مردن مردنە و تەنيا جارێکە، قسەی ناکەسان گۆڕە و شارێکە
مرۆڤ چۆن يەکجار لەدايکبووە هەر يەکجاريش دەمرێت ئەمە واقيعە و خۆی سەپاندووە و هيچ بێنەوبەردە هەڵناگرێت، ئينجا مردن و مەرگ ئەو ترس و کۆتاييەن کە هيچ ڕێگەيەک نی يە و هەموو ڕێگەکان بەرەو مردن و مەرگ و گۆڕ هەنگاو دەنێن، بۆيە پياوی مەرد هەموو کاتێک مەرگ و مردن هەڵدەبژێرێت بەرانبەر (سەرشۆڕی و زەليلی)، ناکەس واتە هەموو ئەو کەسانەی خۆ لەکاروباری خەڵکی هەڵدەقورتێنن وەک مەحوی گەورە شاعيری کورد فەرمويەتی:
لەناکەس کاريا خاکم بەسەر ڕۆيی بەباعومرم
ئەی خودايە بمژێينە تا لەبەر قاپی کەسێ دەمرم
گۆرِەشار، بيروباوەڕی موسڵمانانە دوای مردن و لە گۆڕنان، زەوی و خاک توند لەخۆييت دەگرێت بۆ گوناهکاران تاڕادەی پەراسوو شکاندن و پان و فليقاندنەوەيە و بە هەمان شێوە بۆ موسڵمان و بڕوادارانيش لێی دەرباز نابن، بۆيە لەو ئيديۆمە کورديەدا ئاماژەی پێکراوە و وتراوە (مردن مردنە و تەنيا جارێکە، قسەی ناکەسان گۆڕە و شارێکە) واتە قسەی ناکەسان زۆر لە گۆڕەشار ناخۆشترە بەراوردێکی جوانە چونکە گۆڕەشار يەکێک لە بە (عەزاب-ئازار)ترين پێشهاتەکانی ناو گۆڕە بۆ مرۆڤی بڕواداری جيهانی ئيسلامی. [1]