فازیل مەلا مەحمود ڕەسوڵ، ئامۆزا گومناوەکەی فاروقی مەلا مستەفا
یەکێک دەبێت لە بەشداران و دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، لە دامەزراندنی گروپی ڕوانگەشدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، لەپاش هەرەسی شۆڕشی ئەیلوولەوە ڕوودەکاتە هەندەران و وەرچەرخانێکی گەورە لە فیکری ئەودا ڕوو دەدات، زۆرێک لە ڕۆشنبیرە عەرەبەکان وەکو بیرمەند ناوی ئه و دەهێنن، لە رۆژی 13ی تەموزی 1989 لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا گەڵ دکتۆر عەبدولرەحمانی قاسملۆ سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران تیرۆر دەکرێت.
فازیل ڕەسووڵ، کوڕی مەلا مەحموودی کوڕی حاجی مەلا ڕەسووڵی دێلێژەییە و بە فازیل ڕەسوڵ ناسراوە، ساڵی 1948 لەدایکبووە، ئامۆزای دکتۆر
عیزەدین مستەفا ڕەسوڵعیزەدین مستەفا ڕەسوڵ و فارووقی مەلامستەفایە، نووسەرو سیاسییەکی دیاری کوردبوو، ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بە ناوی فازیلی مەلا مەحموودەوە وتاری ئەدەبی و ڕەخنەیی بڵاودەکردەوه و ئه و یەکێکبوو لە دامەزرێنەرانی گرووپی روانگە کە ساڵانی حەفتاکان ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو لە ئەدەبی کوردییدا، فازیل، سەرەتا چەپ بووە، وە یەکێکبوو لە سەرکردەکانی کۆمەڵەی (مارکسی لینینی کوردستان) کە دوایی ناوەکەی گۆڕدرا بۆ (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان).
پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول دەچێتە هەندەران و وەرچەرخانێکی گەورەی فیکریی لە ژیانی فازڵ ڕەسووڵ ڕوودەدات و بەیەکجاریی واز لە فیکری چەپ و مارکسیی دێنێت و ئاراستەی فیکریی دەگۆڕێت بۆ ئیسلامیی.
لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردودا، دەبێتە هاوەڵی بیرمەندە ئیسلامییە میانەڕەوەکان و ژمارەیەک لە ڕۆشنبیرانی میانەڕەو، وەک: (احمد بن بيللا سەرۆکی جەزائیر، محمد سليم العوا، فهمي هويدي، محمد عمارة، رضوان السيد، وجيه کوثراني.. هتد)، لەوێوە ئاڕاستەی فکریی بەتەواوەتی گۆڕاوه و بووەتە پشتیوانی فیکری ئیسلامیی میانەڕەو.
پساڵی 1985 لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بڕوانا مەی دکتۆرا لە سیاسەتدا بەدەست دێنێ لە سەر کێشەی کورد لە سیاسەتی نێو دەوڵەتیی، ناوبراو دۆستایەتی لەگەڵ زۆرێک لە سیاسییەکانی جیهاندا هەبووە، وەک (بن بێلای سەرۆکی جەزائیرو بەنی سەدری سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران و عادل عەبدولمەهدی سەرکردەی ئێستای عێراق، هەروەها دۆستێکی نزیکی دکتۆر قاسملۆی سەرۆکی حیزبی دیموکراتی ئێران بووە.
پاش نووسینی چەندان کتێب و وتارو لێکۆڵینەوە دەربارەی ئیسلام، دەبێتە سەرنووسەری گۆڤاری(منبر الحوار) فازڵ رەسوڵ لەلایەن چەند نووسەرو بیرمەندێکی عەرەبی وەکو(دکتۆر محەمەد عەمماره و تارق بەشیری و رەزوان سەیدو سەلیم عەواوە) وەکو بیرمەندێکی گەورە ناوی دەبرێت، لە
13-07-198913-07-1989 لەگەڵ دکتۆر قاسملۆدا تیرۆر دەکرێت.
نووسەرو رۆشنبیر(
عەلی سیرینیعەلی سیرینی) کە لە ئوستورالیا دەژی، دەیان وتارو بەدواداچوونی بەکوردی و عەرەبی سەبارەت بەفازیل ڕەسووڵ نووسیوه و بڵاو کردووەتەوە، ئه و ئاماژە بەوە دەدات کە فازیل ڕەسوڵ، لە قۆناغی خوێندنی ناوەندیدا دەستی کردووە بە چالاکی سیاسیی و تا ساڵانی حەفتاکان لە ڕیزی ڕێکخراوی قوتابیانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان درێژەی بە چالاکیی داوە.
