد#، یەکێکە لە دیارترین پاشماوەی شوێنەواری لە شارەکە و بووەتە شوێنێکی گەشتیاری، کە لەناوەوە و دەرەوەی ئێران سەردانی دەکەن.
قەڵاکە دەکەوێتە سەر لووتکەی گردێک، لەناو شاری (خوڕەم ئاباد)، پایتەختی هەرێمی لوڕستانی بچووک-ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بنیاتنانی ئەم قەڵایە لەسەر لووتکەی گردەکە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، وەک بوونی ڕووبار لە لای ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای گردەکه، ئەم ڕووبارانە لە کاتی هێرشکردن بۆ قەڵاکە، دەبنە پارێزگارییەکی سرووشتی، هەروەها سەرچاوەی دابینکردنی ئاون لە کاتی ئاسایی بۆ قەڵاکە، ئێستا لای باکوور و ڕۆژاوای گردەکە بە گەڕەک و کۆڵانەکانی شاری خوڕەم ئاباد دەورە دراوە.
سەبارەت بە مێژووی ئەم قەڵایە، تا ئێستا کاتی درووستکردنی بەوردی دیاری نەکراوە، بەڵام بەڵگە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن، مێژووی درووستکردنی ئەم قەڵایە لە سەردەمی #ساسانییەکان# و لە کاتی فەرمانڕەوایی شاپووری یەکەمدا بووه، لە سەدەی سێیەمی زایینیدا، بە تێپەڕبوونی کات و لەسەردەمە جیاوازەکان، ئەم قەڵایە کۆمەڵێک ناوی لێنراوه، وەک: شاپوور خەست، یان قەڵای سابر خەست، دێسباز، قەڵای خەمیرەئاباد، دواجار قەڵای فەلەک ئەلئەفلاک.
ڕووبەری ئەم بینایە نزیکەی پێنج هەزار و 300 مەتر چوارگۆشەیە و هەشت تاوەر و دوو قەڵای بچووکتر لەناوەوە و 300 پەناگە لەخۆ دەگرێت. بەرزترین دیواری گردەکە 23 مەترە، دیوارەکانی قەڵاکە لە خشت و کەرپووچ، هەروەها جۆرە کەرپووچێکی تایبەت، کە لە گەچ و ماددەی کلس پێکهاتوون، درووست کراوە. دەرگای چوونە ژوورەوەی دەکەوێتە لای باکووری، لە ڕێگەی ڕێرەوێکەوە بە یەکەم حەوشەی قەڵاکە دەبەسترێتەوە، کە بە شێوەی چوارگۆشە دیزایین کراوە، دەورە دراوە بە چوار تاوەر، کە بە شێوەی ئەڵقەیی درووست کراون، دووانیان لە لای باکوور و باکووری ڕۆژاوان، دوو تاوەرەکەی دیکە لە لای باشوور و باشووری ڕۆژاوان و بە شێوازی هونەری و تەکنیکی ئەندازەیی زۆر ورد درووست کراون.
لە دواوەی حەوشەی یەکەمی قەڵاکە، بیری ئاوی هەیه، قووڵاییەکەی 40 مەترە و تاکوو ئەمڕۆش دەتوانرێت بەکار بهێنرێت. بەشی ناوەوەی قەڵاکەش لە کەرەستەی خشت، خشتی سوورکراوە، بەرد، دار درووست کراون. شاری (خوڕەم ئاباد) دوو هۆزی کوردی لە کۆنەوە تێیدا نیشتەجێن، کە بریتین لە هۆزەکانی (بەختیاری و لەک)، قەڵای شاپور خواست لەنێوان ساڵانی (959ز -1015ز) بوو بە بارەگای فەرمانڕەوایی دەوڵەتی حەسنەویی کوردی. هەروەها بارەگای فەرمانڕەوایی کوردەکانی ئەتابەکی خورشیدییەکان و حەسنەوی بووە (ئەتابەکانی لوڕستان) لەنێوان ساڵانی (1184ز -1598ز)، پاشان لەنێوان ساڵانی (1598ز -1796زم) بوو بە بارەگای فەرمانڕەوایی کوردی خانەکانی فەیلی (خانەکانی لوڕستان).
ئەمڕۆ قەڵای شاپور خواست لە خوڕەم ئاباد وەک مۆزەخانەیەک بۆ فۆلکلۆری کوردی و لوڕ و ئەو شوێنەوارانەی لە ناوچەی لوڕستان دۆزراونەتەوە، بەکار دەهێنرێت.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]