فەرهاد خدر فەتحوڵڵا ناسراو بە (فەرهاد گۆمەشینی)لە ساڵی 1960 لە گوندی #گۆمەشین# شێخانی سەربە شاری #کۆیە# لە دایک بووە. لە ساڵی 1969 یەکەمجار لە قوتابخانەی گوندی گۆمەشین چووەتە بەرخوێندن، بەڵام بەهۆی بارودۆخی سیاسی ئەو کات، هەر لەوساڵەدا ماڵیان دەچێتە شاری هەولێر لە گەڕەکی (سەیداوە) نیشتەجێ دەبن، ئەمەش وا دەکات بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەخوێندن دادەبڕێت، لە ساڵی 1974 جارێکی دیکە دەچێتەوە بەر خوێندن، قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی (دەشتی و 17 گەلاوێژ) تەواو کردووە، قۆناغی ناوەندی لە ناوەندی چیمەن (دواتر بوو بە زاگرۆس)، تا پۆلی یەکەمی ناوەندی دەخوێنێت، بەڵام بەهۆی خراپی باری بژێوی خێزانەکەی واز لە خوێندن دەهێنێت، بۆ ماوەیەکیش دەچێتە قوتابخانەی ئێواران دواتر لە ساڵی 1980 لە خوێندن دادەبڕێت، خەریکی کرێکاری دەبێت، چەندین کاری جۆربەجۆری کردووە.
لە کۆتایی ساڵی 1982 ژیانی هاوسەری پێکدێنێت و خاوەنی 7 منداڵە 3 کوڕ و 4 کچی هەیە بەناوەکانی (تابان، فەرمان، ئاڤان، فەرهەنگ، شۆخان، یوسف، هێلین). ، لە ساڵی 2024 هاوسەرەکەی وەفاتی کردووە.
لە ساڵی 1983 ناوی بۆ سەربازی دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی هەستی کوردایەتی و بیروباوەڕەکانی و دژایەتی بۆ ڕژێمی بەعس و شەڕە ناڕەواکەی نێوان ئێراق و ئێران، ناچێتە ڕیزەکانی سەربازی و ئامادە نەبووە خزمەتی ڕژێم بکات، بووەتە هەڵاتووی سەربازی (فیراری سەربازی) دەگەڕیتەوە بۆ گوندی گۆمەشین و خۆی لەوێ حەشارداوە، لەم ماوەیەدا چەندین چەرمەسەری و نەهامەتی ڕووبەڕووبووەتەوە. چەندین بابەتی لێکۆڵینەوە و مێژوویی و ئەدەبی و ڕەخنەیی لە گۆڤاری ئاسۆی فۆلکلۆری، گۆڤاری پەیامی ڕاستی، گۆڤاری کارزان، لاپەڕەی ئەدەبی و هونەی ڕۆژنامەی برایەتی، گۆڤاری ڕۆشنبیری نوێ و کاروان و ڕۆژنامەی یەکگرتوو، بڵاوکردووەتەوە.
ئەزموونی نووسین:
سەرەتای خوێندنەوە و نووسینی بۆ قۆناغی ناوەندی دەگەڕێتەوه، هەر لە تەمەنێکی بچووکەوە خولیای خوێندنەوەی گۆڤار و ڕۆژنامەی دەکەوێتە مێشکی و بە بەهرەی نووسینی هۆنراوە دەستی پێ کردووە، دەسپێکی نووسینی بۆ ساڵی 1983 دەگەڕێتەوە، بابەتی فۆلکلۆری لە گۆڤاری بەیان و ڕۆشنبیری نوێ بڵاوکردووەتەوە، دوای ڕاپەڕینیش لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار بابەتی (فۆلکلۆری، لێکۆڵینەوە، چیرۆک، شیکاری، ڕەخنەیی، مێژوویی) سەبارەت بە داستان و هەقایەتی کوردەواری، ئیدیۆم و پەندی کوردی بڵاوکردووەتەوە.
لە بوارەکانی ئەدەبی و سیاسی و مێژوویی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی بەشداری لە چەند کۆڕ و سیمینار و خول کردووە.
چەند بابەتێکی بڵاوکراوەی نووسەر:
• بۆ چیرۆکی سوڵتان مەحموود و حەسەن مەمەند، دەقی لێکۆڵینەوەیەکە، لە ژمارە 8 ساڵی 2005 گۆڤاری ئاسۆی فۆلکلۆر.
• روونکردنەوەیەک بۆ داستانەکەی (سەری چەتۆیە و بنی لاسە)، دەقێکی ڕەخنەییە لە ژمارە 6 ساڵی 2004 گۆڤاری ئاسۆی فۆلکلۆر.
