کورد دوای 99ساڵ لەواژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان...
ساڵی 1918 لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی وڵاتانی براوەی جەنگ بەریتانیا و ئیتاڵیا و فەڕەنسا و ژاپۆن و یۆنان و یابان و ژمارەیەک دەوڵەتی تر، پەیماننامەی سیڤەریان لە شاری سیڤەری نزیک پاریس لە ڕێکەوتی10-08-1920 واژۆ کرد و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، کە بە پیاوە نەخۆشەکە ناسرابوو هەڵوەشێنرایەوە، شەریف پاشای خەندانیش وەک نوێنەری کورد لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادە بووە.و وەک ئەوانی تر ڕاپۆرتێکی لەسەر ڕەوشی نەتەوەی کورد پێشکەشکردووە، بەپێی سیڤەر کوردستان هەر بە دوو پارچەیی بەسەر ئێران و عوسمانیدا مابویەوە، بۆ یەکەمجاریش کوردستان بە گوێرەی پەیماننامەی قەسری شیرینی ساڵی1639 لەنێوان هەردوو ئیمپراتۆریەتی داگیرکاری سەفەوی و عوسمانیدا بۆ دوو پارچە بەسەر خۆیاندا دابەشیانکردووە و ئەو سەردەمە شەڕی چاڵدێران لەئارادا بووە.
لەبەشێک لەبەند و بڕگەی پەیمانەی سیڤەردا باسی گەلی کورد کراوە، کە یەکەمجارە پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی بەو جۆرە باسی کردووە و ددانی پێداناوە، پەڕتوکی شەرەفنامە تەواوی بەندەکانی پەیماننامەی سیڤەری بە باشی ڕوونکردووەتەوە، گەلی کورد لەسیڤەردا پێگەیەکی گرنگی پێدرا و تورکیایش ناچاری دەستبەرداربوون لە چەند خواستێکی وەک مژاری نەتەوەی ئەڕمەنی و وڵاتانی عەرەبی و دەریای ئیجە و چەند دوورگەیەکی یۆنان کرا، وەلێ ڕێککەوتننامەی سیڤەر لە لایەن تورکیاوە پەسەند نەکرا و ڕەتکرایەوە و دەرەنجامەکەشی بە واژۆکردنی پەیماننامەیەکی نوێ بە ناوی لۆزانەوە کۆتایی هات.
پەیماننامەی لۆزان لە ڕێکەوتی 24-07-1923 لە قەڵای ئۆشی میترۆپۆلی لۆزانی پایتەختی سویسرا واژۆ کراو ئەو بەندانەی لەسوود و کەڵکی گەلی کورد لەپەیماننامەی سیڤەردا واژۆ کرابوون، لێی پاشگەزبوونەوە و کورد بەپێی لۆزان لەتەواوی مافەکانی بێبەش و پەرتەوازە کرا و تورکیایش بەشێکی زۆر لەو خواستانەی پێشوویی گەڕاندەوە و دەستبەرداری چەند بەشێک لەداواکانیشی بوو لەوانە دەستهەڵگرتن لە ویلایەتی موسڵ بە فشار، لەڕێککەوتننامەی لۆزاندا چارەسەرکردنی دۆزی موسڵ بە کۆمەڵەی گەلان سپێردرا، ئەویش لە ساڵی1926 بڕیاریدا لە لایەن ئێراقەوە بەڕێوەببرێت و ئیتر تورکیا لەو خواستەی نائومێد بوو، بەڵام وەک دەوڵەتێکی نوێ ددانی پێدانرا و سنووری وڵاتەکەی دیاریکرا و باکووری کوردستان خرایە سەر تورکیا، ڕێککەوتنی سیڤەر لەقازانجی بەریتانیا بە پلەی یەکەم لەبەر گرنگی ویلایەتی موسڵ نووسراوە، کە هەموو باشووری کوردستانی گرتووەتەوە.
