سەد ساڵەی پەیمانی سیڤەر 1
کۆتایی هەرس نەکراوی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی
نووسینی: Gerd Brendel لەئەڵمانییەوە هەڵۆ بەرزنجەیی
پەیماننامەی ناوبراو، پێش 100 ساڵ مۆری نا بە چارەنووسی دەسەڵاتدارێتی عوسمانی دا. ئەتاتورک دانووسانی لەسەر سنوورێکی نوێ کرد. بەڵێ ئەردۆغانیش بە پشتبەستن بە میراتی عوسمانی، داوای ناوچەیەکی گەورە و بەرفراوانتر دەکات. ئایا لە دایکبوونەوەی عوسمانی شیاوی هێنانە دییە؟.
بەندی یەکەم: پەیماننامەکە
ڕۆژی 10.8.1920 لە Sèvres نزیک لە Versailles، لە هۆڵێکی کارخانەی بەناوبانگی فەخفووری، نوێنەرانی هێزە سەرکەوتووەکانی جەنگی جیهانی چاوەڕوانی شاندی تورکی بوون لە ئەستەنبوڵەوە. نزیکەی دوو ساڵ بەسەر ڕێکەوتنامەی ئاگربەستی (مۆدرووس)دا تێپەڕ بووە، کە شەڕی نێوان ئیمپراتۆری بەریتانی و دەسەڵاتی عوسمانی تەواو بووە، دوو ساڵ دانووساندن لە ڤێرسایی و پاریس..
خاتووی مێژووناس Ellinor Morack دەڵێت کۆنفراسی ئاشتی گەورە لەنێوان هێزە سەرکەوتووەکان دا لە پاریس، کە هەر خۆیان بەشدارییان تێدا کرد واتە هێزە دۆڕاوەکان بەشدارییان پێ نەکرا.. هێزە دۆڕاوەکان لەتەک ئەڵمانیا و نەمسا و هەنگاریادا، دەسەڵاتی عوسمانیش بوو. لە زنجیرە درامای تیڤی (Vatanim Sensin/ وەتەن سانسین/ تۆ نیشمانەکەمی) ئەم گرتەیە دووبارە بۆ بینەرانی تیڤی تورکی پێشکەش کرایەوە.. شاندە سێ کەسییەکەی لە ئەستەمبوڵەوە هاتبوو، بە دڵێکی تەنگەوە واژۆیان لەسەر ڕێکەونەکە دانا. (وەک لە وێنەکەدا دیارە جەنەڕاڵ هادی پاشا، وەزیری جارانی تورکی بۆ فێبوونی گشتی، ئیمزای ڕێکەوتنامەی ئاشتی دەکات.و).
لە گرتەیەکی فیلمەکەدا خواستی ئیماندارانەی دیبلۆماتکاری ئەستەنبوڵی و پزیشک و فەیلەسووف ڕەزا تۆفیق خستە بەر باس.... دەبا واژۆکەم ئاشتی بهێنێت. خواستێک کە بۆخۆی نەهاتە دی. مۆراک دەڵی: پەیماننامەکە (دواجار وەک بەمردوویی لەدایک بووبێت وایە دەشکێ وەک ئەو فەخفورییەی لە هۆڵەکەدا دانراوە، پەیماننامەکە واژۆ دەکرێت لە لایەن کۆستەنتینۆپۆلەوە، نەک لە لایەن ئەنقەرەوە. لە زنجیرە تەلەفیزیۆنییە تورکییەکەدا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا George Curzon ددان دەنێ بە خاڵە لاوازەکانی دا.
ئەنقەرە ئەو شارە بچووکەی ئانادۆڵ کە لە ساڵی 1920 ەوە لە لایەن مستەفا کەمال، کەدواتر بە ئەتاتورک ناسرا، کرا بە شوێنێک کۆبوونەوەی نەتەوەیی گەورەی تێدا ئەنجام دەدرا..بە شێوەیەک دەرکەوت وەک حکومەتی دژی کابینەی سوڵتان لە کۆنیستانتیناپۆل، کە دەسەڵاتی تەنیا لەسەر کاخەز بوو.
