ناونیشانی پەرتووک: ئامینە لە پێشمەرگایەتییەوە بۆ پەرلەمانی سوید
ناوی نووسەر: #ئامینە کاکە باوە#
ناوی وەرگێڕ: #ڕووناک شوانی#
وەرگێڕان لە زمانی: سویدییەوە
ژن بەدرێژایی مێژووی پڕ نەهامەتی ئێمەی کورد، هەمیشە لە پەراوێزی ڕووداوە سیاسییەکاندا بووە. نەک لەبەر ئەوەی پاسیڤ بووە و هیچ ڕۆڵێکی نەبووە، یان توانا و خواستی بەشداربوونی لە کایە سیاسییەکاندا نەبووە، بەڵکوو هزر و دەسەڵاتی پیاوسالاریی کاری لەسەر پەراوێزخستن و بە نادیدەگرتنی ئەو ڕۆڵە کردووە. ئیدی چ لەبەر هۆکاری کۆمەڵایەتی، ئایینی یا سیاسی بووبێ.
لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی پێشوودا، لە سۆنگەی شەڕ و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی هەر چوار پارچەکە ڕوویان لە وڵاتانی ئەوروپا کرد. لەنێویاندا بەهەزاران ژن هەبوون. بەشێک لەو ژنانە کەڵکیان لە هەلومەرجی ئەم وڵاتانە وەرگرت، لەسەر پێی خۆیان وێستان، چالاکانە چوونە ڕیزی پارت و ڕێکخراوەکان، درێژەیان بە خوێندن دا و بڕانامەیان بەدەست هێنا. لە ئەنجامدا لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی وڵاتە نوێیەکەیاندا ڕۆڵی بەرچاویان بەدەست هێنا، بەتایبەتیی لە سوید.[1].