• تێڕوانینێک دەربارەی پەندی کوردی، لێکۆڵینەوە لە ژمارە 36 ساڵی 2008 گۆڤاری ئاسۆی فۆلکلۆر.
• چیرۆکی دابڕان لە لاپەڕەی ئەدەب و هونەری ڕۆژنامەی خەبات، ژمارە 162 ساڵی 2000.
• چیرۆکی کات لە پاشکۆی ئەدەب و هونەر لە ژمارە 271 ساڵی 2000 ڕۆژنامەی یەکگرتوو.
• چیرۆکی خەرجی ڕۆژانە لە ژمارە 159 ساڵی 1997 ڕۆژنامەی یەکگرتوو.
• هەقایەت/ زەمبیل فرۆش لە ژمارە 11 ساڵی 2005 لە ئاسۆی فۆلکلۆر.
• شوێنەوارناسی/ شەش گومبەتەکەی شێخ شێروان ژمارە 13 ساڵی 2005 ئاسۆی فۆلکلۆر.
• هەقایەتی یارمەتیدانی هەژاران بەختیاری لە دوایە، ژمارە 50 ساڵی 2011 ئاسۆی فۆلکلۆر.
• یادەوەری/ خەجێ ئەحمەد مروەت نموونەی ئافرەتێکی ئازا و دەنگخۆش، ژمارە 17 ساڵی 2006 ئاسۆی فۆلکلۆر.
• کۆمەڵێک مەتەڵ ژمارە 39 ساڵی 2008 لە گۆڤاری ئاسۆی فۆلکلۆر.
• چەند پەندێکی کوردی، ژمارە 40 ساڵی 2008 ئاسۆی فۆلکلۆر.
• ئەحمەد کاموسەکی شایەر و بەشێکی تر لە گۆرانییەکەی، ژمارە 769 ساڵی 1984 ڕۆژنامەی هاوکاری.
• ئاشی ئاو لە کوردەواری ژمارە 65 ساڵی 2002 گۆڤاری پەیام.
• جیاوازی نێوان لاوک و حەیران ژمارە 43 ساڵی 2009 گۆڤاری ئاسۆی فۆلکلۆر.
• درووستبوونی دەرمانی کوردەواری لە گۆڤاری ڕۆشنبیری نوێ.
بەرهەمە چاپکراوەکانی:
• مەیل مەیلانێی کوردەواری، چەپکێک لە مەتەڵ، ئامادەکردن، چاپی یەکەمی (2002) لە چاپخانەی شەهاب_ هەولێر.
• چاپی دووەمی (2005) لە چاپخانەی شەهاب_ هەولێر.
• چاپی سێیەمی (2008) لە چاپخانەی شەهاب_ هەولێر.
• ئەنگوستیلەی پاشا، هەقایەتی کوردەواری، کۆکردنەوە و ئامادەکردن، چاپی یەکەمی (2002) لە چاپخانەی شەهاب_ هەولێر. چاپی دووەمی (2005) لە چاپخانەی شەهاب_ هەولێر.
• ژیاننامەی کچانی پێغەمبەر، وەرگێڕان لە زمانی عەرەبییەوە، چاپی یەکەمی لە ساڵی (2009) لەلایەن ماڵپەڕی پێغەمبەر و ڕادیۆی یەکگرتوو چاپکرا، چاپی دووەمی لە ساڵی (2010) لە چاپخانەی شەهاب، لەسەر ئەرکی نووسەر چاپکرایەوە.
• ناوی کوردی بۆ منداڵان، ئامادەکردن، چاپی یەکەمی (2013) لە چاپخانەی شەهاب_ هەولێر.
بەرهەمی ئامادە بۆ چاپکردن:
• گەوهەری کوردەواری، وتار و تێکستی فۆلکلۆری، ساڵی 2013.
• داری هۆز و بنەماڵەکانی گۆمەشین، بەدواداچوونێکی مێژووییە بۆ هۆز و بنەماڵەکانی گوندی گۆمەشین شێخانی سەربە شارۆچکەی کۆیە.
ئەندامبوون:
• لە ساڵی 1997 بووەتە ئەندامی کۆمەڵەی نووسەرانی ئیسلامی کوردستان، تا هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەکە.
چەند نموونەیەک لە مەتەڵ بڵاوکراوەی نووسەر:
1_ چاو نەتروکاوە گۆشتی ناو ئاوە (ماسی)
2_ لە کوێستان، لە گەرمیانە، خەرمانی سپی لەدەم ئاوانە (خوێ _خێ)
3_ فەرخەی بەکلک، گەورەی بێ کلک (بۆق)
4_ خڕەی لە بەرزێ، گەزەت لێدەم، دانم دەلەرزێ (گوێز)
5_ بەردی ڕوح لەبەر، دەچێتە ناو ئاو و دێتەدەر (کیسەڵ).[1]