سیڤەر هەڵوەشاندنەوەیی ئیمپراتۆریەتەکەی نەخش کرد
پایتەختی ئیمپراتۆرێتەکە: لە لایەن هێزە سەرکەوتووەکانەوە داگیرکرا بوو، ناوچەکان لە ڕۆژهەڵات و باشوورەوە لە مەککەوە تا قاهیرە، لە دیمەشقەوە تا بەغدا: هەمووی لەژێر کۆنترۆڵی فەرەنسا و بەریتانیادایە. ئیزمیر و کەناری Ägäis بەدەست هێزە یۆنانییەکانەوەیە. پەیماننامەی ئاشتی سیڤەر هەڵوەشاندنەوە و دابەشکردنی ئیمپراتۆرەکەی خستە قولە مستی دەستی سەرکەوتووەکانی شەڕی جیهانییەوە.
تورکۆلۆگ و مێژوونووس خاتوو Ellinor Morack ڕێکەوتننامەکە ناو دەبات بە دەڵێت: دوا ڕاچەنینی ئیمپریالیزم.
دوێنێ ڕۆژێکی شوومتر بوو بۆ وڵاتەکەمان. شاندەکەی حکومەت بۆ واژۆکردن لە ئیستەنبوڵ واژۆی دەستەسڕی کاخەزی سیڤەر یان کرد بەبێ ئەوە چاویان بتروکێنن.
ناونیشانی ڕۆژنامەکەکان وەک لە زنجیرە درامای وەتەنم سەنسیین دا بەدەنگی منداڵێک دەخوێنرێتەوە ڕەزا تۆفیق و هاوڕێکانی وەک ناپاک نیشان دەدەن، کە دواتر لە لایەن حکومەتی ئەتاتورکەوە جاڕی لێداوە.
لەوێدا هیچیان بۆ نامێنێتەوە هەر وەک مۆراک دەڵی: حکومەتی سەڵتەنەت 1920 لە دۆخێکدا نەبوو، بتوانێت بە هیچ شێوەیەک ڕەتی بکاتەوە. دەی دەبوو چ بکەن؟ ئەوان بۆخۆیان کۆنترۆڵی درووست و تەواویان بەسەر لەشکرەکەیاندا نەبوو، چونکە ئەوەی لێی مابوو، لە خزمەتی کەمالیستەکان دا دژی ئەوە بوون، شەڕ بەڕێوەبەرن -دژ بە مەرجە توندەکانی پەیماننامەکە..بەم پێیە بەشێکی گەورەی Thrakiens و Edirne و بە درێژایی کەناری Ägäis کەوتە یۆنانەوە. ئورفە، مێردین بۆ فەرەنسا، و ڕۆژاوای ئانادۆڵ بۆ ئیتاڵیا. ڕۆژهەڵاتی ئانادۆڵ دابەش دەکرێت لەنێوان دوو دەوڵەتی نوێ کە دادەمەزرێن ئەرمینیا و کوردستان.
کۆنستانتینۆپێل/ قوستەنتین، دەخرێتە ژێر بەڕێوەبەرێتییەکی نێونەتەوەییەوە. فەرەنسا و بەریتانیا ناوچەکە دابەش دەکەن لەنێوان خۆیان دا، بەسەر ئەوەی ئێستا ناوی، ئێراق، سووریا، ئوردون، لوبنان و ئیسرائیلە.
وەتەنم سەنسین/ Vatanim Sensin یەکێکە لە چەندین درامای تەلەڤزیۆنی بە پاشخانی مێژووییەوە، کە لەم 10 ساڵەی ڕابووردوودا لە تورکیا بەرهەم هێنراوە: ڕووداو و پێشهاتەکانی خانەوادەی Saga لە 59 ئەڵقەدا لەسەر Smyrna یاخود Izmir ە، کە لە 1919 لە لایەن یۆنانەوە داگیرکرا.
