ناونیشانی پەرتووک: ئایینی خۆشەویستی 3
ناوی نووسەر: #جەمال حسێن#
دەزگای پەخش: #ناوەندی غەزەلنووس#
بۆ تێگەشتن لە دنیابینیی سۆفییەکان، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ کەسایەتی و ژیاننامەی وەلییەکان. ئەوانەی لە یەک کاتدا هەم سۆفیی گەورە و پڕکاریگەریی ناو مێژوو بوون، هەمیش بەرجەستەکەری ناوەرۆکی تەسەوف بوون و بەم شێوەیە ژیاون و مردوون. لە هەموویشی گرنگتر لە ڕێی ئەم کەسایەتییانەوە دەتوانین بە باشترین شێوە لە دنیابینیی خودی تەسەوف تێبگەین، بۆیە ئەم پەرتووکەی بەردەستت مێژووی ژیاننامەی کەسە سۆفییەکان نییە، بەڵکوو دەشێ مێژووی فیکر بێت لە ڕێی کەسەکان خۆیانەوە، چونکە سۆفییەکان لەناو مێژوودا، هیچ جیاکارییەکیان نەکردووە لەنێوان ئەوەی دەیڵێن، لەگەڵ ئەو جۆرەی تێیدا دەژین. بگرە زۆر جار بەشێوەی ژیانی خۆیان، قسەیان کردووە. بۆیە ئەگەر حیکایەت و چیرۆکەکان، سەربازەکانی خوا بن، وەکوو لە یەکێک لەو فەرموودانەی تردا هاتووه، کە سۆفییەکان بەردەوام دووبارەیان کردووەتەوە، ئەوا فیکر و دنیابینی و وتەزاکانی عارفان لەناو ژیاننامە و حیکایەتەکانی ئەواندا بەرجەستە دەبێت و ڕوون دەبێتەوە. لەوە ڕوونتر ئەوەیە بە گەڕانەوە بۆ وتەکەی هەجویری بۆی گێڕاینەوە، سۆفییە گەورەکانی ناو مێژوو، بیرمەند و فەیلەسووف و زانا نەبوون، بایەخی ئەوان تیۆری نەبووە، بەڵکوو بە پلەی یەکەم ئەوانە بڕوا بوون بە کۆمەڵێک پرنسیپ و بیرۆکە و فیکر، کە پێی ژیاون و بۆی ژیاون و زۆر جار بەو هۆیەشەوە کوژراون (وەکوو حەلاج و هەمەدانیی ناو ئەم پەرتووکە). کەواتە ئەم پەرتووکە هەوڵێکە بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەم و فیکر و دنیابینیی پێنج کەسایەتیی گەورەی دنیای تەسەوفی ئیسلامی، کە هەریەکەیان بەشێوەیەک لە شێوەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان داناوە لەسەر عیرفان و فیکری ئیسلامی.[1]