له و ڕەوتە ئەدەبییەشی بەناوی (بزوتنەوەی ڕوانگە) دروست بووە نوسینی لە بواری فیکریی و ئەدەبیی بڵاو کردووەتەوه و بەناوی فازیلی مەلا مەحمود ناوبانگی دەرکردووە، لە ناوە ڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە زانکۆی بەغدا، لە بەشی سیاسەت بڕوانامەی بەکا لۆریۆس بەدەست دێنێت.
فازیل ڕەسوڵ لە دانیشتن و کۆبوونەوە سەرەتاییەکانی تایبەت بە پێکهێنانی ڕێکخراوی (مارکسی لینینی کوردستان) کە دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بۆ (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) بەشداریکردووە، ئه و له و سەروەختەدا، چەپێکی مارکسیی- ماویی بووە.
بەوتەی عەلی سیرینی، لە ساڵی 2007 دا، نەوشیروان مستەفا سەبارەت بە فازیل رەسوڵ پێی وتووە کە فازیل ماویی بووە و ئیعترافی بە ئێمە نەدەکرد کە ئێمە مارکسیی ڕاستەقینە بین، بۆیە کاتێک کۆمەڵە دروست بوو، ئه و لە گەڵمان نەهات.
لە دوای هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1975، فازیل ڕوو دەکاتە لوبنان و لەوێ لە بنکەیەکی لێکۆڵینەوه و بڵاوکردنەوە کار دەکات و دەبێتە هاوڕێی چەند بیرمەند و نوسەرێکی عەرەب، لەوێ کتێبێک دەربارەی عەلی شەریعەتی دەنووسێت هکذا تکلم علي شريعتی و دوو کتێبیش لە فارسییەوە تەرجەمەی عەرەبی دەکات، یەکێکیان کتێبەکەی ئەبولحەسەن بەنی سەدرە ايران غربة السياسة والثورة، ئەویتریشیان کتێبێکی مەهدی بازرگانە الحد الفاصل بين السياسة والدين، هەروەک فازیڵ رەسوڵ بە پاراوی زمانی فەرەنسی زانیووە و چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیشی لەگەڵ کەناڵێکی فەرەنسیدا هەیە و تائێستا پارێزراوە.
لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکاندا فازیل بەره و نەمسا دەڕوات، لەوێ پەرە بەخوێندنی باڵا دەدات و ساڵی 1985 لە بەرلین بڕوانامەی دکتۆرا لە سیاسەتدا بەدەست دێنێ لە سەر کێشەی کورد لە سیاسەتی نێو دەوڵەتیی کوردستان والسياسة السوفيتية في الشرق الاوسط، لە ساڵی 1986 گۆڤاری الحواری دامەزراندووە کە لە بەیروت دەردەچوو، دواتر ناوەکەی گۆڕی بۆ منبر الحوار. ئەم گۆڤارە وەرزیی بووە و تایبەت بە بواری فکر و لێکۆڵینەوە بووە.
فازیل لە ئاستی دونیای ئیسلام و عەرەب بە یەکەم کەس دەژمێردرێ کە بۆ یەکەمجار توانیوویەتی عەلمانیی و ناسیۆنالیی و ئیسلامییەکان لە سەر مێزی گفتوگۆ کۆ بکاتەوە، لە قاهیرە، وێڕای وتار و لێکۆڵینەوە لە (منبر الحوار)، فازیل کتێبێکی بە ئەڵمانی لە سەر جەنگی نێوان عێراق و ئێران بڵاو کردەوه و خۆشی تەرجەمەی عەرەبی کردووە.
هەروەها کتێبێکی نوسیوە بەناونیشانی الاکراد فی الاسلام بڕیار وابووە کە لە ساڵی 1989 لە قاهیرە چاپ بکرێت، بەڵام تیرۆرکردنەکەی خۆی بەسەرداهات و ئێستاش دەستنووسی ئەم کتێبە کەس نازانێت لای کێیە.
عەلی سیرینی ئاماژە بەوە دەکات کە لە ڕووی سیاسییەوە، فازیل لە ساڵی 1977 کەسێکی بێ لایەن بووە لە ئاستی حیزبایەتییه و پێیوابووە ئەزموونی حزبایەتیی وەکو ئەزموونی ناسیۆنالیزم پەرتەوازکەر و ڕوخێنەره، بۆیە تا تیرۆریش کرا هەر وەک کەسێکی نا حیزبی مایەوە، بەڵام پەیوەندی گەرمی لە گەڵ سیاسەتمەدارانی عەرەب و ئێرانی هەبوو وەکو (ئەبولحەسەن بەنی سەدر، مەهدی بازرگان، دکتۆر قاسملو، ئەحمەد بن بێلا، ڕاوێژکاری یاسایی میسر تارق ئەلبوشری، محمد سلیم ئەلعەوا، وەزیری لاوانی میسر علی الدین هلال، محمد عماره) و...هتد، زۆربەی ئەمانە فازڵیان خۆشویستووه و لە نوسینەکانیان دەربارەی فازڵ قسەیان کردووە.