ناوەرۆکی سەرەکی باس لە خۆشەویستی نێوان خاتوونێکی شۆڕشگێڕی تورک هیلالHilal و ئەفسەرێکی یۆنانی لیۆنیداسLeonidas. پەردەی دیمەنەکە لە سیڤەردا کەموزۆر هاوجووتی هەقیقەتە مێژووییەکەیە. لە تورکیادا پەیماننامەکە تا ئیمڕۆ مادەیەکی خوێندنە.
ئەوەی ئێمە جاران فێری بووین؟ دەمانزانی شەڕێک بووە و بۆ ئێمە سیڤەر بووە بەڵا ئەمە بیرەوەریی Belma Bagdat و مێردە نووسەر و کارێتکارەکەی Hayko Bagdat ە، لە وانەی مێژوویان دا. دوایی ئەتاتورک وڵاتەکەمانی قوتار کرد و ئێستا نیشتمانێکی ئازادی دڵفڕێنمان هەیە، لەسەر گۆڕی ئەرمەنییەکان دامەزراوە.
پەیماننامەی سیڤەر وەک وێنەیەکی ترسناک
پەییاماننامەی سیڤەر، وەک ئێلینۆر مۆرەک دەڵێت هەر منداڵێک لە قوتابخانەی تورکیا فێری دەبێت وەک وێنەیەکی ترسناک. ئەو مێژوونووسە باس لە سیڤەر سیندرۆمSyndrom سیندرۆم، کۆی نیشانەکانی نەخۆشییەک-سیڤەر دەکات. و. هەروەها دەڵێت: ئیمڕۆ لە زانستی سیاسیدا بەکار دەهێنرێ، بۆ ئەوەی بۆچوون و ڕامانێک نیشان بدەن، کەوا کاتی خۆی زلهێزەکان و ئێستا ڕۆژاوا یاخود بەکورتی هەموو وڵاتانی تر مرخیان لەوە خۆش کردووە، ئانادۆڵ لەنێو خۆیاندا دابەش بکەن.
بەهەقیقەت هەر ئەم بیروبۆچوون و باوەڕە کە هەتا ئیمڕۆ لە لایەن بەشێکی زۆری کۆنپارێزە نەتەوەیی و هێزە نەتەوەییەکانەوە دەبەخشرێتەوە. ئەگەر مرۆ چاوێک بگێڕێت بەسەر پەیماننامەی سیڤەردا، دەتوانین بڵێن: بەهەرحاڵ بەڕاستی ئەوانە ناهەقیان نییە. ئیدی بەڵێ لەڕاستیدا هەوڵێ هەبوو بۆ دابەشکردنی وڵات. ئەوەی نابێت لێرەدا لەبیر دەکرێ: کاتێک ئەوە واژۆ کرا، لە هەموو بارێکدا شیاوی جێبەجێکردن نەبوو..
فەرەنسی و بەریتانییەکان ماندووی دەستی جەنگ بوون و ئەتاتورک لە ئەنقەرە لەگەڵ پاشماوەی هێزەکانی عوسمانیدا خەریکی ڕێکخستنی بەرخۆدان بوو. 9 ڕۆژ پاش ئەو واژۆکردنەکە، کۆنگرەی نەتەوەیی ڕایگەیاندن هەموو ئەوەی بە ناوی ئەنجوومەنی تاجی سوڵتانەوە دەنگیان بە پەیماننامەکە داوە، ناپاکی هەرە گەورەن. لەبەر ئەوە دوو ساڵ دواتر بە کاریگەرێتی ڕووداوەکەی ساڵی 1920ەوە پەڕڵەمان دوا سوڵتان (واحدین) ی لە دەسەڵات خست.
(کۆماری تورکیای ئەتاتورک بە ئاگایی و هۆشیارییەوە خۆی بە دژە مۆدێلی دەوڵەتی فرەگەلانی عوسمانی دادەنا)., ئەم دێڕە لەتەک وێنەی کەللەسەری ئەتاتورکدا نووسراوە.و.