پاش واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان کوردستان بەسەر چوار دەوڵەتی داگیرکاری ئێراق و تورکیا و ئێران و سووریا دابەشکرا، ئیتر سیاسەتی جینۆسایدکردن و کۆمەڵکوژی و تواندنەوەی ناسنامە و زمانی کوردی لە هەر چوار پارچە و باشووری کوردستان بە تایبەتیی بەردەوام و درێژەی کێشا، چونکە لە پێش واژۆکردنی لۆزانیشەوە کورد دابەشکراو و چەوساوە بووە و ڕێککەوتنامەی سایکس بیکۆ لە ساڵی1916 جارێکی تر ڕۆژهەڵاتی ناو ڕاستی لەنێوان وڵاتانی براوەی جەنگ و زلهێزدا دابەشکردەوە و کورد بە یەکجاری لە خەونی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی نائومێد کرا، مۆرکردنی پەیماننامەی لۆزانیش جارێکی تر نەخشەکێشان و دابەشکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر میراتی عوسمانی و لە بەرژەوەندی وڵاتانی تەماعکاری جیهانی و هەرێمیدا بوو، سیاسەتی نکۆڵیکردن و تواندنەوە و قڕکردنی گەلی کورد لە دوای لۆزانەوە لە لایەن هەر چوار وڵاتی داگیرکارەوە بە ڕێکخراوەیی تا ئەمڕۆیش بەردەوامە.
پەیمانی نێوان تورکیا و ئێراق:-
لە ساڵی1983 و پەیمانێک لەنێوان تورکیا و ئێراق لەبارەی بەزاندنی سنووری یەکتری واژۆ کراوە و بەپێی پەیمانەکە هەر یەکێک لەو دوو دەوڵەتە بۆیان هەیە، دە (10)کیلۆمەتر لە سنووری یەکتری ببەزێنن، لەو کاتەوە تا ئێستا تورکیا بە بەردەوامی خاکی ئێراق و باشووری کوردستانی بەزاندووە و هاتۆتە ناوەوە و چەندین بنکە و سەربازگەی درووستکردووە، کە ئەمە یەکێکە لەو پەیماننامانەی دەبوایە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و پەڕڵەمانتاران و بەرپرسانی کورد لە#بەغدا#کاریان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بکردایە، کە تا ئێستا زۆرینەیان لە ڕێککەوتنەکە و مەترسییەکانی بۆ کورد بێئاگان.
لە ساڵی 1976 و تورکیا و سووریا و ئێراق چەندین جار لەبارەی چارەسەرکردنی گرفتی سەرچاوەکانی ئاوەوە کۆبوونەتەوە، ئاوی دیجلە و فورات و سەرچاوە ئاوییەکانی تریان وەک کارتی فشار دژی کورد بەکار هێناوە، ڕێککەوتننامەی 29-03-1947 لەنێوان تورکیا و ئێراقدا سەبارەت بە ئاوی هەردوو ڕوباری دیجلە و فورات هەیە، بەپێی ئەو ڕێککەوتنە هیچ یەکێکیان مافی زیانگەیاندن بە دەوڵەتەکەی تریان نییە، بەڵام ئەم بڕیارە کورد ناگرێتەوە و بگرە دژی کورد بەکارهاتوون، تا هەنوکە ئەو ڕێککەوتنانەی زیانی کوردی تێدایە بەرکارن و هەڵنەوەشاونەتەوە و ئەم دوو وڵاتە لە زیانگەیاندن بە دۆزی کورد هاوڕاو و هاوبەشن، لە ساڵی1957 یشەوە تورکیا ئامانجی درووستکردنی بەنداوی لەسەر ئەو دوو ڕوبارە هەبووە و بەردەوامە، کە ئێراق دەیتوانی لە دادگا نێودەوڵەتییەکان سکاڵای لەسەر تۆمار بکات، بەڵام نەیکردووە و نایشیکات، ئایا کورد دەتوانێت لەم مەترسییە بە وەڵام بێت و هەوڵی هەڵوەشاندنەوەیان بدات؟.
دوای سەدساڵ دەتوانین چی بکەین؟.