فازیل ڕەسوڵ لەگەڵ قاسملۆدا لەکاتی گفتوگۆی نێوان قاسملۆو ئێرانییەکاندا لە لایەن ئێراییەکانەوە تیرۆر دەکرێت، سەبارەت بەوەی کە فازیل چۆن بەشداری ئه و کۆبوونەوانەی کردووە، عەلی سیرینی دەڵێت:مام جەلال ڕێکخەری گفتوگۆکانی نێوان قاسملۆو ئێرانییەکان بووە نەک شەهید فازیل، تاڵەبانی قەناعەتی بە قاسملۆ هێنا کە گفتوگۆ لە گەڵ ئێران بکات. قاسملۆش ڕازیبووه و فەڕەنسای هەڵبژاردووە بۆ گفتوگۆ کردن، بەڵام ئێران ڕازی نەبووه و ئەڵمانیای هەڵبژاردووە، قاسملووش بەوێ ڕازی نابێت و دواتر لە سەر ڤییەننا ڕێکدەکەون.
دوای دووگەڕی گفتوگۆ و دواتر بە پێی ئەوەی باس دەکرێ ئێران داوای کردووە تاڵەبانی بکشێتەوە، تاڵەبانی دەڵێت من قاسملۆم ئاگادار کردووە کە نیازی ئێران باش نییە، لە سەرەتای مانگی تەمموزی ئه و ساڵەدا، ئێران داوا لە فازیل دەکات نێوەندگیریی ئەم گفتوگۆیە بکات، فازڵ ئەمە ڕەت دەکاتەوه و پێشنیاری ئەحمەد بن بێللای سەرۆکی ئەوکاتەی جەزائیر دەکات، بن بێللاش ڕازیدەبێت.
فازیل رەسوڵ دەڵێت من مەشغوڵم بە گفتوگۆی نێوان عەلمانییەکان و ئیسلامییەکان و ناسیۆنالیستە کان لە قاهیرە و سەرقاڵی زانکۆ و گۆڤاری (منبر الحوار)م، کاتم بەدەستەوە نییە. بەڵام ئێران مکوڕ دەبێ لەسەر ئەوەی فازیل ئەم دەورە ببینێ، ئەحمەد بن بێلاش هەر لە ڤییەننا دەمێنێتەوە، ناڕاستەوخۆ چاودێری گفتوگۆ و ئەنجامەکانی دەکات.
بکوژەکان لە ماڵی فازیل رەسوڵ سەردانی بن بێللا دەکەن، ڕۆژی 13ی تەمموز فازڵ دڵی خۆشه و بە کەسە نزیکەکانی دەڵێت بەم زووانە دەستکەوتێکی گەورە بۆ میللەتی کورد بە ئەنجام دەگات، بەڵام باسی ناکات چییه و کەسیش نازانێ بۆ کوێ دەچێت، دیارە پێش چەند ڕۆژێک بە تەلەفۆنیش قسە لە گەڵ بەنی سەدر دەکات بەلام بە هیچ شێوە باسی ئەم گفتوگۆیە ناکات. بەنی سەدر دەڵێ گەر فازیل پێی گوتبام شتێکی ئاوا لە ئارادایە من واملێدەکرد نەچێت، چونکە من دەمزانی کە ئەمە تەڵەیه و ئێران بە ڕاستی نایەوێ گفتوگۆ بکات. بەڵام هەر خۆشی دەڵێ کە فازڵ لە لایەنی ئەخلاقیەوە مەحکوم بووە بەوەی نهێنی نەدرکێنێ بۆیە ئەم نهێنیەی پاراست.