یاکتام تورکییەڵمازی مێژوونووسی تورک-کورد باوەڕی وایە هەموو ڕژێمێکی شۆڕشگێڕ بانگاشەی کردووە، کە بەتەواوی پەیوەندی نییە و پچڕاوە بە ڕابووردووەوە. بەم جۆرە زۆر لە زانستکاران ساڵانێکی زۆر باوەڕیان بەم حاڵەتە کرد. ئەمە بیروڕای مێژوونووسی تورک کورد یاکتام تورکزاڵمازە/ Yektam Türkyilmazە. ناوبراو مێژووی گێڕانەوەی سیڤەری تراوماو و ئەتاتورکی ڕزگارکەری شۆڕشگێڕ دەزانێ.
کۆمارە تورکییەکەیان بە هۆشیارانە خۆی بە دژە مۆدێلێکی دەوڵەتی فرەگەلانی عوسمانی دادەنا، بە ڕابەرایەتی سوڵتان کە خۆی بە خەلیفەی ڕابەری ڕۆحی و حوکمداری هەموو موسڵمانان دەزانی. ئەم ترادیسۆنە کەمال مستەفا ناسراو بە ئەتاتورک، باوکی تورکان بە هۆشیارییەوە هێنایە مەیدانەوە. پێڕەوکردنی ئەلفوبای لاتینی، قەدەغەکردنی فێست: کە هەتا ئیمڕۆ نموونەی بەرچاوی ئەو هەڵمەتە خێرایەی مۆدێرنیزمەیە.. بەڵام وەک یاکتان تورکییەلماز دەڵێت: ئەوە ئەو مێژووەیە کە کەمالیستەکان دەیانەوێت وا بکەن باوەڕی پێ بکەین. بەڵام من باوەڕ دەکەم بەردەوامێتی لەنێوان دەسەڵاتی عوسمانی و کۆماردا بایەخدارترە لەوەی بە گشتی وەردەگیرێ.
بەشی دووەم: ڕۆحی نەمرانی دەوڵەت
یاکتان تورکییەڵماز دەڵێت عوسمانیزم هەر ماوە ناوبراو خەریکی توێژینەوەیە لەسەر کوشتاری ئەرمەنییەکان و کۆتایییەکانی دەوڵەتی عوسمانی و مامۆستای زانکۆیە لە Daku University لە ئەمەریکا و ئێستا لە بەرلین دەژی.
چەمکی عوسمانیزم دەگەڕێتەوە گازینۆی ئەفەسەران و ساڵۆنی دەوڵەتی عالی سەدەی 19. مستەفا کەمال یەکەم ڕیفۆرمخواز نەبوو ناوبراو بە عوسمانیزم وەک بیرۆکەیەک سەری هەڵدا بۆ ڕزگارکردنی ئیمپراتۆریەتەکە، کاتێک دەوڵەتەکە گڵۆڵەی کەوتە لێژی بەرەو هەڵوەشاندنەوە.
لە سەدەی 19 دا تا دەهات وڵاتانی دەڤەری بالکان داوای سەربەخۆیی سیاسییان دەکرد. یۆنان ساڵی 1878 سەربەخۆیی بەدەستهێنا. 1878 بولگاریایشی بەدوادا هات، 1881 ڕۆمانیا، 1882 سەربیاش سەربەخۆیی بەدەستهێنا. لەڕاستیدا بەشێکی گەورەی ئیمڕۆی یۆنان Tkraken & Mazedonien بەشێک بوون لە دەسەڵاتی عوسمانی، بەڵام بزاڤی سەربەخۆخوازی ئەم خەونەی دەوڵەتی عالی لەگۆڕنا..