دوای 99 ساڵ لە داگیرکاری تا ئێستا ئێراقی دوای سەدامیش لەسیاسەتی بەعەرەبکردنکردنی باشووری کوردستان و هێنانی بە لێشاویی ملیۆنان عەرەب بە بیانوی شەڕی داعش و خراپی کەشوهەوا و ئاساییشەوە بەردەوامە، سەرەڕای ئاسایی بوونەوەی ڕەوشی ناوچەکانیشیان نایەوێت بیانگەڕێنێتەوە، تا ئێستا بە پلە دوو تەماشای کورد دەکات و سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیا و تواندنەوەی کورد پەیڕەو دەکات، تورکیا چەند بنکەی سەربازی لە باشووری کوردستاندا هەیە و ڕۆژانە بۆردومان و جینۆسایدمان دەکات و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەوڵی بە دەستهێنانەوەی ویلایەتی موسڵ واتە هەموو باشووری کوردستان دەدات و نەوە لە دوای نەوەی تورکی بە هێنانەدی ئەو خەونە گۆش دەکات، لە باکوور و ڕۆژاوایی کوردستانیش بە هەمان جۆر سیاسەتی تورک ستەمکارانە بەردەوامە.
تورکیا لە ساڵی 2014 و بە پاساوی شەڕی داعش هێزێکی زۆری سەربازی لە شارۆچکەی بەعشیقەی #موسڵ# جێگیرکردووە و تا ئێستا ئامادەی کشانەوە نین، هەر لەو ساڵەوە ئێراق زیاتر لەسێ ملیۆن عەرەبی بە بیانوی جەنگی داعشەوە هێناوەتە هەرێمی کوردستان#سلێمانی# و #هەولێر#و ئامادەی گەڕانەوە نین، هەرچەندە جەنگی داعش و مەترسی ناوچەکانیان نەماوە و تا هەنوکە نوێنەرانی کورد لە هەرێمی کوردستان و ئێراق شەرمن و بێئاگان و بوێری کار لەسەرکردن و پرسیاری لۆژیکیان لەو بارەیەوە لەکاربەدەستانی ئێراق و هەرێمی کوردستان نییە.
بە وتەی توێژەران تا ئێستا پەیماننامەی سیڤەر و لۆزان هەڵنەوەشاونەتەوە و هیچ بڕیارێکیان لەو بارەیەوە لەسەر نەدراوە و ماوەیان دیارینەکراوە، هەرچەندە دوای سیڤەر پەیمانی لۆزانیش واژۆ کراوە، ئەمە لە کاتێکدایە تورکیا ڕۆژانە پڕوپاگەندەی ئەوە دەکات، کە پەیماننامەی لۆزان دوای سەدساڵ بە هەڵوەشاوە ژمێرە دەکرێت و کۆتایی دێت.
دەبێت لە ئاستی نێودەوڵەتییدا کورد کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی لۆزان بکەن و سنوور بۆ ستەمکاری و جینۆسایدی تورکیا و ئێراق و ئێران لە دژی کورد دابنرێت و داوا لە وڵاتانی بەشداری پەیماننامەی لۆزان بکرێت، قەرەبویی کورد وەک نەتەوە و ئەو نادادیانەی لە لۆزاندا بەرانبەریان کراوە بکرێتەوە و ستەمی لۆزان بە فەرمی بناسێنرێت.
تورک لەپەیماننامەی لۆزان ناڕازیین و پەیمانەکە بە نادادی بەرانبەر بە خۆیان دەناسێنن و پیلانیانە ساڵی 2023 ویلایەتی موسڵ و #حەلەبی# بۆ پێواژۆی پێش مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی لۆزان بگەڕێننەوە، ئایا کورد لە هەر چوار پارچە و ئەوروپایش تا چەند ئامادەیی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پیلانەن و کار و خەباتی شیاوی بۆ دەکەن؟، پێویستە لەئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیشدا کورد دژی ئەو پیلانگێڕییەی تورکیا بجوڵێن و ڕای گشتی لەسەر درووست بکەن[1].