سەبارەت بەوەی کە بۆچی ئێران لەگەڵ قاسملۆدا فازیل ڕەسوڵیشی تیرۆر کرد، عەلی سیرینی دەڵێت: فازیل پەیوەندی لە گەڵ ئێران باش نەبوو. کاتێک لە هەشتاکان کۆنگرە ئیسلامیەکان لە تاران بەڕێوە دەچوون، فازیل بانگهێشتی هیچ کامێک لەم کۆنگرانە نەدەکرا، تەنانەت ئێران ڤیزای نەداوە بە فازیل بۆ ئەوەی بتوانێت لە ئێران دایکی خۆی ببینێ، هەروەها فازیل هزرڤانێکی گەورەی سوننی بوو، کوردبوونەکەشی بخەرە سەری، ئەمە جێگای دڵخۆشی ئێران نەبووە، فازیل دژی تەشەییوعی سەفەوی بووه و کتێبەکانی بە تایبەتیی هکذا تکلم علي شريعتي، دژی ئه و ڕەوتە شیعەگەراییە بوو، کە لە ئێران لە دوای شۆڕش حوکمی گرتە دەست،
هەروەها دوای ئەوەی لە ساڵی 1984 ئێران خاکەکانی خۆی لە چنگ عێراق رزگار کرد، فازیل رەسوڵ هیوای وابوو ئێران شەڕەکە ڕابگڕێت کەچی ئەمە ڕووی نەداو بووە هۆی ئەوەی فازل ڕەخنە لە لە ئێران بگرێت.
لە ئاستی کوردستانیش، فازیڵ رەسوڵ پێیوابوو شەڕی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە دەبێتە هۆی کاولکردنی ماڵی کورد و وەستاندنی هەر گەشەیەک، پاشان ئێران بە وردی سەرنجی ئەوەی دەدا کە فازڵ لە ئاستی ئیسلامییدا، خەریکی لێک نزیککردنەوەی پێکهاتەکانی ناوچەکەیە، کە زۆرینەی سوننەیه و ستراتیژی ئێرانیش هەر لە سەرەتاوە بۆ پەرتکردنی جیهانی سوننە کاریکردووە.
لە پیلان و پرسی تیرۆرکردنی قاسمۆلۆو فازیل ڕەسووڵدا، ناوی ئیسرائیلیش دێتە گۆڕێ کە ئه و وڵاتەش بەشداری ئه و پیلانە بووە، دیاریشە کە فازیل ڕەسوڵ زۆر دژایەتی پلانی زایۆنیزمی دەکرد کە ئیسرائیل وەک بزوێنەری راستەقینەی وایە(بۆ ئەوەی ناوچە ئیسلامیەکان دابەشبکات بۆ دەوڵەتۆکەی بچوک بچوک تا ناکۆک بن لەنێوخۆیاندا.
بە پێی وتەی عێزەدین مستەفا رەسوڵ، کە لە دیدارێکی تایبەت بە فازیل ڕەسوڵدا ئاماژەی پێکردووە، بەهەمانجۆر عەبدولڕەحمانی قاسملۆش دژایەتی –زایۆنیزمی، سەهیونیەتی- کردووە نەک -یەهودیەت- چونکە ئه و پێیوابوو لە ریزی نازیەت و فاشیستەکاندان، قاسملۆ چەندین توێژینەوەی چڕو پڕی له و بارەیەوە نوسیوه و داویەتی بە فازلیل رەسوڵ.
دکتۆر عێزەدین مستەفا ڕەسووڵ لەدیدارەکەیدا وتوویەتی: ئەوەی کە ئێمە لە بارەی نەمساوە بیزانین ئەوەیە کە لەژێر نفوزو دەسەڵاتی یەهودیەکاندایە، هەر بۆیە فەرمانگە ئیسرائیلییەکان زۆر بە باشی ئاگایان لە چالاکی و کاروبارو بۆچوونەکانی فازیل رەسوڵ بوو، کە لە پێناوی کەمکردنەوەی ململانێ و کێشەکانی ناوچەکەدا بەردەوام هەوڵیداوه و پێکهاتە جیاوازەکانی لەیەک نزیک کردۆتەوە، هەروەها ئاگایان لەناوەرۆکی هەموو کارەکانی قاسملۆش بووە، قاسملۆو فازیل رەسوڵیش پێکەوە کاریان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان لە دژی زایۆنیزم دەکرد.
یازدە ساڵ لەمەوبەرو لە ساڵیادی تیرۆرکردنەکەیدا، دکتۆر عێزەدین مستەفا ڕەسووڵ کە ئامۆزای فازیل ڕەسووڵە، پێشنیاری ئەوەی کرد کە یەکێک لە حیزبە ئیسلامییە میانەڕەوەکان تەبەننی کلتوری فازیل ڕەسووڵ بکەن و یادی بکەنەوە، ئه و یەگرتووی ئیسلامیشی بۆ ئه و کارە بە ئەهل و شایستە زانیبوو، کە گرنگی بە کلتوری فیکری ئه و بدەن.
[1]