بەدرێژایی سەدان ساڵ سیستەمی-میللەت هەوڵی ڕێکخستنی ماف و ئەرکی کەمینەی کریستیانی و جوولەکەی دا. میللەت ڕێگەی دا بە تەرجەمەکردن بە کۆمەڵە ئایینییەکان و ئۆرتۆدێکسێکی میللی لەگەڵ ئۆرتۆدۆکسی-یۆنانی پاتریاکی کۆنستەنتیناپۆل و یەکێکی ئەرمەنی لەگەڵ سەرۆکی باڵای پاتریاکی ئەرمەنی.. لە چوارچێوەی ئەم میللییەتەدا جوو و کریستیانی سەربەخۆیی دیاریان هەبوو. دەبوو باجێکی زۆر بدەن تا لە خزمەتی سەربازی و دەوڵەت بەدوور بن. لە سەدەی 19 دا ڕەخنە لە سیستەمی کۆنی میللیەت و بزاڤی ئۆپۆزیسیۆنی جۆن تورک زیادی کرد، کە پروپاندەی بیرۆکەی ناسنامەی هاوڵاتێتی عوسمانی دەکرد.
تەنزیمات بەقۆناخی ڕیفۆرم دەوترێت لە ئیمپراتۆرێتی عوسمانی دا، هەنگاو بەهەنگاو هەتا دەستووری ساڵی 1876 مافی یەکسانی هەموو ڕەعیەتی ژێر دەسەڵاتی سوڵتانی زامن دەکرد-هەتا ئەو کاتە پاش ماوەیەکی کورت پاشا عەبدلحەمیدی دوو یاساکەی لە کارخست. دواتر بە تێروتەسەلی قسە لەسەر ئەمە دەکەین-قسە لەسەر ناسنامەی گشتگری عوسمانی نزیکەی 30 ساڵ مایەوە هەتا لە ساڵی 1908 دا، تورکی لاو دەسەڵاتی سوڵتانیان گۆڕی بە جێگرەوەیەکی گوێڕایەڵ و سەرلەنوێ دەستوور کەوتەوە گەڕ.
ئێمە عوسمانینی خاوەن بێگەردترین جۆری بیرکردنەوەین
یاکتان تورکییەڵماز دەڵێت: لە پەڕڵەمانی نوێی هەڵبژێردراودا بەیەکسانی نوێنەرانی یۆنانی و ئەرمەنی و جوو هەبوون لەتەک هاوکارە موسڵمانەکانیان دا. لە 1908-1912 عوسانیزم واتای وایە: جیاوازی مەزهەبی و ئێتنیکی هیچ بایەخی نییە. مێژوونووسی ناوبراو چەندین تەن دیکۆمێنتی ئەو سەردەمەی کۆکردووەتەوە. لەسەر یەکێک لە قەوانەکانی -هی ساڵی 1909 تێنوور ئیبراهیم ئەفەندی ستایشی زۆری وڵات و سوپا دەکات... ئێمە عوسمانی خاوەنی باشترین جۆری بیرکردنەوەین..
نیشتمانپەروەری دەستووری عوسمانی.هەروەها دکتۆری لاو و سیاسی ڕەزا تۆفیق لە پەڕڵەمانی نوێ دایە.11 ساڵ دوای تۆمارکردنی قەوانەکە ئەو لە سیڤەر بە واژۆ لەسەردانانەکەی مۆری نا بە کۆتایی دەوڵەتی عوسمانییەوە.
لەو نێوانەدا دۆڕاندنی یەکەم جەنگی جیهانی هەیە لەگەڵ کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان دا و کە لە لایەن تورکی لاوەوە ڕێکخراو بوو، ئەو تورکلاوەی تا پێش چەند ساڵێک ناسنامەی عوسمانی گشتگر لای گرنگ بوو.
لە مانگی 4/1920 لە ئەنقەرە پەڕڵەمان جارێکی تر کۆبووەوە. ئەنجوومەنی نەتەوایەتی فراوان ی کە لە لایەن ئەتاتورکەوە داوا کرا.
گەورەترین جیاوازی لەگەڵ پەڕڵەمانی 1909دا بەزەقی بەرچاو دەکەوێ. تورکییەلماز دەگێڕێتەوە: نە نوێنەرانی کریستیانی و نە هیی جوولەکەی تێدا نەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا فرە ئیتنیکی بووە، نوێنەرانی گرووپەکانی: عەرەب و کورد و چەرکەس بەشداربوون.
