ناو: مونیرە
نازناو: مونیرە قەفتان
ناوی باوک: ساڵح
ساڵی لەدایکبوون: 1921
ڕۆژی کۆچی دوایی: #29-03-2009#
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
شوێنی کۆچی دوایی: سلێمانی
$ژیاننامە$
مونیرە ساڵح عەبدولڕەحمان ناسراو بە مونیرە قەفتان لە دایکبووی ساڵی 1921 لە شاری سلێمانی لەئامێزی خانەوادەیەکی ناودار و ڕووناکبیر دا گەورە و پەروەردە بوو، یەکەم مامۆستای ژن بووە لە شارباژێڕ ژنێک بوو وەک پرشنگی هەتاو، بنەماڵەی قەفتان یەکێک لە بنەماڵە دیار و ناسراوەکانی شاری سلێمانین، لەم بنەماڵەیەدا چەندین کەسایەتیی سیاسی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و زانستی هەڵکەوتوون، کە هەر یەکەیان لە بواری خۆی دا خزمەتی بە گەل و نیشتمان کردووە، ساڵح قەفتان یەکێکە لە کەسایەتییە دیار و پێشەنگەکانی ئەم بنەماڵەیەیە مامۆستا ساڵح قەفتان پشتیووانیی بەهێزی جووڵانەوەکەی #شێخ مەحموودی حەفید# ی کردووە و بووە بە ئەندامی جەمعیەتی کوردستان کە مستەفا پاشا موڵکی سەرۆکی بووە، ئەم پیاوە ڕووناکبیر و ناودارە لە بوارەکانی سیاسی و ڕۆژنامەوانی و پەرروەردە و مێژوو خزمەتی زۆری کردووە و بەهۆی توانا زۆرەکانییەوە لەو بوارانە دا داهێنەر و پێشەنگ بووە. خاتوو (مونیرە قەفتان) کە کچی ئەو پیاوە مەزن و ناودارەیە، ئەم خاتوونە لەسەر دەستی ئەو بەگیانی نیشتمانپەروەری گۆش و پەروەردە کراوە، خاتوو مونیرە ساڵح ژنێکی دیار و پێشەنگ بووە و لە هەلومەرجێکی دژوار دا مەشخەڵی خەباتی کوردایەتی و ژنانی پێکەوە بەرز کردەوە و بە ئازایەتی و بوێری خزمەتێکی زۆری بەو کاروانە سەختە کرد و مێژووییەکی پڕ لە شانازی و سەروەری بۆ خۆی و گەلەکەی تۆمار کرد، قۆناغەکانی خوێندنی لە سلێمانی و بەغدا تەواوکرد، لە ساڵی 1939 خانەی مامۆستایانی بەغدای تەواوکرد دوای تەواوکردنی خوێندن بە مامۆستا لە باخچەی ساوایانی سلێمانی دامەزرا، پاش ماوەیەکی کەم گواسترایەوە بۆ ئامادەیی سلێمانی کچان و دواتر لە ئامادەیی سدیقەی کچان وەک مامۆستا خزمەتی کرد.
مونیرە قەفتان هەر زوو تێکەڵاوی جووڵانەوەی سیاسی بوو، لە ڕێی ڕێکخراوە پیشەییەکانەوە خزمەتی کرد، و لە ساڵی 1942 پەیوەندی بە کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستانەوە کرد و کار و چالاکی تێدا ئەنجام دا، ساڵی 1952 کە یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بە ڕەسمی دامەزرا، درێژەی بەتێکۆشاندا و ژنێکی ئازا و جەسوور و دڵسۆز بوو، هەر بۆیەش بەکار و چالاکییەکانی گەیشتە ترۆپکی ئەو ڕێکخراوە و لە ساڵی 1959 بووە سەرۆکی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و تا ساڵی 1961 لەو پێگەیە دا مایەوە. مونیرە قەفتان ژنێکی سەرکردە و پێشەنگ و چالاک بوو، هەمیشە بەرنامەداڕێژەر و سەرپەرشتیاری خۆپیشاندان و چالاکییە سیاسی و پیشەییەکان بوو، و بەهۆی ئەو هەڵوێستانەیەوە تووشی دروورخستنەوە و ڕوانان و زیندانیکردن بووەتەوە، لە دوای بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 1948 لە سلێمانی، سزا درا و بۆ شارەدێی بەلەدروزی سەربە شاری دیالە دوور خرایەوە، پاش شەش مانگ بۆ شاری سلێمانی گواسترایەوە و بوو بە بەڕێوبەری قوتابخانەی نیشتمانی کچان. لە ساڵانی 1954 تا 1958 وەک مامۆستا لە شارۆچکەی چوارتا خزمەتی کرد، دواتر گواسترایەوە بۆ شاری سلێمانی و بوو بە بەڕێوبەری ئامادەیی خانزادی کچان.
ساڵی 1960 کە ئاگری نەورۆز بەڕەسمی لە شاری سلێمانی کرایەوە، ئەرکی داگیرساندنی مەشخەڵی نەورۆز بەو سپێردرا، ئەویش وەک ژنێکی پێشڕەو و شارستانی بێ عەبا، مەشخەڵەکەی داگیرساند، ئەم مامۆستا پێشەنگە تا سەرەتای حەفتاکان وەک مامۆستا و بەڕێوبەر خزمەتی بە ڕەوتی پەروەردە و فێرکردن لە شاری سلێمانی کرد و دواتر خۆی خانەنشین کرد.
لە ساڵانی 1971-1975 خۆی و هاوسەرەکەی چوونەتە ناوچە ئازادکراوەکانی شۆڕش لە ڕایات و حاجی هۆمەران و لەوێ خزمەتیان کردووە، ماوەیەکیش لە شاری ڕەزاییەی خۆرهەڵاتی کوردستان و وەک مامۆستا خزمەتی بەمنداڵانی کورد کردووە، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول گەڕاوەتەوە سلێمانی و لە ساڵانی 1975 تا ڕاپەڕینی 1991 بە نهێنی لەنێو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا خەباتی کرد و ڕۆڵی دیار و جوامێرانەی بینی، و لە دوای ڕاپەڕین جارێکی تر چووە و کۆڕی تێکۆشانی ئاشکرا و لە ڕیزەکانی یەکێتیی ژنانی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دا درێژەی بە خەباتدا، لە ساڵی 1992 بەشداری یەکەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات. ئیدی تا دواڕۆژەکانی ژیانی بەشدارێکی چالاکی کۆڕ و کۆبوونەوە و چالاکییە مەدەنی و ڕۆشنبیرییەکان بوو، پاش کاروانێکی درێژی خەباتی سیاسی و پیشەیی، لە 29-03-2009 بۆ دواجار لە تەمەنی 88 ساڵیدا چاوە ماندووەکانی لێکنا و چووە دنیای نەمرانی نیشتمانەوە و لە گردی سەیوان بەخاک سپێردرا.
[1].