داسنی: دەستەواژەیەکە لە کۆندا بۆ کوردانی (ئێزیدی) بەکارهێنراوە واتە لە جیاتی (ئێزیدی) بە (داسنی) ناوهێنراون وە زۆربەی سەرچاوە کۆنەکان هەتا کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەمیش کە باسی کوردانی ئێزیدی دەکەن بە (داسنی) و (داسنیەکان) ناویان دەهێنن وە پاشگری (داسنی) بۆ میر و بەگ و گەورەکانیان بەکارهێنراوە وەک : میر جەعفەری داسنی و میر حسێن بەگی داسنی و میر عەلی بەگی داسنی......هتد.
لەڕاستیدا ئەو دەستەواژەیە بۆ ناشرین کردن و سوک کردن و حەڵاڵ کردنی خوێنی کوردانی ئێزدی بەکارهێنراوە چونکە داسنی بە مانای (دێو پەرست) دێت وشەی (داسن) واتە (دێو) داسنی واتە (دێوی یاخود دێو پەرست) بە مانایەکی تر واتای (شەیتان پەرست) دەگەیەنێت کە ڕێک پێچەوانەی وشەی (ئێزیدی) کە بە مانایی (خوا پەرست) دێت.
کوردانی ئێزدی هەرگیز بە خۆیان نەگوتووە (داسنی) بەڵکو لەلایەن ئەو خەڵکانەی غەیرە ئێزدی بوون پێیان وتراوە (داسنی).
هەروەها وشەی (داسن) لە زمانی کوردی بۆ ناوی ئەو چیایە بەکارهێنراوە کە دواتر عەرەبەکان ناویان لێناوە (مەقلوب) و دەکەوێتە پارێزگای موسڵ. لە کۆندا زۆربەی کوردانی ئێزیدی لەم چیایە نیشتەجێبوون بۆیەش پێیان وتراوە (داسنی) و دوو میرگەی فراوانیان بە ناوەکانی (میرگەی داسنی ژێری و میرگەی داسنی ژووری) هەبووە لە سنووری ئەم چیایە دواتر ئەم میرگانە نەماون و بەتەواوی فەوتاون و کوردانی ئێزدیدی لەم سنوورە نەماون و میرگەی شێخانیان درووست کردووە.