عوسمانیزم وەک چەترێ، لە سایەیدا چەندین ئێتنیک خۆیان دۆزیبوەوە، بەرەو پێش دەژیا-بێگومان بە سنووردارییەوە.
خوێندنەوەی کەمالیستی بۆ عوسمانیزم بریتییە لەوەی هەمیشە گرووپی جیاوازجیاواز کۆدەکاتەوە، بەڵام ئێستا باس باسی ئیسلامە و بەتایبەتیی ئیسلامی -سونی. لە جێگای ئەوەی قسەکردن لەسەر ناسیۆنالیزمی تورکی بکرێت، پێیان خۆشترە باس لە ناسیۆنالیزمی سونە بکەن... ئەگەرچی پلورالیزمیشە، لێ تێیدا چیتر کریستیان و جوو جێیان نەبووەوە.
هایکۆ بەگدات بە تەوسەوە دەڵێت: نیشتمانێکی ئازاد و خۆش و دڵفڕێن هەڵچنراوە لەسەر گۆڕی ئەرمەنییەکان. با ئەتاتورک بەرپرسی کوشتارەکەش نەبێت. کۆماری تورکیای لاو سوودی لەو هەڵمەتی کوشتنە دی. کۆمارەکەی پاش کوشتارکە دامەزرێندرا، هەموو ئەو شتانەی پاراست کەوا پێشتر هیی ئەرمەنییەکان بوو'. ئەمەش بووەبەردی بناغە بۆ سامانی کۆماری لاو.
ئێلینۆر مۆراکی مێژوونووس درێژەی پێدەدات و دەڵێت: لە کۆتایی جەنگەکەدا ئەو ئەرمەنیانەی مابوون گەڕانەوە. دەڵێت: بەپێی مەزهەب زۆر جیاواز بوون و دەستبەجێ هەرا درووست بوو لەگەڵ ئەوانە هێنرابوونە شوێنەکانیان و نیشتەجێ کرابوون. دیارە کۆمەڵێک خەڵکی زۆریش هەبوون کە سوودمەندبوون لە کوشتارەکە و دەرپەڕاندنی گریکی/ یۆنانی و دەست گرتن بەسەر وڵات و کارخانەکانیان دا.
لەناوەڕاستی یەکەم جەنگی جێهانیدا تورکی لاو بڕیاری لەناوبردنی گەلی ئەرمەنی دا... حکومەتی نوێی ئەنقەرە بیری لەوە نەکردەوە قەرەبووی ئەو کەمە ئەرمەنەی ماون بکات. لە ئێستادا نزیکە 60,000 هەزار ئەرمەنی لە تورکیا دا دەژین. زۆرینەیان لە ئیستەنبوڵن. تراومای کوشتارگەلەکە بە قووڵی ڕەگی داکوتاوە...
بۆ ئەوەی کەس تێبینی ئەوە نەکات ئەرمەنە، هایکۆ بێگداد وەک مێردمنداڵێک لەسەر شەقام و کۆڵانەکان دایکی بە ماما بانگ نەدەکرد بەڵکوو بە ئەنە/ دایە بە تورکی. ملوانکەیەکی خاچم هەبوو دەبوو لەژێر کراسەکەمەوە لەملی بکەم، نەشم دەزانی بۆچی..
ڕێکەوتنامەیەکی نوێ لەگەڵ هێزە براوەکان دا لە لۆزان...
