هەڵەبجە ئەچێ بۆ بەغدا
#شێرکۆ بێکەس#
سلێمانی
14-03-2003
پێیان بڵێ... به و نزیکانە
هەر لە ڕێگەی ئاسکەکانی دەشتی شێروانەوە
هەڵەبجە ئەچێ بۆ بەغدا و
لە قوڵینەی گەواڵەی هەورێکی سپیدا و
لەگەڵ خۆیداپێنج هەزار پەپولەیش ئەبا
هەڵەبجە ئەچێ بۆ بەغدا
وەختێ ئەگا، دیجلە لەبەری هەڵئەسێ و باوەش بە ناوقەدیا ئەکا و
دەست ئەبات و کڵاوەکەی جەواهیریی لە سەر ئەکا
بە گمەگم دوو جوت کۆترە شینکەی نەجەف دێن و لەسەر شانی ئەنیشنەوە و
هەر لەوێدا دارزەیتون و دارچنار و دارخورما ئەیکەن بە سەما
لە دیواری کۆنکرێتی جەوادەوە ئەسپەشێ دێتە دەرەوە و
پڕ بە پایتەخت ئەحیلێنێ و خۆر بەر ئەبێ و بارانی پرشنگ دائەکا
هەڵەبجە ئەچێ بۆ بەغدا
گوڵی هەنار کاڵایەتی و قەڵبەزەیەکی ئەحماوا باڵایەتی و
وەختێ ئەگا، ئەبو نەواس لەسەر سەکۆ دێتە خوارێ و
لە گوڵهەنار و قەڵبەزە بادەی تازە دروست ئەکا،
یەکەم پەرداخ حسەین مەردان لێی وەرئەگرێ و هەر بە یەک بین هەڵی ئەدا.
دوای ئه و ڕوشدی قژی بژە و بۆینباخ خوار، دێتە پێشێ و
تا ئەتوانێ باخی عەلی و خۆی مەست ئەکا
هەڵەبجە ئەچێ بۆ بەغدا
کاتێ ئەگا، حوسەیری وەک جاری جاران
بوتڵی مەیه و چاکەتی بەر داکەوتووە و سور بۆتەوە و
لە بەردەمی پەیکەرەکەی ڕەسافیدا هەر لەترەدا و نیوەلاڵە و
بە عەمودیی جنێو بە کوڕەکەی سەبیحە و بە مەدرەسەکەی عەفلەق و
بە دوو ژمارەی حەڤدە و سی و جنێو بە عەرش و قورش ئەدا!
هەڵەبجە ئەچێ بۆ بەغدا و
سەرنج ئەدا، حەیدەرخانە گەنج بۆتەوە،
نێرگەلەکان، سەماوەر و قۆری و پیاڵەی کەمەرزەڕلی،
چایخانەکەی حەسەن عەجمی، لەسەر وەجاغ و ڕەفەوە، دائەبەزن و دێنە
سەرجادەی ڕەشید و ئەزرنگێنەوە یەک یەک و هەڵئەپەڕن لە خۆشیاندا،
سەرنج ئەدا، هەردوو سدارەکەی گوببانجی و عەلیلوەردی
ئەویان بە باڵی مەقام و ئەمیان بە باڵی بیری نوێ، دوو کوکوختی
هەڵفڕیون و بەسەر قوببەی پیرۆزی شەناشیلدا ئەخولێنەوە و
پێئەکەنن لە ئاسماندا
هەڵەبجە ئەچێ بۆ بەغدا
بە شۆڕیجەدا ڕەت ئەبێ، لەشی بۆنی حێل و دارچینی و میسک ئەگرێ.
ماچی فەیلی، دەورەی ئەدا لە پاش تۆزێ ماچەکان ئەبن بە هەنگ و باڵای
هەڵەبجە بە شانە و، ئازادی دێ و، هەنگوین بەسەر هەموواندا دابەش ئەکا
هەڵەبجە ئەچێ بۆ بەغدا و
بەر لە بەغدا لە شارەبان ئەوەستێت و لەناو باخی پرتەقاڵدا،
دوا پارچەی جلی گریانی فڕێ ئەدا. ئەوسا ئیتر پرتەقاڵی
قژ نارنجیی، لە ناو پەرژینی مۆردەوە، کراسێکی ئاودامانی
لە گوڵی خۆی بۆ ئەهێنێ و.. هەڵەبجە جلی هەتاو و، هەڵەبجە
جلی کەڕنەڤاڵ لەبەر ئەکا و ئینجا ئەڕوا..
هەڵەبجە ئەچێ بۆ بەغدا!
شێرکۆ بێکەس
سلێمانی
14-03-2003