ئەو ژنە کریستیانەی پتر لەنیو سەدە خزمەتی بەرچاوی ئەم شارەی کردووە لە ساڵی 1924 لە گوندی (سنات)ی شارۆچکەی #زاخۆ# چاوی بەدنیا هەڵهێناوە لە ساڵی 1942 بۆ 1943 خوێندنی قوتابخانەی پەرستاری لە شاری بەغدا تەواو کردووە وبڕوانامەی لە وخوێندنگەیە پێ بەخشراوە.
لە ساڵی 1952 دوای نۆ ساڵ لە خزمەتی پەرستاری لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هاتۆتە شاری سلێمانی و دەست بەکاردەبێت خۆشبەختانە ساڵانێکی دووروو درێژخزمەتگوزاری پەرستاری بە ڕۆحی لێبوردن و دڵسۆزییەوە پێشکەش بەم شارە دەکات
لە ساڵی 1970 قەشەنگانە توانیویەتی بەشداری خولی سەرۆکی پەرستاران بکات و پلەی باڵا بەدەست بهێنێت بۆدرێژەدان بەکارە مرۆڤایەتییەکەی و ببێتە نموونەی مۆمێک لەم شارە و بە ملیۆنەها کاری پەرستاری بکات توانیویەتی بە هەزاران پەرستاری دڵسۆز پێ بگەیەنێت هەر ئەو کات یەکەم ژن دەبێت لە #سلێمانی# کە بڕوانامەی مامانی دەبێت و وەک مامانی ڕێگە پێداراو ئیش دەکات و زۆرێک لە ژنانی ئەو کاتەی سلێمانی لە سەردەستی ئەم فریشتە سپی یە منداڵیان بووە
خاتونە بە جۆرێک ئاوێتەی ئەم شارە و خەڵکەکەی دەبێت کە جارێکی تر چاوی بڕوایی نایەت ئەم شارە و خەڵکە میوان نەوازەکەی جێ بهێڵێت بۆیە لەگەڵ گەنجێکی مەسییحی بە ناوی یوسف لیۆن هاوسەرگیری دەکات تەنیا مەرجی ئەوە دەبێت کە هەر لە سلێمانی بمێننە وە هەرواش دەبێت لە خانووەکانی گەڕەکی عقاری ئەو کات 2 کۆڵان پشتی بەنزین خانەکە و سیتی ستاری ئێستا خانوو وەردەگرێت و بە یەک جاری تێکەڵی خەڵکەکەی دەبێت و ئاشنایەتی و دۆستایەتی درووست دەکات مەگەر بە شێوەی زمان و ئاخاوتنی بزانرایە کە لە بنەڕەدا خەڵکی ئەم شارە نییە
بە جۆرێک دڵسۆز و خەمخۆر بووە و خزمەتی ئەم شارەی کردووە و متمانەی پێکردون چەندین جار بەدزی ڕژێمەوە شەوان درەنگ خەڵکی متمانە پێکراو چون لەماڵەوە بە ناوی مامانی یەوە بردویانە تیماری برینی پێشمەرگەی کردووە خاتونە لە بەرهەمی هاوسەرگیری یەکەی خاوەنی سێ کچ و کوڕێک بوو بە ناوی (ڕیاز و فریال ونورهان و مارگرێت)
کاک ڕیازی کوڕی کە شۆفێری هێڵی بەغدا سلێمانی بوو بەداخەوە بە ڕووداوی ئۆتۆمبێل کۆچی دوایی کرد ڕۆحی شادبێت
فریال خان لەسەر هەمان ڕێچکەی دایکی بووەتە پەرستارو ئێستا خانەنشین بووە و نورهان خان فەرمانبەری پەرتووکخانەی زانکۆی سلێمانی بووە و ئێستا ئەویش خۆی خانەنشین کردووە و مارگرێت خان لە دەرەووەی وڵات ئەژی پێشتریش لە بەڕێوبەرایەتی لاوان فەرمانبەر بووە
ئەمانیش هەر وەک دایکیان لە بوارەکانی خۆیاندا خزمەتی زۆریان بە سلێمانی کردووە تا ئێستاش لە هەمان ماڵ و گەڕەک نیشتەجێن
بە داخەوە دوای پتر لە پەنجا ساڵ خزمەتی پەرستاری لە تەمەنی 78 ساڵی دا و لە بەرەبەیانی ڕۆژی 16 / 11 / 2002 کاتژمێر (15: 6) خولەک دڵە گەورە و میهرەبانەکەی لە لێدان کەوت وماڵاوایی لە توێژی پەرستاری ونەخۆشخانە و جگەرگۆشەکانی دەکات و لە نزیک گۆڕی ڕیازی کوڕی لە گۆڕستانی کریستیان یەکان لە سلێمانی بە خاک سپێردراوە
دروود بۆ ڕۆحی پەپولە ئاسای خاتونە فریشتە سپی یە میهرەبانەکەی سلێمانی. [1]