ڕۆمانی من و لەیلا
شاهێز ئەلبورز
نێوەندی ئەدەبی عەرەبی بەتایبەت ژانری ڕۆمان ئەم ساڵانەی دوایی پێشکەوتنێکی باشی بەخۆیەوە بینیوە، هەم بە ژمارە ڕۆماننووسەکانی زۆربوون و هەم لە باری شێوازی نووسین و تەکنیکەوە گەشەی باشی کردووە و نووسەرانی تازەی عەرەب هەوڵ دەدەن بە شێوازی تازە و دوور لە گێڕانەی ئاسایی ڕۆمان بنووسن، بابەت و تێمای ڕۆمانەکانیش بە زۆری کار لەسەر ئێستای ژیانی عەرەب دەکەن.
بەڵام ئەم ڕۆمانە بە پێچەوانەی ئه و ڕۆمانانەوە دوورە لە کەشی نیشتمانی عەرەبی و زیاتر کەشێکی عیرفانییە و شوێن لە ڕۆمانەکەدا جێگەیەکی خەیاڵییە. شوێنی ڕووداوەکان کەنار دەریایەکی خەیاڵییە و کارەکتەرەکانیش خەیاڵین نەک واقیعی. لەیلا پتر لە کارەکتەرێکی خەیاڵییە و حۆرییەکە کەوتووەتە سەر زەوی و لە کەنار دەریادایە.
من و لەیلا ڕۆمانێکە هاوشێوەی ئه و ڕۆمانانەی کە کاریگەری دنیای عیرفانیان بەسەرەوەیە و چیرۆکی عیرفانییە. لە زومرەی ڕۆمانی چل ڕێساکەی عەشقە. ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە باسی دنیای عیرفانە چیرۆکی لەیلای حۆرییە لەتەک مارکۆس ئۆگەستین، فەیلەسوفی پیر. گەشتی لەیلای حۆری لە کەنار دەریاوە لە تەک ئه و فەیلەسوفە گەشتێکی عیرفانییە و گێڕانەوەکان پێدەنێنە دنیای ڕۆحانییەوە. له و دیالۆگە درێژەی نێوانیان گێڕانەوە پەی بە زۆر بابەت دەبات لەبارەی دنیای ڕۆحانی و خودا و خوداناسی و خۆشەویستی و ئاسوودەیی مرۆڤ و... بەگشتی ڕۆمانەکە جیاواز لە زۆر ڕۆمانی ئەم سەردەمەی نووسەرانی عەرەب دوورە لە کەشی عەرەبی و چیرۆکی عەرەبییەوە، گێڕانەوە باس لە شوێنێک ناکات کە نیشتمانی عەرەب بێ یان باسوخواسی سیاسی و نیشتمان نییە. سەرلەبەری ڕۆمانەکە چیرۆکی ئه و کچەیە کە هاوشێوەی حۆرییەکە گەیشتووەتە کەناری دەریا و فەیلەسوف پێی ئاشان دەبێ و وردە وردە لە یەکتری نزیک دەبنەوە و گفتوگۆ دەکەن و دیالۆگەکان گێڕانەوەکان بە ئاقاری ئەوین و جوانی و ڕۆحدا دەڕۆن.
ئەم ڕۆمانە بە زمانێکی سادە و ڕەوان نووسراوە و ئاسان له و دیالۆگانە حاڵی دەبی، بەڵام ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە قووڵە و بابەتی جدی و قووڵ لە خۆدەگرێ و پرسیارە قورسەکان دەهێنێتە بەرباس. نووسەر هەم بەسادەیی دەچێتە نێو بابەتەکەوە و هەم شێوازی داڕشتنەوەی بەشەکان به و جۆرەیە کە خوێنەر وەڕس نابێ، بەشەکانی کورت کورتن. ئەوەش وادەکات خوێندنەوەی ڕۆمانەکە ئاسان بێت و خوێنەر وەڕس نابێ لە خوێندنەوەی.
رۆمانی من و لەیلا نوێترین بەرهەمی وەرگێڕانی نووسەر و وەرگێڕ دانا عەسکەرە و لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی فێربوونە. ڕۆمانەکە نووسینی نووسەری عەرەب ئەحمەد ئال جودەیە و دیزاینی بەرگ برایم ساڵحە. دانا عەسکەر جگە لە شیعر و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی لە بواری وەرگێڕانیشدا چەند بەرهەمێکی وەرگێڕاوە بۆ کوردی، لەوانە دەرگای تەباشیری ئەحمەد سەعداوی، قورخوێنی حەسەن فالح... ئەم ڕۆمانەی نووسەر ئەحمەد ئال جودە نوێترین وەرگێڕانی نووسەر و وەرگێڕە، لێرەوە دەستخۆشی لە نووسەر دەکەم به و کوردییە ڕەوان و جوانە ڕۆمانەکەی وەرگێڕاوە. [1]