سێ ساڵ دوای کۆنفرانسی سیڤەر دووەم کەمینەی گەورە، گریگەکانی ئانادۆڵ دەرپەڕێندران. مستەفا کەمال ئەتاتورک سەرکەوتووانە لەشکری گریکی پاشەکشێ پێ کرد. لە سێپتامبەری 1922دا دوا سەربازی گریکی ئاسیای بچووکی بەجێهێشت و 1923 هێزە سەرکەوتووەکانی جەنگی جیهانی لە لۆزان پەیماننامەیەکی نوێیان بەست، ئەم جارە لەگەڵ حکومەتی ئەنقەرەدا. سیڤەر پشتگوێ خرا و کۆماری تورکیا وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە سنووری خۆیەوە لە ڕۆژاوا ددانی پێدا نرا و هەتا ئیمڕۆ بەرقەرارە. تورکیا و گریکلاند/ یۆنان ڕێکەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕپێکردنی دانیشتووان. نیو ملیۆن موسڵمان پێویست بوو یۆنان بەجێ بهێڵن و نیو ملیۆن ئەرتۆدۆکسیش تورکیا. ئایینن لێرەدا بڕیاردەر بوو، تەنانەت ئەو کریستیانەی بە تورکیش قسەیان دەکرد لە ناوەندی ئانادۆڵ دەرپەڕێندران.
زەحمەتە بارودۆخی دەوڵەتی کەمالیستی بە سێکولار ناو بنێین..سێکۆلاری واتە بە نزیکەیی بێبایەخی دەوڵەت بۆ ئایی هەیە. بەڵام ئەم دەوڵەتە بایەخی زۆری بۆ ئایین هەس هێندە زۆر تەنانەت کەوا ئەو بڕیار دەدات کێ لە ترۆپکدا بێت... ئەمە قسەی یاکتان تورکیاڵمازە..
لەم خاڵەدا کۆماری تورک خۆی جیاناکاتەوە لە دەوڵەتی عوسمانی. سوڵتان لە خۆیدادەسەڵاتی دنیایی و ڕۆحی کۆدەکردەوە.. وەک خەلیفە و وەک جێگری محەمەد پێغەمبەر، ئەو ئەوەی لەبەرچاوگرتبوو بۆ سەرۆکایەتی ناوبراو بە ئوممە/ کۆمەڵگەی هەموو باوەڕدارانی موسڵمان.
حکومەتی تورکی دەستبەرداری ئەم داوایە بوو، لێ لەوە خۆش نەدەبوو دەسەڵاتێکی تری ڕۆحانی لەتەکیدا بێت. دوای ئەوەی پەڕڵەمان، ساڵی 1922 دوا سوڵتانی لەسەر حوکم لابرد، نوێنەرانی پەڕڵەمان کوڕی مامەکەیان هەڵبژارد بە خەلیفە، هەر بۆ ئەوەی پاش دوو ساڵ جارێکی تر لە دەسەڵاتی بخەنەوە..
تورکیاڵماز بەردەوامە خەلافەت کەمالیستەکانی لابرد و خۆشیان دژی مەزهەبی دەستەبژێری دیاریکراو وەستانەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نا، کەوا بەدڵی خۆیان مەزهەبێکی دەستەبژێری نوێ ساز بدەن. لێرە بەدواوە ئیمامەکان سەربە وەزارەتی کاروباری ئایینی کران و ئەم ئەرکەیان کەوتە سەر. بانگدان لە ساڵانی 30 ەوە لە عەرەبییەوە کرا بە تورکی. ئیلینۆر مۆراک دەڵێت: بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەمە یەکەم ڕیفۆرمی سێکولار نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا پێشوازییەکی جەماوەری گەورەی بەدەست نەهێنا.
هەروەها دەسەڵاتی عوسمانی دەوڵەت بڕیاری لەسەر ئایین دەدا، لێرەشدا تەنیا پشتی دەبەست بە دەسەڵاتی سوڵتان وەک خەلیفە، وەک سەرۆکی ئایینی. وای دادەنا کە دەوڵەتی نوێی ڕۆژاوایی بەخۆی ڕەوا بینی، بڕیار لە کاروباروباری ئایینیدا بدات، بەبێ ڕەوایەتی بۆ ئایینەکەی خۆی. لە ڕاستیدا ئەمەش تاکە تێکشکاندن بوو لەگەڵ ئەو ترادیسیۆنەی هەبوو. ئەمەش قسەی ئێلینۆر مۆراکە.[1]