#زەلال بیلگین# چالاکی #بزوتنەوەی ژنانی ئازاد# ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی لە تورکیا ئەرکی پاراستنی ئاسایشیان لە ئەستۆیە، لە کوردستان دەسترێژی و کردەوەی توندوتیژی ئەنجام دەدەن.
لە باکوری کوردستان و تورکیا توندوتیژی لە دژی ژنان بە هۆی سزانەدانی تاوانباران لە لایەن دەوڵەتەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە. بە تایبەت لە ماوەی ڕابردوودا، ڕۆژ نیە ژنێک نەکوژرێت.
پەیمانی ئەستەنبوڵ کە لە ساڵی 2011دا لە دژی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ئیمزا کراوە، بۆ دەوڵەتی تورکیا بووە بە بابەتی گۆتوبێژ. هێرشکردن، لاقەکردن و توندوتیژی و کوشتنی ژنان لە باکوری کوردستان لە لایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە، ئەوە ئاشکرا دەکات کە دەوڵەت سیاسەتی قڕکردنی کۆمەڵگای گرتووەتەبەر. لەم بارەیەوە زەلال بیلگین چالاکی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد بۆچوونەکانی خۆی خستەروو.
بیلگین ڕایگەیاند، ژنان لەم سەردەمەدا لە ناوەندی گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتی و کلتوری و سیاسیدا جێیان گرتووە و وتی:دەوڵەت ئەمەی پێخۆش نیە، چونکە زیهنیەتی پیاوسالاری تێیدا سەردەستە. لە کوردستان هۆشمەندیی ژنانی خۆڕاگر و تێکۆشەر و ڕووبەڕووبوونەوەی سیستم لە ئارادایە کە ئەو ناڕەزایەتیە لە کۆمەڵگاوە هەڵەقوڵێت.
بیلگین ڕاشیگەیاند، دەوڵەت لە چوارچێوەی سیاسەتی شەڕدا، چەندین کەسی خۆی کە وەکو دوژمن پەروەردەی کردووە، ناردووە بۆ کوردستان و وتی:بە ڕێگای ئەو کەسانەوە، هەندێک جار بە زیهنیەتی ڕەگەزپەرەستی و هەندێک جاریش وەکو بەشێک لە سیستمەکە، کردەوەی لاقەکردن و دەستدرێژی لە دژی ژنان ئەنجام دەدرێت. ئەو کەسانەی ئەم کردەوانە دەکەن و بەڕێوەی دەبەن بە پشتبەست بەوەی هیچم بەسەر نایەت دەجوڵێنەوە و بەمەش ئاشکرا دەبێت کە ئەوان خزمەتی چی دەکەن.
ژنانی کورد گەیشتووەنەتە ئاستێک کە گیانیان بەخت دەکەن، بەڵام تەسلیم نابن
بیلگین ئاماژەی بەوەش کرد کە تێکۆشانی ئازادیی ژنان لە کوردستان گەیشتووەتە ئاستی ئەنتەرناسیۆنالیست، ژنانی هەموو نەتەوەکان هەڵوێستیان دەنوێنن و وتی:ئێمە وەکو ژنانی کورد، کاتێک باس لەم بابەتە دەکەین، لەسەر بنەمای ئەو هێزەی لە ڕابردوودا پێمان بەخشراوە، شیرۆڤەی دەکەین. ژنی وا هەیە لە دەرسم بۆ ئەوەی تەسلیمی دوژمن نەبێت، خۆی لە شاخەکان هەڵداوەتە خوارەوە، هاوکات ژنی وامان هەیە لە هەمان ئەو شاخانە دەجەنگن. ژنانی کورد گەیشتووەنەتە ئاستێک کە گیانیان بەخت دەکەن، بەڵام تەسلیم نابن.
پەیوەندی لەگەڵ بزوتنەوە فێمینیستەکانەوە
بیلگین لە بارەی ئەو بابەتانەی کە ئەوان و بزوتنەوەی فێمینیستەکانی تورکیا هاوڕان، یان ئەو بابەتانەی ناکۆکن لەسەری، بەم شێوەیە دوا:چەندین خاڵ هەن کە ئێمە و بزوتنەوەی فێمینیستەکان لسەری هاوڕاین. بەڵام هێڵێکی زۆر باریک لە نێوانماندا هەیە؛ ئەو ڕووداوانەی لە کوردستان ڕوودەدەن، هەم لە لایەن ڕاگەیاندنەکانەوە، هەم لە لایەن دیپلۆماسیەوە بە شێوەیەکی ڕاست و دروست ناگەیێنرێن. هاوکات ئێمە تێکۆشانێکمان هەیە بۆ ناسنامەی نەتەوەیی. ئێمە ناسنامەی نەتەوەییمان زۆر ناخەینە بەردەم تێکۆشانی بواری ژنانەوە. کاتێک کۆدەبینەوە، بابەتی سەرەکیمان پرسی ژنە. ئەو کەسانەی بە جلوبەرگی فەرمی دەوڵەت لە تورکیا ئەرکی پاراستن و ئاسایشیان پێسپێردراوە، لە کوردستان کردەوەی توندوتیژی و دەستدرێژی ئەنجام دەدەن. لەم بارەیەوە بۆچوونەکانمان لەگەڵ بزوتنەوەی فێمینیستەکانی تورکیا جیاوازە. کاتێک لە تورکیا ژنێک دەکوژرێت، ڕاگەیاندنەکانی لایەنگریی حکومەتیش باسی لێوە دەکرێت و دەیکەن بابەتی گفتوگۆ، بەڵام کاتێک لە کوردستان ژنێک دەکوژرێت، کەم جار هەیە لە ناو دەزگاکانی ڕاگەیاندا باسی لێوە بکرێت.
بیلگین تیشکیشی خستە سەر هێرشەکانی قڕکردنی کۆمەڵگا کە بە دەستی دەوڵەت بەڕێوە دەچێت و وتیشی:ئەم هێرشانە تەنها لە کوردستان ئەنجام نادرێت، بەڵکو لە تورکیاش لە دژی ئۆپۆزیسیۆن هێرشی قڕکردنی کۆمەڵگا ئەنجام دەدرێت. مرۆڤەکان وایان لێهاتووە کە ئیدی کەس باسی ناکات. دەوڵەت هەوڵ دەدات هەموو شتێک ئاسایی بکاتەوە و هەموو کەسێت بێدەنگ بکات. لە ڕاستیدا ئەو سیستمەی دەوڵەت بونیادی ناوە، دەوڵەتێکی سەربازی، پۆلیسی و توندوتیژیە. لێرە مرۆڤ ناتوانێت باس لە بوونی دەوڵەتێکی دادپەروەر و کۆمەڵایەتی بکات. ڕاستیەکەی، ئەوانەی ئەرکی پاراستنی کۆمەڵگایان گرتووەتە ئەستۆ، هاوکات مەترسین بۆ سەر ئەو کۆمەڵگایە.[1]